هەندێك لە سەرەکیەکانیان وەک خۆی دەڵێ ئەمانە بوون "یەكەمین و گرنگترینیان رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2013 بوو".
ئەو ئێوارەیەی لەگەڵ كردنەوەی تەلەڤزیۆنی رووداودا دەركەوت، گوتی "یەكەمین گەشتی هەواڵەكان لە رووداو"، شاهۆ ئەمین دەڵێ "ئەوە ٨ی ئێوارە بوو، ئەو بووڵتەنە هێواش هێواش بووە كاڵایەكی پڕ بە باڵای خۆم، 5ی ئێوارەی هەمان رۆژ یادی بەخێر لەگەڵ شیفا گەردی قسەی یەكەمی دەستپێكردنی پەخشی رووداومان كرد".
ئەو گرافیكانەی بە سریدی لەمیدیای كوردی و ناوچەكەدا لە رووداو دەستی پێكرد، بۆ تەلەڤزیۆنە كوردییەكان و بینەریش مایەی سەرنج و تازە بوو. یەكەمین گرافیكی سریدی لەلایەن شاهۆ ئەمینەوە بەشێوەزاری كرمانجی خواروو پێشكێشكرا.
لەم رووداوانەدا شاهۆ ئەمین وەك پێشكێشكاری سەرەكی رووماڵكردن دەرکەوتوە:
بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا و واژۆكردنی بڕیارەكەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 15ی ئاداری 2014. شەڕی داعش لە 8ی ئابی 2014 لەكاتی هێرشدا بۆ سەر مەخموور و نزیكبوونەوە لە شاری هەولێر، مانەوەی چەندین شەو تاوەكو بەیانی بۆ زانیاریدان بە بینەر. ناردنی هێزی
پێشمەرگە بۆ كۆبانێ لە 28ی تشرینی یەكەمی 2014، دواییش كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لە 10ی تەممووزی 2017 .
رۆژی دەنگدان لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017. هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 12ی حوزەیرانی 2018 و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی 2018 .
لەگەڵ زۆر رووداوی گرنگی دیكە.
دوایین رووماڵی لە 10ی حوزەیرانی 2019 ئەو رۆژە بوو كە نێچیرڤان بارزانی بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەروەها 10ی تەممووزی 2019 كاتێك مەسرور بارزانی وەك سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد لەگەڵ جێگر و وەزیرەكانی متمانەی كابینەی تازەیان وەرگرت.
شاهۆ ئەمین دەڵێ "من عادەتم كردووە قسەی خۆم و رووماڵیش هەر لەناو رووداو و ستودیۆ دەكەم، كەم جار سوتفەی كردووە بۆ رووماڵ بچمە دەرەوەی ستودیۆ، پێمخۆشە لە لووتكەی هەرەمەكەوە ئیدارەی تۆڕی پەیامنێرانی رووداو و هەر رووماڵێك بكەم كە بۆ بینەر گرنگە. من هیچ ئەكاوەنتێكم لە سۆشیاڵمیدیادا نییە، دەمەوێ خۆم بە دوور بگرم لەو هەرایەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و وەڵام و وەڵامدانەوەدا هەیە، پێشموایە ئەم ئیشەی تەلەڤزیۆن كە من دەیكەم پێبەندی خۆی هەن، ئەو كەسە براوەیە كە دەچێتە ژێر باری ئەو هەلومەرجە سنووردارەی پیشەكە دەیخوازێ،، بەڵام خۆ هەتا حەزكەی بە ناوی منەوە ئەكاونت دروستكراون، دەبێ بڵێم لە هیچیان نیگەران نیم كە دەبینم لە حەزی خۆیانەوە بۆ قسە، هەواڵ، شێواز و دەركەوتنی من ئەكاونتیان دروستكردووە، لە راستیشدا خزمەتێكی زۆر باش بە ئیشی من و پاراستنی ئەرشیف دەكەن. مەعلومە كە بینەر و فانی رووداو كۆپی قسە و گرافیك و هەواڵ خوێندنەوەی من زۆر دەكەن، ئەمە هێزی مەعنەوییم پێدەدات، تێدەگەم كاریگەریم هەیە ، زۆرم پێخۆشە كە بارێكی قورس نیم لەسەر بینەر، دەبێ ئەوەش بڵێم فانەكانی رووداو هەندێجار كۆپیكردنەكەیان ئەوەندە فیت و باشە، عەیب نەبێ وەك خۆم دەری دەهێنن".
شاهۆ ئەمین سەبارەت بە تایبەتمەندییەكی دیكەی خۆی و ئەو بیۆگرافییەش دەڵێ "بە تەبیعەتی حاڵ خۆم هەندێ گۆشەگیرم ئەگەر زۆر پێویست نەبێ دەرناكەوم، بە لای منەوە باشە بینەر تامەزرۆت بێ نەك ئەوەندە خۆتی نیشاندەی لێت ماندووبێ ، ئەم بایۆگرافییەش كە نووسیومە تاوەكو پێمكرا هەوڵمدا خۆمی لێ بدزمەوە، دواجار كاك ئاكۆ محەممەد بەڕیوەبەری گشتی رووداو گوتی بینەر مەراقیەتی زیاتر لەسەر تۆ بزانێ، هیچ جارێ قسەی ئەوم نەشكاندووە".
شاهۆ ئەمین، خوێندنی تاوەكو تەواوكردنی ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی بووە، ساڵی 2003 چووەتە بەریتانیا دەڵێ "لەوێش دەرفەتم بۆ رەخسا فاوندەیشن كۆرسم لە میدیا و كۆمیونیكەیشندا لە زانكۆی گۆڵدسمث خوێند، دواییش بەكالۆریۆس و ماستەرم لە بواری میدیا و كاری تەلەڤزیۆنیدا لە زانكۆی كینسنگتن لە لەندەن تەواو كرد. لەگەڵ بێژەرە دیارەكانی عەرەبییە، جەزیرە، شەرقییە، سكای نیوز و هەندێكی دیكە كۆرسی میدیام لە لەندەن كردووە، ئەو كۆرسە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەساڵی 2004دا رێكیخستبوو. لە ساڵی 2008 لە ئاژانسی ئەی پی لە لەندەن كارم كردووە" .
شاهۆ ئەمین دەنووسێ "لە ئیشی میدیادا منیش وەك زۆر كەسی دیكەی كوردستان سەرەتا پێخاوس بە ناو كەوتم، ئەزموونی یەكەمم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993، كە پێشكێشكاری بەرنامەی قوتابیان و لاوان بووم لە تەلەڤزیۆنی كوردستان - سلێمانی لە گەڵ ناسكە جەلال، دواییش هەر لە هەمان تەلەڤزیۆن بوومە بێژەر.
لە رادیۆی كوردستانیش هەر لە سلێمانی هەفتانە بەرنامەیەكم هەبوو لەسەر بزاڤی قوتابیان و نەوەی دوای راپەڕین. ساڵی 1996 بە یەكجاری هاتمە هەولێر و لە كوردستان تیڤی بێژەر بووم بەرنامەیەکیشم هەبوو بە ناوی زایەڵە، ساڵی 1999 كە تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی كوردستان كرایەوە، پەیامنێر بووم و بەرنامەی
هەفتانەشم هەبوو، لە لەندەنیش لە 2005 تاوەكو 2012 كاری پەیامنێریم دەكرد لەگەڵ كوردستان تیڤی .
عاقیبەتی باشی من ئەوە بوو ئەزموونی زۆر تایبەت و گەورەی رووداو ببینم، ئازادییەك لە رووداو هەمبووە، هاندان و پشتگیریەك لێرە بۆ من دەستەبەرە هەرگیز پێشتر و لە هیچ دامەزراوەیەكی دیكەی میدیاییدا نەمبووە، ئەمە هاندەری سەرەكییە بۆ داهێنان، دەركەوتن بە توانا، ئازادی و ئەو شارەزاییەی خۆتەوە كە بینەر و میدیای هاوچەرخ دەیەوێ. هەڵسەنگاندی زۆر و باش بۆ ئیشی من كراوە، چونكە هیچ شتی خۆم ئەرشیف ناكەم ، ناوی ئە دۆستانە نازانم کە زمانیان باش گەڕاوە لە سەر من، هەندێجاریش لەبەرئەوەی دەمەوێ خۆم لە قاڵبی رێچكە بەستوویی و كلاسیك دەرخەم هاوکات بینەریش لەسەر راستی و دروستی هەواڵ رابێنم و تووشی كاردانەوەی نێگەتڤ بووم، كەس شتی نێگەتیڤی پێخۆش نییە بەتایبەت كە لەسەر بنەمای حەسودی یان رق هەڵچنرابێ، منییش پێم خۆش نییە.