لەبارەی ئەویدییەکی "خود" بە ناوی مەلا کرێکار

مەلا کرێکار چییە؟ لەڕاستیدا ئەم پرسیارە بەر لەوەی بە "کێیە؟" بکرێت، دەبێت بە "چییە" بکرێت، چوون کرێکار کەسایەتییەکی ئاسایی و تێپەڕی ناو دونیای ئێمە نییە، کەسێکی پڕزانیارییە لەبارەی زۆر شت: شەرع، سیاسەت، کۆمۆنیزم، مێژوو، کۆمەڵگا و تەنانەت جوگرافیاش و من بە وردی موتابەعەم کردووە. بەڵام شتێک کە ئەو لە قەوارەی سووژە (کێیەتی) دەردێنێ و دەیکات بە ئۆبژە (چییەتی)، هەموو نیاز و ئیرادەیەتی بەرەو خودا بەو مانا شەرعیەی خۆی پێیوایە درووست و تاکانە لێی تێیگەیشتووە. واتە ئەو سووژەیەک نییە کە بە شێوەی دیاردەناسانە (Phenomenological) پێیەکی لەناو ئەگەرەکانی دونیای واقیعدا بێت و پێیەکی بەند بێت بە وزە و هێزی عەقڵ و مەعریفە و پێڕەوی لە فۆرمێکی لۆژیکیی دیاردەناسانە بکات وەکوو ئەمئەوێتی/ فرەئەوێتی (Identity/manifold) ، ئامادەیی و نائامادەیی/ گشت و پاژ وەکوو سێ پێکهاتی گشتیی لۆژیکیی بۆ بەرەوپیردونیاچوون (Intentionality) . بۆیە ئەو لێرەدا بەتاڵە لە هێز و توانستی عەقڵ بۆ تەفسیری دونیا و دێتە پلەی ئۆبژە، ئەویش نەک ئۆبژەیەکی ئاسایی، بەڵکوو ئۆبژەیەک کە دەتوانێت بکوژێت، ئۆبژە و شتێک وەکوو بۆمب و نارنجۆک!بەڵام کایەی ئۆبژە جووڵێنراوەکانی لە چەشنی مەلا کرێکار بە باشی نمایشێکی فەلسەفی و عەقڵی وەکوو نواندنی وەفا بۆ حەقیقەتێکی نەمر دەکەن. وەکوو ئەو ناوەرۆکەی کە زۆر ڕوخساری ئایینی و کاریزمای ناو کۆمەڵگای ئێمە لە خۆیانی نمایش دەکەن. ئەگەر دیاردەناسی بە لۆژیکێکی عەقڵیی بەرەو پیر شتێک دەچێت بۆ ناسینی و گریمانەی وایە کە شتەکان هەن و بەرەوپیرچوونی ئێمە بۆیان "گۆشە و لاپاڵ و نومایان" دەردەخات و لەم پێوەندییەدا حەقیقەتێک دەبینرێتەوە کە دەرهاوێشتەی ئاسمان نییە بەڵکوو حەقیقەتێکە لەناو کەوانەی سەیروورە و هەبوون و ململانێ بەردەوام و لەکەوانە و ناو "ئوپۆخە"کانی سووژە لەگەڵ دونیادایە، چەشن و سیماکانی ئەکتەرانی وەکوو مەلا کرێکار ڕێک پێچەوانەی ئەمەن. ئەوان تەنها بە لۆژیکی ئیمان، واتە لۆژیکێکی ڕەها و جێگیر کە حەقانییەت و ڕەوابوونی ئەزەلیی خۆی لە بڕیارە ئەزەلی و هەتاهەتاییەکانی دەقی پیرۆز و تەئویلاتی ئەو دەقەوە وەردەگرێت، "بەرەو پیری شتەکان" دێت، لە ڕاستیدا ئیمانی لەم چەشنە لە ڕێگەی ئەخلاق و تایبەتمەندییە کولتووری و نەریتییەکانەوە، لۆژیکی سووژە دەخەڵەتێنێت، هەرچی هەیە لۆژیک لە فەلسەفەدا یاسای وشک و ئەندازەیی عەقڵە پێش هیچ بڕیار و مەعریفە و ئیمانێک. لۆژیک لە شەڕی عەقڵ لەگەڵ دیاردەکانی دونیادا درووست دەبێت و بیچمبەندی دەکرێت، بەڵام ئیمان لە شەڕ لەگەڵ لۆژیکانی دیکە کە لۆژیکی ئیماندارانەی ئەم پەسەندیان ناکات، رەوایی وەردەگرن. لێرەدا جیاوازیی نییە ئێمە چەندە ئیبن ئەسیر یان ئیبن تەیمییە یان سەحیحی بوخاری و موسلیم و تەنانەت ئەرەستوو و ئەفلاتوون و مارکس و ئیبن سینا و دەیان مانیفێستی شەرعی و ئایینی و ئەخلاقی و دژەباو و فەلسەفی و دژەئایینی و ئایینیمان خوێندبێتەوە و مێشکمان هەنبار کردبێت لە گوزارە ڕەنگاڵەیی و لجیاوازەکانیان، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە چەندە دەتوانین لەگەڵ ئەو لۆژیکە ئیمانزەدەیە بکەوینە شەڕ و ململانێی مەعریفی و پرسیارئامێز بکەین، شتێک کە لە دونیای بەشێکی زۆری فیکری ئیسلامی هێشتا کێشەیەکی گەورەیە و ویستوویەتی فەلسەفە و عەقڵ لەگەڵ شەریعەت و ئیمان بگونجێنێ و ڕێکی بکات: یان دەبێ فەلسفە لەسەر تەختەی ئەشکەنجەی ئیمان ببڕێتەوە تاکوو هاوتەریبی بێ یان دەبێ هێندە بکێشرێت تاکوو درێژکۆلە و لەڕوخسارکەوتوو بێت و ڕێکی ئەو ببێت! ئەم "بەرەوپیرچوونەش" هەر لە سەرەتاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی موتەکەلیمانی وەکوو فارابی و ئیبن سینا و ...لەگەڵ دەقەکانی ئەرەستوو و ئەفلاتوون لە ئارادا بوو، هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە فەلسەفەی ئەوان لەگەڵ ڕۆحی خواپەرستی و تەعەبودیانەی دین بگونجێنن، هەوڵێک تاکوو ئێستەش سەری نەگرتووە، بەڵام دەمامکێک بۆ سیما دیارە ئاینییەکان فەراهەم دەکات تاکوو هەوڵ بدەن لەوپەڕی حیکمەت و زانیاری و عەقڵانییەتەوە ئەو گریمانە و بڕیارە شەرعی و ئاسمانیانە بەسەر هەموو مرۆڤێکی گۆی زەویدا بسەپێنن و بە ڕەوای بزانن. لێرەدا ئەم جۆرە لە ئەکتەر (نموونەی مەلا کرێکار) دەبێتە ئەکتەرێکی راستەقینە...و ئەو نواندن و نمایشەیشی دەبێتە نواندنێکی ئەفسوونکارانەی ناو فیلمە هیندییەکان کە بێ بنەمایە، بەڵام کاریگەر و عاتیفیئامێزە. ئەم کارەکتەرە چاوبەستکارێکە کە هێندە جددیە، دەستەسڕ دەکات بە کۆتری سپی و دەتوانێ وەکوو کەویش بیقاسپێنێ و تۆ پێت سەیر نەبێت! چوون لە سەرچاوە لەبننەهاتووەکان و پەرجووەکانی ئایین و ئاسماندا ئەمە ئاساییە! بەڵام هەر ئەم نمایش و نواندنە سەمبولییە لەسەر تەختەی شانۆی دونیای واقیع پێت سەیر و نەکردە و درۆیە! چوون ڕاستی لەناو زەمین واقیع نییە، بەڵکوو لە هەناوی ئاسمان و فەرمانبەرەکانیدایە!

مەلا کرێکار: ئەو ئەم ناوە شیعرییەی وەکوو شانازی باس دەکات و ناوی راستەقینەی نەجمەدین فەرەجە، ئەم ناوە چەند دەلالەتی ڕوون، بەڵام ونکراو و داپۆشراوی تێدایە. سەرەڕای ئەوەی کە هەموو جیهادی و سەلەفییەک بۆ کاروباری تیرۆریستی و ئیمانتەوەرانە ناوی خوازراو هەڵدەبژێرێت، دەشێت هەڵبژاردنی ئەم ناوە هەڵاتنێکیش بێت لە ئەزموونی سەردەمی منداڵیی نەجمەدین فەرەج پێش پەیدابوونی ئەم ئیمانە قووڵ و ئەزەلییەی کە بە بەرگی حیکمەت و عەقڵ نمایشی دەکات.

ناوی مەلا کرێکار لە دوو وشەی "مەلا" و "کرێکار" پێکهاتووە.

1- لەڕووی ناوەرۆکەوە "مەلا" ئەو لایەنەی ئەویدیی نەجمەدین فەرەجە کە ئێستا تێیدا بووە بە شوناس و ئەمئەوێتییەکە کە ئەو لە هەر جۆرە فرەئەوێتی و فرەڕەنگییەک دەسڕێتەوە. مەلا بە ناوەرۆكێكی ئایینی عەرەبییەوە! لەڕووی فۆرمیشەوە (ملا) عەرەبییە و "مامۆستا" نییە وەکوو وشەیەکی ناو زمانی کوردی، ئەگەرچی مامۆستاکە خەڵک پێیانگوتووە و مەلاکە خۆی مانیفێستی دەکات، کەواتە هەم لەڕووی فۆرم و هەم لەڕووی ناوەرۆکەوە ئەم خوازەیە (مەلا) ئەمئەوێتی و ئەویدییەکی بەتاڵ لە خودە.

2- کرێکار: لەڕووی ناوەرۆکەوە "کرێکار" وەکوو شانازییەکی دینی و ئاینییە و نۆستالۆژییە بۆ خەم و پەرۆشیی پێغەمبەر بۆ مافی کرێکار و پێدانی حەقدەستەکەی بەر لە وشکبوونەوەی عارەقی نێوچەوانی نەک پارێزگاری لە مافی کرێکار بە شێوەی کۆمۆنیست و چەپەکان. لەڕووی فۆرمیشەوە کرێکار کوردییە و لە بنەمادا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هێزە چەپە کوردییەکان و تەعبیرکردنی لە بەشێک لە ستەمی چینایەتی کۆمەڵگەیەک بە زمان و کەلتوورێکی دیاریکراو بە ناوی کوردی، بەڵام بە مانا ئیسلامییەکەی بووە، واتە دژی چەپ و بە ئاڕاستەی ئایین.

"کرێکار"یش وەکوو فۆرم و ناوەرۆک دەلالەتە لە ئەمئەوێتی و ئەویدییەک کە وەکوو ڕۆح دەلالەت لە هەمان خوازەی مەلا دەکات. واتە "مەلا کرێکار" وەکوو ناو لە چوار رەهەندەوە دەبینرێت:

1- مەلا وەکوو ناوەرۆک بەرهەمی مانیفێست و تێگەیشتنی ئەویدییە لە ئاسمان و زەمین.
2- مەلا وەکوو فۆرم داکۆکییە لە زمان و حەقانییەت و قودسییەتی زمانی عەرەب
3- کرێکار وەکوو ناوەرۆک دژایەتی و گوێبادانی تێڕوانینی هێزە چەپەکانە
4- کرێکار وەکوو فۆرم، نمایشکردنی زمانیی چینێکی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگایە کە زۆرترین و قووڵترین باوەڕیان بە ئایین و ئاسمان هەیە و دوور لە هەرجۆرە خۆشگوزەرانی و شەهوەتی زەمینین. 

لە هەر چوار رەهەندەکەدا نەجمەدین فەرەج، ئەویدییە و هیچ شوێنپێیەک لە "خود"ی تێدا نابینرێتەوە، (ئەمە بەدەرە لەدەیان فاکت و بەڵگەی واقیعی کە خۆی بۆ ڕەتکردنەوەی "خود" دەریخستووە. بۆ نموونە لە وتووێژێک لەگەڵ دەنگی ئامریکا "ژیار ¬گوڵ" لێی دەپرسێت: تۆ بە ئوسامە بن لادنی کورد ناسراوی، ئەمەت چەندە قبووڵە؟ مەلا کرێکار دەڵێت: وەڵڵا برا من بە خاکی ژێر پێشی نابم!) 

ئەو خودە گیراوە و یەخسیر بووە لە قووڵترین و تاریکترین داڵانەکانی ئیماندا ئەستەمە ببێتە خودێکی ناو جیهانی عەقڵێکی ئابستراکت یان دیاردەناسانە یان...خودێک کە تەنها بە گومانکردن لە خود و جیهان دەستپێدەکات و باڵا دەکات و دەبێ بە خودێکی ترانسێندێنتاڵ و واڵا و لەسەر تێگەیشتنی خۆی بۆ خۆیشی رەخنە و تێبینی دەبێت. ئەو بە تەواوی واتا ئەویدییەکە کە نەگەیشتووە بە پلەی گومان و ناشگات، چوون نایەوێت بگات! چوون "بەرەوپیرچوون"ی ئەوانە بۆ دونیا بەرەوپیرچوونێکی زەمینی نییە، ئەوان "بەرەوڕووگە" کە دەوەستن و بەپیر کەعبەوە دەچن! گۆشە زەوییەک یان ماڵێکی چوارگۆشەی واقیعی کە بە پارچەیەکی ڕەش داپۆشراوە نابینن، بەڵکوو ناکۆتایەک لە بەختەوەریی خەیاڵی و وێناکراو دەبینن کە هیچ رەهەند و زەمینەیەکی مەعریفی و دیاردەناسانە لە رووبەڕووبوونەوەیاندا بەدی ناکرێ. ئەوان هێشتا لە ئاسمانن و باوەڕیان بە زەمین و گوناه و چێژ و زوڵم و مەعریفە و مرۆڤەکانی نییە، لای ئەوان مرۆڤ بۆیە بە بایەخە چوون خودا درووستی کردووە نەک لەبەر ئەوەی عەقڵ و توانای پرسیار و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی هەیە. پێیانوایە پرسیارکردن کاری ئیبلیسە و نافەرمانییە!

لە ڕاستیدا مەلا کرێکار "ئەکتەرێکی ناوشیاری تەواوە" وەکوو ئەو ئەکتەرە چاوبەستکراوەی فیلمی "ئیمپراتۆریای دەروون/ 2006" (Inland Empire) ی دەیڤید لینچ کە پیرەژنێکی هاوسێی نەناس بە هێزی جادوو و چاوبەستکاری حەزی بە ئەکتەربوونی"نیکی گریس" لە هۆلیوود بەجێدێنێ و هەموو کایە و رۆڵگێڕانەکان لە زەینیدا ئەنجام دەدرێت و بە سیحر و تەلیسمی جادووگەر دەبرێتە ناو فیلمێک بە ناوی"بەرزی و نزمییە شینەکان"، بەڵام کاتێک فیلمەکە کۆتایی دێت، ئەکتەر ئیدی نازانێ ئەکتەری کام جیهانە...جیهانی ناو گێڕانەوەی جادووگەر...یان جیهانی ناو لینچ...یان جیهانێکی دیکە. ئەو "خود"ی لێ ون بووە، ئەو سنووری نێوان وەهم و واقیعی تێکەڵ کردووە و دەستی لێوەشاوە. حەریمی نێوان ئینسانەکانی بەزاندووە و کەوتووەتە بەردەستی بەزەبری وەهم و خەیاڵی کوشندە نەک وەهم و خەیاڵێک کە بەشێک بن لە پرۆسەی سەیروورە و هەبوون و بەرەوپیرچوونی ئێمە بۆ دونیا و دیاردەکانی و کاتی و تێپەڕ بن. جیهانی خەیاڵکردنی ئاینیی هێندە خۆشە کە لە هەموو دونیا لایەنگر و هۆگری خۆی دەدۆزێتەوە. داعش بەرهەمی ئەم خەیاڵکردنە بوو. خەیاڵێک کە دۆزەخێکی ئاگراویی قووڵ و تاریک و پڕ ئەشکەنجە بە هەموو ناکۆتایی و هێزییەوە وێنا دەکات و لەولاوەش خەیاڵێک کە بەهەشت و شەراب و حۆری و چیژ و حەز و ئارەزووەکان بەوپەڕی خەیاڵە شەهوانییەکان وێنا دەکات. ئەمە هەمان هێزی ئیرۆس و ساناتۆسە. هەمان رۆحییەتی سادومازۆخیستییە. یەکیان بەرەو مەرگ و ئەشکەنجەی ئەبەدی دەیبات و ئەویتریان بەرەو چێژ و جاویدبوونی ئەبەدی. شتێک کە لەم نێوانەدا غایبە، توانای ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەوپیرچوونی واقیعی زەمین و دیاردەکانی. درەخت و خۆر و مانگ و چاوی شینی کچان و زێڕاب و ماچ و پیسایی و نیشتمان و غوربەت و حوزن و دایک و هاوڕێ و بزەی مرۆڤەکانە. بەڵام ئەمە بەدەرە لە توانایی هێزێک کە هێشتا لە بازنەی دووجەمسەریی چێژ و ئەشکەنجەدا قەتیس ماوە و بە وتەی فرۆید نەهاتووەتە ئەوپەڕی چێژ و پرسیاری بۆچی و چۆنەکان لای بەرهەم نەهاتووە! ئەمە ئۆبژەیەکە و بای خەیاڵ دەیبات، نەک سووژەیەک کە بە خەیاڵ با بناسێت و لەگەڵی سەفەر بکات!

مەلا کرێکار ئەو ئەویدییەی رۆحی خەسێنراو و دژە عەقڵ و ترسنۆکی کوردە کە هێندە کاریزما و عەقڵانی و هونەرمەندانە خۆی مانیفێست کردووە، پێدەچێت هەموومان شتێک لە ئارەزوو و مەیلمان هەبێ بۆ ئەو حەقیقەتەی کە بە سەلابەت و پتەوییەوە بانگەشەی بۆ دەکات! ئەو ئەو بەشەی ئێمەیە کە دەمانەوێ تێیپەڕێنین و هەر دەگەڕێتەوە! چۆن سزای دەدرێت؟ چۆن لێی دەرباز دەبین؟


سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1- درێ‌مدی بر پدیدارشناسی، رابرت ساکالوفسکی، مترجم، محمدرچا قربانی، تهران، گام نو،1384
2-بەشێکی زۆر لەو خوتبە و لێدوان و وەڵامدانەوە بە پرسیارانەی کە لەسەر پەیجەکەی خۆی دایناون یان کەناڵ و تەلەڤیزیۆنەکانی دیکە لەگەڵیان کردووە.