تابلۆیەکی پیکاسۆ بە 45 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

رووداو: ئەدەب و کولتوور  

یەکێک لە تابلۆ بەناوبانگەکانی وێنەکێشی بەناوبانگی جیهان پابلۆ پیکاسۆ بە نرخێکی ئێجگار گران فرۆشرا و فرۆشتنی تابلۆکەش ناوەندە هونەرییەکانی نیگەران کردووە.

ئاژانسی هەواڵی بی بی سی عەرەبی بڵاویکردەوە، تابلۆیەکی وێنەکێشی بەناوبانگی جیهان " پابلۆ پیکاسۆ بە 45 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە و تابلۆکەش ناوی" رۆڵی گوریس"ـە کە بریتییە لە وێنەی یەکێك لە هاوڕێ نزیکەکانی و وێنەی ژنێکە بە جلوبەرگێکی شینەوە لەسەر کورسییەك دانیشتووە.

بەگوێرەی هەواڵەکەی بی بی سی عەرەبی، تابلۆکەی پیکاسۆ لەلایەن نازیەکانەوە لەماوەی ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا دزراوە، بەڵام دواتر لەلایەن جەنگاوەرانی فەرەنسییەوە دۆزراوەتەوە و پارێزراوە. 

پابلۆ پیکاسۆ، وێنەکێش و شێوەکاری ئیسپانی، یەکێکە لە گەورەترین هونەرمەندانی سەدەی بیست. کارە هونەرییە ناوازە و ئاستبەرزەکانی لە جیهاندا بایەخێکی تایبەتیان پێدەرێت و لەدوای مردنی، بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێن .