لاپۆرتا یانەی بارسێلۆنای وێرانکرد

01-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئۆڵمۆ خوان لاپۆرتا پاو ڤیکتۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بوومەلەرزەیەک بارسێلۆنای هەژاند، نەک بەهۆی شکستێکی گەورە یان لەدەستدانی نازناوێکەوە، بەڵکو بەهۆی سکانداڵێکی کارگێڕیی شەرمەزارکەرەوە، کە لەوانەیە بۆ ساڵانی داهاتوو کاریگەری بەسەر داهاتووی یانە کەتەلۆنییەکەدا هەبێت.
 
تۆمارنەکردنی ناوی هەردوو یاریزان دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لیستی تیپەکەدا لە ماوەی زستانەدا، نەک هەر بووە هۆی ئەوەی بلاوگرانا لە قۆناخێکی چارەنووسسازدا تواناکانی دوو یاریزانی لەدەستبدات، بەڵکو بێدەستەڵاتی و لاوازییەکی ترسناکی کارگێڕیشی لەو یانەیەدا ئاشکراکرد، کە مەترسی لەسەر پێگەی بارسێلۆنا لەنێو گەورە یانەکانی ئەوروپادا دروست دەکات.
 
کەمتەرخەمی و بێ پلانی
 
بیر لەوە ناکرێتەوە کە تیپێک بەقەبارەی بارسێلۆنا بەمێژوویەکی دوور و درێژ و دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانییەوە، بەو ئاسانییە و بەو کەمتەرخەمییە یاریزانە گرنگەکان بکاتە قوربانی.
 
ئۆلمۆ، ئەو ئەستێرە گەورەیەی لە لاماسیا درەوشایەوە پێش ئەوەی لە خولی ئەڵمانیدا سەرکەوتوو بێت، لەنێو پێشوازییەکی بەرفراوان لەلایەن هاندەرانەوە گەڕایەوە بۆ بارسێلۆنا و لە ماوەیەکی پێوانەییدا بوو بە یەکێک لە یاریزانە گرنگەکانی تیپەکە.
 
سەبارەت بە پاو ڤیکتۆر، ئەو هێرشبەرێکی ئومێدبەخشە و ژمارەیەکی ئومێدبەخشە و جێگرەوەیەکی نموونەییە بۆ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، بەڵام بەهۆی خراپی پلاندانان و بەڕێوەبردن، ئەم گرێبەستە ئومێدبەخشە گۆڕا بۆ کارەساتێکی راستەقینە.
 
 
لەدەستدانی فلیک و بارسێلۆنا
 
شکستهێنان لە تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر تەنیا هەواڵێک نەبوو تێپەرێت، بەڵکو گورزێکی بەهێزبوو بۆ هانزی فلیکی راهێنەر، کە یاریزانێکی سەرەکی وەک ئۆڵمۆی لەدەستدا کە لەگەڵ تیپەکەدا هاوئاهەنگ بوو و بووبوو بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانانی پێکهاتەکەی.
 
سەرەڕای ئەوەی خولەکێکی زۆر یاری نەکردووە، بەڵام بەشداریکردنی لە گۆڵکردندا لە بەرزترین ئاستی تیپەکەدا بوو، هەروەها رەهەندێکی نوێی بۆ هێرشەکانی بارسا زیادکرد. بەهۆی لێهاتوویی تاکەکەسی و بینینی یاریگا و توانای چوونە ژوورەوەی لە ناوەڕاستەوە، جا چ بە بڕینی یاریزان بێت یان بە پاس.
 
بارسا دەبێتە بکوژی ئەستێرەکان؟
 
جگە لە کاردانەوەی تەکنیکی، ئەم رووداوە وێنەی بارسێلۆنا دەشێوێنێت وەک یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان، چونکە بیر لەوە ناکرێتەوە کە تیپێکی بەم قەبارەیە تووشی هەڵەی کارگێڕیی وا گەمژانە ببێت.
 
ئەم رووداوە دەبێتە مایەی شەرمەزاری لە مێژووی یانەکەدا، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەگەری رازیبوونی یاریزانان بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە لە داهاتوودا دەبێت.
 
کام یاریزان کە بیەوێت بچێتە بارسێلۆنا، لەوە دڵنیا دەبێت کە ناوی تۆماردەکرێت و نابێتە قوربانی ئەم گەمژایەتییەی کارگێڕیی بارسا؟!
 
رەهەندە کارەساتبارەکانی دۆخی سەختی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر:

لەدەستدانی دەرفەتی رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان: نەبوونی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر هێڵی هێرشبەری بارسا زۆر لاواز دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەرکی تیپەکە لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ قورس بێت.

دابەزینی مۆڕاڵ بۆ یاریزانان: ئەم شکستە کاریگەری نەرێنی لەسەر مۆڕاڵی یاریزانانی بارسێلۆنا دەبێت، هەروەها وایان لێدەکات هەست بە بێزاری و بێمتمانەیی بکەن بە کارگێڕیی یانەکە.
 
رەخنەی تووند لەلایەن هاندەران و میدیاکانەوە: کارگێڕیی بارسێلۆنا تووشی رەخنەی تووندی هاندەران و میدیاکان دەبێت، هەروەها بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە بەڕێوەبردنی یانەکەدا شکستی هێناوە.
 
ئاستەنگی لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ: کارگێڕیی بارسێلۆنا لەداهاتوودا تووشی ئاستەنگی گەورە دەبێت لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی نوێ، بەو پێیەی ناوبانگی یانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان خراپ دەبێت.
 
دەرئەنجام
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا دەبێت بەرپرسیارێتی ئەم کارەساتە لەئەستۆ بگرێت و چارەسەری ریشەیی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
 
یانەکە پێویستی بە دووبارە بونیادنانەوەی متمانەی یاریزانان و هاندەرانی هەیە، هەروەها بیسەلمێنێت کە هێشتا توانای رکابەریکردنی هەیە بۆ هەموو نازناوەکان.
 
ئەوەی روویدا تەنیا رووداوێکی راگوزەر نییە، بەڵکو شەرمەزارییەکە بۆ چەندین ساڵ بەرۆکی بارسێلۆنا دەکرێت، ئەگەر ڕێوشوێنی پێویست بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە نەگیرێتەبەر.
 
ئایا کارگێڕیی بارسا سەرکەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانەوەی متمانەی هەمووان، یان یانەکە باجێکی قورس دەدات بۆ ئەو هەڵە گەورانە؟

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە