دایكەكەی دایكم

ئارام پێڵووی چاوی لێكنا. لێوی ئەو وەك كۆترێك نەرم نەرم لەسەر پشتی چاوی نیشتەوە. كە چاوی هەڵێنانەوە، گەش گەش، دەبریسكانەوە. ئەو ترسەی لە كاتی وەژووركەوتنیدا لە نیگایدا دەتگوت چۆلەكەیەكی رێ لێ ونبوونی نێو ژوورێكە و پەیتاپەیتا خۆی بە پەنجەرەكاندا دەكێشێ، ئیتر هێور ببووەوە. هێور... لەسەرخۆ، نەرمە بزەیەكی نیشتە سەر لێوی و نەیزانی بۆچی سەبرێ گوتی سوپاس.

خۆش بوو. دەتگوت خەونە... خەون بوو، وەك ژیان، نەخێر، راستی بوو وەك ژیان. چاوێكی بە بەرگی گۆڤارەكەدا خشاندەوە و گوتی: خۆزگە...

خۆزگە چی... هەر ئەوەندەی گوت و سەرنجی چووە سەر ناوی ئوستاد. تەزوویەك بە هەموو گیانیدا گەڕا. رەنگی لێوی گۆڕا و زەردەخەنەكە وەك گەڵایەكی بە كزەی پاییز لە دار بووبێتەوە، ئاوا دەمودەست ژاكا و هەڵوەری. یەكسەر چووە سەر لاپەڕەی چیرۆكەكان. 

دایكەكەی دایكم
نووسینی...

یەكەم جار لە باوكمم بیست. منداڵ بووم كە زۆر جار پێمی دەگوت دایكەكەم، یان دایكەكەی دایكم. ئەو هەتیمەیش كە لە تەكما قسەی دەكرد، زۆر جاران دەینووسی، دایكەكەی دایكم.

یەكەم جار كە پێتگوتم دایكەكەی دایكم، هەستێكی زۆر شیرین هەموو گیانمی داگرت و رۆحم تژی بوو لە خۆشەویستییەكی بێخەوش.

یانی چۆن؟ بێخەوش چۆنە؟

نازانم چۆن بێژم پێت، ئاخر جۆرێك خۆشەویستی هەیە، وشە دەرەقەتی نایەت. مەگەر ماچێك تەفسیری بكات.

ماچ، ماچ ئەو هەمووە مانایەی تێدایە. هەر جارە و مانایەكی سەیر. دەكرێ ماچ مانای دەستدرێژییشی تێدا بێت. 

ئوستاد گوتی بۆ وا خۆت رادەپسكێنی؟ من سینگم دەتگوت باڵندەیەكی نێو قەفەزە و پشیلەیەك بەردەوام خۆ بە قەفەزەكەیدا دەكێشێ، ئەویش سوور هەڵگەڕابوو، بۆنی ئارەق، نازانم جگەرە، یان هەر بڵێم بۆنی دەستدرێژی... هانكەهانكی بوو. دەیگوت ئاشقتم، بۆ پەلەتە... دەی خۆ ماچێكم كردوویت. من ماچم نەكرد، ئەو كە دەمی هێنا، خۆیشمم كشاندەوە بەڵام ... ئیتر كە هێڵنجم دا، تێگەیشت، نا تێنەگەیشت، ویستی بیكاتە باسێكی فەلسەفی، گوتم واتای سەیروسەمەرەی بۆ مەدۆزەرەوە. من رقمە لە ماچ. دەی خۆ رقم نییە لێی، ماچ زۆر خۆشە، بەڵام ماچی ئەو... گەش بووەوە، ئاوڕی لە پەنجەرەكە دایەوە، دڵۆپ دڵۆپ بارانی بەهاری لە شووشەكەی دەدا. ئا، ماچ زۆر جار گەلێ خۆشە. وەك ماچەكەی بەردەم باخی گشتی، ئەوێ بوو؟ نا، سەهۆڵەكە بوو... دەڵێی پیر بوومە، بۆچی لێم شێواگە؟ ئا، هەر بەردەم باخی گشتی بوو. ئەمجارەیش، ئەمجارەیش تایبەت بوو. لەبەر دەرگا، نا لە پێشدا لەبەردەم كتێبەكانی. من ویستم بزانم كتێبەكان چین؟ ناوی هەموو كتێبەكان بوون بە ماچ. ئەو هەمووە كتێبە لەسەر ماچ؟ كتێبخانەیەك لەبارەی ماچەوە؟ چەندە خۆش بوو، پێش ئەوەی لە دەرگای ژوورێیش بچینە دەرێ، یەكترمان ماچباران كرد. زیاتر لە خەونێك دەچوو. وەك ژیان. 
نەنەم هەمیشە ئێژێ دنیا خەون و خەیاڵێكە. ژیان خەونێكە.

چاوی چووەوە سەر چیرۆكەكە. دەیخوێنمەوە. بزانم ئەو دایكەكەی دایكمە رێك وەك ئەویتریانە یان نا؟

چیرۆكنووسەكە، ردێنی پاك پاك تاشیوە و تەنیا سەر چەناگەی هێشتووەتەوە. تاڵ تاڵ مووی رەشی تێدا ماوە و ئەویدیكەی سپی بووە. رواڵەتێكی ئارام و لەسەرخۆ، بێ هەڵپە، وەك هێندێ لەو كەسایەتییانەی لە چیرۆك و رۆمانەكانیدا هەن. دووراودوور جوانتر بوو. لە وێنەیەكیدا پاڵی بە پیرەدارێكەوە داوە و خەیاڵی دوور دوور فڕیون. كراسێكی شینی تۆخ، خەتی سپیی پێدا هاتووە و قژی سەری بە دەم باوە شەكاوەتەوە. هەستم دەكرد، خەریكە پاڵەوانی یەكێك لە چیرۆكەكانی دەدوێنێ، یان بە دەم خەمی یەكێكیانەوە دەتلێتەوە و لە ناخەوە دەكوڵێ. یان لەوانەیشە یەكێكیانی بانگ كردبێتە ماڵەكەی خۆی و گوتبێتی وەرە فێری چیرۆكنووسینت بكەم و وردە وردە لێی نزیك بووبێتەوە و دەستێكی خستبێتە سەرشانی و... ئا، وەك ئەو رۆژەی كە منی دەعوەت كردە ماڵ خۆیان و پێشمی نەگوت تەنیام. 

واز بێنە. فەزای چیرۆكەكانی دەناسم. تەواو شارەزای تەكنیك و فۆرم و زمانەكەیم. چ پێویست دەكا خۆمی پێوە ماندوو بكەم. خۆی لە چیرۆكەكە دزییەوە و گۆڤارەكەی لە تەنیشت خۆی دانا. وەك جڵەوی دەستی بەدەست خۆی نەبێ، دەستی بۆ مۆبایلەكەی برد بزانێ پەیامی تازەی بۆ هاتووە یان نا، كەچی دەستی دایەوە گۆڤارەكە و چاوی چووەوە سەر دایكەكەی دایكم. ئەو دەستەواژەیە بۆچی رایچڵەكاندم؟ بۆ وا ختووكەی دام؟ شتێكی بەڕێكەوت بوو؟ یان هەر ئەم قسەیە خووی رۆژانەیەتی و بە هەموو ژنێكی دەڵێ؟ خۆزگە جارێك لە نزیكەوە گوێم لێ بگرتایە. ئاخر چۆن بزانم هەر بە منی گوتووە یان بە خەڵكی دیكەیش دەڵێ دایكەكەی دایكم؟ نازانم... ئێستایش كە نامە دەنێرێ هەر وا دەنووسێت...

دایكەكەی دایكم، باشی؟

ئەوە بۆ وا بێخەبەری دایكەكەی دایكم؟

ئەی بڵێی ئەم چیرۆكە بە رێكەوت ئەو ناوەی بۆ دانرابێت؟ نەكا ئوستاد سۆسەی ئەو هەستەی دڵمی كردبێت و ویستبێتی توانجێكم تێ بگرێ. تۆ بڵێی؟ جا چووزانێ؟ با بیخوێنمەوە بزانم باسی چی دەكات خۆ نامخوا. چیرۆكێكە و دەیخوێنمەوە بە ریشی باوكی چیرۆكنووسەوە.

ئەی؟ ئەوە منم قسەی وا دەكەم؟ ریشی باوكی چیرۆكنووس... لەبەر خۆیەوە زەردەخەنەیەكی هاتێ. گوێی لە دەنگی چیرۆكنووس بوو. بە زەردەخەنەیەكەوە كە كەلێنی دوو ددانەكەی پێشەوەی جوان دەرخستبوو، گوتی: ئەم كاتەت باش خانمە نووسەرە جوانەكەی خۆمان؟

سڵام ئوستاد، تۆ باشیت؟

تا ئێوە هەبن، من هەر دەبێ باش بم.

هەتا ئێمە یانی كێ و كێ؟ مەبەستی هەموومانە، هەموو ئەوانەی قوتابیی ئەوین؟

سۆما گوتبووی، گێلە ئەوە هەستی پێ ناكەی ئوستاد كە تۆ دەبینێ چۆن زمانی تەتەڵە دەكات و ئاگای لە تیۆرییەكانی دەبڕێت؟
دە قسەی بێتام مەكە، ئوستاد لە جێی باوكمە.

پەكوو گێلی، جا پیاو ئەو شتانە دەزانن؟

سوپاس ئوستاد. تا ئێوەیش هەبن ئێمە باشین.

ئەی ئەوە كەی سەرێكمان لێ دەدەیت؟ دە وەرە رۆژێك دادەنیشین لە ماڵی خۆمان باسی چیرۆك و ئەدەبیات دەكەین و كتێبخانەكەیشم ببینە. كتێبی باشی تێدایە بە دڵی تۆ...

ئیشەڵا دێمە خزمەتتان.

دەی ئەم ئێوارەیە وەرە.

با بزانم چۆن دەبێ. ئەگەر بتوانم، پێم خۆشە.

ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی، تەنیا بیرم لە قسەكەی سۆما كردبایەوە، نەدەچووم. تواشا من چەندە سادەم. نەنەم هەموو جار ئێژێ كچم، بنیادەمەكان وەك گورگ وان، كە برسی دەبن، ئیتر تەنیا بیر لە تێربوون دەكەنەوە و بۆیان گرینگ نییە نێچیرەكەیان كێیە. دەیگوت، پیاگ كە هەوەسی ئەبزوێ ئیتر لە گورگیش خراپترە. هەر نەبێ ئەیخەنە قەڵشتی ... 

زەردەیەكی هاتێ و گوتی نەنەم كە باسی ئەو شتانە ئەكات، هەموو گیانم ئەنیشێتە سەر ئارەق. نەنەم ئێژێ، پیاگ تا دەستیان بە ژنێ رائەگات، بەس پێیدا هەڵدەڵێن و گەورەی ئەكەنەوە، بۆ ئەوەی دڵی بە دەست بێنن و بتوانن شتێكی لێ هەڵكڕێنن. تۆ بڵێی نەنەم چەند جاران ئاوا خەڵەتێنرابێ؟ باپیرەم تا خواستوویەتی بڵێی چەی پێ كردبێ؟

تۆ سەیری ئەو قسەكردنەی من بكە، نیوە سنەیی و نیوە موكریانی... قەینا دەی خۆم بوومەتە كوردیزانێكی باش لەو نێوەدا. بەڵام نەنەم موكریانیی نەدەزانی، كەچی قسەكردنەكەی تا بڵێی خەستوخۆڵ و خۆش و زمانی پاراوە، كە قسە دەكا، جاری وایە ژینای خوشكم هەر دەڵێ نەنێ، ئەرێ تۆ بۆیچە ئاوها قسە ئەكەیت؟

نەنێم ئێژێ، پیاگ و ژن وەك ئاگر و پووش وان، ئەشێ سنوورێ لە نێوانیان هەبێ. 

من سنوورم بۆ هەموو كەس، نا من سنوورم بۆ خۆم كێشاوە. ئیتر من چووزانم. دەمێك بوو حەزم ئەكرد بچمە ماڵیان و لە تەك شیلان خانمیشا ئاشنا بم. زۆر جاریش ئەموت باشە بۆ چە شیلان خانم ناهێنێتە هیچ كۆڕێك؟ حەزم لێ بوو بزانم ژنی نووسەرێكی گەورە لە ماڵەوە چۆن ئەژی، چۆن بیر دەكاتەوە. ئیتر ئاوا چووم. دەزانی چییە؟ من زۆر سادە بووم. خۆ ئەو نەیوت تەنیام، ئەگینا سەد هێندەیش لای من رێزی هەبوایە نەدەچووم. گوتی وەرە ئەمشەو دەعوەتی ماڵی ئێمەی. ئیتر هەر لێی گەڕێ، با... با چی؟ خۆ بۆ تۆیشی نەگێڕمەوە ئەو خەیاڵە ناخۆشە وازم لێ ناهێنێ. هەر دەمەوێ خۆمی لێ بدزمەوە. كە سڵاوم كرد، بێدەنگیی ماڵەكە ترسێكی خستە دڵمەوە. من گوڵێكم بە دەستەوە بوو لەگەڵ قوتوویەك شیرینی. ئەو بە زەردەخەنەیەكەوە كە هیچ لە زەردەخەنەكانی پێشووی نەدەچوو، شتەكانی لێم وەرگرت. دیم تۆزێك پەشۆكاوە، هەستم كرد دەستی دەلەرزێ، دەنگیشی ئەو دەنگە نەبوو كە لە گوێما بوو. دەتگوت بە چپە قسە دەكا.

گوتی تكایە ئوستاد، تۆ لە جێی باوكمی.

ئوستاد هەژابوو. دەست و دەنگی دەلەرزین. لێویشی دەلەرینەوە. دەمی هێنا. بۆنی خەستی ئارەق و دووكەڵی جگەرە  وەخت بوو بیڕشێنێتەوە و خۆی كێشایە دواوە. هەستی كرد بورجێكی بلوورین، چیایەك لەبەرچاوی هەرەسی هێنا. وردوخاش بوو، بوو بە تۆز. 

چیرۆكنووس كتوپڕ لەپێش چاوی بوو بە كارتۆنێك، بە پەڕێكی سووكی دەم بایەكی رەش، بە تۆزێكی لیچق كە لەسەر شووشەی چیرۆكەكانی نیشتبێ. هەستا و گوتی: ببوورە من دەڕۆم. ئەو بەپەلەپڕووزێ و پشووسواری هەستا، لای دەرگای لێگرت، گوتی: دەی چ دەبێ، بەس ئەمشەو لام بمێنەوە. ئەم مەجالی نەدا، پێڵاوەكانی كردە پێی و وەدەركەوت.

كە هاتە دەرێ، زۆر لە ماڵی چیرۆكنووس دووركەوتبووەوە، بەلای هەردوو كتێبفرۆشەكەی شاردا تێپەڕی، سڵەمییەوە، هەنگاوی شل بوون، وشەی نێو كتێبەكان بوونە گورگ. سەدان رەوە گورگی برسی، چاو زەق و زار داپچڕاو بە هانكەهانك هرووژمیان بۆ هێنا. رایكرد، هەستی كرد دەماری قاچی گیراون و پێی لە دووی نایەن. بریسكەی هەورەتریشقەیەك بەرپێی رووناك كردەوە. كە سەری هەڵێنا، دوو كۆڵان لە ماڵەكەی خۆیان دووركەوتبووەوە. هەناسەی لێ بڕابوو. نێو دەمی وشك وشك بوو. ئاوڕێكی داوە و پێیوابوو رەوە گورگی نێو كتێبەكان هەر وا سەریان لە دوو ناوە. كە هیچی لە پشتەوەی خۆی نەدی، تۆزێك هێور بووەوە. گوتی: تف لە هەرچی  ئەدەب و ئەدیب و نووسەرە. 

سڵاو لە شاعیر دەكەیت، بۆ ئێوارێ لە مەسنجەرەوە نامەیەكت بەگژا دەكات و دەڵێ ئاشقت بووم و ئەم كۆپلە شیعرەم تایبەت بۆ تۆ نووسیوە.

دەچیتە لای نووسەر، سبەی دەبیتە پرسۆناژی، كوڕە پرسۆناژی چی، بە زمانی ئەوان قسە مەكە ئیتر، دەبیتە تەڕەماشێكی نێو چیرۆكەكەی و عوقدەی دەروونی خۆیت پێ بەتاڵ دەكاتەوە و دواجاریش دەڵێ ئاشقت بووم... تەنیا ئەو هەتیمە جوان باسی ئەشق دەكات.

ـ   دایكەكەی دایكم، ئاشقبوون نیعمەتێكی گەورەیە، بەڵام ئەگەر لە كات و ساتی خۆیدا بێ.
گوتم ئەمن بێزم لە ئاشقبوون و شتی وا دەبێتەوە. ئەو دۆزەخەی تێیدام، بەرهەمی ئاشقبوونێكی گەمژانەمە. 
ـ ئاخر هەموو ئەشقێك ئەشق نییە، ئەوەی بە هەرزەكاری بەسەر كوڕ و كچدا دێ، تەنیا ئیحساسە و هیچی تر.
ـ دەی خۆت نەتگوت ئەشق بە پێوەری ئەقڵ ناپێورێ؟ ئەشق هەمووی ئیحساسە.
ـ با، هەمووی ئیحساسە، بۆیە ژیانی هاوبەش دەیكوژێت. 
ئینجا نووسیی:
عاقلان نقگەی پرگار وجودند ولی
عشق داند كە در این دایرە سرگردانند
نازانم، مرۆڤ بەبێ ئەشق ناژی و ئەشقیش هەڕگ ئەكا بە سەریا.

گوتی: ئەو سنەیی قسەكردنەت دەمكوژێ. دە تۆزێك ئاوەها قسە بكە، ئەو شێوەزارە نێرانەیەی لای ئێمە هەر بۆ نووسین خۆش و شیرینە، لە زمانی ژنان خۆش نییە.

گوتم: بەسە داكەوە ئیتر. هێندەیش نامە مەنێرە و باسی ئەم شتانە مەكە. حەز ناكەم وابەستەی خۆمت بكەم. من خۆم هەڕگێكم بۆخۆم گرتووەسەو، لێی دەرناچم.

نووسیی: من وابەستەی تۆ نابم نا. تەنیا دەمەوێ تۆ سەركەوتووترین كەس بیت. دەمەوێ لە لووتكەكانی سەركەوتندا بتبینمەوە. حەزم لێیە سەركەوتوو بی.

خۆش بوو. قەت كەس ئاوای پێ نەگوتبووم. قسەكانی زۆر جیاواز بوون. تا ئێستایش هەر جیاوازتر لەوانە قسە دەكا. قەت شتێكی وای نەگوت لەسەر دڵم قورس بێ. ئەوە جیاواز بوو لەوانەی نەنێم باسی دەكردن؟ نازانم، بەڵام هەر نەبێ زۆر یارمەتیدەرم بوو. جاری وابوو باسی ناسكترین حاڵەتەكانی ژیانی خۆمم بۆ دەكرد، كە بۆ هیچ كەسم باس نەكردبوون. ئەو ورد گوێی لێ دەگرتم. رێگەی نیشان دەدام و هێوری دەكردمەوە. تەنانەت ئەو رۆژەیش كە لە سەهۆڵەكە دیتم، هەستێكی سەیرم هەبوو. نا سەهۆڵەكە نەبوو، بەردەم كتێبخانەی گشتی بوو. كە لە پلیكانەكان سەركەوتین، چاوێكی لێم كرد و گوتی: ئیجازەیە دەستت بگرم؟ هیچم نەگوت، دەستمم دایە. گەرم گەرم، خۆمانە.... نازانم چۆن بیگێڕمەوە. 

كە ماڵاواییمان كرد لە بەردەم باخی گشتی، تەكسییەكەی بۆ راگرتم، شۆفێر تەكسییەكە هەر وا چاوەڕوان بوو، ئەم لەو راستەی شەقامە باوەشی پێمدا كرد و ماچی كردم و نێوچاوانیشم.... من ئاوا لەگەڵ ماچ ئاشت بوومەوە. ئاشتمی كردەوە. گوتی ماچ بۆ من لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە، چاوی بڕییە چاوم و ئەمجارە لەو دیو هێڵی ئینتەرنێتەوە نا، لەبەر دەرگای ژوورەكەی، گوتی ماچی ماڵاوایی ... ئا رێك رووبەڕوو، چاوی بڕییە چاوم و پڕ پڕی كردم لە بۆنی ماچ و گوتی خۆشمدەوێی دایكەكەی دایكم...