عەلی ئەشرەف دەروێشیان لە گفتوگۆیەكی بڵاونەكراوەدا

26-11-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عەلی ئەشرەف دەروێشیان
A+ A-

بەشی یەكەم
رووداو - کولتوور و ئەدەب

گفتوگۆ لەگەڵ نووسەرێك كە هەموو بەرهەمەكانیت بە چێژێكی زۆرەوە خوێندووەتەوە و لەوەش زیاتر، چی لەبارەیەوە نووسراوە..  ئاگاداربوون لە گرنگترین وێستگەكانی ژیانی، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و سەفەرێكی خۆشە بەناو دونیای ئەندێشە و ئەدەبیاتی ئەو نووسەرەدا. پاش چەندین ساڵ  لە هاوڕێیەتی نزیك و سەفەری زۆر و گفتوگۆ، ساڵی 2006  نووسەری گەورەی كورد عەلی ئەشرەف دەروێشیان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی دەیەمی گەلاوێژدا هات بۆ سلێمانی. ئەوە دەرفەتێكی رەخساند بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیەی لە ساڵی پێشووتردا دەستمانپێكردبوو. لە هوتێل سلێمانی پاڵاس و لەو شەوانەدا كە پێكەوە دەبووین، درێژەمان دا بە گفتوگۆكەمان بەو ئامانجەی ببێتە پرۆژەی كتێبێك. 

 
منیش وەكو سەمەد بێهرەنگی عاشقی منداڵانی گوندنشین بووم

دەربارەی ژیان و بەرهەمەكانی، پەیوەندی لەگەڵ زمانی دایكی، ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان، ئەزموونی بەندیخانە و سانسۆر و ژیانی نووسەر لە وڵاتێكی دیكتاتۆریدا و..، ئەدەبیاتی كوردی و هیواكانی و ناوەندی نووسەرانی ئێران و خەبات لە پێناوی ئازادیی رادەربڕین ... ئەوەی لێرەدا و لەم چەند بەشەدا بۆ یەكەمجار بڵاودەبێتەوە، بەشێكە لە پرۆژەی كتێبێك كە بەداخەوە دەروێشیان خۆی كۆچی دوایی كرد و نەیدیت، هیوادارم لە ئایندەدا بتوانم بە چاپی بگەیەنم.

مەریوان هەڵەبجەیی: تۆ لە خێزانێكی هەژار و چینی كرێكاری كرماشان لەدایكبوویت و لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خرایتە بەر كار و شاگردی دووكان و دەستفرۆشی و شاگردی ئاسنگەر و تەنانەت قاچاخچێتیت كردووە و نەهامەتی و سەختیی ژیانت ئەزموون كردووە، باوكت دژی خوێندنی خۆت و براكانت بووە. ئەم بارودۆخە دژوار و ئەستەمەی ژیانتان لە زۆربەی بەرهەمەكانتدا ڕەنگی داوەتەوە، ژیان لەناو خێزانێكی وەهادا و منداڵی و مێرمنداڵییەكی لەم شێوەیە، چۆن بوو كەوتیتە ناو دنیای خوێندنەوە و نووسین؟

دەروێشیان: ژیانی من لە خێزانێكی هەژار و نەداردا زۆر دژوار بوو. خێزانێكی قەرەباڵغ بووین و هیچ شتێكمان نەبوو. باوكم بەردەوام كاری دەكرد و زۆر جار بێكار دەبوو، هەموو جۆرە كارێكی دەكرد. ئێمەش هەر لە منداڵییەوە كارمان لەگەڵ دەكرد. لەگەڵ ئەوەی كە من و براكانم لە تەمەنی شەش حەوت ساڵانەوە شاگردی و دەستفرۆشیمان دەكرد و هاوكاری ماڵەوە و باوكم بووین، بەڵام نەماندەتوانی بەباشی بژێوی خێزانەكەمان دابین بكەین. كرێی خانوومان لە كاتی  خۆیدا پێ نەدەدرا و بەردەوام خاوەنماڵ دەریدەكردین و لەم كۆڵانەوە بۆ ئەو كۆڵان و لەم گەڕەكەوە بۆ ئەو گەڕەك بارمان دەكرد. لەهەمان كاتدا جۆرێك هەڵهاتن و خۆشاردنەوەش بوو لەدەست خاوەن قەرزەكان. من لە كۆڵانی عەلاقەبەندەكان كە كەوتبووە یەكێك لە هەژارترین گەڕەكەكانی كرماشان، لەدایكبووم. سەربازگەیەك لەپشت ماڵمانەوە بوو.

شەوانە كە لە دەستگیركراوەكانیان دەدا، ئێمە و ئەو ماڵانەی تری نزیك سەربازگەكە گوێمان لە هاواریان دەبوو. زۆر شەو تەپڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی كەس گوێی لە دەنگیان نەبێت. هەر لەو كاتەوە ڕقم لە سەرباز و ئەفسەر بوو. ژیانێك پڕ لە دەربەدەری و ئاوارەیی و كۆچی بەردەوام، وای كردبوو بەردەوام تەنیا بم و هاوڕێم نەبێت. چونكە بەردەوام بەهۆی باركردنەوە قوتابخانەم دەگۆڕی. ئەگەر لە ڕۆمانی چوار بەرگی (ساڵانی هەورین)دا كە بە جۆرێك بەشێكی ژیانی خۆمی تێدا دەبیندرێتەوە، باركردن و ئاوارەیی زۆر دەبینیت، ئەوە ئەو واقیعەیە كە تێیدا ژیاوم و ئەزموونم كردووە. باوكم لەتاو نەبوونی و بێكاری، پێداگریی دەكرد لەسەر ئەوەی ئێمە نەخوێنین. دیارە دایكم بەردەوام لە بەرامبەریدا دەوەستایەوە و بەرگری لە ئێمە دەكرد و بە باوكمی دەگوت دەبێت بخوێنن و نابێت ئایندەیان وەك تۆی لێبێت.
 
شەوان تەپڵیان لێدەدا بۆئەوەی كەس گوێی لە هاواری گیراوەكان نەبێت


جارێكیان پاش ئەوەی ماوەیەكی زۆر بوو باوكم بێكار بووبوو، خاوەن قەرزەكانی گوشارێكی زۆریان خستبووە سەری، یەكێك لەو خاوەن قەرزە هەلپەرستانە بە هەلی زانی و بە باوكمی گوت: "تۆ بێكاریت و پارەیەكی زۆر قەرزاری منیت، وەرە با بڕێك تلیاكت بدەمێ بیبە بۆ تاران!". باوكم بە ناچاری قبوڵی كرد و تلیاكەكەی برد بۆ تاران و لەوێوە بۆ ڕەشت. لە نیوەی ڕێگادا پۆلیس بارە تلیاكەكەی گرت و باوكم كەوتە بەندیخانەوە. ئەو دەوڵەمەندە بێ ویژدانە هات بۆ ماڵمان و بەدایكمی گوت: "ئێستا كە هاوسەرەكەت كەوتووەتە بەندیخانە، دەبێت كوڕەكەت درێژە بەكارەكەی بدات!" من كوڕی گەورەی ماڵەوە بووم و لەو كاتەدا تەمەنم دوانزە ساڵ بوو. لەگەڵ ئەوەی كە دایكم ڕازی نەبوو، من گوتم باشە دێم، نەمدەویست بەردەوام ئەو كابرا دەوڵەمەندە بێتە سەرمان بۆ پارە و بەردەرگامان لێ بگرێت. ئەوە یەكەم سەفەری من بوو بۆ تاران. تلیاكەكەیان لە ئۆتۆمبێلەكەدا شاردەوە و من و كەسێكی تر لەگەڵی ڕۆیشتین بۆ تاران. لە ڕێگادا لەتاو ترس نەمدەتوانی بخەوم. دەمگوت ئێستا پۆلیس دێت و تلیاكەكە دەدۆزێتەوە و ئێمەش دەگرێت. بەردەوام بیرم لەوە دەكردەوە گەر من دەستگیر بكرێم كێ لەبری من كار دەكات و بژێوی ماڵەوەمان دابین دەكات؟ گەیشتینە تاران، بەڵام من هێشتا خەریك بوو لە ترسان دەمردم. دڵم زۆر بەخێرایی لێیدەدا. لە یەكێك لە گەراجەكانی ناسر خەسرەو دابەزین، لەكاتی دابەزیندا هێندە گێژومەنگ بووم لەتاو بێخەوی، كەوتم و دەستم بریندار بوو. شەو لە موتێلێكی پیس بووین، لە تاو بۆنی پیسی بەتانییەكان نەمتوانی بخەوم. كاتێك پارەی خاوەن قەرزەكەمان دایەوە، ئیتر قبوڵم نەكرد ئەو كارە بكەم  و چیتر كاری قاچاخچێتیم لەژیانمدا دووبارە نەكردەوە. بووم بە شاگردی ئاسنگەر. دایكیشم كڵاشی دەچنی، جلی ماڵانی دەشووشت و بەرگدروویی دەكرد. هاوكات لە بەشی زانستی سیاسی زانكۆی پەهلەوی لە شیراز وەرگیرام ، هەم لە زمان و ئەدەبیاتی فارسی زانكۆی تاران، ڕۆیشتم بۆ زانكۆی تاران، چونكە لەوێ بەهۆی هاوڕێكانمەوە كە لەبری من بەڵێیان دەكرد، دەمتوانی هەفتەی دوو ڕۆژ بچمە پۆلەوە و باقی كاتەكە لە كرماشان بم و كار بكەم. جگە لە ئەزموونی خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی فارسی و ژیان لە تاران،  وێستگەی كاریگەرتر و پێشتری ژیانم، ئەفسانە و چیرۆكەكانی نەنكم بوو. ئەو ئەفسانانە كاریگەرییەكی زۆریان هەبوو لەسەر هەر هەموومان، بەتایبەت من كە عاشقی چیرۆك گێڕانەوە و ئەفسانە گێڕانەوەكانی بووم. كەم شەو هەبوو گوێ لە چیرۆك و ئەفسانەكانی نەگرم. باوكیشم نیمچە خوێندەوارییەكی هەبوو، زۆر حەزی لە شیعر بوو. بەشێكی زۆر لە شیعری حافز و سەعدی و خەیامی لەبەربوو.

گەورەترین چێژم لە منداڵیمدا گوێگرتن بوو لە ئەفسانەكان. لە دوای ئەوەی چوومە پەیمانگا، توانیم هاوڕێم هەبێت و لەو دوو ساڵەدا ئەزموونێكی تازەم تاقیكردەوە، پاش تەواوكردنی خوێندن بووم بە مامۆستا لە گوندەكانی گەیلان غەرب و شائاباد و وێستگەی گرنگتری ژیانم دەستیپێكرد كە بووە هۆی ئەوەی بیر لە نووسین بكەمەوە، ئەزموونی مامۆستایەتی لە گوندە هەژار و بێدەرەتانەكانی كوردستان، لەوێ بۆ یەكەمجار جۆرێك لە ژیانم ئەزموون كرد، ژیانێك وای لێكردم بیربكەمەوە لەو هەموو نادادپەروەری و نایەكسانییەی لە كۆمەڵگە و دەوروبەرمدا هەبوو. ئەو نەدارییەی لە گوندەكان هەبوو زۆر خراپتر بوو لەوەی لە كرماشان و شارەكانی دیكە هەبوو. زۆر كەس منداڵیان نەدەناردە بەر خوێندن لەبەر نەبوونی. كەسانێك هەبوون پاش سێ یان چوار ساڵ خوێندن منداڵەكانیان لە قوتابخانە دەهێنایە دەرەوە.
 
باوكم لەتاو نەبوونی و بێكاری پێداگریی دەكرد لەسەر ئەوەی ئێمە نەخوێنین


زۆریان جلی گەرمی زستانەیان نەبوو. دەهاتنە ناو پۆل هەڵدەلەرزین. بەڕەنگی زەردی زۆربەیاندا دەمزانی چەند بێ خواردنن و چەندە ڤیتامینیان كەمە.  خەمی ئەوان وای كرد، خەمی خۆم و خێزانەكەمان و هەموو نەهامەتییەكانم بیربچێتەوە. هاوینان كرێكاریم دەكرد، كە دەگەڕامەوە بۆ قوتابخانە، دەفتەر و جانتا و قەڵەمم بەدیاری بۆ دەبردن. هانمدەدان كتێب بخوێننەوە و فێرببن. لەو قۆناغەدا زۆر بە وردی دەمخوێندەوە و زۆر شت فێربووم. نووسین بوو بە تەنیا كەڵكەڵەی ئەو ڕۆژگارەم. گوتم دەبێت ئەم ژیانە تراژیك و تاریكە تۆمار بكەم. هەستم بە بەرپرسیارێتی كرد و تەنیا مامۆستابوون و هاوكاریكردن بەس نەبوو.  دەبوو بە نووسین قسە لەو دونیایە بكەم كە بەرهەمی كەمینەیەك بوو. زۆرینەیەك لە دۆزەخێكدا دەژیان كە كەمینەیەك دروستیانكردبوو.

مەریوان هەڵەبجەیی: ژیانی تۆ و سەمەد بێهرەنگی زۆر لەیەك دەچێت و زۆر كەس ژیان و تەنانەت بەرهەم و ڕەفتارەكانتان بەراورد دەكەن بەیەك و نووسینەكانت بە درێژەپێدەری ڕێگای ئەو دەزانن. یەكەم كتێبت (سەمەد بە نەمریی گەیشت) لە یەكەم ساڵڕۆژی مەرگی گوماناویی سەمەد-دا بڵاوكردەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو لە سەرتاسەری ئێراندا و زیاد لە شانزە جار بە تیراژی زۆر بڵاوكرایەوە، لەم ساڵانەی دواتریشدا دوو كتێبت دەربارەی سەمەد و ژیان و بەرهەمەكانی ئامادە كرد و ئەوەش نیشانەیەكی زیاتری خۆشەویستی و بەوەفایی تۆ بوو بۆ ئەو. هەردووكتان لە دوو پاریزگای دوورەوە هاتنە تاران بۆ خوێندن و دواتر گەڕانەوە و بوونە مامۆستا. دەكرێت باسی چۆنێتی یەكترناسین و ئەو كاریگەرییە و دید و بۆچوونەكانتان بكەیت و ئەوەی چ شتێك بووە هۆی نزیكایەتیی ئێوە؟

دەروێشیان: لە تاران و لە ڕێگای هەردوو مامۆستامانەوە (جەلال ئال ئەحمەد و دكتۆر سیمین دانیشوەر) كە هەم لەزانكۆدا باشترین مامۆستا و هاوڕێمان بوون و هەم لە دەرەوە، بێهرەنگیم ناسی. ئێمە لە ڕێگای ماڵەكەی ئەوانەوە كە هاوسەر بوون، زۆر ڕووناكبیر و نووسەری دیاری ئەو رۆژگارەمان ناسی. سەمەد هەمان سادەیی و ڕاستگۆیی نووسینەكانی لە ژیانیدا دەبینرا و مرۆڤ لە یەكەم بینینیدا خۆشیدەویست. چیرۆكەكانی باسی ڕەنج و ئازارەكانی منداڵانی ئازەربایجانیان دەكرد و وێنەی ئەو ستەمەی دەكێشا كە تەنگی بە ژیانیان هەڵچنیبوو. نووسەرێك نەبوو لە بورجی عاجی خۆیدا دابنیشێت و بڵێت چیرۆكی خۆم دەنووسم و كارم تەنیا نووسینە و حەقم بە هیچی ترەوە نییە. ئەفسانەی كۆدەكردەوە و لە فەوتان ڕزگاری دەكرد، كاری وەرگێڕانی دەكرد و مامۆستایەكی نموونە و نووسەرێكی بەرپرسیار و خاوەن هەڵوێست بوو. هەموو ئەمانە وایان كردبوو كە سەمەد نموونەیەكی باڵا بێت بۆ من. منیش وەك ئەو زۆرجار بێ بیانوو لەم گوندەوە دەگوازرامەوە بۆ گوندێكی زۆر دوورتر. بەڵام هەرگیز كۆڵم نەدا و بەردەوام بووم لە نووسین و قسەكردن لەسەر ئەو دۆخە كارەساتبارەی تێیدا دەژیاین. جەلال ئال ئەحمەد و سیمین دانیشوەری هاوسەری دوو لە گەورەترین نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو ڕۆژگارەی ئێران بوون.

زۆر شتی گرنگیان فێری من و سەمەد كرد و كاریگەریی زۆریان لەسەر ژیانمان هەبوو. زۆرجار باسی نووسین و بەرپرسیارێتی نووسەر و هەڵوێستی نووسەران و گرنگییەكانیان بۆ دەكردین. كە گەڕاینەوە بۆ گوندەكان و بووینەوە بە مامۆستا، تەواو ئاگا و هۆشیار بووین بەرامبەر نووسین و بەرپرسیارێتییەكانی نووسەر. منیش وەك سەمەد بڕوام وابوو كە دەبێت منداڵان لە قوتابخانە لەگەڵ خوێندن بەزمانی فارسی، بەزمانی دایكی خۆشیان بخوێنن و بنووسن. وەك ئەو عاشقی منداڵانی گوندنشین و هەژار بووم و لەگەڵیاندا دەگریام و بەشادییەكانیان شاد دەبووم. دونیای هەردووكمان لەژێر كاریگەریی ئەو ژینگەیەدا بوو كە تێیدا دەژیاین و بە قووڵی ئازاری دەداین. بەداخەوە سەمەد زۆر زوو بەجێیهێشتین. دەیتوانی بەرهەمی زۆر جوانتر بنووسێت و كاری مەزن بكات. بەڵام دوای خۆی ڕێبازەكەی بەردەوام بوو. ئەو چرایەی ئەو دایگیرساند هەرگیز ناكوژێتەوە.
 
هێشتاش باوەڕم وایە ماركسیزم دەتوانێت رزگاركەر بێت


مەریوان هەڵەبجەیی: گەر هەڵە نەبم لە سەرەتای نووسینتدا چەند چیرۆكێكت بە كوردی (شێوەزاری كرماشانی) نووسی، چۆن بوو بەردەوام نەبوویت و دواتر دەستتكرد بە نووسین بە زمانی فارسی؟
دەروێشیان: لە سەرەتادا چیرۆكەكانم بە زمانی كوردی دەنووسی. یەكێك لەو چیرۆكانەم بەناوی خوازراوی عەلی كرماشانی، ساڵی 1974 لە گۆڤاری (جهان نو)دا چاپ كرد. چیرۆكێك بوو بە ناونیشانی (ڕۆژی یەكەمی پشوو). لە كرماشان و شارە كوردییەكان زۆر پێشوازی لێكرا. لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو چیرۆكە، نووسەر و ڕەخنەگری ئازیز باقر موئمینی خوێندبوویەوە، زۆر هانیدام سەرەتا بە كوردی بنووسم و دواتر وەربگێڕدرێنە سەر زمانی فارسی، خۆشم زۆرم پێخۆش بوو. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی بڵاوكراوەی كوردی لەو سەردەمەدا و ئەو سنووردارێتییە زۆرەی بۆ زمانی كوردی هەبوو، نەمتوانی بەردەوام بم و بەناچاری بە زمانی فارسی دەمنووسی و بڵاوم دەكردەوە. دواتریش یەكەم كۆمەڵە چیرۆكم بەزمانی فارسی بەناونیشانی (لەم هەرێمەدا)  بڵاوكردەوە و ئیتر نەمتوانی بەزمانی كوردی بنووسم. بەڵام هەمیشە ناوەڕۆكی چیرۆكەكانم كوردی بوون. باسی خەم و ئازارەكانیان و ئەو نەهامەتیانەیە كە بەسەریان هاتووە و دێت.

مەریوان هەڵەبجەیی: ئایا لەو ڕۆژگارەدا نووسین بۆ تۆ پەناگایەك بوو لەو دونیا پڕ لە ئازار و ڕەنجەدا؟ پەنابردن بۆ قەڵەم و كاغەز و نووسین گەڕانەوە بوو بۆ ناو خۆت؟

دەروێشیان: هەر چاوم هەڵهێناو دەوروبەری خۆم دیت، هەستم بە نایەكسانی و خەمی زۆر و نادادپەروەریی زۆر كرد. هەم لە منداڵی و مێرمنداڵی خۆم و هاوڕێكانمدا ، هەم لەكاتی مامۆستایەتی و لە گوندەكاندا ئەوپەڕی نەبوونی و نەهامەتی خەڵكم دیت. ستەمكاریی زۆر، هۆكاری هەموو ئەو نایەكسانییە بوو. نەمدەتوانی ئەو هەموو كێشە و نەبوونی و ناڕەواییە ببینم و دەربارەیان نەنووسم. تەنیا كارێك دەمتوانی بیكەم نووسین بوو. هەموو بیروهۆشمی داگیر كردبوو. نووسین بۆ من هەڵهاتن نەبوو لەو دۆخە، ڕۆچوون بوو بۆ ناو قووڵایی نەهامەتی و كێشە بێشومارەكانیان. نووسین بۆ من هەمیشە چەشنێكی كاریگەرە لە ناڕەزایەتی. تووڕەیی و ناڕازیبوونێكی تەواو لە بەرامبەر ئەو دۆخەی كە تێیدا دەژیاین و دەژین. سەردەمی دەستگیركردن و چەوساندنەوە و لەسێدارەدان. ڕۆژگاری خەباتی سیاسی و مەدەنی لە دژی ستەمكاری.

بەردەوام بەشداریی ڕێپێوانەكانم دەكرد و لە نزیكەوە دەمدیت چۆن هەموو ناڕازییەكان سەركوت دەكەن و ڕاپێچی بەندیخانەكانیان دەكەن. تەمەنم دوانزە ساڵ بوو كە دكتۆر محەممەد موسەدەق دەسەڵاتی گرتە دەست، خاڵم ڕۆژنامەكانی دەكڕی و منیش دەمخوێندنەوە. خاڵە گەورەكەم لایەنگری موسەدەق بوو، خاڵە بچوكەكەم لایەنگری حزبی توودە بوو. باوكم سەربەخۆ بوو. بەردەوام دەیگوت لەم ڕۆژگارەدا دەبێت مرۆڤ پڕچەك بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرامبەر دوژمنەكەیدا بەرگری بكات. من لەو نێوانەدا سەرگەردان بووم تا كاتێك بووم بە مامۆستا و تێگەیشتم تەنیا سۆشیالیزم دەتوانێت مرۆڤە هەژار و زەحمەتكێشەكان ڕزگار بكات و لە نەزانی و نەهامەتی بیانپارێزێت. بۆیە بووم بە لایەنگری ماركسیزم و هێشتاش باوەڕم وایە ماركسیزم دەتوانێت ڕزگاركەر بێت. كاتێك لە گوندەكان وانەم دەگوتەوە و لەناو خەڵكی گوندنشیندا دەژیام، زۆر شتی نوێم دۆزییەوە و لەڕاستیدا دۆزینەوەی دونیایەكی تر بوو كە وای لێدەكردم بجەنگم لەپێناوی ماف و حەز و ئارەزوو و خەونەكانیاندا. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نووسەرێك بم تەواو بڕوام بە بەرپرسیارێتی هەبێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە