ئێمباپێ پەیامێک ئاراستەی جیهان دەکات و رکابەرییەکی دیکە دەستپێدەکات

01-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان پەیامێک بەبۆنەی سەری ساڵەوە پێشکێشی جیهان دەکات و پەیامەکەی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.
 
ئێمباپێ بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ساڵێکی نوێی خۆش بۆ هەمووان، هیوای تەندروستی، دڵخۆشی و بەختەوەری بۆ ئێوە و ئازیزانتان."
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "2024 گەورە دەبێت."
 
دوای ئەم قسانەی ئێمباپێ خوێندنەوەی جیاواز بۆ پەیامەکەی کیلیان کراوە و میدیای ئیسپانیا دەڵیت "کیلیان ئاماژەی بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید کردووە لەو بڕگەیەدا کە دەڵێت 2024 گەورە دەبێت، کە بێگومان کاتێک گرێبەستەکە رادەگەیێنرێت دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین گرێبەستەکان."
 
ئێمباپێ لە ئەمڕۆوە یاریزانێکی ئازادە و دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە دەیەوێت پەیوەندیی پێوە بکات.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ریال مەدرید ماوەی 15 رۆژ دەخاتە بەردەم کیلیان ئێمباپێ بۆ ئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بارەی داهاتووی خۆیەوە بدات و بڵێت بەڵێ دەمەوێت پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەم."
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی نووسیوویەتی "ئەمڕۆ رکابەرییەکی نوێ لەنێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لەسەر ئێمباپێ دەستپێدەکات."
 
رادیۆی مۆنتی کارلۆ دەڵێت "ریال مەدرید هەرگیز بیر لەوە ناکاتەوە دەستبەرداری بیرۆکەی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ ببێت."
 
ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ کۆتاییدێت، بەڵام یاریزانەکە پێناچێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و لە ئەمڕۆوە تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی ئازادە گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە خۆی دەیەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە