دراما، فووتبۆڵ، پۆڕن

ئادۆرنۆ لە شوێنێکدا دەڵێ: فەرهەنگ بەرهەمی جیاکاریی ڕادیکاڵ لە نێوان کاری جەستەیی و کاری زەینییە و لەم جیاکارییە کە بەشێوەیەک یەکەم تاوانە (orignal sin) هێز دەگرێ.*

بەردەنگی ''گەیم ئۆف ترۆنز'' و بەردەنگی فوتباڵ، هەردوو لە یەک چەشنن. یان باشترە بڵێم گەیم ئۆف ترۆنز و هاوشێوەکانی، کارکردێکی هاوشێوەی فوتباڵیان بۆ بەردەنگەکانیان هەیە. بەربەرەکانێی نێوان ئەو لایەنەی کە من خۆمی تێدا دەبینمەوە، لەگەڵ ئەو لایەنەی کە حەزم لە چارەی نییە. کوشتن و شەڕ و هەڵاتن و گۆڵکردن بە دەست و لاقی ئەویدی. لێرەدایە کە پیشەسازیی پۆڕن- یش دەچێتە پاڵ ئەو دووەی سەرەوە. ئەمن (پیاو) بە چووکی ئەویتر کە (ئەحیانەن گەورەترە لە هی خۆم) لەگەڵ کەسێکی نەناس (کە ئەحیانەن سێکسیترە لە پارتنەرەکەی خۆم) سێکس دەکەم. 

دیارە ئادۆرنۆ ئەم ڕستەیەی لە مەبەستێکی دیکەدا دەکار کردووە، بەڵام دۆزینەوەی پێوەندی بۆ بابەتێکی نێوان دەقی لێرەدا بۆ من گرینگتر بوو. واتە بۆ دانانی جیاوازیی نێوان کارێک کە خۆم دەیکەم و کارێک کە ئەویدی بە نوێنەرایەتی من دەیکا و من خۆمی تێدا دەبینمەوە. ئەو مەودایەی کە دەکەوێتە نێوان ئەم دووە، دەرفەتی کاری زەینی دەخولقێنێ. ئەگەر ئەمە فەرهەنگ نەبێ بە واتا ئادۆرنۆییەکەی، لانیکەم بەشێک لە فەرهەنگ و لە واتایەکی کۆمەڵگاتەوەردا دەتوانین بڵێین دژەفەرهەنگە. بەرهەمی هونەریی ڕووکەش و بازاڕی بە پێچەوانەی بەرهەمی هونەریی ڕەسەن و سەربەخۆ، بە جێگای ئەوەی کە خۆی بە بابەتێکی وەکوو ''واتا'' وە ماندوو بکا، بارودۆخێک دەڕەخسێنێ کە لەودا سەفەرێکی پڕ لە تەعلیق (Suspense) بۆ بەردەنگ ساز بکا. لە چیرۆکی گەیم ئۆف ترۆنزیشدا، دەرهێنەر بە ئافراندنی وەها سەفەرێک و بە یارمەتی هەستی نوستالژیکی بەردەنگ کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەفسانە و ئیلاهیاتدا تووشی دەبێ، دۆخێکی وا دەخەمڵێنێ کە فووتبۆڵ بۆ هۆلیگانەکانی دەسازێنێ. ئەمە لە پیشەسازیی پۆڕن-یشدا بەهەمان شێواز کار دەکات، بەو جیاوازییەی کە پیشەسازیی پۆڕن خاوەن هۆلیگان و هاندەر و بەردەنگی شاراوەیە و بەشێوەیەکی زۆر ژێرپێستی بە دەوری ئەفسانەی ئیلاهەی سێکسەوە کۆبوونەتەوە. 

بە سەیرکردنی ئامارەکان، هێندەک بابەتەکە زیاتر ڕوون دەبێتەوە. لە ساڵی 2015 دا لە ئێران ئەو وشانەی زۆرترین جار لەسەر ئینتەرنێت سێرچ کراون بە ڕیز ئەمانە بوون 1: خودی وشەی ویکیپیدیا 2: وشەی ئێران 3: ئەلێکسیس تێگزاس (پۆرن ستار) 4: قاسم سلێمانی.* ئەگەر وشەی ویکیپیدیا لابەرین (چونکا خەڵک بۆ بەکارهێنانی خودی ویکیپدیا ئەم وشەیان سێرچ کردووە و لەم بابەتەی ئێمەدا ناتوانێ واتایەکی تایبەتی هەبێ- یان لانیکەم ئێستا بابەتی ئێمە نییە) دەمێنێتەوە سێ ناوی ئێران، ئەلێکسیس تێگزاس و قاسم سلێمانی. ئەمە بەڕێکەوت نییە و ساڵەکانی پێش و دوای ئەم ساڵەیش ئەم وشەگەلە و وشەی هاوشێوەی ئەمانە هەر لە سەرەوەی خشتەی زۆرترین سێرچکراواندا بوون و هەن.

وڵاتی گەورە ئەفسانەیە. ئێران ئیدە و ئەفسانەی گەورەیە کە هەڵبژاردەی فووتبۆڵەکەیشی وەکوو ئەرتەش و سوپا و ...  کۆکەرەوەی هاندەرانێکە کە لە دەوری ئەم ئەفسانە کۆبوونەتەوە. ئەلێکسیس هەمان ئیلاهەی سێکسە. هەر ئەو ئایدیای کامڵترین و جوانترین و سێکسیترین و دڵخوازترین و ...ترین. ئەو ئایدیایە کە هەموو پیاوان دەتوانن لە ژێر ئاڵایدا کۆببنەوە (هەرچەند بە دزییەوە) و قاسم سلێمانی هەمان ڕۆڵی جێگرەوەی هەیە کە لە سەرەوە باس کرا. بە جێگای مرۆڤی ئێرانی شەڕ دەکا و ئەفسانەی ئێرانی بەهێز، وادەکا مرۆڤی ئێرانی لە دەوری کۆوەبن. مرۆڤی ئێرانی خۆی لە جێگای قاسم سلێمانی دادەنێ (کە ئەحیانەن لە خۆیان... ترە).

ئەفسانە بۆ گرینگە؟ بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ویستە سەرەتاییەکانی ژیان، ناتوانێ لە گروپگەلی پتر لە 150 کەسیدا بژی. واتە هەر کە گروپی هاوڕێکانی لە سەد و پەنجا تێپەڕین، یان لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و دەبێ بە دوو یان چەند گروپی بچووکتر، یان خێرا بە دەرکردنی یەکێک دیسان دەگەڕێتەوە سەر نۆرمی سەد و پەنجا کەسی. بەڵام ئەی چی وادەکا کە ئەرتەشێکی سەدان هەزار کەسی لەبەریەک هەڵنەوەشێ؟ 

ئەو شتە ئەفسانەکان و ئایدیا زەینییەکانن. واتە ئەرتەشێکی سەد هەزار کەسی لە دەوری شتێک کۆدەبنەوە کە تەنیا لە مێشکدا هەیە و لە دەرەوەی مێشک هیچ نییە. شتێکی وەکوو وڵات، وەکوو ئیسلام، وەکوو شەرەف وەکوو... کەس ناتوانێ سەدهەزار کەس ناچار بکا یەکگرتوو بن مەگەر ئەوەی کە ئایدیایەکیان بۆ ساز بکات. ئایدۆلۆژییەکان هەر لێرەوە دێن. عەرەب پێش هاتنی ئیسلام قەت نەیتوانیوە یەکگرتوو بێ. بەڵام دوای ئیسلام وەها یەکیانگرت و لە پێناو ئایدیایەکدا شەڕیان کرد کە لە ماوەی پەنجا ساڵدا بوون بە گەورەترین مەترسی بۆ مرۆڤی سەر عەرز. هەروەها بڕوانن لە مێژووی هیتلەر و ... . 

ئایدیا و ئەفسانەکانی وەکوو مرۆڤی مەزن، بەرزە مرۆڤ، مرۆڤی ئازاد و ژنی ئازاد و لیبراڵیزم و سۆسیالیزم و... یش هەموو لەم چەشنەن و تەنیا ڕۆڵی سازکردنی یەکگرتووییان هەیە و قەت هیچ ڕاستییەکی زانستی و فیزیۆلۆژیک و سروشتییان تێدا نەبووە و نییە و نابێ. مرۆڤی نیۆئاندێرتاڵ لە مرۆڤی ژیر، هەم بە جەستە گەورەتر بوون هەم مێشکێکی گەورەتریان هەبوو. بەڵام ئەوان نەیانتوانی وەکوو مرۆڤی ژیر لە دەوری ئەفسانەکان و ئایینە سەرەتاییەکان کۆبنەوە و قەت نەیانتوانی گروپی گەورەتر لە 150 کەس ساز بکەن، بۆیە لە بەرانبەر هێرشی گروپە هەزاران کەسییەکانی مرۆڤی ژیردا لاواز بوون و تێداچوون. یوڤال نوح هەراری لە کتێبی ''مرۆڤی ژیر''دا نموونەیەکی جوان بۆ ئەم بابەتە دێنێتەوە: ئێوە قەت ناتوانن بە مەیموونێک بڵێن کە ئەو مۆزەی بە دەستتەوەیە بدە بە من، خودا لەو دنیا باخێکی مۆزت پێدەبەخشێ. مێشکی ئەو مەیموونە ناتوانێ شتێک بێجگە لە واقع بەرهەم بهێنێ. بۆ ئەو ئامانج و ئایدیایەکی لەم چەشنە بێواتایە. مێشکی ئەو ئەفسانەساز نییە. بەڵام مێشکی مرۆڤی ژیر، بەڵێ.

بۆیە درامایەکی وەکوو گەیم ئۆف ترۆنز بە دەستدانان لەسەر ئەفسانە و ئیلاهیات دەتوانێ ملیۆنان بەردەنگ بۆ خۆی کۆبکاتەوە کە لە هەر دەرگایەک دەکوتن هەتا تۆیش ناچار بکەن وەکوو ئەوان سەیری بکەی و تۆیش وەکوو ئەوان بە جادووی کایەی تاج و تەخت و تەعلیقە بێکۆتاکانی جادوو بکرێی. کە جادوو کرای، خۆت دێی و لە نێو بێواتاییدا واتا دەدۆزییەوە. واتا دادەتاشی. لەگەڵ ژیانی خۆت و کۆمەڵگای خۆت بەراوردی دەکەی. چەند ساڵ لەوە پێش کە درامایەکی کۆری لە تەلەفزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەبووەوە، ڕۆژ نەبوو نەبیسین کە فڵانە کاری فڵانە کاراکتەر لەگەڵ فڵانە کاری فڵانە بەرپرس بەراورد دەکرا. 

سادومازوخیسمێک کە ئەم درامایانە بەرهەمی دێنن هاوشێوەی هەمان ئەو سادومازوخیسمەیە کە فووتبۆڵ و پیشەسازیی پۆڕن بەرهەمی دێنن. بەردەنگ چێژ دەبینێ، ئایا لە دنیای ئەمڕۆدا هیچ شتێک هەیە لە چێژ گرینگتر بێت؟ چێژ لە ئازار دیتنی خود -ێک کە ئەویترە و بە جێگای ئێمە ئەشکەنجە دەدرێ و سزا وەرگرتنی ئەویترێک کە خود- ی پێشووی ئازار داوە. چێژی تۆڵە. ئێمە خۆمان لە بەرانبەر ئازاردا تەسلیم دەبین کە دوایی چێژی تۆڵە سەندنەوە ببینین.

* ئەم ڕستەیە لە کتێبی دیالکتیکی رۆشنگەری- تیۆدور ئادۆرنۆ-١٣٨٣- چاپەمەنی گام نو. کە موراد فەرهادپور/ئومید مێهرگان وەریانگێڕاوە، وەرگیراوە.

* ئەم ئامارەم لە سایتی VOA دەنگی ئەمریکا بە فارسی وەرگرتووە.