لەندەن میوانداری "سێ ژنە رووتەکە"ی پیکاسۆ دەکات

رووداو- ئاژانسەکان

سێ تابلۆی پابلۆ پیکاسۆ، شێوەکاری ئیسپانی کە وێنەی سێ ژنی رووتن، بۆ یەکەمجار لە مۆزەخانەی تیت مۆدێرن لە لەندەن نمایش دەکرێن.

جگە لە سێ تابلۆکە، چەند بەرهەمێکى دیکەی پیکاسۆ لە چوارچێوەی پێشانگەیەکی تایبەت بەو شێوەکارە لەو مۆزەخانەیەدا نماش دەکرێن. 

پیکاسۆ سێ تابلۆکەی لە ماوەی 10 رۆژدا لە ساڵی 1932 وێنەکێشاون و باس لەوە دەکرێت کە وێنەی خۆشەویستەکەی، ماری تێرێزا والتەر-ن. لە پێشانگاکەدا وێنەی "خەو" و "کچێک لە بەردەم ئاوێنەدا" کە لە مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ لە نیویۆرک لە ئەمریکا پارێزراون، بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا نمایش دەکرێن.

سێ تابلۆکەی دیکەش لە 1932 بۆ یەکەمجار نمایشکران و لەم پێشانگایەدا جارێکی دیکە نمایش دەکرێنەوە. پێشانگاکە بەناونیشانی "پیکاسۆ 1932 – خۆشەویستی، ناوبانگ، کارەسات" لە 8ى ئادارى 2018 دەستپێدەکات و  تاوەکو 9 ئەیلولی 2018 بەردەوام دەبێ.

پابلۆ پیکاسۆ، لە 25ى تشرینی یەکەمى 1881 لە شاری مەلەگەی ئیسپانیا لەدایکبووە و لە 8ی نیسانی 1973 ماڵئاوایی لە ژیان کرد. پیکاسۆ بە یەکێک لە بەناوبانگترین هونەرمەندانی سەدەی بیستەم ناسراوە، دامەزرێنەری بزووتنەوەی کۆبیزمە کە بریتییە لە کێشانی وێنە بەشێوەیەکی ئەندازیاری.