بەها ستاتیکییەکانی شیعر لای پیرەمێرد، شێخ نووری شێخ ساڵح و گۆران

20-03-2019
هەرێم عوسمان
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-

ئەمە ناونیشانی نامەیەکی ماستەری (ئاسۆ عومەر)ە کە بە سەرپەرشتی (پ.ی.د. کەمال مەعروف) ساڵی (2007) پێشکەشی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە بە میتۆدی (شیکاری رەخنەیی) شیعری هەرسێ شاعیری هەڵسەنگاندووە، ئەمەش لەسەر بنەمای پێنج بەهای ستاتیکی: (زمانی شیعری، مۆسیقای شیعری، وێنەی شیعری، رەمز و ئەفسانە) کە ئەم پێنج بەهایەش بەشی دووەم و سێیەمی نامەکەی بۆ تەرخانکراوە، بەشی یەکەمی نامەکەش پێکهاتووە لە:

بەشی یەکەم:

بەشێوەیەکی تیۆری باسی چەمکەکانی بەها و ستاتیکا و پەیوەندی نێوانیان دەکات، دواتریش چەمکی جوانی و دزێوی، جوانی سروشتی و جوانی هونەری شی دەکاتەوە، هەر لەم بەشەدا گەشەسەندنی مێژووی ستاتیکا لە قۆناغ و رێبازە ئەدەبییە جیاوازەکاندا دەخاتەڕوو. مەبەست لە بەهای ستاتیکی بەدەستهێنانی گونجان و رێکخستن و جوانییە لە کاری هونەریدا، بەها ستاتیکییەکان زۆرن و بەپێی چێژ و تێڕوانین و سەردەمەکان دەگۆڕێن. 

وشەی ستاتیکا یەکەمجار لەلایەن زانای ئەڵمانی بۆمگارتن لەساڵی 1735 لە کتێبی (Aesthetic) بەکارهاتووە، کە واتا سەرەکیەکەی بریتیە لە زانین بەهۆی هەستەوە [زانینی هەستی]، لە مێژووی ستاتیکادا دوو تەوژم هەن کە یەکیان ستاتیکا لە مرۆڤ دادەبڕێ، ئەویتریان پێوەی دەبەستێتەوە لە پێناوی گۆڕینی ستاتیکا بۆ مرۆڤناسی. ئەم زانستە تەنیا جوانی ناپێوێ، بەڵکو لە دزێویش دەکۆڵێتەوە، وەکچۆن لێکۆڵینەوە لە جوانی سروشتی و بەدیهێنراو [هونەری]ش دەکات کە سروشت یەکەمین سەرچاوەی جوانیە و هونەریش لاساییکەرەوەی ئەم جوانیەیە، بەڵام جوانیی هونەری داهێنراوە، سروشت مەرج نییە خۆی جوان بێ، هونەر و توانای هونەرمەندە کە شتە دزێوەکانیش جوان دەکات، هاوکات ئۆگۆستین سروشت بە کاری هونەری خوا و خواش وەک هونەرمەندی بوونەوەر دەبینێ.

تێڕوانینی فەیلەسوفان بۆ چەمکی جوانی جیاوازە، هەندێکیان جوانی بە نەگۆڕ و رەها دەزانن، هەندێکیشیان بە خودی و رێژەیی کە چێژی مرۆڤ دەکەنە بنەما. لایبنتز دەڵێ: جوانی تنۆکێکە لە زەریای خوادا، یان لە سەدەکانی ناوەڕاست پێیانوابوو پێویستە رۆح پەروەردە بکرێ تا ببێتە شوێنێکی پیرۆز بۆ خوا، هەروەک لە یۆنانی کۆندا جەخت لەسەر جوانی رەوشتی و رۆحی دەکرایەوە، لە ستاتیکای سەردەمی رۆشنگەریی ئینگلیزدا جەخت لە سۆز و واقیع و ئەزموونی مرۆڤ دەکرایەوە کە هونەر وەک رێبەر و رێنوێنیکەری رەوشتە بەرزەکان بینراوە، بەڵام لە ستاتیکای رۆشنگەری ئەڵمانیدا زیاتر روویەکی فەلسەفی وەرگرت، شیلەر جوانی وەک وێنەی ئاشکرای حەق دەبینێ و پێیوایە گەیشتن بە ئازادی تەنها لەڕێگەی جوانیەوە دەبێت، هەروەک کانت چەمکی سوود و جوانی لەیەک جیادەکاتەوە و هیگڵیش جوانیی هونەری بەرزتر لە جوانی سروشتی دەبینێت. هاوکات لە ئەدەبیاتی کلاسیزمدا روونی و ئاشکرایی و هارمۆنیەت‌و گونجانی بەرهەمی هونەری لەگەڵ دابەکانی کۆمەڵگە بنەمای بەرهەمی هونەری و ستاتیکان، بەڵام لە رۆمانسیزمدا ئازادیی تاک‌و ئەندێشە و خەیاڵ و هەست‌ و سۆز بنەمان. 

لای پەرناسەکانیش هونەر بۆ هونەر کە دژوەستانەوەی دیدی هونەرە بۆ سوودخوازی بنەمایە، بۆیە زیاتر بایەخیان بە فۆرم و کەمتر بە ناوەڕۆک دەدا، هەروەک سیمبولیستەکان دژی واقیع وەستانەوە و بە فریودەریان دەزانی، لەناخی خۆیاندا بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕان، بۆیە هەوڵیاندا کێش و سەروا تێکبشکێنن؛ کە ئەمەش وایکرد شیعری ئازاد لەدایکبێت. لە کۆتاییشدا توێژەر بۆچوونە هاوچەرخەکان بۆ ستاتیکا کە بریتین لە بۆچوونی کرۆچە، سارتەر و کامۆ دەخاتەڕوو.

بەشی دووەم:

زمان لە شیعردا هۆ و ئامانجیشە، بۆیە شاعیر لە رێگای جیهانبینی ‌و بەهرەی خۆیەوە زمان بەکاردەهێنێ نەک بەشێوە رۆژانەییەکەی، یاکۆبسن زمانی شیعر بە هێرشی رێکخراو و شارەزایانە بۆ سەر زمانی رۆژانە ناودەبات، یوری لۆتمان لێکۆڵینەوەی شیعر لە یاسا زمانییەکاندا دەبینێتەوە. لێرەوە توێژەر سێ ئاراستەی جیاوازی بەکارهێنانی زمان لە شیعری کوردیدا باس دەکات کە شاعیرانی توێژینەوەکەی پەیڕەویان کردووە، قۆناغی یەکەم لاساییکردنەوەی زمانی شاعیرانی کلاسیکە کە زمانێکی تێکەڵە و هەرسێ شاعیر لەسەرەتای دانانی شیعردا زمانی شیعرەکانیان تێکەڵە، پیرەمێرد لە سەرەتاوە تا کۆتایی تەمەنی زمانی شیعرەکانی تێکەڵە، بەڵام شێخ نووری و گۆران بەپێچەوانەوە توانییان بەرەو زمانی پەتی بچن، بەتایبەت گۆران. قۆناغی دووەم کە کاریگەربوونە بە ئەدەبیاتی تورکی، شێخ نووری و گۆران بە زەقی ئەم کاریگەریەیان پێوە دیارە، بەڵام پیرەمێرد کەمتر، شێخ نووری لەژێر کاریگەری ئەم ئەدەبەدا دەستی بە نوێکردنەوەی شیعری کوردی کرد، بۆ نموونە لە شیعری(عیلمت میللەت) دا دەڵێ:
واسیتەی عیلمە کە (قولومب) ناوی دایم زیندووە
واسیتەی عیلمە کە (واسقۆ) کەشفی هیندستان ئەکا
هەردوو وشەی (قولومب، واسقۆ)ی لە تورکییەوە وەرگرتووە.

لە قۆناغی سێیەمدا کوردی پەتی لای هەرسێ شاعیر دەبینرێ، بۆیە قۆناغە نوێیەکە پێویستی بە زمانێکی نوێ هەبووە، بۆ نمونە پیرەمێرد لە شیعری (من و ئەستێرەکان) دا دەنووسێت:

وەک من بەداخەوەن، نە سرەوتیان هەیە نە خەو
چەند ساڵە ئاشنای شەوی بێداری یەکترین
وەک سەرسەرین، شەوێ سەرناکەینە سەرسەرین
من خوار و ژوور لەدەستچووەکەی بێوڵەت ئەوان
وەک خێڵی خوار و ژوورکەری کورد، وێڵی ئاسمان

ناوەڕۆکی شیعرەکە هەڵقوڵاوی کوردەواریە و زمانەکەشی زمانی سادەی خەڵکە. یاخود لە شیعری (بۆ شەهیدانی 24 ی ئایار)دا سێ شێوەزاری (کرمانجی خواروو، ژوور و گۆران)ی بەکارهێناوە. گۆرانیش بەچڕی زمانی خاوێن کردەوە و سوودی لە فۆلکلۆریش بینی. سەبارەت بە مۆسیقای شیعرەکانیشیان لەڕووی کێشەوە هەر سێ شاعیر سێ جۆر کێشیان بەکارهێناوە:

١ـ کێشی عەرووزی عەرەبی.
٢ـ کێشی سیلابی خۆماڵی.
٣ـ تێکەڵکردنی هەردوو  کێش.

پیرەمێرد زیاتر لە 40 شیعری بە کێشی عەرووز نووسیوە، شێخ نووری 131 و گۆرانیش 40 شیعر. سەبارەت بە سەرواش سوودیان لە (سۆنێتە)ی ئەوروپی بینیوە و چەند جۆرێک سەروایان بەکارهێناوە، لەوانە:(سەروای یەکگرتوو، جووت سەروا) هەرچی مۆسیقای ناوەوەی شیعرەکانیانە کە خۆی لە دووبارەکردنەوە و پاش و پێشخستن، هەڵبژاردن و... دەبینێتەوە، ئەوا هەرسێ شاعیر بۆ دروستکردنی ریتمێکی ناوازەی شیعری سوودیان لێوەرگرتووە.

بەشی سێیەم:

 توێژەر سەرەتا باسی گرنگیی وێنەی شیعری دەکات، کە وێنە شیعرێکی بێدەنگە و شیعریش وێنەیەکە بەدەنگ دەردەبڕدرێ، بۆیە شاعیر هونەرمەندێکی وێنەکێشە بە وشە، خەیاڵیش رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە سازکردنی وێنەدا. 
سەبارەت بە شێوازەکانی پێکهێنانی وێنەی شیعری لای هەرسێ شاعیر، توێژەر باسی سوودوەرگرتنیان لە لێکچواندن و خواستن دەکات، دواتریش باسی جۆرەکانی وێنە دەکات، وێنەی سادە، لێکدراو، چەسپاو، جوڵاو، وێنەی هەستی [بە هەموو جۆرەکانیەوە] و زەینی. لە وێنەی جوڵاودا نموونەی شیعری گۆران دەهێنێتەوە:

کانییەکی روونی بەر تریفەی مانگەشەو 
لە بنیا بلەرزێ مرواری و زیخ و چەو 
لەلای من جوانترە لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیشکی خۆر شڵپ و هوڕ

لێرەدا گۆران دوو وێنەی جوڵاوی کانی و دەریای نیشانداوە. دواتر توێژەر باسی (رەمز) و جۆرەکانی و هۆکارەکانی بەکارهێنانی دەکات. هەروەها پەیوەندی رەمز بە هەریەک لە نیشانە، ئیشارەت، تەمومژ، خوازە و خواستن و لێکچواندن دەخاتەڕوو، هاوکات چەند جۆرێکی رەمز لای هەرسێ شاعیر دەستنیشان دەکات لەوانە (رەمزی، کەسی، گشتی، ئەفسانەیی، ئاینی، کەلەپوری و مێژوویی). بەکارهێنانی رەمز بۆ ئەم سێ شاعیرە پەیوەست بووە بە هەرسێ لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ستاتیکا. لە کۆتا تەوەری کۆتا بەشی نامەکەشیدا توێژەر باسی ئەفسانە و جۆر و پەیوەندی ئەفسانە بە شیعرەوە دەکات، پیرەمێرد زۆرتر ئەو ئەفسانانەی بەکارهێناوە کە لە کەلەپوری کوردیدایە، وەک (دیوزاد، خدری زیندە، کێوی قاف، بووم، پەری، واق واق، بەڵقیس...) بۆ نموونە لە شیعری (کوردی رەوان) شاری سلێمانی بە بەڵقیس چواندووە:

بەیانی بوو، لە خەو هەستام کە روانیم بەفر باریوە
سلێمانی ئەڵێی بەڵقیسە، تارای زیوینی پۆشیوە

شێخ نووری لە چاو پیرەمێرد و گۆراندا کەمتر سوودی لە ئەفسانە بینیوە، بەڵام رەمزە ئەفسانەییەکانی وەک (برەهمند، قەڵای دێو، شەوکێڵ..)ی بەکارهێناوە. هەرچی گۆرانە ئەوا زۆر بەچڕی سوودی لە ئەفسانە بینیوە کە رۆحیەتێکی ستاتیکی، قوڵییەکی دەروونی و واتایەکی بەرزی بە شیعرەکانی بەخشیوە، بۆ نموونە کەریم شارەزا دەڵێ: گۆران ڕچەشکێنی رێبازی بەکارهێنانی نوێی ئەفسانەیە، گۆران چەندین کەرەسەی ئەفسانەیی جیاوازی بەکارهێناوە لەوانە: پێپلیکەی دێو، زیندانی ئەژدەهاک، ئەهریمەن، خێو، هوما، ڤینۆس، زوهرە، ئافرۆدیت..) لە شیعری نیازدا دەنووسێ:

ئەمجا ئەی یار، ئەی خواژنی عەشقم، ئەی ڤینۆس
ئەی هەیکەلی بەدەن لە عاج، توالێت ئابنووس،
هیچ نەبێ بۆ خاتری جاهی ئەپۆلۆ،
مەلی شیعرم مەیدان مەدە بکەوێ لە گۆ!


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە