شیفا گەردی

پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو .

شیفا گەردی

پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو .

ژیننامه‌

شیفا گەردی، لەسەرەتای ئامادەكاریكردن بۆ پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو لەساڵی 2012ەوە كاری لە رووداو دەستپێكرد. خولی راهێنانی كاری رۆژنامەڤانی و پێشكێشكاری لە رووداو بینی لەلایەن راهێنەرانی ئەوروپاییەوە.
 
پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو لە كاژێر 5ی ئێوارەی رۆژی 29ی ئایاری 2013 لەلایەن شیفا گەردی و شاهۆ ئەمینەوە دەستیپێكرد. شیفا گەردی یەكەمین رستەی بەنێوبانگی خۆی لەوێ خوێندەوە: لە وڵاتی خۆر و ئاگرەوە، لە رۆژی چوارشەممەدا دەست بە پەخشی رووداو دەكەین.
 
شیفا گەردی، لە رووداو رۆژ لە دوای رۆژ گەشەی دەكرد و، بووە یەكێك لە بەنێوبانگترین ئەستێرەكانی رووداو. شیفا گەردی دڵگەرمی و دڵسۆزییەكی زۆری لەكاتی ئامادەكارییەكان و پەخشی رووداو دا هەبوو. بەوهۆیەشەوە بەردەوام پێشكێشكردنی ماوەی تەلەڤزیۆنی گرنگ و ئەنجامدانی رووماڵە گرنگەكانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رووداوەوە پێدەدرا.
 
رووماڵی زۆر رووداوی گرنگی هەر چوار پارچەی كوردستانی كردووە، لەوانەش هەڵبژاردنەكانی توركیا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان، شەڕی داعش، شەڕی بەرگریكردنی شەڕڤانان و پێشمەرگە لە كۆبانێ، شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال.
 
هەروەها ماوەیەك پێشكێشكاری نووڕۆژ بوو، پێشكێشكاری پاشیڤ بوو لە مانگی رەمەزانی 2014 و 2015 و 2016دا.

بەهۆی دڵسۆزی لە رووداو و ئەركوەخۆگری بەرامبەر هاوكارانی، لەساڵی 2016دا لەكاتی ئاڵوگۆڕ لە چەند بەڕێوەبەرێكی تۆڕی میدیایی رووداو دا، كرایە بەڕێوەبەری ئاوتپووتی رووداو. لە هەمانكاتدا پێشكێشكاری بووڵتەنێكی هەواڵ بوو. هەروەها لەگەڵ هەموو وەرزێكی رووداو دا، ئارەزووی هەبوو بۆ پێشكێشكردنی كارێكی تازە، كە دواترینیان پێشكێشكردنی بەرنامەی (فۆكس موسڵ) بوو لەسەر ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، ئینجا ویستی بەشێكی بەرنامەكە بەشێوەیەكی مەیدانی تۆمار بكات، لە ئەنجامیشدا لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی ئەو بەرنامەیەی لە كاژێر 3:38 خولەكی ئێوارەی 25ی شوباتی 2017 بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو، گیانی لەدەستدا.
 
شەهیدبوونی شیفا گەردی دەنگدانەوەیەكی كورستانی و جیهانیی زۆر بەرفراوانی هەبوو. لە رۆژانی یەكەمی شەهیدبوونیدا 270 لاپەڕەی نووسراوی لەسەر هەبوو لە ئینتەرنێتدا.
 
بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چلەمین رۆژی شەهیدبوونیدا بڕیاری خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی راگەیاند، كە ساڵانە دەدرێتە رۆژنامەڤانێكی ژن لە جیهاندا، كە كاری ناوازەی لە بارودۆخێكی سەختدا ئەنجامدابێت .
 
رۆژی 25ی شوباتی 2018 خەڵاتی شیفا گەردی بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی و رۆژنامەڤانی جیهانی و بەشداری فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی پێشووی فەرەنسا درایە جینان موسا .
 
شیفا گەردی، سەرەتای ساڵی 1987 لە ئۆردووگای زێوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. ساڵی 2014 بەشی راگەیاندنی كۆلیژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددینی تەواوكرد.
 
شیفا گەردی، بەر لە رووداو، لە راگەیاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، رۆژنامەی هەڵبژاردن و ساڵی 2007 دەبێتە بێژەری رادیۆی زاگرۆس و دواتر دەبێتە بێژەری هەواڵ لە تەلەڤزیۆنی زاگرۆس.