(خوێنەكەی بەرپێی سنەوبەر) بڵاودەبێتەوە
رووداو - هەولێر
ناوەڕاستی مانگی داهاتوو رۆمانی رۆماننووسێكی كورد بە تیراژی 10 هەزار دانە لە باشووری كوردستان بڵاودەكرێتەوە.
نووسەری گەنج گەشبیر ئەحمەد، بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "دوایین رۆمانم بەناوی (خوێنەكەی بەرپێی سنەوبەر) ئێستا لە چاپخانەیە و رۆژی 14/2/2018 بڵاودەبێتەوە".
ئەم رۆمانە 500 لاپەڕەیە و لەلایەن كتێبخانەی یادگارەوە بە تیراژی 10 هەزار دانە بڵاودەكرێتەوە. گەشبیر دەڵێت "جێگەی خۆشحاڵییە دەزگایەك متمانە بە نووسەرێكی گەنج بكات بۆ لەچاپدانی كتێبێك بە تیراژی 10 هەزار دانە، جگە لە بەختیار عەلی هیچ نووسەرێك بەو تیراژە كتێبی بۆ چاپ نەكراوە. ئیدی ئەوكاتەی بەرهەمەكەت خوێندەوە تێدەگەیت بۆ ئەو بڕیارەیان داوە".
گوتیشی: "دوو ساڵ لەمەوبەر یەكەمین بەرهەمم لە كوردستان بڵاوبووەوە بە ناوی (نزاكانی دایكم) كە لە ماوەی شەش هەفتەدا دووجار چاپكرایەوە".
سەبارەت بە ناوەڕۆكی رۆمانەكەش گوتی: "رۆمانەكە ریالیزمی جادووییە، رەهەندێكی جیهانی هەیە. مانیفێستۆی ئەو رووداوانەیە كە لەم ساڵانەی دوایی لە هەرێمی كوردستان روویانداوە، هاوكات باسی ئەو مەترسی و هەڕەشانە دەكات كە رووبەڕووی میدیاكار و رۆژنامەڤانان دەبنەوە".
(خوێنەكەی بەرپێی سنەوبەر) چوارەمین پەرتووكی گەشبیر ئەحمەدە، پێشتر كۆمەڵە شیعرێكی لەژێر ناوی (گوڵەكانی ژێر پێی باران) بە زمانی كوردی و ئینگلیزی بڵاوكردووەتەوە. هەروەها رۆمانی (نزاكانی دایكم)، لەگەڵ كۆمەڵە شیعرێكی دیكە بەناوی (بەسەر لێوتەوە شیعرم).