فەرهاد چۆمانی بۆ سێیەمجار لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتكرا

25-11-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن فەرهاد چۆمانی فێسیتڤاڵی گەلاوێژ
A+ A-

رووداو- هەولێر

رۆژانی 19- 23ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی نۆزدەیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەچوو و تێیدا چیرۆکی "دەنگدانەوە"ی چیرۆکنووس فەرهاد چۆمانی پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ هاوشێوەی ساڵانی دیکە ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیب و نووسەر و وەرگێڕانی کورد بەشداربوون، هاوکات ژمارەیەک میوانی وێژەوان لە وڵاتانی عەرەبی، ئێران و تورکیا بەشداریان تێداکرد.

فەرهاد چۆمانی، لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکەشکاری بەرنامەی "رۆنان"ـە لە رادیۆی رووداو، هەروەها سەرپەرشتیاری لاپەڕە ئەدەبییەکانی هەفتەنامەی رووداوە. لەپاڵ ئەوەشدا کاری ئامادەکردنی فیچەر دەکات.

چۆمانی لە ساڵی 2010 ـەوە چیرۆک دەنووسێت و خاوەنی کتێبێکە بەناوی "پەنجەکان شتێک دەڵێن"، کە لە ساڵی 2013 دا بڵاوکراوەتەوە. ئێستاش سەرقاڵی نووسینی رۆمانێکە و لە کۆتاییەکانی نووسینی نزیکبووەتەوە. پێشتر چۆمانی لە ساڵانی 2012 و 2014 لە هەمان فێستیڤاڵ خەڵاتكرابوو.

چیرۆکی دەنگدانەوە:

دەنگدانەوە

دەڕوانمە  ئاوێنە،  کەمێک نزیکتر  دەبمەوە و  بەوردی  سەرنجم دەچێتە سەر مەودای نێوان  ئەبرۆ و چاوەکانم، مووکێشەکە بەباشی کاری خۆی کردووە، دەخەنمەوە و خۆم راست رادەگرم.
دەستم بە قژمدا دەهێنم و لەسەر شانم رایدەگرم؛ 

- ئاواجوانم..
 لەبەرخۆمەوە وادەڵێم، لەم جۆرە قسانەم زۆرن لەگەڵ خۆم، ناوم ناون "فێڵەکانی ئومێدبەخشینەوە".
 لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نیگەرانی سەرنجدانی ئەو پیاوانەم کە پاش کەمێکیتر، لەدوای چوونەدەرەوەم لە ماڵەکەمانەوە تا شوێنی کارەکەم دەمبینن، دەبێ چی لەبارەی ئەو بینینە کورتخایەن و زووتێپەڕانەوە بڵێن کە لەگەڵ هەندێکیان بێنیاز و لەگەڵ هەندێکیتریش بەخواستی دڵی هەردووکمان نیگامان یەکانگیر دەبێ؟ 
حەزم لە دڵەخورپەی ئەو پیاوانەیە کە هێزێکی شاراوەی کاریگەریان هەیە بۆئەوەی عاشقیانبم، ئەو کاتانەی نیگامان یەکانگیر دەبێت و لەساتێکدا بەلای یەکتردا تێدەپەڕین، لە دڵەوە حەز دەکەم تکای لێبکەم بوەستێ و قسەی دڵی خۆی بکات، هەر شتێک بێت... پێمبڵێ لەو کاتەدا بیری لەچی کردەوە و چ وێنەیەک لەخەیاڵیدا دروستبووە؟ بەڵام لەم شارە بوێری دەوێ ئەوە بپرسم، سەرکەشییەکی شێتانەیە دەمی پیاوێک بکەیتەوە، کە رەنگبێ دەم نەبێ، کونی زەردەواڵەی دەیان قسەی تاڵبێت.
توێی ستیانەکەم هەڵدەکێشم و مەمکەکانم بەرز دەکەمەوە، بۆ ئەوەی هەرمێلە و قیتتر دیاربن، سووراوەکەم بە شێوەیەکی یەکسان هەموو لێوی گرتووم... قەیتانەکەیشی تەواوە... قژم بە باشی رەنگە قاوەییەکەی گرتووە، ماوەتەوە جلەکانم، دەبێ شێوەی بەدەستەوەگرتنی چانتاکەشم ببینم و... ئینجا دەڕۆم.
هەوا کەمێک گەرم بووە، لەم وەرزەدا چوونە بەرخۆر چێژی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە ماکیاژەکەم بە جۆرێک کردووە بە گەرمی هاوین دانەچۆڕێ.
 دایکم لە هەورەبانەکەوە خشپەی دێت، لەبەر خۆیەوە شتێک دەبڵمێنێ، پێموانییە لەوەوە بێت شتێکی ونکردبێت، ئەوە شەڕی دووراو دوور و لەپەنا دیوارە لەگەڵ من..
- ئافات لەم چاوانەی تۆ شەپۆل دەدات. 
هەمیشە وام پێدەڵێت؛  ئێمە شەڕ وەکو زریان و گەردەلوول دەوروخولمان دەدات و جار جار پرسیارە کورت و لەپڕەکانی باوکم راماندەگرێت، دەپرسێت؛ 
- "چی بووە؟" وەک ئەوەی هەمیشە لە شتێکی پەنهان و شاراوە بترسێت. بەڵام ئەو هەر دەپرسێت و ئێمەش هەمیشە بێ وەڵام دەبین، یان بەیەکەوە دەڵێین "هیچ!".

ماڵەکەمان کۆشکێکی رازاوەیە، لە رۆژهەڵاتی شار، لەنێو کۆڵانێکی وێران و پەڕپووتدا، بەجۆرێک لەچاو هەموو ماڵ و خانووە داڕزیو و بەلاداهاتووەکانی دیکە، دیوار و پەنجەرە چوارچێوەدار و رووناکی چلچرای ژوورەکان سەرنجی هەموو کەسێک رادەکێشێ، ئەگەر سەرنجی تۆی رانەکێشابێ، بەهۆی ئەوەیە کە رێگات نەکەوتووەتە گەڕەکی بەڕۆژ.  کۆڵانێک کە دایک و باوکم بێز لە منداڵە چڵمن و چڵکنەکانیان دەکەن کە لە بەیانییەوە کۆڵانەکە پڕ دەکەن لە قاقای پێکەنینێک کە بەدەگمەن لەنێو کۆشکەکەی ئێمەدا دەتوانیت گوێت لێیبێت، رقیان لە سادەیی ئەو ژنەی جیرانمانە، کە دووگیانە و هەرچۆنێکیش بجوڵێتەوە سێ منداڵی بەدوایەوەن، بەڵام لەتێک نان بەسە کە بەدەستیانەوە بێت و بە ئیشتیایەکی زۆرەوە بە ئاوی دەمیان نەرمی دەکەنەوە و بیخۆن.
لەوەیە باوکم تەنیا بۆ ئەوە هاتبێتە ژیان کۆشکێکی رازاوە و ماڵێکی ئامادە و بێوێنە بە کەلوپەی دەگمەن، دروست بکات. چونکە لەم کۆشکە دوو نهۆمیە سەرتاپا سپییە بەولاوە، شتێک شک نابات لەدوای خۆی بەجێیبهێڵێت.

بەنێو کۆشکە بێدەنگ و رازاوەکەی ماڵەکەمان وەک سێبەر رێدەکەم، هیچ شتێک بۆ من گەرم نییە و هەمیشە ساردییەکی شاراوە و لە راماننەهاتوو وەک تەم و شێ بەنێو ماڵەکەدا دەگەڕێ. بەلای ئاوێنە چوارچێوە زیوینەکانی هۆڵی دانیشتنی نهۆمی خوارەوە تێدەپەڕم و ئاوڕێک لەخۆم (راستترە بڵێم لە کچی نێو ئاوێنەکە) دەدەمەوە و ساتێک لێی دەڕوانم... گوارە کریستاڵەکەی گوێی بە رووناکی چرای لادیوارەکان دەبریسکێتەوە، خاڵی لا ملی، کە رێک کەوتووەتە ژێر گوێی راستییەوە وەک هەمیشە رەش و بەرچاوە، خۆپەرستانە نەبێ، دەڵێم چاڵی روومەتەکانی ئەوەندەیتر جوانیان کردووە، ئەدگارێکی خەندان و شیرینیان پێبەخشیوە، قژە قاوەیی و  تاڵ زەردەکانی لە دەوری سەری کۆکردووەتەوە و لەدواوە کەزییەکی پان و درێژی تا نێو شانەکانی هاتووەتە خوارەوە.. ئەو کچە منم.

هۆڵەکە پڕبووە لە دەنگی سێمفۆنیای لیۆش یاناچیک ، کە بەم بەیانییە هێمنە ماڵەکەی پڕکردوە لە ژاوەژاو، سەلیقەی هەموو بەیانیانی باوکمە، من هەناسەم پێی تەنگ دەبێت و ئەویش لە زووەوە خووی پێوەگرتووە، هەموو بەیانیان لە زەنای سێتی کەمان و ریتمە لەناکاو زرمە لێهەستاوەکانی بەئاگادێمەوە، هەراوزەنایەک کە باوکم بەچێژێکی زۆرەوە گوێی لێدەگرێت.
- ئاگاداری خۆتبە لە کۆڵان...  لە دەرەوە.... لە هەموو شتێک، زووش بگەڕێرەوە ماڵەوە.
دایکم ئاوا دەنگم دەدا، منیش هیچ ناڵێم، راستتر توڕەیی ناخم زمانی بەستوم.
- بیستت؟ ..... تێگەیشتی کەزبەل؟ (کەزبەل ناتۆرەیەک بوو دایکم دابوویە پاڵم، قەت نەمزانی مانای چییە، هەرگیزیش نەمپرسی)

بە دەنگێکی بەرز دەڵێم؛
- نا، بۆ زۆر شت تێنەگەیشتن باشترە!
وادەڵێم و دەرگای دەرەوە دەکەمەوە و نیگاکانم وەک پۆلێک کۆتربن بەنێو درێژبوونەوەی کۆڵانەکە بەرەڵڵا دەبن، بۆنی نانی تەنوورە گڵینەکەی نانەواخانەی نزیک ماڵەکەمان، بەر لە هەر بۆنێکیتر لوتم پڕ دەکات و قووڵ هەڵیدەمژمە ناو سییەکانم، بۆنی ژیانی لێدێ، دەچمە  بەردەم مێزی نانەکە و کوڕێکی باڵابەرز، خامێکی سپی لەنێوچاوانی بەستووە و بەتینی گەرما پێستی سوورهەڵگەڕاوە، بە هەموو گەرمیی ئاگرەکەوە نیگای قوڵی چاوەکانم دەکات و بزەیەک دەکات، وەک هەموو بەیانیانیتر نانێک بە مەقاشەکەی دەستی لە تەنوورەکە دەکاتەوە و بە دەستی دەیداتە دەستم، دەستە گەرم و لووسەکانی بەر دەستم دەکەون، لە خۆمەوە پێموایە ئەو کوڕە ناوی عیسا بێت، هەر جارێک دەیبینم سەرنجم دەچێتە سەر سنگ پان و ناوشانە بەخۆوەکانی، بەچێژێکی زۆرەوە، هەڵبەت بێ ئەوەی شەرم بکەم بەدەم خواردنی نانەکەوە دەڕۆم.
چاوێکی خێرا بەنێو شەقامەکەدا دەگێڕم و خەڵکی لەسەر شۆستەکانەوە بە شادییەوە لەیەک تێدەپەڕن، هێشتا خۆر ئەوەندە گەرم نەبووە، بەڵام دووراودوور هاڵاوێک لە سەر شەقامەکە هەڵدەستێک، بە دەنگێکی نزم لەبەر خۆمەوە دەڵێم؛
-  دۆزەخ لەژێرییەوە گڕدراوە!
من باسی دۆزەخ دەکەم و بیر لە بەهەشت دەکەمەوە. 
ئەم جارە دەڵێم؛
- تۆ بڵێی راست بێت؟
بۆ ئەوە پرسیار ناکەم بڕوام بە بوونی هەبێت، پێموایە بەهەشت تەنیا لەنێو سەری ئێمەدا هەیە، لە هیوایەک زیاتر نییە، وەک پشکۆیەکە تا فووی لێبکەین زیاتر دەگەشێتەوە، هەر کاتێک لەخەیاڵی خۆماندا بەهەشتمان فەرامۆشکرد. دەبێتە خۆڵەمێش... دەکوژێتەوە. ئەگەر ئەو هیوا بەهەشتی و فیردەوسیانە وەک وەهمێک نەخرابانە نێو سەرمانەوە ژیان هێندەی دیکە کوشندە و بێزراو دەبوو.
تا وێستگەی پاسەکان بەپێ و بە خەیاڵی بەهەشتە بۆهیمییەکانی نێو سەرم دەڕۆم،  بەڵام نابێ چاوم بەرز بکەمەوە، ختورەیەک بە دڵم دادێ، دەڵێم نەکا... و هەزاران هۆکار لە پشت ئەو ختورەیەوە ریز دەبەستن، سادەترینیان ئەوەیە: نەکا ئازادکردنی سەرنجدان و نیگاکردنم وەک "بێحەیایی" دەربکەوێ. 

سەیری سێبەری خۆمم کردووە و رێدەکەم، لێیدەڕوانم کە چۆن لەژێر پێی رێبواران دەپلیشێتەوە و پێپەست دەکرێ.. لەسەر ئەم خاکە پێچدەخوات، دەشکێتەوە و ملی دەپەڕێت و دێتەوە و چەند قەد دەبێت، سەرنجی دەدەم سێبەرێکە تەنیا لەسەر دیوارە سەختەکان راستدەبێتەوە، ئەمە تەنیا سێبەرێک نییە، رەگەزی منە.. ژنێتیمە.

لەگەڵ ئەوەشدا یارییەک بۆ من و سێبەرەکەم دەمێنێتەوە کە دڵم خۆش بکات، سەرنجی سێبەرەکەم دەدەم لەژێرپێی رێبواران لە ساتێکی زوو تێپەڕ و لە چاوتروکاندێکدا قیت دەبێتەوە و بە ڕانی پیاواندا هەڵدەکشێ، بەسەر ئاودامانی عەبای ژناندا خێرا لەگەڵ خێرایی هەنگاونانەکانمان بەنێو گەڵیاندا سەردەکەوێ، من هەست بە ختوکەی بەرکەوتنی لەشیان دەکەم چێژ لەوە دەبینم، چێژ لەوەش دەبینم دەزانم پەنهانێکە تەنیا من و سێبەرەکەم دەزانین چەند هەستەوەر و ناخبزوێنە، دواتر سێبەرەکەم وەک سەمای دۆلفینەکان لەسەر سک و سنگیانەوە دیسان دەکەوێتەوە خوارەوە.. هەست بە تەڕبوونی سێبەرەکەم دەکەم،  وەک کەوتنەوە خوارەوەی سەرلەنوێی دۆلفینەکە بۆ دەریای خاکێک کە هەست دەکەم بە پاژنەی پێڵاوی ژنانەم سەغڵەت دەبێت.


لەنێو پاسەکە تاکە شوێنێک بەبەتاڵی ماوەتەوە، پیاوێک بە دەموچاوێکی پان و ریشێکی تەنک، دەتگوت چاو و ئەبرۆ رەشەکانی تەڕن، دانیشتوە. بە جۆرێک سەیرم دەکات وەک ئەوەی ماوەیەکی زۆربێت لە پاسەکە دانەبەزیبێت و چاوەڕێی هاتنی منی کردبێ، جوڵەیەک دەکات و و کورسییەکەی تەنیشتیم بۆ فەراهەم دەکات دابنیشم. لەپاڵییەوە دادەنیشم، هەر کە دادەنیشم رانی بە رانمەوە دەدا، دەتگوت دڵی لەنێو گەڵیدا لێدەدات، چاوەکانم دادەخەم، دڵی خێراتر لێدەدا، بێئەوەی دەمم بکەمەوە و دەنگم لێوەبێت دەکەوینە قسەکردنێکی نائاسایی.
- نیوە شەو، کۆشکە سپییەکەی کۆڵانی بەڕۆژ، کاتێک تەنیا چرای ژوورەکەی من نەکوژاوەتەوە و لە ماڵەکە چیتر دەنگی سێمفۆنیای لیۆش یاناچیک نایەت.

دڵی لەنێو گەڵیدا خێراتر لێدەدا، وەک ئاماژەیەک بێت بۆ تێگەیشتن تووندتر رانی بە رانمەوە دەنوسێنێتەوە، لەپڕ وەک لە خەوێکی قوڵ بەئاگابێتەوە بانگی لە شۆفێری پاسەکەکرد دەکات کە دادەبەزێت، بە ترس و تاسانەوە، وەک ئەوەی لە دوا تەماشادا سەرتاپام لە چاوەکانیدا هەڵبگرێ، گەرم و تامەزرۆیانە سەیرم دەکات و دەڕوات، دابەزی، بەبەردەم پاسەکەدا سوڕایەوە ویستی لە شەقامەکە بپەڕێتەوە، لەپەنجەرەوە سەیریکردم و  چاوەکانی کوشندەتر بۆخۆیان رایاندەکێشام، دووراودووریش تەڕێتیان پێوە دیاربوو، لەوە دەچوو ناوم بهێنێت، چەند جارێک بە جوڵەی لێو گوتی؛

- مەریەم.. مەریییەم!

چاوەکانم داخستنەوە و لە خەیاڵمدا لەدواوە باوەشم کرد، دەستم بەچاوەکانیدا دەهێنا و پەنجەکانم تەڕ دەبوون، ئەویش وەک درەختێک بێت و بیەوێ بۆ هەمیشە لەشوێنی خۆی بوەستێت، وەستابوو، پاسەکە کەوتەوە رێ، هێندەی نەبرد گوێمان لە جیڕەی ستۆپێکی لەپڕ بوو، دەنگی پێداکێشانێکی تووند و هەموومان ئاوڕمان دایەوە، لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکە کەوتبوو، شەڵالی خوێن بووبوو...
"هەموومان گیرۆدەی خەیاڵی کەسانترین، ئەگەر چارەنووسێک هەبێت، ئەویش لەدەستی خۆماندا نییە. کەسمان نە خۆشبەختین، نە بکوژ و نە قوربانی، ئەوە ئێمە نین بڕیار دەدەین چین و چی دەبین و چیمان بەسەر دێت، بەهەمان شێوەی خەلق و ئافراندن، مرۆڤەکانیش بە جۆرێک و تاراددەیەکی سنووردار هێزی ئافراندنیان هەیە، بەڵام ئەم هێزە لە ئاراستەکردنی چارەنووس شێوەی گرتووە، هەر کاممان خەیاڵ وەک تەون بۆ یەکتری دەچنین و وەک مێش و مەگەز بە تەونی خەیاڵی یەکترییەوە دەبین..." 
تا دەگەم، دڵڕەقانە بیر لەم قسانە دەکەمەوە، مردنیش بەشێکە لەو یارییە پەنهان و شاراوەیەی لەگەڵ خۆم و سێبەرەکەم دەیکەم..

بۆیە سەوزەکەی دیواری ژووری فەرمانگەکەمان شێ لێیداوە  و تا نێوقەدی دیوارەکە بۆیەکەی لێ هەڵبووە، سەرم بەسەر مێزەکەدا گرتووە و بیر لە چاوە تەڕەکانی پیاوی نێو پاسەکە دەکەمەوە، ئێستا درک بەوە دەکەم کە ئەو کاتەی لەبەردەم ئۆتۆمبیلەکە کەوتبوو بە روونی چاوەکانیم بینیوە، تەواو دڵنیام سەیری منی دەکرد، ئەگەرچی گیانی لەبەردا نەمابوو، تەرمێک بوو سارد و وشک، کە خۆشم نازانم چ زوو ئاوا رەنگی مردنی گرت. لەگەڵ ئەوەی کە لە تەرمێک زیاتر نەبوو، بەڵام چاوەکانی فرمێسکیان پێدا دەهاتە خوارەوە!..

- بەیانیت باش، چۆنی؟

 بێ ئەوەی سەر بەرز بکەمەوە گوتم: 
- جەنجاڵ و قەرەباڵغ!.
ئارام بوو، پێکەنینێکی گەمژانە پێکەنی. 
چاوەکانم کردنەوە و سێبەرەکەم لەسەر مێزەکە دەلەرایەوە، دەمزانی ئەو گلۆپەی ژوور سەرم  کە بە وایەرەکەیەوە هاتووەتە خوارەوە و دەلەرێتەوە، ئارام دۆسییەیەکی لەنێو لیڤیکسێکی زەرد هێنا و لەبەردەمم داینا، سەری سێبەرەکەم، راستتر بڵێم قژم لەنێو پەنجەکانی دەجوڵایەوە، سەیری چاوەکانیم کرد، لێوەکانی لەرزین و بێدەنگ، وەک ئەوەی بە زۆر دەستی لەنێو قژم دەربهێنێ دەستی کێشایەوە و چووە دەرەوە.

**

"ئێواران سێبەرەکان حاکمی دونیان، ئەو کاتانەیە کە مرۆڤ خۆزگە دەخوازێ سێبەرەکەی حەقیقەتی خۆی بوایە و درێژ درێژ وەک سپیندارێک...."
بەم خەیاڵە پووچەوە بەرەو ماڵ دەبمەوە و لە ناخەوە خەمگینم دەکات، لەبەتاڵی و هەبوونی بۆشاییەوە نەبێت هیچ  ژنێک هێندەی من گیرۆدەی سێبەرەکەی خۆی نابێت. هەر دوور و نزیکی کۆشکە رازاوەکەی ماڵەکەمان دەبمەوە گوێم لە سێمفۆنیای لیۆش یاناچیک ـە، تا کۆڵانەکە دەنگی کەمانەکان درێژ دەبێتەوە، سێبەرەکەم درێژ درێژ بەسەر دیواری ماڵەکان لەگەڵ هەنگاونانی من دەکشێ و بەدەم سێمفۆنیتا-وە سەما دەکات.. سەیری دەکەم و دەخەنمەوە.

چاوم لەسەر سێبەرەکەم دەترازێ و دەبینم دیسان لەبەردەم ماڵەکەمان وەستاوە، وەک رۆژان بە جلی قوتابخانەوە چاوە پڕ تاسەکانی لە هەنگاوەکانی من بڕیوە، بەدەستێکی کتێبەکانی هەڵگرتووە و بە دەستەکەیتری  پاپیۆنەکەی رێکدەخاتەوە، ناوی جوامێرە، منداڵێکی ١٧ ساڵانە (خۆی پێیگوتم)، نۆ ساڵ لە من بچووکترە (شەوێک بەدەم بیرکردنەوە لە دڵی بچکۆلانەی حسابم کرد). ئەگەر خۆیشی شەرم بکات بیدرکێنێ، خۆم هەست بەوە دەکەم چەند منداڵانە عاشقم بووە.

- جوامێر! ئێوارە چ رەنگێکە ئەمڕۆ؟

بە شەرمەوە دەڵێ؛
- سوور دەچێتەوە؟
کە دەڵێ سوور، بیرم دەکەوێتەوە ئەمڕۆ رەنگی ستیانەکەی منیش سوورە! 
هیچ ناڵێم، سەیری سنگم دەکەم و لەژێر عەزییە سپییەکەمەوە بە حاڵ رەنگە سوورەکەی دیارە، بە جۆرێک دەوەستم سێبەرەکەم بکەوێتە سەر  جەستەی جوامێر، خۆر لەسەر رووخسارە منداڵکار و نازدارەکەی دەترازێ  و سێبەرەکەم دایدەپۆشێ، کەمێک دووردەکەومەوە، دەستەکانم دووراو دوور بەرزدەکەمەوە و سێبەری دەستەکانم دەکەوێتە سەر دەموچاوی، نەوازشی چاوەکانی دەکەم، سێبەری دەستەکانم بە چەناگەیدا دەهێنم، بە قژیدا، بە لێوە ئاڵ و لەرزیوەکانی... دەیانهێنمە سەر سنگی بچکۆلەی و لەسەر دڵی خرۆشاوی رادەگرم، دووراودوور لەنێو لەپی دەستم هەست بە ترپە خێراکانی دڵی دەکەم، دەڵێی چۆلەکەیەکە و لەوێدا عاسی بووە و باڵەفڕکێیەتی.

ئەو وادەزانێ نمایشی گەمەیەکی خۆش و منداڵانەی بۆ دەکەم.. لەگەڵ هەر جوڵەیەکم زیاتر پێدەکەنێت، پێیدەڵێم؛
- جوامێر تەواو، خۆر ئاوا دەبێت، سێبەرەکەی منیش دەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.. تۆش بگەڕێوە ماڵەوە.
قەیرێ دەوەستێت و دەڕوانێتە چاوەکانم...
- دەمەوێ هاوماڵیبم!
- چی؟
- سێبەرەکەت.
- سێبەرەکەم چی؟
- دەمەوێ هاوماڵی سێبەرەکەت بم.
- نا جوامێر، سێبەرەکەی من ماڵی نییە، بەشوێنێکەوە ناگیرسێتەوە.. لەسەری مەڕۆ.
بێدەنگ گوێی گرتووە؛
- ناتەوێ توڕەم بکەیت وایە؟
پێدەکەنێت و دەڵێ؛ 
- نا
وەک ئەوەی لە دوا تەماشادا سەرتاپام لە چاوەکانیدا هەڵبگرێ، گەرم و تامەزرۆیانە سەیری کردم  و رۆیشت، دوور کەوتەوە و سێبەرەکەی تا بەرپێی من کشا.. هەر بە ئەنقەست پێ بەسەری سێبەرەکەیدا دەنێم و ئەو دووراودوور لەپڕ ئاوڕیدایەوە، قاقا پێکەنیم و بەرەو ماڵ بوومەوە.

**
دەرگای ماڵەکەمان دەکەمەوە و بۆنی قاوە تێکەڵ بە دەنگەدەنگی میوان و قریوەی ژن و بۆنی سیگاری پیاوەکان بووە، چرای زیاتر هەڵکراون و سێبەرەکەم وەک ئەوەی لەخۆم زیاتر پەلەی بێت، بە بەردەممدا دەکشێ و دەگاتە هۆڵی دانیشتنەکە.
هەموویان لەوێن: ماڵی خاڵوانم هاتوون، خاڵم لە سەر کەرەوێتە درێژە چێوە زیوین و قەدیفە رەنگ سوورەکەی هۆڵەکە سەرینێکی داناوەتە سەر کۆشی دایکم و پاڵکەوتووە، بەدەم جگەرەکێشانەوە بەشتێک پێدەکەنێت کە من هێشتا نازانم چییە، پێدەچێت وەک هەموو جارێکیتر بەسەرهاتێکی بێشەرمانەی سەفەرەکانی بێت بۆ بەغدا و لەرێگای هاتنەوەدا بێت بە شاری موسڵدا.. دایکم بە شەرمەوە خۆی پێناگیرێت و پێدەکەنێت، ئێستاش کە دایکم دەبینم بەهەمان شەرمەوە پێدەکەنێت تێدەگەم خاڵەم چیگوتووە: 
"نەرمین.. کامۆ (ئاوا ناوی کامەرانی باوکمی دەهێنا) کە رێگای گەرم و بێزارکەری بەغدام دەبڕی و دەگەییشتمە موسڵ، لەوێ بەر لە هەر شتێک رووم دەکردە رۆژئاوای شارەکە و دەچوومە سەر گۆڕی نەبی یونس و دوعام دەخوێند و دەگریام.. وای چ گریانێک... هام.. دوعام بۆ بەختی خۆم دەکرد لەسۆزانیخانەکان کچۆڵەیەکی جوان و لەبار بێتە باوەشم..
بەدەم قسەکردنەوە مژێکی لە سیگارەکەی دەدا و بەبێ هۆ وەک ئەوەی پاشهاتی قسەکانی پڕبن لە سەرکەشی، پێدەکەنی و دوکەڵی نێو سنگی قوڕگی دەگرت و لێکدا دەکۆکی...

 هەموویان پێدەکەنین. دایکم بەشەرمەوە، باوکم بە ترس و نیگەرانییەوە سەیری منی دەکرد و پێدەکەنی، لەوەی دەکرد بیەوێ گوێیەکانم بگرێ و نەیبیستم. ژنی خاڵۆم بێ ئەوەی پێبکەنێ خەیاڵی بۆ شوێنێکی دوور رۆیشتبوو، کە من وای بۆ دەچم خاڵەمی لە نەبی یونس و لەباوەشی سۆزانییەکان هێنابێتە بەرچاوی.

نەشمیلی کچەخاڵەم و بێداری قۆز و ماسولکە بەهێزی هاوسەری لەپاڵ یەکەوە دانیشتبوون و بە شەرمەوە پێدەکەنین. بەخێرهاتنم کردن و بەدەم راکشانەوە باوەشی خاڵەم کرد، ماچی خاڵۆژنم کرد و  دوای ئەو یەکراست بەرەو رووی بێدار رۆیشتم، بێ ئەوەی سڵ لە نیگا پڕ غیرەکانی نەشمیل بکەمەوە، روومەتم برد ماچ بکەین، ماچمان کرد، هەستێک لە مندا خرۆشا و بەدەم ماچکردنەوە خێرا و لەپڕ گوتم:

- ئێستا چۆنی؟

ئەویش بەدەم دووەم ماچکردنی منەوە، بەچرپە و کەمێک ترس و خرۆشانەوە گوتی.
- باشتر لە هەر کاتێک!
نەشمیل فنجانی قاوەکەی دەستی دانایەوە و بەسەرگرانییەوە ماچێکی سارد و پڕ ئاماژەی کردم. ئێمەی ژنان زمانیشمان نەبێ بە هەموو شتێک قسە دەکەین، دەمزانی نەشمیل بێ ئەوەی دەم بکاتەوە چیگوت، خۆم لێ نەبان کرد و بە خەندەیەکی نەخشینەوە بەرامبەر بێدار دانیشتم...
شەوێکی پڕ قسە و پێکەنین گوزەرا. هەموویان، بێئەوەی سەرنجیان پەرت ببێت هۆشیان بەلای قسە بێبڕانەوەکانی خاڵەم راگرتبوو، تەنیا من لاڕێیەکی پڕ پەنهان و دزەڕێیەکی نیگاکردنم گرتبووەبەر کە کەس هەستی پێنەدەکرد و لەنێو دارستانی چڕی قسە و پێکەنینەکان و تەمی دوکەڵی جگەرەکان پێیدا دەڕۆیشتم و بە نیگا خۆم دەگەیاندە لای بێدار، هەر کاتێکیش هەستم کردبا درکی بە سەرنجدانم کردووە بە مەکرێکی ژنانەی وا تێکەڵی کەشوهەوای ناو هۆڵەکە و قسەکانم دەکردەوە رێگا نهێنییەکەی من ونبکاتەوە.

**

هەموویان رۆیشتوون، بەڵام هەوای ماڵەکە هێشتا پڕیەتی لە دەنگەدەنگ و قەتیس بووە، دەچمەوە ژوورەکەم و لەبەردەم ئاوێنەکە خۆم رووت دەکەمەوە، خەمگین نیم، لەگەڵ ئەوەشدا لەناکاو دەدەمە پڕمەی گریان، ماوەیەک دەگریم.. نازانم بۆ؟ لەخۆم ناگەم! فرمێسکەکانم دەتکێنە سەر گۆنام و چەند دڵۆپێک دەکەونە سەر مەمکە رووتەکانم، بە لەپی دەستەکانم فرمێسکی سەر گۆکانم دەسڕم، رەگەزی ژنبوونم کاڵ بووەتەوە، ئەو کاتانەی دەست بە جەستەی خۆمدا دەهێنم، رەگەزی خۆمم بیر دەکەوێتەوە.

لەنێو بانیۆکە رادەکشێم، هەڵمی ئاوەکە بینایی لێڵکردووم، سێبەرەکەم لەمیانی رووناکی پشت سەرمەوە کەوتووەتەوە سەر جەستەم، سەری سێبەرەکەم لەنێو رانەکانمدایە و شپرزە و نائارام دەجوڵێتەوە، ئاوەکە لەگەڵ جوڵەی سەری سێبەرەکەم دەلەرێتەوە، دەنگێکی وروژێنەری هەیە، دەنگی ئاوەکە هەموو شتێکی لەماڵەکە بێدەنگ کردووە، گومان دەکەم دایکم لەودیوەوە سەری بەدەرگاکەوە نابێت (هەموو جارێک ئەو گومانەم وەڕاستگەڕاوە) ئەمجارەش هەروا: 

- مەریەم تۆ باشیت؟

- لەسایەی ئاو!. بە پشووسوارییەوە وەڵامدەدەمەوە.
دەبڵمێنێ، پێموایە جنێوێکی پێدام، لەدڵی ناگرم، چەند قسەیەکیتریش دەکات، بەڵام چیتر گوێم لێی نابێ، جەستەم شلدەبێت و بەتەواوی خۆم نوقمی ژێر ئاوەکە دەکەم. دەنگەکان لەژێر ئاو کپترن، بەڵام ترسناکتر....


 دەنگی پێکەنینی جوامێر تێکەڵ بە قیژەی سوتانی بووکەشووشەکانی منداڵیم دەبێ، ئاگر لە ژوورەکەم بەربووە و بووکەشووشەکانم لەگەڵ گڕی ئاگرەکە شێوەی دەموچاویان دەگۆڕێ، بێدار رووتە، لەودیوی بلێسەکانەوە سەمای بالێی دەکات.. کوڕی نانەواخانەکە دەستە لووس و گەرمەکەی خستووەتە سەر سکم و دەستەکەی دیکەی خستووەتە ژێر قژم و  وەک "ماچی ژیان"م بکات هەناسەی گەرمم پێدەدات، سێبەری دایک و باوکم بەسەر دیواری گەرماوەکە راڕا و شڵەژاو دێن و دەچن و بەسەر هەموو شتێکدا دەخشێن و بەسەر هیچ شتێکیشدا ناگیرسێنەوە. هەناسەکانی بۆنی نانی برژاویان لێدێ،  دوورتر پیاوی نێو پاسەکە بانگم دەکات «مە ر ییییە مممم»..  هەناسەی دووراودوور دەگاتە من و بە گەروومدا دەڕوات، لە هەناومدا هەستی پێدەکەم.. هەناسەم تەنگ بووە، هەست بە دەستێک دەکەم، بۆنێکی ئاشنا، سێمفۆنیای لیۆش یاناچیک کاسی کردوم، لە خەویشدا بێزارم دەکات، دەمەوێ هاوار بکەم، دەنگم دەرنایەت، دەڵێی دەستێک تووند دەمی گرتووم...

**
- "دووگیانی" 

دکتۆرەکەم ئەمەی گوتم، هیچم نەگوت و هاتمە دەرەوە، سەرەتای پایزە، بەڵام هێشتا لە دەرەوە خۆر پێست دەبرژێنێ، سێبەرەکەم وەک منداڵێکی وەڕز و ماندوو لەپێشمەوە دەڕوا. سەیری سکی سێبەرەکەم دەکەم، دەزانم  چەند مانگێکیتر بەرز دەبێتەوە، سێبەرەکەم هێندەیتر گران دەبێت، دەڵێی گوێم بۆ روودانی کارەساتێک کاسکردوون، دەمەوێ بەرامبەر هەموو دەنگێک هۆشیاربم.. ئۆتۆمبیلەکان تێدەپەڕن، خەڵک تێدەپەڕن، کات تێدەپەڕێ.. هەمووشیان بەنێو سێبەری مندا..

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە