نووسەر وەك مرۆڤێكی دووكەرت

24-01-2017
غەمگین بۆڵی
نیشانەکردن نووسین
A+ A-

نووسەر بۆ نووسین پێویستی بەوە نییە مۆڵەت لە كەس وەربگرێت. هەرگیز مۆڵەتم لە كەس وەرنەگرتووە بۆ نووسین، بەتایبەت نووسینی شیعر. ئاخر شیعرنووسین نە پێویستی بەمۆڵەتە، نە پێویستی بەكاتێكی دیاریكراوە. هەمیشە نووسینی شیعر وەك یەكەم ڕۆیشتنی لافاو وا بووە، هیچ ڕێچكە و فۆرمێكی دیاریكراو و پێشوەختەشی نەبووە و نییە. بۆیە دەنووسم، چونكە ئەزموونی نەنووسینم تاقیكردووەتەوە و سەركەوتوو نەبوومە و نەمتوانیوە بەسەرخۆمدا زاڵبم. هەمیشە ئەوانەی قووڵبوونەتەوە بەناو دونیای ئەدەبیاتدا، ئەگەر نەنووسن و نەخوێننەوە، نەخۆش دەكەون.

هەست دەكەن ناتەندروستن، هەست دەكەن لە كاروانی ژیان بەجێدەمێنن. بە باشی هەست بە شتەكانی دەوروبەریان ناكەن. منیش هەست دەكەم خودێكی گەورە لەناوەوەمدا هەیە، كە خودێكە تایبەت بە نووسین و مرۆڤێكی دیكەیە لەناوەوەمدا دەژیت و گەورە دەبێت. ئەم خودە هەمیشە لە كێشكردن و گەشەكردندایە، خودێك وەك موگناتیس، هەموو ئەو شتانە كێش دەكات كە لە ڕێگەی تێهزرین و دیدگە جیاوازەكانەوە دەكەوێتە پێشی و بەپێی توانستی كێشكردنەكەی، بۆ خودی خۆی كێشیان دەكات. گومانیشی تێدانییە، كاتێك كێشی دەكات و ئەم كێشكردنە بەردەوام دەبێت، كردەی گەشەكردنەكەش كە پەیوەستە بە كێشكردنەكەوە، گەشە دەكات و هەمیشە بەسەر خودەكانی دیكەمدا سەركەوتوو دەبێت و قەبارە و بارستایی گەورەتر دەبێت. پێموایە یەكێك لە هۆكارەكانی نووسین لە لقەكانی دیكەی ئەدەبیات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

من دەنووسم و ناتوانم نەنووسم! دەنووسم بۆ ئەوەی بزانم دەتوانم دژی مەرگ بوەستمەوە، تاوەكو زیاتر بژیم. چۆن گەیشتوومەتە ئەو رایەی كە بۆ ئەوەی بژین یان دەبێ ملكەچی بارودۆخ و سیستەمە پڕ بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات ببین، یانیش دەبێت بجەنگین. نووسەر بەبێ جەنگین لەگەڵ خۆی و دەوروبەری خۆی، نووسەرێكی مردووە. ژیان بۆ نووسەر جەنگێكی گەورەترە لە زەمین، بۆیە دەبێت ئاقڵ بین و پەلە نەكەین لەم جەنگەدا. ئارامگرتن و بەردەوامی، باشترین هێزێكە دژی هەموو بەربەستەكان. هەرگیز بڕوا بە بۆچوونی ئەو نووسەرانە ناكەم كە لایان وایە دەرئەنجامی ئەم جەنگە، یان دۆڕانە، یانیش بردنەوە. ئەم جەنگە، جەنگێكی بەردەوام و بێبڕانەوەیە و هەرگیز كۆتایی نایەت. جەنگی نووسەر جەنگێکە سەرەتا لەگەڵ خۆی و دواتریش لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا.

بۆیە نووسین جۆرێكیشە لە سڕینەوەی كەسایەتی نووسەر و گەشەكردن و پەروەردەكردنی ئەو خودەیە، كە لەناو خودی نووسەردایە. دیارە زۆرێك لە نووسەرانیش لەمبارەیەوە كاریان لەناو خۆیاندا كردووە و نووسەر دوو پارچە بووە. پارچەیەك وەك مرۆڤێكی ئاسایی، پارچەیەكیش وەك مرۆڤێكی نووسەر. رۆمانی (قەڵای سپی) ئۆرهان پاموك دەشێت نموونەیەكی جوانی ئەم دووكەرتبوونە بێت، یان ڕۆمانی (شەوانی هیندی) ی ئەنتۆنیۆ تابووكی كە نووسەر لە رێگەی كەرتێكییەوە بەدوای پارچەكەی دیكەیدا وێڵە و بەناو شارەكانی هیندستاندا دەگەڕێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە