روانینێکی رەخنەیی لەبارەی فیلمی ئەنیمەیشن

28-04-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەنیمەیشن
A+ A-
هەورین نەجات 
رووداو - هەولێر

"ئەنیمی" وشەیەکی ژاپۆنییە بە واتای "وێنەی جوڵاو" دێت. وێنەی جوڵاویش بریتییە لە دوو مەودا یان سێ مەودا، گەرچی یەکەم فیلمی ئەنیمەیشن لەساڵی 1917 بەرهەم هێنراوە، بەڵام ئەنیمەیشن وەک داهێنان لە بواری فیلم و گەشەکردنی لەسەدەی بیست و یەک زیاتر خۆی لە بازاڕدا دۆزییەوە. 

زیاتر لەوەش لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنیکی بەکارهێنانی کومپیوتەر، ئەگەر بۆ خاڵی هاوبەش لە نێوان کولتووری مێژووی مرۆڤایەتی و فیلمی ئەنیمەیشن بگەڕیێن، ئەوە حیکایەتی رەمزی ( کلیلە و دمنە) کە لە سەدەی چواری زاینی لەلایەن فەیلەسووفی هیندی (پەیدەپا) نووسراوە و لە پێنج بەش پێکهاتووە و دیالۆگە لە نێوان خۆی و پادشا دیشلیم، بەڵام بە زمانی ئاژەڵەکان دەربڕدراوە، لەبەردەستماندایە ! لایەنە فەلسەفیەکەشی پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ بێرۆکەی رۆمانی (المسخ) ی کافکا، کاتێ قارەمانەکەی وەڕدەگەڕێتە سەر گیانلەبەرێک وەک حاڵەتی نامۆبوون لە سایەی کۆمەڵگەی مۆدێرن و سەنعەتی!.

بۆچی پەنا دەبرێتە بەر فیلمی ئەنیمەیشن بەمەبەستی نمایشکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگە و قەدەری ئینسانەکان! لەوانەیە هەندێ کەس بڵێن دەرهێنانی هەرزانە و خەرجیی کەمە و پێویستی بە ئەکتەری راستەقینە نییە وەک نواندن، بەڵام مەودا سایکۆلۆژیەکەی شتی دیکەمان پێدەڵێ، لەم سەردەمەدا ئینسانەکان چیدی نایانەوێ سەیری چارەنووسی ئینسانێک یان بنەماڵەیەکی دیاریکراو بکەن، لەم سەردەمەدا قەدەرەکان هاوبەشن، وێڕای بایەخدانی رواڵەتی بە شوناس، بەڵام ئاکام شوناس و باوەڕەکان و بەها و موراڵە کۆنەکان دەتوێنەوە!

ئەگەر جاران فیلمی کلاسیکی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا قەتیس مابوو، بەڵام ئەمڕۆ فیلمی ئەنیمەیشن مەوداکانی زەمان و شوێن تێدەپەڕێنێ و تەنانەت وێنە و سیمای ئینسانەکانیش، لە فیلمی ئەنیمەیشندا ئەوە ئاژەڵ و دەعباکانن نوێنەرایەتی ئینسانەکانی سەر گۆی زەوی دەکەن، لە جیاتی ئەوان دیالۆگ دەکەن، حیکایەت دەگێڕنەوە، باس لە قەدەر دەکەن ! باسی دوێنێ و ئێستاو ئایندە دەکەن، لە فیلمی ئەنیمەیشندا حیکایەتی ژیان و کۆمەڵگە و خەونەکان چڕدەکرێتەوە، هەر بینەرێک بەشی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە ! لەکاتێکدا فیلمی درامای کلاسیکی باس لە تایبەتمەندی کۆمەڵگەیەک دەکا لە مێژوویەکی دیاریکراودا!

وەک ئاشکرایە سینەما وەک بابەت لەسەر خود کاردەکات بەمەبەستی لەزەت پێبەخشینی، بەنیازی پیشاندانی ئاوێنەیەک بۆ مرۆڤەکان، ئەگەر جاران و ئێستا هوڵیوود و بۆڵیوود و سینەمای میللیی هەر وڵاتێک روڵی تایبەتمەندی خۆی هەبووە و هەیە، ئەوە ئەمڕۆ فیلمی ئەنیمەیشن بەرگ و شوناسەکان فڕێدەدا و لە وێنەی ئاژەڵ و دەعبا و شکڵ و شێوەی جۆراوجۆر خۆی پیشانی بینەر دەدا!
فیلمی ئەنیمەیشن درێژکراوەی فیلمی کارتۆنە کە دەربڕی خەونی منداڵەکان بوو لە کاتێکدا پەیامی فیلمی ئەنیمەیشن ئاراستەی تێکڕای تەمەنەکان کراوە، هەموو کەس دەتوانێ سەیری بکا وێڕای جیاوازیی تەمەنی مرۆڤەکان، لەکاتی بینیندا هیچ رەگەزێک هەست بە نامۆبوون ناکا و لە چوارچێوەی بۆدیی ئینسان چووەتە دەرەوە و لە مرۆڤایەتی دەدوێ!

دەشێ بڵێین فیلمی ئەنیمەیشن و پەیامەکەی راکێشانی یادەوەری منداڵەکانە بۆ بەشداریکردن لە خەونی گەورەکان، بە پێچەوانەوەش هێنانی ئاوەزی گەورەکانە بۆ بینی خەونی منداڵەکان، بەڕای من گەمەیەکی زانستییە لە تێکەڵاوکردنی یادەوەرییەکان بەرەو ئاراستەیەکی گونجاو!

کەواتە فیلمی ئەنیمەیشن، تیکەڵاوکردنی مێژووە، لێکدانی کەسایەتیەکانە، دەیەوێ پەیامێک ئاراستەی هەمووان بکات، هەر چۆن لە چیرۆکی کلیلەو دمنەدا هەڵگری بەهای ئەخلاقی و حیکمەتە، لە فیلمی ئەنیمەیشنیشدا، داڕشتنەوەی زەینی تاکە بە ئاراستەیەکی دیکە! بە ئاراستەیەکی بەرفراوان و تیگەیشتن لە هەموو ئەگەرەکان کە رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، یان بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە کە مرۆڤایەتی دووچاری دەبێ!

پێموایە لەبەر نامۆبوونی ئینسانەکان لە بەرامبەر فیلمی تەقلیدیدا، فیلمی ئەنیمەیشن سەری هەڵدا، گەرچی بە جۆرێکی دیکە ئەنیمەیشن بەشێوەیەکی دی بینەر دووچاری نامۆبوون دەکا، بەڵام لەوانەیە نامۆبوونێکی ئیجابی بێ کە وا بکا ئینسان لە واقیعی تاڵی خۆی بێتە دەرەوە ! چونکە بینەر چیدی وێنەی تەقلیدی خۆی تێدا نادۆزێتەوە، دەتوانین بڵێین لە هەندێ رووەوە فیلمی ئەنیمەیشن ماڵئاواییە لە فیلمی سینەمایی تەقلیدی!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە