رووماڵی فیستیڤاڵی سەربەخۆیی كوردستانی كرد لە شاری كوێلن لە ئەڵمانیا لە 26ی ئابی 2017 و دوای ئەوەش لە شاری برۆكسل. ئەو رووماڵە دەنگدانەوەیەكی فراوانی هەبوو لە ئاژانس و تەلەڤزیۆنەكانی جیهاندا.
شوباتی 2017 رووماڵی كۆبوونەوەكانی جنێڤی كرد لەنێوان شاندی ئۆپۆزیسیۆن و حكومەتی سووریا و بە بەشداری نوێنەری وڵاتانی زلهێز و، بەسەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان. لەوێ بوولتەنی تایبەتی رۆژئاوای كوردستانی رۆژانە لە جنێڤەوە پێشكێشدەكرد. ئەو رووماڵە پرسی رۆژئاوای كوردستانی لەو كۆبوونەوانەدا بەهێزتركرد و بووە پشتیوانی بۆ نوێنەرانی كورد لەو كۆبوونەوانەدا.
لەساڵی 2015 رووماڵی هەڵبژاردنەكانی توركیای كرد لە ئامەد و ئەنقەرە، بە پێشكێشكردنی بوولتەن و دیبەیتی تایبەت لەو دوو شارەوە.
رووماڵی گرنگترین رووداوەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان كردووە لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەوانەش گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 و هەڵبژاردنەكانی باشووری كوردستان و عێراق لەساڵی 2018. شەڕ و بەرگری شەڕڤانان و پێشمەرگە لە كۆبانێ بەرامبەر داعش 2014-2017، هەروەها شەڕی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانان بەرامبەر داعش.
دەیان هەڤپەیڤینی لەگەڵ بەرپرس و كەسایەتییە كوردی و بیانییەكان ئەنجامداوەو، دوو بەڵگەفیلمی تایبەتی لەگەڵ هەردوو هونەرمەندی نێوداری رۆژئاوای كوردستان جوان حاجۆ و گانی میرزۆ ئامادەكردووە.
دلبخوین دارا دەڵێ " من لە چەند تەلەڤزیۆنێكی كوردی كارم كردووە، ئەو تەلەڤزیۆنەی زۆرترین ئازادیم تێدا بینی رووداوە. رووداو دامەزراوەیەكی گرنگ بوو بۆ من كە تێیدا توانا و كەسایەتی رۆژنامەڤانی خۆم دەستنیشان بكەم، رووداو هێز و متمانەی پێدام. بەڕێوەبەرایەتی رووداو هەموو سنوورەكانی لەبەردەم مندا كردنەوە و ئەزی بە هەموو كوردستان ناساندم. لە كاری رۆژنامەڤانی مندا ، رووداو بووە یەكێك لە قۆناخە هەرە گرنگەكان. رووداو زۆر هاوكاربوو بۆ من كە كەسایەتییەكی رۆژنامەڤانی بەهێز دروستبكەم".
دلبخوین دارا، لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە. لە حەلەب خوێندوویەتی. لەساڵی 1990 چووەتە ئەڵمانیا.
لەساڵی 1987ەوە دەستی بە كاری رۆژنامەڤانی كردووە. لە 1987-1989 سەرپەرشتی گۆڤاری (تۆڕەڤان)ی كردووە كە بەنهێنی لەشاری خەلەب دەردەچوو. لە شاری بۆن سەرنووسەری گۆڤاری (رەوشەن)بوو. لە ساڵی 1992 لە شاری دووسلدۆرف سەرپەرشتی بەشی كرمانجیی سەرووی گۆڤاری (بەرخوەدان)ی كردووە. لە ساڵی 1994 یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی ئەنستیتۆی كوردی لە بەرلین و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری (لێكۆلین)ی ئەو ئەنستیتۆیە بوو.
لەساڵی 1995 دەستیكردووە بەكاری تەلەڤزیۆنی و یەكەمین بێژەری كرمانجی بوو لە یەكەمین تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی كورد Med-TV كە لە رۆژی 19ی ئایاری 1995 دەستی بە پەخشكردن كرد.
پرۆگرامەكانی (كورسی گەل) و (گەلاوێژ) و چەند پرۆگرامێكی دیكەی لەو تەلەڤزیۆنەدا پێشكشكردن. دوای داخرانی، بووە پێشكشكاری Medya TV.
لەساڵی2006 لە تەلەڤزیۆنی تیشك لە پاریس، بووە ئامادەكار و پێشكێشكاری پرۆگرامی (40 دەقیقە). ئینجا لە Kurdistan TV پرۆگرامی (ئەزموون)ی ئامادە و پێشكێشكرد.
لەساڵی 2000دا رۆژنامەی (ئاڤێستا)ی چاپ و بڵاوكردەوە، دوای ئەوە بەشێوەی ئەلیكترۆنی درێژەی پێدا.
سێ پەرتووكی چاپكراوی هەن.