ڤیدیۆ؛ سەرۆکی یانەی دهۆک بۆ رووداو: ئەو بڕیارەی دراوە یاسایی نییە و گەشبینین بە هەڵوەشاندنەوەی

01-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک
نیشانەکردن عەبدوڵلا جەلال یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە دژی ئەو بڕیارە دەوەستێتەوە کە لە دژی یانەکە دراوە و سەرۆکی یانەکەش دەڵێت " بڕیارەکە جۆرێکە لە دژایەتیکردنی یانەی دهۆک و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق یانەی دهۆک سزا دەدات و یارییەکەی بەرامبەر یانەی حدوود لە خولی پلەیەکی عێراق بە دۆڕاو هەژماردەکات، کە ئەنجامەکە بە یەکسانبوون کۆتایییهاتبوو.
 
لیژنەی دیسپلینی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو ناڕەزاییەی کە یانەی حدوود لە دژی یانەی دهۆک پێشکەشی کردبوو، سەبارەت بە یارییەکەیان، کە لە چوارچێوەی خولی یانە پلەیەکەکانی عێراق لەسەر یاریگەی دهۆک بەڕێوەچووبوو.
 
دوای پێداچوونەوەی سکاڵایەکەی یانەی حدوود و بینینی راپۆرتی یارییەکە، دەرکەوت کە یانەی دهۆک لەو یارییەدا یاریی بە پێنج یاریزانی بیانی کردووە، کە ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و رێنماییەکانی تایبەت بە یاریکردن بە یاریزانانی بیانییە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا یانەی دهۆک بە دۆڕاو 3-0 لە بەرامبەر یانەی حدوود دابنێت، بە پاساوی ئەوەی کە بەپێچەوانەی ماددەی 3/14ـی سیستمی پێشبڕکێکان یاریی بە 5 یاریزانی بیانی کردووە.
 
لەسەر بنەمای ماددەی 65/1ـی  یاسای یەکێتییەکە، یانەی دهۆک دەتوانێت لە ماوەی یاساییدا تانە لە بڕیارەکە بدات و داوای تێهەڵچوونەوە بکات.
 
ئەم بڕیارە زیانێکی زۆر بە یانەی دهۆک دەگەینێت و جیاوازی نێوان خۆی و حدوود دەکاتە 5 خاڵ، کە حدوود بە 29 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە و دهۆکیش بە 24 خاڵ لە پلەی دووەمە، لە کاتێکدا بەر لەو بڕیارە حدوود 27 خاڵی هەبوو، دهۆک 25 خاڵ، واتا جیاوازییەکە تەنیا دوو خاڵ بوو.
 
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بەشداریی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداودا کرد و گوت " زوڵم لە یانەی دهۆک کراوە بڕیارەکە بۆ هەموومان جێگەی سەرسوڕمان بووە، لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی لیژنەی هونەریدا هیچ بڕیارێک لەبارەی بەشداریکردن بە 5 یاریزانی پیشەگەر نەدراوە و هیچ رێنمایەک نەدراوەتەوە یانەکان، بۆیە بەهەموو شێوەیەک دژی بڕیارەکە دەوەستینەوە و بەرگری لە مافی یانەی دهۆک دەکەین، لەکاتێکدا ئێمە یارییەکی گرنگمان لەبەردەمە و بڕیارەکە کاریگەریی خراپی لەسەر تیپەکەمان دەبێت، بڕیارەکەش بڕیارێکی هەڵەیە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک زیاتر گوتی " بەداخەوە ئێمە لە عێراق ئەو بڕیارانەی دەدرێن لە بەرژەوەندی هەندێک کەسدان، پەیامی من بۆ هاندەران ئەوەیە کە شەڕێکی دەروونی لەگەڵ یانەی دهۆک و هاندەرانی دەکرێت، لە یاریی رابردووی یانەکەشدا بەرامبەر حدوود نزیکەی 10 بۆ 12 هەزار هاندەربوون بۆ پاڵپشتیکردن لە یانەکە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر یانەکە کردووە، کە لە رۆژی یەکەمەوە دەمانەوێت بگەینە خولی نایابی عێراق، بۆیەش بەهەموو شێوەیەک دژایەتی یانەکە دەکرێت و زانیارییەکتان پێدەڵێم " بەر لە یارییەکەی بەرامبەر حدوود بە بەڕێوەبەری پاراستنی یاریگەکانم راگەیاندووە کە حدوود دەیەوێت یارییەکەمان تێکبدات، هەر ئەوەش روویدا و 30 خولەک لە ژوورەوە مانەوە و دوای ئەوەش راهێنەری یانەکە قسەی بە هاندەرانی یانەکەمان گوت بۆ ئەوەی هەستیان بجۆڵێنێت، بەڵام هاندەران هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر یارییەکە نەکات، ناکرێت یارییمان لەگەڵ یانەیەکی بەغدا بێت و ناوبژیوانیش هەر لە بەغدا بێت، دوای یارییەکەش زانیمان کە ئەوان سکاڵا تۆماردەکەن، بۆیەش لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە رێکارەکانمان گرتووەتەوە و بەر و دووپاتیدەکەمەوە کە بڕیاری هەژمارکردنی دهۆک بە دۆڕاو بەهەموو شێوەیەک نایاساییە."
 
عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت " پەیامی من بۆ هاندەران ئەوەیە هیواخوازم لێتان دهۆک پێویستیی بە پاڵپشتی هەیە و سبەی یارییەکی گرنگمان هەیە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک بڕیارەکە قبوڵ ناکەین و ئەگەر بڕیارەکە هەر هەڵنەوەشایەوە پەنادەبەینە بەر دادگا و هیوای زۆرمان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئێمە پشتمان بە یاسا گەرمە، هەڵەکە لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە و گوناحی ئێمەی کارگێڕیی یانەکە نییە کە رێنماییان بۆ ئێمە نەناردووە، ئێستاش ئێمە دەمانەوێت بگەینە خولی نایابی عێراق."
 
لەبارەی بارودۆخی یانەکە عەبدوڵلا جەلال دەڵێت " بارودۆخی یانەکە باشە و زۆر گەشبینین، پاڵپشتییەکی باشی تیپەکە دەکەین، یاریزانە پیشەگەرەکانمان زۆرباشن و لێکتێگەیشتنی زۆرباش هەیە، سبەی بەرامبەر میسان یارییدەکەن و پاشان بەرامبەر دیفاع مەدەنی یارییدەکەن، داوا لە هاندەران دەکەین ئارامبن، ئێمە لە هەستی ئەوان تێدەگەین و هەموو رێگەیەک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی دراوە جێبەجێ نەکرێت و هەڵەکە لە یانەی دهۆک نییە و بڕیارەکە یاسایی نییە و گەشبینین کە بڕیارەکە جێبەجێنەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە