ئێنریکی تۆماتبارە بە هاندانی ئێمباپێ بۆ رۆیشتن لە پاریس

01-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ لویس ئێنریکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لویس ئێنریکی، راهێنەری پاریس سانجێرمان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی هانی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی تیپەکە دەدات، بۆ جێهێشتنی ریزەکانی یانەکە کاتێک ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت.
 
دانیێل ریۆلۆ، پێشکێشکاری سەرەکی تۆڕی RMC Sportـی فەرەنسی، دووپاتیکردەوە کە ئێمباپێ زۆر ناڕەحەتە لە بڕیارەکەی ئێنریکی کە وەک هێرشبەری سەرەڕم یاری پێدەکات.
 
ریۆلۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێنریکی ئازادە، ئەو راهێنەر و بڕیاردەرە لە هەڵبژاردنی شێوازی یاریکردن و یاریزانەکانی، بەڵام ئێمباپێ گلەیی ناکات و بێدەنگ دەبێت، چونکە دەزانێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی تیپەکە بەجێدەهێڵێت.
 
هەروەها دەشڵێت "لویس ئێنریکی پاساوی قایلکەری بۆ بڕیارەکەی بۆ یاریکردن بە ئێمباپێ وەک هێرشبەری سەرەڕم نەخستووەتەڕوو، بەڵکو کاتێک لەو بارەیەوە رۆژنامەڤانان پرسیاری لێدەکەن، گاڵتەیان پێدەکات، ئەمەش بەتەواوی قبوڵکراو نییە".
 
شرۆڤەکاری تۆڕی RMC Sport لویس ئێنریکی بەوە تۆمەتبار دەکات کە کەسێکی خۆپەرستە و رێز لەو بینەرانە ناگرێت کە پارە دەدەن بۆ بینینی یارییەکانی تیپەکە یان ئەو هاندەرانەی کە لە یاریگاکاندا ئامادەن.
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردووەوە وەک هێرشبەری سەرەڕم پشتی بە کیلیان ئێمباپێ بەستووە، ئەمەش بەدڵی کیلیان نییە، کە هەمیشە دەیەوێت لە باڵەوە یاری بکات.
 
بڕیارەکەی لویس ئێنریکی هەرایەکی گەورەی لێکەوتەوە لەبەر رۆشنایی ئەوەی کارگێڕیی یانەکە بڕە پارەیەکی زۆریان خەرجکرد بۆ ئەوەی دوو یاریزانی وەک راندال کۆلۆ موانی و گۆنچالۆ رامۆس بێنێتە ریزەکانی بۆ یارمەتیدانی ئێمباپێ.
 
سوودمەندترین لایەن لەم دۆخە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێت، کە دەیەوێت بەبێ بەرامبەر کیلیان ئێمباپێ بباتە ریزەکانی، خودی یاریزانەکەش دەیەوێت بچێتە ریزەکانی یانەی شاهانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە