ئەمڕۆ مێسی بەرامبەر نەسڕ یارییدەکات و رۆناڵدۆ ئامادەنییە

01-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی بینینەوەی یارییەکی دیکەی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوون، بەڵام پێکان رێگەی نەدا ئەوە رووبدات و هەردوو یاریزانەکە بەرامبەر یەکدی یاریی ناکەن.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی وەرزی ریازدا، یانەی ئینتەرمەیامی لە دووەم یارییدا بەسەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی، بەرامبەر یانەی نەسڕ یارییدەکات، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یانەیە یارییدەکات، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ئامادەنییە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
رۆژی چوارشەممە لە دوایین مەشقەکانی یانەی نەسڕدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ تووشی پێکانبوو، بەو هۆیەوە یاریزانەکە نەیتووانی مەشقەکانی یانەکەی تەواو بکات و بەمەش لە یارییەکەی بەرامبەر ئینتەرمەیامی یاریی ناکات.
 
لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەدایە بەر لەوەی بگەڕێتەوە نێو تیپەکە، چاوەڕواندەکەین لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا دەست بە مەشق و راهێنان بکاتەوە، کەواتە زۆر بە روونی یاریزانەکە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات."
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی و نەسڕ، ئەمشەو کاژێر 21:00 لە یاریگەی کینگدەم ئارێنا بەڕێوەدەچێت، ئەمە دووەم یاریی یانە ئەمریکییەکەیە لە سعودیە، دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر یانەی هیلال دۆڕان.
 
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، لە یارییەکی دیکەی وەرزی ریازدا، هەردوو یانەی نەسڕ و هیلال رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەرپرسانی سعودیە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لیۆنێل مێسی رازیبکەن، بۆ ئەو یارییە بەدرێسی یانەی هیلالەوە یاریی بکات و رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە