کاسترۆ یارینەکردنی رۆناڵدۆ بەرامبەر بە مێسی دووپاتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕی سعودی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، کە ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی باشووری کوردستان، کە لە چوارچێوەی وەرزی ریازدا ئەنجام دەدرێت، دووپاتیکردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناتوانێت بەهۆی پێکانەوە بەشداری لەم یارییەکەدا بکات.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی لویس کاسترۆیە، لەبارەی ئامادەنەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا:
 
کریستیانۆ لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەدایە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ تیپەکە، پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ تیپەکە دەست بە مەشق و راهێنانەکان بکاتەوە، بۆیە ئەمە بە روونی مانای ئەوەیە کە بەشداری یارییەکە ناکات.
 
بەڕێزەکەم، ئەگەر نەخۆش بیت ناتوانی بچیتە سەر کارەکەت، ئەگەر منداڵەکانت نەخۆش بوون ناتوانیت بچیتە سەر کارەکەت، ئەگەر تووشی رووداوێک بوویت ناتوانیت بەردەوام بیت لە کارکردن، لە تۆپی پێشدا هەمان شتە، وەک هەموو شتێک وایە کە روودەدات. بێگومان من دەمویست پشت بە کریستیانۆ ببەستم و سادیۆ مانێ ئامادەبووایە، بەڵام ئەوان ئێستا لە تیپەکەدا ئامادەنین. 
 
جێگەی داخە کە ژیان هەمیشە بەو شێوەیە نییە کە ئێمە دەمانەوێت. ئێمە وەک راهێنەران دەبێت خۆمان لەگەڵ واقیعەکەمان بگونجێنن، وەک راهێنەر هەندێک سات لە ژیانماندا کاریگەری زۆریان لەسەرمانە، یارییەکی چامپیۆنزلیگم لەبیرە کە بەرامبەر ریال مەدرید بوو کاتێک راهێنەری شاختار بووم، 9 یاریزانم بەهۆی کۆرۆناوە ئامادە نەبوون و هێشتا ناچاربووم یارییەکە بکەم، ژیانی تیپەکە لە دەوری ئەو یاریزانانە دەسوڕێتەوە کە ئامادەن بۆ یاریکردن. پێمخۆشە هەموویان ئامادەبن، بەڵام شتەکان هەمیشە بەو شێوەیە نین کە تۆ دەتەوێت.