ڤیدیۆ؛ ڤیتۆر رۆکی یەکەم گۆڵ و یەکەم سەرکەوتنی بە بارسێلۆنا بەخشی

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە یەکەم یارییدا دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری رایگەیاند لە کۆتایی وەرزدا یانەکە جێدەهێڵێت، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سێ خاڵی نوێی بردەوە. ڤیتۆر رۆکی، یاریزانی نوێی یانەکەش یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی بلاوگرانا تۆمارکرد.
 
بارسێلۆنا لە گەڕی بیستەمی لالیگادا، میوانداریی ئوساسۆنای کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
بارسێلۆنا بە گوشار خستەنە سەر تیپی میوان یارییەکەی دەستپێکرد و چەندجارێک نزیکبوو لە گۆڵکردن، بەڵام نیوەی یەکەم نەیتوانی تۆڕی ئوساسۆنا بهەژێنێت.
 
لە نیوەی دووەمدا کەتەلۆنییەکان بەهەمان پەرۆشیی گۆڵکردنەوە دەستییان پێکرد، تاوەکو ڤیتۆر رۆکی لە خولەکی 63 بە سەر گۆڵی یەکەمی خۆی بە درێسی بارسا و گۆڵی یەکەمی یانەکەی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
دواتر تیپی میوان زۆر هەوڵیدا گۆڵی یەکسانبوونەوە تۆماربکات، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بێسوودبوون و بارسا یارییەکە و سێ خاڵی بردەوە.
 
بەم سەرکەوتنە بارسێلۆنا بووە خاوەنی 47 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدا، لە کاتێکدا ئوساسۆنا 26 خاڵی هەیە و پلەی 12ـی گرتووە.