دانا رەئووف "خەونەنمایشێك" بڵاودەكاتەوە

شانۆكار و نووسەری كورد، دانا رەئووف كتێبێك بەناوی (خەونەنمایشێك، سەرەتایەك بۆ مۆدێرنیزم لە شانۆی ئەوروپیدا) بڵاودەكاتەوە كە لێكۆڵینەوەیەكی شیكارییە بۆ دەقێكی شانۆیی نووسەرێكی سویدی.

دانا رەئووف لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكە بە (رووداو)ی گوت: "ئەم كتێبە لێكۆڵینەوەیەكی شیكارییە سەبارەت بە دەقی (خەونەنمایشێك)ی نووسەری گەورەی سوێدی ئاگۆست ستریندبێرگ. خەونەنمایشەكەی ستریندبێرگ كاتی خۆی و تائێستاش رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە رەوتە مۆدێرنەكانی شانۆی جیهانیدا، سەدان لێكۆڵینەوە و كتێبی بە زمانە جیاوازەكان لەسەر نووسراوە".

گوتیشی: "كتێبەكە بریتییە لە پێشەكییەك و حەوت بەش؛ لەم بەشانەدا هەموو لایەنەكانی دەقەكە، بۆ نموونە ناوەڕۆك، هێڵە فەلسەفییەكان، پاشخانە میتۆلۆژییەكان، كارەكتەر، تەكنیك و دیدە هونەرییەكانی دەقەكە، مەودا و هزر و سمبۆلەكانی خەون، چۆنیەتی بەرجەستەكردنی خەون لەسەر شانۆ، تێكەڵاوكردنی مەسەلەكانی خەون و واقیع، خوێندنەوەیەكی گشتگیر بۆ سمبۆلەكانی دەقەكە باسیان لێوەكراوە. هەروەها ئاوڕێكی تەواو لە رەوش و ژیانی (ستریندبێرگ)یش دراوەتەوە، بەتایبەتی لە كات و ئەو سەردەمەی دەقەكەی تێدا نووسراوە و ئەو هەلومەرج و پاشخانە فكری و دەروونیانەی ستریندبێرگ كە لە پشت نووسینی دەقەكەوەن".

دانا رەئووف پێشیوایە ئەم كتێبە رێپیشاندەری هەموو كەسێكە: دەرهێنەر، ئەكتەر و تەنانەت رەخنەگرەكانیش كە لە ئایندەدا بیانەوێت لە شانۆنامەی (خەونەنمایشێك)دا كاربكەن.

ئەم كتێبە یەكەم بڵاوكراوەی ناوەندی (تاڤ)ە لە سلێمانی كە لەگەڵ ژمارە یەكی گۆڤاری تاڤ، هەفتەی داهاتوو بڵاودەكرێتەوە.