شیعر لە نووسینییەوە هەتا خوێندنەوەی

نووسینی شیعر:
ئەو چرکەیەی کە ئیلهام تەنگت پێ هەڵدەچنێت، ئیتر دەبێت بنووسیت، ئەگەر یەک دێڕیش بێت، نابێت بهێڵیت لەدەستت بڕوات، چونکە شیعرنووسین ژیانە بەجۆرێکی تر، مومارەسەکردنێکی شێتانەی ئەو خەیاڵەیە کە واقیع دەرەقەتی نایەت.. کە تەواو دەبیت لە نووسین، وەکوو ئەوە وایە منداڵێک لە هەناوت هاتبێتە دەرەوە، بەڵام منداڵێک لە وشە و خەیاڵ.. 
بوون بە شاعیر شتێک نییە بە بڕیار بێت، ئەوانەی زۆر لە خۆیان دەکەن شیعر بنووسن، وەکوو گڵۆپی سەرجادەکان وان، هەر زوو سکوت دەکەن، یان منداڵ بەردیان تێدەگرن و دەکوژێنەوە. 

کە ناچار دەبیت دەستبدەیتە نزیکترین قەڵەم و پەلاماری سپیترین لاپەڕە دەدەیت و لە پەنایەکدا دادەنیشیت، ئیتر ئەوە دەستوپەنجەکانت نین، هەموو حەواسەکانتن دەکەونە نووسین، خەیاڵتە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە سەر سپێتی لاپەڕەکە.
  
خوێندنەوەی شیعر:
کە تەواودەبیت لە نووسینەوەی خۆت، خەیاڵت، ئیتر حەزدەکەین لەگەڵ ئەوانی تردا بەشی بکەی، ئەوانی دیکەیان لێ ئاگاداربکەی، ئەڵبەتە بڵاوکردنەوە چ وەکوو دەق لە بڵاوکراوەکاندا، چ وەکوو کۆی بەرهەم لە دووتوێی کتێبەکاندا وەکوو ئەوە لەزەتی نییە کە رووبەڕوو بەرانبەر بەویتری گوێگر و ئاشقی شیعر دادەنیشیت یان دەوەستیت و بۆی دەخوێنیتەوە، تۆ ئیتر ئەو چرکەیە پێویستت بە سەدان دەموچاو بە چاو و گوێچکەکانیانەوە نییە لەبەردەمتدا ئامادەبن، تۆ پێویستت بەچەند کەسێکە کە تەواوی حەواسەکانیان ببەخشنە دەنگت و ئەوەی تۆ نووسیوتە و دەتەوێت لەگەڵی بەشبکەیت، لێتی وەرگرێت.. ئەڵبەت مەسەلەی هەڵسەنگاندن دەکەوێتە قۆناغی دوای بیستن. 

ئیتر تۆ لەوێیت تەنها بۆ ئەوەی شیعر بخوێنیتەوە و هیچیتر، ئاگات لەوە نابێت چەند کەس ئامادەن، هێند ناسک دەبیتەوە یەک چرکە لەوبەرەوە بۆ لای تۆ هەموو حەواست پەرتەوازە بکات و بهێنێتەوە ناو ئەو چوار دیوارە رەقەی لێی دانیشتووی، یان وەستاویت بۆ خوێندنەوەی شیعرەکان. 

ئیتر شیعرخوێندنەوە سەماکردن نییە، ئەویتر گوێت بداتێ یان نا تۆ دەبێت بەردەوام بیت لە سەماکردن، لە کۆتاییشدا چەپڵەبارانت بکەن.. تەقس و کەشوهەوای شیعرخوێندنەوە بۆ ئەوانیتر تەنها بە تۆی شاعیر دروست نابێت. ئەگەر گوێگر حەواسی هەڵینەگرتبێت هەتا دەگاتە شوێنی شیعرخوێندنەوە، مومکین نیدە بتوانێت گوێگرێکی شیاو بێت بۆ شیعرەکانی تۆ.. ئاخر گوێگرتن لە شیعر و ئیحساسکردن بە وشە بە دەنگی شاعیر خۆی هونەر و کولتوورە، دەبێت هەبێت. 

ئیتر کە شیعر دەخوێنیتەوە، ئەوە زمانت نییە کە دەنگی لێوە دێت، ئەوە خەیاڵتە لە هەناوتەوە دێڕەکان دەڵێتەوە. ئەو دەمەی تۆ شیعر دەخوێنیتەوە و ئەویتر گوێت لێدەگرێت، جۆرێک لە هارمۆنی شیعری دروستدەبێت، هێند ناسکە، کەمترین جووڵە و بچوکترین ورتە دەیڕوخێنێت، بۆیە دەبێت گوێگر لەو ئاستەدا بێت ببێتە بەشێک لەو فەزا شیعریە و ئەوەی تۆ لەگەڵی بەشی دەکەیت، بە رۆحێکی ناسک لێتی وەرگرێت، ئاخر باوەڕم وانییە ئەم فەزایە لەو کۆڕانەدا دروستبێت کە بە قەرەباڵخترین کۆڕ پێناسەی دەکەن، هەروەک باوەڕ ناکەم زۆر بن ئەوانەی لەم جۆرە لە هارمۆنی شیعری ناو هۆڵی شیعرخوێندنەوە و فەزا سیحراویەی شیعر تێبگەن، بەتایبەت ئەوانەی سەرکەوتوویی کۆڕی شیعری بە زۆر و بۆریی ئامادەبووان هەڵدەسەنگێنن. 

تۆ کە شیعر دەخوێنیتەوە، هەموو حەواسەکانتی خستووەتە کار، لەبەرانبەردا هێند ناسکبوویتەوە کە ئاگات لە دەوروبەرت نەماوە، لە ناکاو کە لە پشتەوەی هۆڵەکە دەنگێک دێت، ئیتر تۆ لەو کەشوهەوایە دەردەچیت، تەرکیز لەدەستدەدەیت، تەواوی حەواسەکانت تووشی سەرلێشێوان دەبن، بالانست نامێنێت، ریتمی شیعرخوێندنەوەت پەکی دەکەوێت.. ئیتر ئەوە کاری تۆ نییە بەو گوێگرە ناگوێگرانە بڵێیت: "بێزەحمەت بێدەنگ بن با من شیعر بخوێنمەوە." بەڵکوو تۆ کە ئەوەت بەسەرهات، هیچت بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی هۆڵەکە بەجێبهێڵیت. 

ئیدی چەند پرسیاری شیعر گرنگە، وەک ئەوەی شاعیرێکی باشیت یان نا، پرسیاری گوێگری شیعریش گرنگە کە ئایا گوێگرێکی باشی شیعریت یان نا؟ لە وڵاتی ئێمە ئیستا لەهەموو کوچە و کۆڵانێکدا شاعیرێک هەیە، بەدەر لەوەی باشە یان نا.. بەڵام بەداخەوە هێشتا گوێگرتن لە شیعر نەبووەتە هونەر و کولتوور، نەبووەتە ئارەزوو. خەڵکانێک هەن نازانن ئایا حەزیان لە شیعرە گوێی لێگرن یان پێویستیان بەوەیە کاتێکیان هەیە هەرچۆنێک بێت پڕی بکەنەوە، تەنانەت ئەوانەی کە حەزیان لە گوێگرتنە لە شیعر هێشتا نازانن کە ئامادەبوونیان لە هۆڵێکی شیعرخوێندنەوەدا مانای ئەوەی قفڵ لە هەموو بابەتەکانی تر بدەیت و حەواست بدەیتە گوێچکەت و شیعر ببیستی. 

ئامادەبوون لە کۆڕەکاندا بووەتە شێوەیەک لە موجامەلەکردن، وابیردەکاتەوە ئەگەر نەچێت شاعیرەکە گلەیی لێدەکات. هەڵبەتە رەنگە شاعیر هەبن کە لە دەرەوەی ئیحساسیان شیعر دەنووسن و لە دەرەوەی ئیحساسیشیان بۆ خەڵکی دەخوێننەوە، ئیتر دەتوانن لەناو هۆڵەکەدا ببینن کێ هاتووە و کێ نەهاتووە، هەروەک بەلایەوە ئاساییە ئەگەر کۆمەڵێک خەڵکیش لە ریزی دواوەی هۆڵەکە خەریکی خواردن و خواردنەوە و قسەکردن و دەنگەدەگ بن.. ئیتر گرنگ ئەوەیە کۆڕەکەی زۆرترین خەڵک ئامادەی بووە، هەروەک ئەو شاعیرانەی لەبیری ئەوەدان دیوانەکانیان پڕفرۆشترین بێت، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە هەمیشە خوێنەرە راستەقینەکانی شیعر ئەوانەن لە چاوەوە دیارنین و کتێبخانە زەبەلاحەکان لە ماڵەکانیاندا نییە، بگرە خوێنەرە راستەقینەکانی شیعر زۆربەیان بە سووڕ لەدەستی ئەوانیترەوە کتێبەکانیان دەستدەکەوێت.