ڤیدیۆ؛ ئەو وەرزشوانانەی لە 2023 زۆرترین داهاتیان هەبووە

01-01-2024
ئیحسان تاهیر
ئەستێرەکانی 2023
ئەستێرەکانی 2023
نیشانەکردن زۆرترین داهاتی وەرزشوانان ساڵی 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵی 2023ـدا کۆمەڵێک لە وەرزشوانان سەرتۆپی ئەو وەرزشوانانەیان گرتبوو کە زۆرترین داهاتیان کۆکردووەتەوە و سێ پلەی یەکەم بەدەست یاریزانانی تۆپی پێیەوە بوو.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تەنیا لە رووی یارییکردن و دەرکەوتنەوە ساڵێکی ناوازەی لە سعودیە بەڕێنەکرد. ئەو ئەفسانەیە لە دوا رۆژەکانی ساڵ و لە ساڵیادی یەکەمی بوونیدا لە عەرەبستان، پێشەنگی گۆڵکەرانی ساڵی لە هەموو ئەو رکابەرە گەنجانەی وەرگرت، کە تاوەکو ئێستاش لە خولەکانی ئەوروپا یارییدەکەن. بەڵام ساڵە ناوازەکە بۆ رۆناڵدۆ، هەر لە رووی وەرزشییەوە نەبوو، بەڵکو لە رووی داهاتیشەوە، کریس پێشەنگی پڕ داهاتترین وەرزشوانانی جیهانی گرت.
 
کریستینانۆ رۆناڵدۆ، بەپێی دوایین ریزبەندی گۆڤاری فۆربس بۆ وەرزشوانانی خاوەن زۆرترین داهات لە ساڵی 2023، پێشەنگی هەموو وەرزشوانانی جیهانی گرتووە و داهاتەکەی لەمساڵدا 136 ملیۆن دۆلار بووە.
 
گۆڤارەکە بۆ ریزبەندکردنی خاوەن زۆرترین داهاتی ساڵ لە نێو وەرزشواناندا، پشتی بەکۆمەڵێک پێوانە بەستووە، لەنێویاندا ئەو گرێبەستەی هەر وەرزشوانێک لەگەڵ یانەکەیدا هەیەتی، هەروەها داهاتی ئەو بزنس و کارە سەربەخۆ بازرگانییانەی ئەنجامیدەدات و رۆناڵدۆ لە رێگەی گرێبەستێکەوە کە سەرچاوەکان بە 200 ملیۆن دۆلار بۆ دوو ساڵ، لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی دەستنیشانیانکردووە، لەگەڵ داهاتێکی زۆر لە بزنسە جیاوازەکانی ئەو یاریزانە لە ژێر لۆگۆی سی ئاڕ سێڤن، پێشەنگی پڕ داهاتترینی گرتووە.
 
پلەی دووەمی وەرزشوانی خاوەن زۆرترین داهات، بەدەست لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینییەوەیە و 130 ملیۆن دۆلار، کۆی داهاتی ئەو یاریزانە بووە لە ساڵدا.
 
مێسی هاوینی رابردوو لە گۆڕانکارییەکی گەورەدا، ئەوروپای بەجێهێشت و روویکردە خولی ئەمریکا و ئەو یاریزانە بەهۆی گرێبەستی گەورەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی و ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی سپۆنسەریی یارییکردنی ئەو لە یانەکە دەکەن، توانی بەیەکێک لە پڕ داهاتترین وەرزشوانانی ساڵ بمێنێتەوە.
 
ریزبەندی سێیەم خاوەن زۆرتری داهات لە وەرزشدا، بەدەست کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی پاریس سانجێرمانەوەیە، کە بەپیی گۆڤارەکە لە ساڵێکدا 120 ملیۆن دۆلاری داهات هەبووە. پێشبینیکراوە ئێمباپێ بۆ ساڵی داهاتوو پێشەنگی پڕ داهاتترینی ساڵ بۆخۆی مسۆگەر بکات، ئەگەر وەک چاوەڕێدەکرێت، پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بکات و لەوێ ببێتە خاوەن بەرزترین مووچە لە یانەکەدا.
 
لیبرۆن جەیمسی یاریزانی خولی باسکەی ئەمریکا لە یانەی لەیکەرز، زنجیرەی یاریزانانی تۆپی پێی شکاندووە لە لیستەکەدا و بەجیاوازیی تەنیا نیو ملیۆن دۆلار لە دوای ئێمباپێوە دێت و پلەی چوارەمی گرتووە بەکۆی داهاتی 119 ملیۆن و نیو لە ساڵێکدا.
 
پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکە، بەدەست کانێلۆ ئەلڤارێزی بۆکسێنەری مەکسیکییەوەیە کە لە ساڵی 2023دا چەندین رووبەڕووبوونەوەی قورسی بۆکسێنی لە رکابەرەکانی بردەوە و کۆی داهاتیشی لە ساڵەکەدا 110 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو. بە سێ ملیۆن کەمتر، پلەی شەشەمی ریزبەندییەکە بۆ دەستن جۆنسۆنی یاریزانی گۆڵفی ئەمریکیی تەمەن 39 ساڵە بە کۆی داهاتی 107 ملیۆن دۆلار.
 
یاریزانێکی دیکەی گۆڵفی ئەمریکی، پلەی دواتری ریزبەندی پڕ داهاتترینی وەرزشوانانی ساڵی گرتووە و بە 106 ملیۆن دۆلار، فیل میکێلسۆنی ئەمریکییە کە تەمەنی 53 ساڵە و یەکێک لە زۆرترین داهاتەکانی لە ساڵدا هەبووە.
 
ستیفان کێری، باسکەزانی ئەمریکیی تیمی گۆڵدن ستەیت واریۆرز، لە پلەی هەشتەم دێت بەبەدەستهێنانی 100 ملیۆن دۆلار و دوای ئەویش لە لیستەکەدا رۆجێر فێدرێری تێنسزانی بەناوودەنگی سویسری، کە یارییکردن و دەرکەوتن لە یاریگەکانی ئەو یارییەی بەجێهێشتووە، تاکە تێنسزانی نێو لیستەکەی گۆڤارەیەکە و لە ساڵێکدا 95 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە. لە کاتێکدا دوایین ناوی نێو لیستەکە، کیڤن دۆرانتی باسکەزانی ئەمریکییە کە 89 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، داهاتی بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە