کورتەیەک لەسەر فەلسەفەی شیکارانەی زمان


کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم بە پەیدابوونی دوو فەیلەسووفی کاریگەر فایلێکی نوێ لە تێڕامان و لێکۆڵینەوە زمانییەکان دەستیپێکرد، یەکێک لەوانە بێرتراند راسێل بوو کە پسپۆڕی بواری ماتماتیک و بیرمەندێک بوو سەر بە نەریتی فەلسەفیی ئەزموونخوازیی فەلسەفەی ئینگلیز. راسێل درەوشاوەترین دەرکەوتنی لە نامە رەخنەییە زانستییەکەیدا بوو بۆ گوتلوب فریگە؛ ماتماتیکزانی ئاڵمانی، کە تێیدا تێزێکی فریگەی لە کتێبی یاسا بنەماییەکانی ژمارەکاریی ژمارەکان (Grundgesetze der Arithmetik) ڕەتکردبووەوە. (زبان حقیقت و حقیقت زبان ل 3، نوشتە یوسف.ص. علی ێ‌بادی). 

لە بەرهەمێکی دوو بەرگیی ماتماتیکیدا فریگە دەیویست هەموو ماتماتیک وەربگێڕێتە سەر زمانی لۆژیک و گوزارەچنین و رستەداڕێژییەکی ماتماتیکانە بخاتە روو، هەوڵێک کە دواتر راسێل و جۆرج ئیدوارد موور و ڤیتگنیشتاینی دەورەی یەکەم لە سەری ڕۆیشتن و بەرهەم و تێڕامانی هزریی قووڵیان لەو بوارەدا خستە ڕوو. بەهەرحاڵ فریگە لە وەڵامی نامەکەی راسێلدا دەڵێت: "بۆ زانستمەندێک هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نییە ڕاستەوڕاست پاش بە ئەنجامگەیاندنی ئیشەکەی، شاهیدی لەناوچوون و رووخانی بێت.

لە کاتێکدا لەچاپدانی کتێبەکەم لە قۆناغی کۆتاییدا بوو، نامەیەک لە لایەن جەنابی راسێلەوە منی خستە وەها دۆخێکەوە". بەهۆی ئەم نامەیەوە پێوەندییەک لە نێوان راسێل و فریگە شکڵ دەگرێت کە داهاتووی بەشێکی زۆر لە فەلسەفە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، چونکە هەر لە رێگەی فریگەوە راسێل لەگەڵ قوتابییەکی شایستە و بەتوانای وەک خۆی، لۆدڤیگ ڤیتگنیشتاین (1951-1889) ئاشنا دەبێت و بەرەو زانکۆی کیمبریج رایدەکێشێت. بوونی ڤیتگنیشتاین لە کیمبریج بووە هۆی روودانی دوو بوومەلەرزەی فەلسەفی گەورە کە هێشتاکەش فەلسەفەی ئەورووپا و ئەمریکا لە ژێر کاریگەرییەکانیدا ماونەتەوە، هەر بەم هۆیەشەوە مامۆستاکەیان، واتە گوتلوب فریگە لە جیهاندا ناسرا و ناوبانگی فەلسەفی پەیدا کرد.

هەر لە کۆتاییەکانی هەمان سەدە زانکۆی کێمبریج سیمایەکی کاریگەرتر و جیاوازی تێدا دەرکەوت کە ئەویش جۆرج ئیدوارد موور (1958-1873) بوو. موور خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی ئەدەبی کۆنی یۆنان لە زانکۆی کێمبریج بوو کە پاش ئاشنابوونی لەگەڵ راسێل دەستی بە خوێندنی فەلسەفە کرد. 

بە پێچەوانەی راسێلەوە، موور شارەزاییەکی وەهای لە ماتماتیکدا نەبوو، هۆگریی ئەو دەگەڕایەوە بۆ ئەو ئەتمۆسفێر و دۆخە پڕ جۆش و خرۆشە کە لەمەڕ فەلسەفە لە زانکۆدا هەبوو، تێڕوانین و جیهانبینی زاڵی ئەو دەمەی زانکۆ، ئایدیالیسم و زەینخوازیی بوو کە بە خەستی لە ژێر کاریگەری فەلسەفە و کەسایەتی فریدریش هیگڵ (1770-1831)؛ فەیلەسووفی ئاڵمانیدا بوو. پەرچەکردار و تێڕامانی موور بۆ ئەم روانگەیە و بەرهەمەکانیان لەگەڵ لێکۆڵینەوە و دەسکەوتەکانی فریگە و راسێل بەردی بناغەی بزووتنەوەیەکی دانا کە رۆڵی"زمان" لە درووستکردنی باسە فەلسەفییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە و وەڵامەکانیان دەکاتە تەوەری باس و توێژینەوەکانی. ئەم بزووتنەوەیە لە جیهانی فەلسەفەدا ئەمڕۆ ئیدی وەکوو نەریت ( tradition)ێکی لێهاتووە. 

رێبازی شیکارانە تایبەتمەندییەکی مەنهەجی و ئایدۆلۆژیکی نییە، واتە کۆمەڵێک بنەما و توخمی پێناسەکراو و دەستنیشانکراوی بۆ نەخراوەتە ڕوو، بەڵکوو فەیلەسووفانی رێبازی شیکاری بۆ گەیشتن بە کۆدەنگییەک داکۆکی لە نرخ و گرنگیی زمان لە توێژینەوە فەلسەفییەکاندا دەکەن. بەو واتایەی کە زمان و دەکارکردنی زمان وەکوو میتۆد (لەوانە شێوەی دەربڕین و خستنەڕووی ئەنجامەکان) بەشێوەیەکی گشتی (نەک وردەکارانە و پاژبینانە) پێناسە دەکەن. لەم نەریتەدا دەشێت پرسیارێکی بنەڕەتی ئامادە بێت، ئەویش ئەوەیە کە چ جۆر کەڵکەڵە و چالاکییەکی فیکری لەبارەی زمانەوە دەتوانێت بەتەواوەتی فەلسەفی بێت؟

زمان و شیکاری لای موور

ئەوەی کە دەبووە هۆی کنجکۆڵی و پرسیارسازی لە لای موور، ئەوە بوو کە بیردۆزە فەلسەفییە باوەکانی سەردەم وێنەیەکی بە تەواوەتی جیاوازیان لە حەقیقەتی شتەکان دەخستە ڕوو، لەم بیردۆزانەدا هەموو ئەو شتانەی کە لای موور و ئەوانەشی لەگەڵ فەلسەفە ئاشناییان نییە، بە ڕاستییەکی ڕەها و حاشاهەڵنەگر دادەنران، ڕەتدەکرانەوە و دەخرانە خانەی گومانەوە. بیروڕای فەیلەسووفان لەبارەی حەقیقەتی جیهان دابەش دەکرانە سەر دوو دەستە:

 1-دەستەی یەکەم کە زۆرینەیان هۆگرانی ئاڵمانی زمانی هیگڵ بوون، حەقیقەتیان بە بابەت و شتێکی ڕازاوی و سڕۆک دەبینی کە گەیشتن پێی جگە لە ڕێگەی شهوودێکی گشتەکی کە تایبەتمەندییەکانی هیچکات روون و دیار نین، مومکین نییە. زمانێک کە بۆ باسکردنی ئەم بابەتە گشتەکییە دەکار دەکرا، لە هەمان کاتدا کە هاوبەشییەکی زۆری لەگەڵ زمانی ئاسایی و رۆژانەدا هەبوو، لە زۆر حاڵەتیشدا بە ڕادەیەک ئاڵۆز بوو کە لە نێوان خودی نووسەران و بیرمەندانیشیاندا هاودەنگی و هاوکۆکییەک لەسەر مانای وشەکانی نەبوو، بۆیە تووشی مشتومڕ و مقۆمقۆی کەلامی و زمانی دەبوونەوە.

2-دەستەی دووەم کە زۆرتر هۆگرانی ئینگلیزی زمانی رێبازی هیگڵی لەخۆ دەگرت، لەو خاڵەدا کە حەقیقەت لە هەناوی شتە ورد و دەستنیشانکراوەکاندا دەرناکەوێت و تایبەتە بە شتە گشتەکی و جیهانگیرەکان، هاوبەش بوون، بەڵام پێشیانوابوو ئەو گشتێتیەی کە ئاخێزگەی دەرکەوتنی حەقیقەتە، دەشێت بێتە سەر زار و زمان و بەشێوەیەکی تاڕادەیەک ڕوون باس بکرێت. بیرمەندانێکی وەکوو هێربێرت برادلی (1846-1924) لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و ژان مەک تاگیرت (1866-1925) و جۆرج ئوستاوت (1860-1944) لە کێمبریج بەپێی ئەو باوەڕەی کە بە باسکردنی ڕوون و ساکاری ڕوانینە گشتەکییەکان هەیانبوو، هەوڵیان دا زمانێکی ساکار و ڕوون بۆ باسی حەقیقەت بدۆزنەوە، ئەگەرچی لەو بوارەدا هیچ کاتیش زۆر سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام هەوڵ و تیکۆشانیان بە تایبەتی هەوڵەکانی مەک تاگیرتی لاو کە موور لە کێمبریج ناسیاوەتی لەگەڵ پەیدا کرد، کاریگەرییەکی زۆر و بنەمایی لەسەر موور دانا. 

ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە هەڵوێستە و تێڕامانەکانی موور زەمینە بۆ بنیاتنانی رەوتێک خۆش بکات کە دەروازەیەکی نوێ بوو لەسەر پێوەندیی حەقیقەت و زمان. موور بەو ئاکامە گەیشت کە هەوڵەکانی ئەم فەیلەسووف و بیرمەندانە سەرەڕای ئەوەی نەبووەتە هۆی بەدیهاتنی زمانێکی ڕوون و ساکار، هۆکارێکیش بووە بۆ درووستبوونی ڕاڤە و تێگەیشتنی جۆراوجۆر و هاتنەئارای جیاوازیی قووڵی مانا و چەمکەکان لە ڕووبەری زماندا. بۆیە موور هەڵوێستی فەلسەفی خۆی لە مەڕ پێوەندیی زمان و حەقیقەت بە ڕوونی دەربڕی. لای موور بۆ جێگیرکردنی هزری فەلسەفی بە ئاراستەی دۆزینەوەی حەقیقەتدا، هیچ چارەیەک نییە جگە لەوەی پێش چوونە ناو باسە فەلسەفییەکان، پێداچوونەوەیەکی بنەمایی لە شێوازی پرسیار و وەڵام لە فەلسەفەدا بکرێت. پوختەی قسەی موور لەوبارەیەوە ئەمەیە:

من لەو باوەڕەدا نیم جیهان یان زانستەکان هیچکات پرسێکی فەلسەفییان بۆ من خستبێتە روو. پرسە فەلسەفییەکان تەنها لەرێگەی "بابەت"گەلێک بۆ من خراونەتە ڕوو کە فەیلەسووفانی¬ تر لەبارەی جیهان و زانست باسیان لەسەر کردووە...ئەو پرسانەی کە مەبەستی منن بەزۆری دوو چەشنن، یەکێک ئەوەی کە بەتەواوەتی ڕوون ببێتەوە مەبەستی فەیلەسووفێک لەوەی گوتوویەتی چییە، دووەم ئەوەی کە ڕوون ببێتەوە چ هۆگەلێکی پتەو و تۆکمە بۆ سەلماندنی درووستی یان نادرووستی مەبەستەکەی لەئارادا هەیە. وا تێدەگەم لە هەموو ژیانمدا تەواوی هەوڵم بۆ تێگەیشتن و چارەسەرکردنی پرسگەلێکی وەها بووە... (فلسفە تحلیلی،مجموعە مقالات، چاپ دوم،شمارە ٧و٨، سازمان چاپ و انتشارات،زبان حقیقت و حقیقت زبان، یوسف علی ێ‌بادی ل٧)

لای فەیلەسووفانی رێبازی شیکاری بیرکردنەوە لە ناو زمان و بەهۆی زمانەوە روو دەدات و دواتر ئەم روانینە هێندە میکانیکی و ماتماتیکی بووەوە کە ئەمڕۆ هەندێک لایان وایە ماشینانێکی وەکوو کۆمپیوتەر کە سیستەمێکی زمانی وەکوو ویندۆزیان لەسەر دانراوە، دەتوانن بیر بکەنەوە چونکە زمانێکی ورد و زانستی و ماتماتیکییانە (بە مانای تاقانە مەدلوولی دال و وشەکان)ی هەیە! 

دەشێت باس لە زۆر هەوڵی¬ تر و زۆر پرسی فەلسەفیی¬ تر لەناو فەلسەفەی شیکارانەی زمان بکرێت، وەکوو پێوەندی ڕستەیی ماتماتیک و لۆژیک، ماتماتیک و زمانی ماتماتیک، مانا و حەقیقەت و بیرکردنەوە و زەینییەت و ئەگەری مەعریفە و پێکهات لە زمانی حەقیقەت و...کە بە زۆری فریگە پێشەنگیان بوو یان ڕەوتی پۆزیتیڤیسمی لۆژیکی لە لای رۆدۆلف کارناپ تادەگاتە هەوڵەکانی ڤیتگنشتاینی دوایی و هەوڵە تازەکانی جان ئۆستین و روانینە فیزیۆلۆژییانەکەی نوام چۆمسکی بۆ زمان. 

ژێدەر: فلسفەی تحلیلی(مجموعە مقالات)/ نوشتە و ترجمەی یوسف،ص، علی ێ‌بادی...(و دیگران)- تهران: وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی؛ سازمان چاپ و انتشارات، 1382. 456 ص،(مقالات فصلنامەی فلسفی، ادبی، فرهنگی ارغنون؛ 7 و 8)