تێن هاگ دەیەوێت یەکەم نازناو بۆ مانچێستەر یونایتد بباتەوە

01-02-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێریک تێن هاگ کاراباوکەپ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دەیەوێت یەکەم نازناو بۆ یانە ئینگلیزییەکە بباتەوە و دەڵێت "چانسێکی باشمان هەیە بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی کارباوکەپ، بچینە وێمبڵی و جامەکەش ببەینەوە". دەشڵێت "بڕیاری بازاڕی گواستنەوە بەدەست کارگێڕیی یانەکەیە".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر یونایتد لە قۆناخی پێشکۆتایی کاراباوکەپ، لەسەر یاریگەی ئۆڵترافۆرد میوانداری یانەی نۆتینگهام فۆرێست دەکات و براوەی یارییەکە بەرامبەر نیوکاسڵ یاریی کۆتایی ئەنجام دەدات.
 
ئێریک تێن هاگ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ میدیاکارن کرد و سەرەتا باسی دەرفەتەکانی یانەکەیان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەونێتییەکە کرد و گوتی "ئێمە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی دەکەین و چانسێکی باشمان هەیە بۆ ئەوەی بچینە وێمبڵی و جامەکەش ببەینەوە، بۆیە دەبێت بە وریایی و بایەخەوە یارییەکە بکەین و هێز و وزەمان بە هەمووان نیشان بدەین".
 
ئەو زیاتر گوتی "بۆ ئەوەش دەبێت بە پلانێکی باشەوە بچینە ناو یارییەکەوە. پێموایە ئەوە زۆر گرنگە و دەبێت ئەوە بکەین. پێموایە ئێمە لە ساتێکی تایبەتداین و هێزی ئەوەمان هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە پێشکەوتن و پشتبەستن بەم قۆناخە تایبەتەمان، بۆیە زیاتر پەرە بە تیپەکەمان دەدەین، دەمانەوێت لەم یارییەدا هەنگاوێکی دیکە بنێین، کە تێیدا رووبەڕووی تیپێکی زۆر باش دەبینەوە".
 
سەبارەت بە بازاڕی گواستنەوە و پلانی دارایی یانەکەش؟ تێن هاگ گوتی "من وەک راهێنەرێک پێموایە هەمیشە هەوڵی باشترکردنی تیپەکە دەدەم، من راهێنەرێکی باش نابم ئەگەر ئەوە نەکەم، ئەگەر دەرفەتیش هەبێت ئەوە ئەرکی منە بە تیپەکە بڵێم، دەرفەت هەیە بۆ بەهێزکردنی تیپەکە، بەڵام هەمووی پەیوەستە بە یانەکە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە