نوێترین رۆمانی بەختیار عەلی بڵاودەکرێتەوە


رووداو- هەولێر

بڕیارە نوێترین رۆمانی بەختیار عەلی بەناوی دەریاس و لاشەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە،کە ئەم کتێبە لەلایەن نووسەر خۆیەوە چاپکراوە و ناوەندی رۆشنبیریی رەهەند کاری دابەشکردنی بۆ دەکات.


لەم رۆمانەدا دەریاسی ستارە خان دوای چەندین ساڵ خوێندنی مێژوو لە خۆرئاوا دەگەڕێتەوە و دەیەوێت لەگەڵ ئەلیاسی برا و دایکیدا ژیانێکی نوێ دەست پێ بکاتەوە. دوای ماوەیەکی کورت لەگەڕانەوەی ئەو، شار دەکەوێتە دۆخێکی نائاساییەوە، بیرۆکەیەکی کاریگەر لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خەڵکیدا سەرهەڵدەدات، بیرۆکەیەک کە دەتوانێت هەموو شتێکی ژیانی مرۆڤەکان بگۆڕێت، بیرۆکەی شۆڕش لەگەڵ هاتنی ئەم بیرۆکەیەدا پەیوەندی نێوان دوو براکە وەک هەموو شتەکانی ژیان، گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردا دێت. 

دەریاس کە لە ئەوروپا دکتۆرای لەسەر مێژووی وەهم هێناوە، لە ناکاو رووبەڕووی زنجیرەیەک پرسیاری گرنگ و گەورە دەبێتەوە، کە ناچار دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات.  

رۆمانی دەریاس و لاشەکان ئاوڕدانەوەیەکی ئەدەبییە لە ئێستای ژیانی سیاسی و لە رابوردووش. تێکستێکە خوێنەر دەخاتە بەردەم ئەو پرسیارە : ئایا تۆ وەک مرۆڤ دوای خواست و ویست و ئارەزووە راستەقینەکانی خۆت کەوتوویت، یان تەنیا بەدوای تارماییەکدا دەڕۆیت?. هەموو ئەمانە وەک کارەکانی پێشووی نووسەر، لە فەزایەکی پڕ رووداو و پڕ لە چاوەڕوانیدا روودەدەن.  دەریاس و لاشەکان کارێکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئێستای ژیانەوە هەیە.