ناوی ئۆلمۆ تۆمارنەکرا و ریال مەدرید چاودێری دۆخەکە دەکات

01-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دانی ئۆلمۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای هەوڵێکی زۆر، بەڵام نەیتوانی ناوی دانی ئۆلمۆ وەکو یاریزانی یانەکە تۆمار بکات و هیوایەکی کەم ماوە بۆ ئەوەی یاریزانەکە وەکو یاریزانی بارسێلۆنا بمێنێتەوە.
 
دانی ئۆلمۆ، لە کاتی پەیوەندیکردنی بە یانەی بارسێلۆناوە، لە شوێنی ئاندریاس کریستێنسن، ناوی تۆمارکرد کە بەرگریکارە دانیمارکییەکە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دابڕا، بەڵام دوای گەڕانەوەی کریستێنسن، راستەوخۆ بارسا لە تۆمارکردنی ناوی هەریەکە لە دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆردا تووشی کێشە بوو، کێشەکەش پەیوەندیی بە بنمیچی مووچەی یاریزانانی یانەکەوە هەیە.
 
بارسێلۆنا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگەی تاقیکردنەوەی رێگەی جیاواز خستووەتەگەڕ و لە دوایین شەوی 2024ـدا، هەرچی هەوڵیدا نەیتوانی ناوی یاریزانەکە تۆماربکات.
 
سەرەتا بارسێلۆنا نووسراوەکانی پێشکێشی دەستەی لالیگا کرد، بەڵام دەستەکە داواکاریی بارسێلۆنای بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ رەتکردەوە، دوای ئەوە یانەکە پەنای بردە بەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەڵام فیدراسیۆنەکە بەمشێوەیە وەڵامی یانە کەتەلۆنییەکەی دایەوە "بەبێ رەزامەندیی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا، ناتوانین هاوکاریتان بکەین."
 
ئێستا دانی ئۆلمۆ، ناوی تۆمار نەکراوە، بەپێی هەواڵی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا ماوەی 72 کاژێری دیکە دەخاتە بەردەم یانە کەتەلۆنییەکە بۆ تەواوکردنی کارەکانی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکە.
 
دوای ئەوەی ناوی تۆمار نەکرا، دانی ئۆلمۆ دوای چەند مانگێکی کەم لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا دەتوانێت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و وەکو یاریزانێکی ئازاد لە یانەکە بڕوات، بەڵام بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە دەڵێت ویستی یاریزانەکە ئەوەیە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بەردەوامبێت و نایەوێت لە یانەکە بڕوات، بەڵام دیارنییە یاریزانەکە دەتوانێت جارێکی دیکە بەدرێسی بارسێلۆناوە یاری بکاتەوە یان نا.
 
ئۆلمۆ لە مانگی 9-8-2024 بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە پەیوەندیی بە بارسێلۆناوە کردووە، بەڵام ناوی یاریزانەکە تۆمار نەکراوە و دوای چەند مانگێکی کەم دەتوانێت لە یانەکە بڕوات، لەکاتێکدا گرێبەستی ئێستای لەگەڵ بلاوگرانا تاوەکو 2030 بەردەوام دەبێت.
 
هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد چاودێری دۆخی یاریزانەکە دەکەن و لە ئەگەری تۆمارنەکردنی ناوی ئۆلمۆ دەیانەوێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی بۆ یانەکانیان بکەن.
 
دانی ئۆلمۆ، لە یانەی بارسێلۆنا بەشداریی لە 15 یارییدا کردووە، 6 گۆڵی تۆمارکردووە و یەک ئاسیستی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە