نووسەری کورد و نووسین بە زمانی بێگانە

26-05-2017
حەمە فەریق حەسەن
نیشانەکردن زمانی کوردی
A+ A-

ئێمەی کورد، زۆرجاران نابەجێ مامەڵە لەتەک وشەی (پیرۆز)دا دەکەین. لە گیرفانی خۆمانەوە واتای وەها سەیری دەدەینە پاڵ، کە وشەی پیرۆز لە خۆیدا هەڵینەگرتووە، وەک: ڕۆژێکی پیرۆزە، یان جەژنت لێ پیرۆز بێت. ئەم جلکە نوێیەت لێ پرۆز بێت... بەدرێژایی هەزاران ساڵ بندەستی و تەپەسەری، زمانی کوردی قەوارەی ئێمەی وەک گەلێکی جیاواز پاراستووە. زمانی کوردی تاپۆی ئێمەی وەک گەلێکی جیاواز، لەسەر ئەم زەوییە هێشتووەتەوە. بۆیە یەک لەباری گەلی کورد، ئەگەر بشێت وشەی پیرۆز لە سەرەتای ئەم سەدە نوێیەدا بەکاربهێنرێت، ئەوا شایانی زمانی کوردییە. 

پرسیار لەمەڕ زمان، پرسیارە لەمەڕ هەبوون و ئامادەیی ئێمە وەک گەلێکی جیاواز، لەسەر ڕووی زەوی. لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت پرسی زمان نەبووبێت بە بەشێک لە سیاسەتی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی خۆمان. وا دیارە پرسی زمانی کوردی، نەخراوەتە خشتەی کاری وەزارەتەکانی فەرهەنگ، پەروەردە و خوێندنی باڵاوە!

وا دیارە لەڕووی زمانەوە، تاکی کورد لە دونیادا بێ وێنەیە. ئەو لە ڕشتەکانی ئەندازە، جوگرافیا، فیزیک و چی و چیدا، خاوەنی بڕوانامەی باڵایە، کەچی ناتوانێت نامەیەکی ئاسایی بە کوردییەکی ڕەوان بنووسێت. دەشێ بڵێین، لە دوای ڕاپەڕینەوە زمانی کوردی لە جوانی بەتاڵ بووەتەوە! 
زمان دەستە و تاقم و چینەکانی گەلێک یەکدەخات. کۆمەڵ دەکات بە جڤاکێکی پتەوی ئەوتۆ، تاکە ئاوەزێک بەڕێوەی ببات. زمان دەتوانێت قسەیان، ئاوات و ئیرادەیان یەک بخات. هەر گەلێک زمانی یەکگرتووی نەبێت، خۆیشی یەکگرتوو نابێت. ئەو گەلەشی کە زمانی خۆی دۆڕاند، ئەوا بەهای مرۆڤانەی خۆی دۆڕاندووە. 

هەر زمانیشە کار لە هزر دەکات. دەگونجێت بڵێین، ئێمە وەک گەلێک، ئەوەتاین لەنێو زمانی کوردیدا. هەر گەلێکیش بە وشەگەلی زمانی خۆی وێنەی سەردەم و دەوروبەری خۆی و جیهان دەکێشێت. تۆ هەر دیاردەیەک بگریت، زمان بە شێوازی خۆی گوزارشتی لێ دەکات و وێنەی دەکێشێت. بەو واتایەی ئێمە بە کوردی دونیا دەبینین. چونکە ئێمە بە کوردی بیردەکەینەوە. ئەو وشانەی، وا ئێمە ڕۆژانە بەکاریاندێنین، بەرهەمی کولتوور و خدەی گەلێکە، کە تۆ هەروا بە ئاسانی نازانی لە کۆنیدا بۆ کام چەرخ لە چەرخەیلی مێژوو دەگەڕێتەوە.

ئەو ئەدەبەی لە هەڕەتی هەژموونی زمانی عەرەبی، تورکی و فارسیدا، لە هەلومەرجی ناجۆری ژێردەستەییدا، بە زمانی کوردی نووسرابێت، جیاوازە لەوەی کە ئێستا دەنووسرێت. ڕەنگە ئەو ئەدەبەی ئەوسا، کە سەرلەبەری شیعر بوو، زیاتر سۆز و هەستی وەرگری جووڵاندبێت. ئێمەی نەوەی ئەمڕۆیش، هەم ڕێزی لێ دەنێین، هەمیش وەک نەختینە و ئەنتیک بۆی دەڕوانین. وەک ئەو ڕێزەی، کە نەوەی ئێستا بۆ مەم و زینی خانی و شیعری حاجی قادری کۆیی هەیەتی. وەک ئەنتیک بۆی دەڕوانین چونکە بێ نەزیرن و دووبارە نابنەوە. وێڕای ئەوەی، ڕەنگە دید و ڕوانینی ئێمە بۆ ئەو ئەدەبە سۆزی نەتەوایەتیشی تێکەڵ بووبێت. 

وەکوتر، ئەگەر ئەوسا، نووسەری کورد مالیجەی نەبووبێت و لە بێدەرەتانیدا بە زمانی عەرەبی، تورکی و فارسی نووسیبێتی و گوزارشتی کردبێت، ئەوا ئێستا، لە کوردستانی باشوور، کوردی نووسین ئازادە. ئێمەیش بۆمان هەیە بپرسین، داخۆ ئێستا، نووسەرانی کورد لە باشوور، چ پاساوێکیان بۆ بە عەرەبی نووسین بەدەستەوەیە؟

بەڵگەنەویستە هەر گەلێک بندەست بێت، زمانەکەیشی بندەست دەبێت. پاشەکشە دەکات و وەک پێویست پێی نانووسرێت. زمانیش بە زەبری نووسین هەڵدەکشێت و گەشە دەکات. لە عیراقدا، عەرەبی زمانی زۆرینە و زمانی فەرمیی دەوڵەت و ئاین بووە. واتە پێشنۆرە بۆ زمانی عەرەبی بووە. تەواوی چاپخانەیلی وڵات، عەرەبی بوونە. بۆیە هەر کارێکی ئەدەبی، ئەگەر بە کوردی نووسرابێت، ئەوا بواری زۆر کەمی بۆ چاپ و پەخش لەبەردەستدا بووە.

ئێستاش دۆخێکی نوێ لەئارادایە. زمانیش ناسنامەیە. زمانی کوردی بڕبڕەی پشتی ئەوێتیی گەلی کوردە. زمان و خاك، دوانەی ئەوێتیی کوردەواری پێکدەهێنن. بۆیە هەر بەرهەمێک بە زمانی عەرەبی نووسرابێت، دەشێ بڵێین، ئەوێتی یان ناسنامەی عەرەبیی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. واتە ئەو ئەدەبەی کە نووسەرێکی کورد بە زمانی عەرەبی دەینووسێت، لە ڕووی ناسنامەوە ناتەواوە. بۆیە ناکرێت لەسەر ئەدەبی کوردی و دواجار لەسەر گەلی کورد بکرێت بە ماڵ. ئەو ئەدەبە لە هەر کتێبخانەیەکیشدا پۆلێن بکرێت، لە خانەی ئەدەبی عەرەبیدا جێی بۆ دەکرێتەوە.

ئەگەر خەڵک هەبن نەتوانن ئەو هزرەی کە لە مێشکی خۆیاندا هەڵیانگرتووە، بخەنە چوارچێوەی زمانی کوردییەوە و بە کوردی دایبڕێژن، ئەوە ئۆباڵی لە ئەستۆی زمانی کوردی نییە، بەڵکو ئەوە کەمتەرخەمیی تاکەکان خۆیانە، کە نەیانتوانیوە گەشە بە زمانەکەی خۆیان بدەن، تاکو جێ بۆ هەر هزرو هەر زانستێک بکاتەوە. ناکارایی هەر زمانێک، لە سۆنگەی ناکارایی تاکەیل خۆیانەوەیە. 

ئۆباڵی لە ئەستۆی خۆیانە کە نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی زمانەکەیان بکەن و پەرەی پێبدەن. زمانەکە بەرپرسیار نییە. بەوەدا کە ئەو هەموو چیرۆک و ڕۆمانە بە زمانی کوردی نووسراون، یان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، بۆمان دەردەکەوێت کە بەکارهێنانی زمان، کەوتووەتە سەر ئاست و توانای تاکەیل خۆیان. ئەوە تاکەیلن، کە توانای زمانیی خۆیان سەردەخەن.

زمان هەر ژمارەیەک وشەی بێ ڕەگوڕیشە نییە. زمان پێوەندییەکی ڕەوانی و میژوویی بە تاکەیلی ئەو گەلەوە هەیە. ئەو کوردەی بە زمانی بیانی بنووسێت، ئەوا گشت ئەو پێوەندی و سۆزبەندییە ڕەوانی و مێژووییە ئەفەرۆز دەکات، کە لە نەوەی کۆنەوە بۆ نەوەی ئێستا هاتوون و ئێمەیان لە بن چەتری خۆیاندا کۆکردووەتەوە، ئێمەیان کردووە بە کەسی یەکتری. بەعسییەکان بڕوایان وابوو، ئەو تاکەی بە زمانی عەرەبی بدوێت، ئیتر بە عەرەب حسێبە. ئەوەشی لەسەر نیشتمانی عەرەب بژی، بە عەرەب حسێبە! 

خۆ نووسین هەر ڕیزکردنی مشتێک وشە نییە، بەڵکو سیستمێکی مێنتالی و هزریشە. ئەو نووسەرەی بە زمانی کوردی بنووسێت، دیارە بە کوردیش بیردەکاتەوە. ئەو نووسەرەشی بە زمانی عەرەبی بنووسێت، ئەوا بە عەرەبی بیردەکاتەوە. عەرەبی و کوردی دوو زمانن، مێژوو، ڕێزمان. پاشخان و گۆکردنیان جیاوازە. زمانی عەرەبی، نووسەر دەباتەوە بۆ ژینگەی بیابان، بۆ لای گەلێک، کە ڕچەڵەکی تری هەیەو سەر بە هەرێمەکەی ئێمە نییە. وەک چۆن زمانی کوردی، تاک دەباتەوە بۆ جوگرافیایەکی دیکەی شاخاویی ئاویژە و کەشوهەوای جیاواز. وێڕای ئەوەی، رێزمانی ئەم دوو زمانە زۆر لە یەکەوە دوورن.

عەرەب بە (عامی، جڵفە) بیردەکەنەوە، کە سەدان شێوەی هەیە. واتە هەر کۆمەڵەو بە شێوە جڵفەی دەڤەری خۆی. کەچی بە (فوسحا، ستاندارد) دەنووسن. واتە لە کاتی نووسیندا، دێن بیرکردنەوە جڵفەکەی خۆیان وەردەگێڕنە سەر زمانی ستاندارد. تۆ هەر نووسەرێکی عەرەب بگریت، بەرلەوەی بە عەرەبی بنووسێت، سەرەتا لە هزری خۆیدا، ئەوەی وا بیری لێ دەکاتەوە، وەریدەگێڕێت. ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە.

لەلایەکی ترەوە، ئاسان نییە، نا عەرەبێک بتوانێت ژمارەیەک لە پیتە عەرەبییەکانی (گ،، ص ، ژ، پ، ڤ،، چ) تەواو وەک خۆیان گۆ بکات. بەتایبەتی ئەو دوو پیتەی دوایی، عەرەب خۆیان نەبن، ئاسان نییە ئەوانی تر بە دروستی گۆیان بکەن، یان بە دروستی لە یەکیان جیابکەنەوە. ئەوەی بیەوێت بە دروستی گۆیان بکات، دەبێت هەوڵی زۆر بدات، سیستمی بیرکردنەوە و جووڵەی ژێیەکانی دەنگ و لێو و زمانی، وەک ئەوان لێ بکات. دیارە تاکی عەرەبیش بە زەحمەت دەتوانێت پیتەکانی (پ، ژ، ڤ) گۆبکات. ڕەنگە من ڕاستییەکی گرینگم نەدرکاندبێت ئەگەر بڵێم: ئەو کوردەی بە زمانی عەرەبی بنووسێت، ئەوا تاکەیلی کورد زوو خۆی و بەرهەمەکانی لەبیردەکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە