رۆمانەکەی بەختیار عەلی پێش بڵاوبوونەوەی دەکرێتە فارسی
بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننووسی دیاری کورد رۆمانێکی نوێ بەناوی "دەریاس و لاشەکان" بڵاودەکاتەوە و بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم رۆمانە بە کوردی، لەلایەن وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەییەوە دەکرێتە فارسی.
نووسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی راگەیاند: " رۆمانە نوێیەکە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بڵاوببێتەوە، لەگەڵ بەختیار عەلی رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە پێش بڵاوبوونەوەی رۆمانەکە بە کوردی، وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فارسی و منیش وەرگێڕانەکەم کردووە".
لەبارەی وەرگێڕان و چاپکردنی رۆمانەکە بە فارسی، مەریوان هەڵەبجەیی گوتیشی: " کاری وەرگێڕانی رۆمانەکە بەردەوامە و لە ئێران داوای مۆڵەتی چاپکردنی بۆ کراوە و ئەگەر لە بەشی چاودێری و سانسۆر دەربچێت، بەزوویی لەلایەن دەزگای چەشمە چاپ و بڵاودەبێتەوە. پلانەکە بەشێوەیەک دانراوە کە رۆمانەکە بە زمانی فارسی پێش کوردییەکە یان بەیەکەوە بڵاوببنەوە".
بەختیار عەلی لەبارەی نێوەڕۆکی گێڕانەوەی رۆمانە نوێیەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" چیرۆکی شارێکە بەگەرمی لە سەروەختی سەرهەڵدانی شۆڕشدا دەژی، شارێکە هیوا و ئەفسانە دەیبات بەڕێوە. چیرۆکێکە دەشێت لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکیشدا رووبدات.
دەریاس و لاشەکان" دەیەمین رۆمانی بەختیار عەلییە و پێشتریش هەر دوو رۆمانی " دواهەمین هەناری دونیا " و " شاری مۆسیقارە سپییەکان"ی کراون بە ئەڵمانی و خەڵاتی "نیلی زاکس" ـی پێدراوە.