رووداو دیجیتاڵ
ئەفسانەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی سندووقێکی وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە بازاڕی ئیسپانیا بەنرخی 57.4 یۆرۆ بۆ هەر پشکێک دەستپێکرد و بەهای بازاڕی سندووقەکە گەیشتە 223 ملیۆن یۆرۆ، کە دەکاتە 232.12 ملیۆن دۆلار.
لیۆنێل مێسی، بووە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێدیفیسیۆ رۆستوور، کە کۆمپانیایەکی گشتییە، وەک سندووقێکی وەبەرهێنانی خانووبەرە کاردەکات و خاوەنی هۆتێل، دوکان و موڵکی نیشتەجێبوون و زۆر شتی دیکەیە.
بەڵگەنامەکانی کۆمپانیاکە لە بۆرسەی پۆرتفۆلیۆ بڵاوکراونەتەوە، کە بازاڕێکی ئەوروپییە و لەلایەن بانکی ئیسپانیاوە (بانکی ناوەندی ئیسپانیا) سەرپەرشتی دەکرێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، ئێدیفیسیۆ رۆستوور خاوەنی 7 هۆتێلە لە ئیسپانیا و ئاندۆرا، سێ شوێنی ئۆفیس و پێنج شوقە، جگە لە چەندین شوقە لە لەندەن و پاریس.
سندووقی وەبەرهێنانی خانووبەرە کە لەلایەن ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی دەستیپێکردووە، رۆژی دووشەممە 30ـی کانوونی دووەم، یەکەمجار لە بۆرسەی دیجیتاڵی ئیسپانی 'بۆرسەی پۆرتفۆلیۆ' دەرکەوت، بەنرخی 57.4 یۆرۆ بۆ هەر پشکێک، بەمەش بەهایەکی بازاڕی بەبڕی 223 ملیۆن یۆرۆی پێبەخشی.
زۆربەی وەبەرهێنانەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیان، کە مێسی تەمەن 37 ساڵان، لە ساڵی 2000 لە تەمەنی 13 ساڵیدا رووی لەو هەرێمە کرد بۆ ئەوەی لەوێ بژیت و پەیوەندی بە تیپە لاوەکانی بارسێلۆناوە بکات.
لیۆنێل مێسی، تاوەکو ساڵی 2021 لەوێ ژیا، تاوەکو بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و پێشبینی نەکراو بارسێلۆنای بەجێهێشت و پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، دوای ئەوەی یانە کەتەلۆنییە قەرزدارەکە رایگەیاند، بەهۆی یاساکانی یاریی دارایی خاوێن لە خولی ئیسپانیا ناتوانێت مێسی لە ریزەکانیدا بهێڵێتەوە.
ئەو یاریزانەی هەشت جار براوەی باڵۆن دۆرە، لەمێژە رایگەیاندووە، بەنیازە دوای وازهێنانی لە بارسێلۆنا لەگەڵ هاوژینەکەی و سێ منداڵەکەی بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و لەوێ بژین.
ئەنتۆنێلا رۆکۆزۆ، هاوژینەکەی مێسی، وەک جێگری سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی لەو کۆمپانیایە کاردەکات کە مێردەکەی سەرۆکیەتی.
ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنەکە بریتین لە ئەلفۆنسۆ نێبۆت، کە ئۆفیسی خێزانی مێسی بەڕێوەدەبات و رامۆن ئەدێل کە لە دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ناتۆرجی لە بواری وزەی ئیسپانیا کاردەکات.
بەپێی هەندێک لە بەڵگەنامەکان، کۆمپانیای ئیدیفیسیۆ رۆستوور، لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لە ساڵی 2023 بڕی زیانەکانی گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ