ستافی مەشقی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوورخرانەوە


رووداو - هەولێر

سكرتێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە تۆپی پی ئاشكرای كرد یانەكەیان دەستبەرداری راهێنەری یانەكەیان سەمەد جەوهەر و ستافی مەشقی تیپەكە بوون.

نیهاد عادل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لەگەڵ ستافی مەشقی یانەكەمان هەبوو، دوای گفتوگۆیەكی زۆر، لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانیان رێككەوتین، كە چیدیكە ناتوانین لەگەڵ ئەو ستافە كاربكەین، چونكە لە 7 یاریی رابردوودا سەركەوتنمان تۆمارنەكردووە و تەنیا یەك بەرامبەربوونمان بەدەستهێناوە.

گوتیشی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا هەوڵدەدەین راهێنەر و ستافێكی نوێی مەشق بۆ تیپەكەمان دەستنیشانبكەین.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەم وەرزەی خولی كوردستان سەرەتا بەهێز دەركەوت و چەند سەركەوتنێكی تۆماركرد، بەڵام لە ماوەی 7 یاریی رابردوودا سەركەوتنی تۆمارنەكردووە.