خاوەنشكۆ

بەس ئەمجارە دەرچم، ئەمجارە قورتار بم، تا من بم شەرت بێ نەهێڵم هیچ ماستاوچییەك نانم بخوا... نێو ئەشكەوتەكە تاریك بوو. بۆنی هەڕنەهووت و شێی دەهات. شەمشەمەكوێرە دەفڕین و زۆر جار خۆی دادەنواند پێی وابوو خۆی پێدا دەدەن... سەری هەڵێنا و گوتی: ئەرێ حەسۆ بۆ نەهاتەوە؟
حەسۆ گوتی: گەورەم، جەنابت لێرە بە، من دەچم دەگەڕێم بزانم نانێكم دەست ناكەوێ؟ لێرە بە، مەیە دەرێ، هەموو وڵات بەدوومانەوەن... ئاگاشت لە دەمانچەكەت بێ. زوو دێمەوە. بزانم شوانێك، وەرزێرێك نادۆزمەوە نانێكی لێ وەرگرم. هەر نانێكی وشكیش بێ قەیناكا...

نانی وشك... نانی وشكیش هەر نانە. بنیادەم پێی دەژی. چییە با چەند ژەمێكیش نان نەبێ، بنیادەم سەری سڵامەت بێ...

ئەو قسانەی ئەو رۆژەش كرد كە لە تەلەفزیۆنەوە سەیری خۆپێشاندانەكەی دەكرد. خەڵك هەرایان دەكرد:
ژیانمان نییە، نانمان نییە.... ژیانمان دەوێ... نانمان دەوێ...
بانگی حەسۆی كرد و گوتی: حەسۆ، ئەوە چییە؟ ئەو خەڵكە بۆچی وا دەكەن؟
حەسۆ گوتبووی: گەورەم هار بوون هار... دەڵێن نانمان نییە بیخۆین...
جا راست دەكەن حەسۆ؟
نەخێر گەورەم راستی چی دەكەن؟ هار بوون... میللەت تێر بێ هار دەبێ، ناشكور دەبێ. ئەوانە فێری ئەوە نین تێروپڕ دانیشن، راهاتوون دەبێ بە شەق لە ماڵێیان بكەنەوە....
یانی تۆ دەڵێی نانیشیان هەیە و ئاواش دەكەن؟ لە تێری راپەڕیون؟
بەڵێ، بەڵێ، هیچ گومانت نەبێ. ئەوانە ناشوكرن گەورەم. ئەوانە فێر كراون، تین دراون. دنە دراون قوربان. بەڵگەمان زۆر لەبەردەستە زۆر....
دەی باشە چار چییە؟ چۆن دەچنەوە ماڵێ؟ نانیان بۆ دابین بكەن با بچنەوە ماڵ و حاڵیان و فیتنە و فەرتەنەی نەنێنەوە....
گەورەم، نانیان بدەینێ، ئەوجار داوای ئاو دەكەن، ئەویان بۆ دابین بكە، داوای عەرد و خانوو دەكەن، ئەویان بۆ دابین بكە داوای كارەبا دەكەن، ئەوەیان بۆ دابین بكە، دەڵێن گەنجەكانمان زەماوەند دەكەن دەبێ دەستیان بگرن... دەی وەڵا ئەو هەمووەش بە ئێمە دابین ناكرێ... دەكرێ؟
نەیهێشت وەڵامی پرسیارەكەی بدرێتەوە... نەخێر ناكرێ گەورەم... لێیانگەڕێ، هێندە تێروپڕن بڕوات بێ یاخی بوون. تاقە رێگە ئەوەیە بە شەق بنێردرێنەوە ماڵەوە...
بیاننێرنەوە حەسۆ... بیاننێرنەوە...

حەسۆ كەناڵەكەی گۆڕی... گوتی: گەورەم، لە هەموو ئەو وڵاتەدا تەنیا ئەو دووسەد سێسەد كەسە ئاوا ئاژاوە دەنێنەوە...
ئەی خەڵكەكەی دیكە چۆن دەژین؟

گەورەم خەمت نەبێ، كەس نییە بەشی نەدرابێ. هەموویان لە من و تۆ تێروپڕترن... 
قووڕەی زگە بەتاڵ و برسیەكەی وەخۆی هێنایەوە. چووبووەوە كۆشكەكەی خۆی. ئەوە سێ رۆژە لەو ئەشكەوتە تاریكەدا خۆی حەشارداوە و دەنگی نانمان نیە... ژیانمان نییە لە گوێیدا دەزرینگێتەوە... پێنج رۆژ لەوەپێش كتوپڕ حەسۆ خۆی بە كۆشكدا كرد و گوتی با رابكەین. خەڵك خەریكن دەگەنە ئێرە. هێزە چەكدارەكان راوەستاون سەیریان دەكەن. كەس پێشیان ناگرێ. لە نێو شار ئەو چەكدارە وەفادارانەی بەگژ خەڵكدا چوونەتەوە، خەڵكەكە هەڵیانكوتاوەتە سەریان و بەداخەوە ئەنجن ئەنجنیان كردوون...

چاوی بەمۆڵەق وەستا و گوتی: چیی؟ چۆن؟ یانی هێزە چەكدارەكانیش خیانەتیان كرد؟ كەوتنە گەڵ خیانەتكاران؟ چۆن؟ ئەو هێزەی كە ماڵەوماڵ دەگەڕان و دوژمنانی منیان دەگرت، ئێستا كەوتوونەتە گەڵ دوژمنەكانم؟ ئەوانیشم لێ بوونەتە دوژمن؟

بەڵێ گەورەم، هەرچی نانی لە ماڵت خواردووە خیانەتی لێ كردووی جگە لە من... دەبێ خێرا دەرباز بین... هێزە تایبەتەكەی خۆت وا سەد مەترێك لەولای كۆشكەكەوە پێشی خەڵكەكەیان گرتووە و هەڕەشەی تەقەیان لێ دەكەن... خێرا كە....

بە دەرگاكەی پشتەوەدا خۆیان گەیاندە نێو باخەكە و دەسبەجێ جلوبەرگەكانیان گۆڕی... دەمانچەیەكی لەبەر پشتوێنی نا و لەبەرخۆیەوە گوتی: هەرنەبێ بۆ خۆكوشتن باشە... بەرەبەری ئێوارێ گەیشتنە قەراخ شار... حەسۆ گوتی: گەورەم با لادەینە ئەو ماڵە هەژارە... پارەیەكیان بدەینێ ئەمشەو دەمانشارنەوە. چەندیان بوێ دەیاندەینێ... لەسەر دیوارەكە بە خەتێكی گەورە و خواروخێچ نووسرابوو:

سەرۆكی دزەكان رایكردووە... سەرۆكی دزەكان رایكردووە....

لە خوارترەوە نووسرابوو: پیرۆزە رووخانی دەسەڵاتی میری دزان لە هەژار و برسییەكانی شار
هەناسەیەكی هەڵكێشا و بە دەنگێكی لەرزۆك گوتی: با بچین حەسۆ... چار نییە...
بەسپایی بەرەو دەرگاكە چوون. لە ژوورەوە دەنگە دەنگێك دەهات... گوێی لەناوی خۆی بوو. باوكەكەی دەیگوت: كوڕم ئاگات لەدەمت بێ، ئەو ئێستاش هەر سەرۆكمانە... كوڕەكەی بەدەنگی بەرز گوتی: قەت سەرۆكی من نەبووە. سەرۆكی ئێوەی ملحیز و خوێڕی بووە. ئێوە بۆی بوونە شاعیر و شایەر و دەتانگوت: گووی خاوەنشكۆ دەرمانی سەد دەردانە... ئەو قوڕە ئێوە بۆ ئێمەتان گرتووەتەوە. 
كوڕم ئاگات لە دەمت بێ، ئەوانە دەسەڵاتداریش نەبن هەر گونی گوندار دەردێنن....

لەدڵی خۆیدا گوتی: دەرماندێنا... دەرماندێنا... دەبووایە باشتری دەربێنین... هەڵەی ئێمە لە گوندەرهێنانەكە نەبوو. لەوەدا بوو كە ئەوەندەمان چاكە لەگەڵ ئێوە كرد منداڵەكانتان چاوقایم بن و لێمان نەترسن... سەد كەسمان وەك شێروان رەمەزان لە ئاودەستدا تۆپاندبایە، تۆ ئێستا نەتدەوێرا ئەو قسانە بكەیت.

شێروان رەمەزان وێنەی خاوەنشكۆی دڕاندبوو. دڕاندبووی و لە نێوەڕاستی شار پێخوستی كردبوو. گوتبووی: ئەوە سەرۆكی من نییە. سەرۆكی كۆمەڵێك تاڵانچی و دز و جەردە و قەحپەگێ و پیاوكوژە... ئێوارێ تازە دایكی شیوی بۆ تێكردبوو، هێشتا پارووەكی نەخواردبوو بەسەریاندا دا و بردیان. ئیتر چاوی بەدایكی نەكەوتەوە. كۆمەڵێك وردە ڤیدیۆیان لێ بڵاوكردەوە، لە یەكێكیاندا بردوویانەتە نێو ئاودەستێكەوە، لەشی هەموو شووخاڵ شووخاڵ بووە، دەلەرزێ، لاچاوێكی رەش هەڵگەڕاوە و چاوی وا ئەستوور بووە ئیتر دیارە هیچ نابینێ، یەكێك كە دەموچاوی خۆی بەستووە، بە نووكەچەقۆیەك لێی دەدا، كراسەكەی شێروان دادڕدادڕ بووە.... لێی دەدا و دەڵێ پیسایی دەربێنە و بیخۆ... شێروان دەست لە كونی بەردی ئاودەستەكە دەنێ، تۆزێك رادەوەستێ، نووكە چەقۆیەك وەقەبرغەی دەكەوێ و خوێن هەڵدەقوڵێ و تێكەڵی خوێنی وردە برینەكانی دیكەی دەبێ. كە ڤیدیۆكە پێشانی خاوەنشكۆ دەدەنەوە، بە بێزێكەوە هەر ئەوەندە دەڵێ: كوشتباتان باشتر بوو. لایبەرن لەپێش چاوم.

لەگەڵ حەسۆ چاوێكیان لە یەكتر كرد و بەبێ ئەوەی قسەیەك بكەن، پاشەوپاش گەڕانەوە... تاریكایی باڵی بەسەر دەشتەكەدا كێشابوو. لە نێو شارەوە جاروبار دەنگی تەقەیەك دەهات... زەنازەنا و ژاوەژاو لەگەڵ دووركەوتنەوەیان دەبووە بڵمەبڵمێكی لێڵ... هیچیان ورتەیان نەدەهات. دەڕۆیشتن و حەسۆ بیری لەو ساڵانە دەكردەوە كە وەك خەونێك تێپەڕیبوون... قەت قەت بیری لەوە نەدەكردەوە رۆژێك ئەو خەڵكە قوونڕووتە ئاوا لێیان راپەڕن... ئاخر بۆچی لێیان راپەڕیون؟ ئەوانە بۆ وا دەكەن؟ یانی بەبێ ئێمە حوكمەتە زاڵمەكەیان پێ دەڕووخا؟ ئێمە وەپێشیان نەكەوتباین خەباتیان پێ دەكرا؟

ـ حەسۆ ئەوە لەبەر خۆتەوە دەڵێی چی؟ 
ـ هیچ گەورەم... خۆم دەدوێنم و دەڵێم خەڵكێكی بێئەمەگمان هەیە. سپڵەن. سپڵە نەبوایەن قەدری گەوهەرێكی وەك تۆیان دەزانی. لێیانگەڕێ گەورەم، لێیانگەڕێ با یەكتر بخۆن. ئەوە لە سایەی سەری جەنابتەوە بوو وەك بنیادەم دەژیان...
ـ حەسۆ، تۆ هیچ دەزانی بەرەو كوێ دەچین؟
ـ خەمت نەبێ گەورەم، بەولایەدا بەرەو چیاكە هەڵدەكشێین. ئەشكەوتێكی لێیە، لەوێ دەبین تا سبەی....
خشپەیەك هات... خشپەی پێی بنیادەم؟ حەسۆ گوێقوڵاخ بوو. بە دەنگێكی نزم گوتی:
راكە... گەورەم راكە خێراكە راكە.. ...
دەستی بۆ دەمانچەكەی برد. لە پشتوێنەكەی ئاڵا بوو. نەدەهاتە دەرێ. بەهەموو هێزی خۆی وەها رایكێشا شانی كەوتە ژان... نەهاتە دەرێ و پشتوێنەكەی كراوە... بەپەلە پشتوێنەكەی بەستەوە. ـ با جارێ رابكەم، بەدەم رێگەوە دەریدێنم... بۆ دەرنایەی سەگبابەخێو؟ بۆچی ئەو پشتوێنەت لەخۆت ئاڵاندووە؟ 
پێیوابوو دەمانچەكە گوێی لێیە... رایدەكرد، ئەژنۆی لەدووی نەدەهاتن... دەلەرزین. هەستی كرد لوێچێكیان لم بە قوڕگیدا كردووە. پشووی دەرنەدەهات و مەڵاشووی وشك ببوو. هەموو گیانی شەڵاڵی ئارەقە بوو. دەستیشی هەر بەدەمانچەكەوە بوو بەڵام پێی نەدەهاتە دەرێ...
راكە گەورەم، گەیشتنێ... بەدوومانەوەن...
ئەشكەوتەكە تاریك بوو. لە دەرەوە زەنازەنا و هەرایەك بوو، كەس گوێی لەكەس نەدەبوو. چۆنیان زانیوە لێرەین؟ كێ ئێمەی دیت؟ نەكا... تۆ بڵێی؟ تۆ بڵێی؟ بە نانی من فرچكی گرتووە، شتی وا ناكا... ئەو نایكا نا. تاوێك لەوەپێش گوتی: گەورەم، سەرم لە پێناوتدا دادەنێم... خەمت نەبێ، ئەگەر لە خۆشیدا لەگەڵت بووم، دڵنیابە تا مردن لەگەڵتم... تۆ بڵێی؟ ئەی ئەو قسانەی بە متمانە و باوەڕەوە نەكرد؟ حەسۆ شتی وا دەكا؟
بیگرن...
ئەوبەری شاخەكەی لێ بگرن.
كەس دەستی بۆ نەبا ها، بە زیندوویی بیگرن...
بیگرن و بیهێنن....
نا، نەیانزانیوە لێرەین... لەو ئەشكەوتە ناچینە دەرێ. بەرەو بنەبانی ئەشكەوتەكە رایدەكرد و بە هەناسەبڕكێ دەیگوت: با قانگی بدەن، ئەوان نازانن لێرەوە رۆچنەیەكی تێدایە و هەوا دێ. مەترسە ناخنكێین. حەسۆ مەترسە... 

دەنگی خەڵكەكە و تەقەی تفەنگ تێكەڵ بوون. شەڕ بوو. لە دەرەوەی ئەشكەوتەكە شەڕە حەسۆ... كێی لێیە؟ تەقە لەكێ دەكەن حەسۆ؟ حەسۆ وەڵامی نەبوو. دەمی دەجووڵاند و دەنگی دەرنەدەهات. زەق زەق چاوی تێوە بڕیبوو و هەر قسەی دەكرد و دەنگیشی نەدەهات. بە جووڵەی دەمی ڕا هەستی كرد دەڵێ: گەورەم، خاوەنشكۆ... گەورەم... بمبوورە... بمبوورە... ترس بڕستی لێ بڕیبوو. لەگەڵ ئەوەشدا وەك شیر هەڵچوو... نەڕاندی.... حەسۆۆۆ ۆ ۆ ۆ ۆ ۆ ۆ ۆ... یەك بەخۆی هەرای كرد... 
ئەشكەوتەكە دەنگی داوە... حەسۆ نەهاتبووەوە... هاتەوە هۆش خۆی... گوێی هەڵخست... هیچ دەنگێك نەدەهات... نە تەقە بوو، نە دەنگەدەنگی خەڵك... گوتی با تا بەر زاركی ئەشكەوتەكە بچم. خۆ ناخورێم... دیسان ئەژنۆی لەدووی نەهات. پێیوابوو خەڵكی شار هەموو هاتوونەتە سەری. هەموو زانیویانە ئەو لەم ئەشكەوتەدا خۆی حەشار داوە...