رووداو دیجیتاڵ
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر برێنتفۆرد، گوتی "دەبێت بەردەوام بین لەوەی وەک چەکوش بین". هەروەها گوتیشی "یارییەکەمان بەرامبەر برێنتفۆرد یارییەکی زۆر قورسە، پێموایە تیپەکە بەڕاستی باشە".
ئەمڕۆ کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی برێنتفۆرد لە دوایاریی گەڕی 19ـی پرێمەرلیگدا، میوانداریی یانەی ئارسیناڵ دەکات.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە، کە ئەمە پوختەی قسەکانیەتی:
من نازانم ئایا دەگەینەوە لیڤەرپوول یان نا، ئەوە بەند نیییە بەئێمەوە، دەبێت بەردەوام بین لەوەی وەک چەکوش بین؛ بۆ ئەوەی هەموو رۆژێک، هەموو رۆژێک، هەموو رۆژێک ئامادەبین. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر تیپێک لە هەموو یارییەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، پیرۆزبایی لێدەکەین و با بچینە وەرزی داهاتوو، بەڵام ئەگەر نەیانتوانی، کە لەمێژوودا هەرگیز ئەوە رووی نەداوە، ئەوا ئێمە لەوێ دەبین.
دەبێت بیسەلمێنین، ئەوەی لەم وەرزەدا پێشتر سەلماندوومانە، دڵنیام ئەگەر ئەو هەموو یارییانەمان بە 10 یاریزانەوە ئەنجام نەدابا، و تووشی هەموو ئەو پێکانانە نەبوونایە، بەدڵنیاییەوە لەم دۆخەدا نەدەبووین کە تێیداین. ئێستا تیپەکەمان هەنگاوێکی دیکەی ناوە. تیپەکە گەشە دەکات و خۆی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکان دەگونجێنێت. ئێستا هەنگاوێکی دیکەمان لەپێشە کە بریتییە لە ئەنجامدانی یاریی زیاتر لەگەڵ یاریزانی کەمتر، با راستی بڵێین.
یارییەکەمان بەرامبەر برێنتفۆرد یارییەکی زۆر قورسە، پێموایە تیپەکە بەڕاستی باشە. سەیری ریکۆردەکەیان بکەن لەو یارییانە لە یاریگەی خۆیاندا ئەنجامیانداون، ئەوە خەیاڵییە، تیپەکە زۆر بەباشی پەرەی سەندووە و یاریزانەکانی بەباشی لەگەڵ یەکدی گونجاون، بۆیە بەهۆی ئەو یاریزانانەی ئێستا هەیانە، یارییەکی سەرنجڕاکێش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ