ئازاد بەرزنجی: لە سەرەتای لاویمەوە لەناو زەلكاودا بە دوای مرواریی ونبوودا گەڕاوم

19-06-2019
لیزا محەممەد
نیشانەکردن ئازاد بەرزنجی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی، (ئازاد عەبدول محەممەد بەرزنجی) لەدایكبووی شاری سلێمانییە. بە زمانەكانی (ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و كوردی) دەئاخڤێت و دەنووسێت و وەردەگێڕێت. خاوەنی پتر لە 50 كتێبە لە بوارەكانی: فەلسەفە، فیكر، ئەدەب، باس و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی. بەشێكی زۆری ئەم كتێبانە وەرگێڕانن لە زمانەكانی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبییەوە و بەشێكیشیان خۆی نووسیونی. لە چەندین گۆڤاری ئەدەبی و رۆشنبیریدا بەڕێوەبەری نووسین یا ئەندامی دەستەی نووسین بووە. لە دامەزرێنەرانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بووە و ئەندامی ئەنجوومەنی ئەو دەزگایە و سەرپەرشتیاری گشتیی زنجیرە كتێبەكانی سەردەم بووە. لە دوای كۆچی دوایی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس بە سەرۆكی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم هەڵبژێردراوە و تا ئێستاش سەرۆكی ئەو دەزگایەیە.


ئازاد بەرزنجی كە لەناو وەرگێڕە كوردەكاندا لە هەرە ناسراوترینیانە، لەم هەڤپەیڤینەدا باسی كارەكانی دەكات. 

رووداو: تۆ كە ئەزموونێكی باشت لەگەڵ وەرگێڕان هەیە، پێتوایە بایەخی دەقی وەرگێڕدراو لای خوێنەری كورد لەهەمان ئاستی دەقی خۆماڵیدایە؟ هێندەی خوێنەری دەقی وەرگێڕدراو هەیە، هێندە بۆ دەقی خۆماڵی هەیە؟

ئازاد بەرزنجی: بە بڕوای من سەرباری ئەو دۆخە شپرزەیەی كە بە گشتی باڵی بەسەر نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا كێشاوە و لە هەموو بوارەكاندا باش و خراپ تێكەڵ بووە و هێشتا هۆشیارییەكی ئەدەبی و هونەریی بەرز لەناو خوێنەراندا نییە بۆ هەڵسەنگاندنێكی دروستی كاری ئەدەبی و هونەری، بەڵام خوێنەرانێك هەن كە كاری داهێنانە و جوان لە كاری بێئاست و بازاڕی جیادەكەنەوە. مەسەلەكە پەیوەندیی بەوەوە نییە كە ئەو كارەی خوێنەری جددی لە دەور كۆدەبێتەوە دەقێكی كوردییە یان وەرگێڕانە، بەڵكو من پێموایە ئەوە زیندوویی ئەو دەقەیە كە خۆی دەسەپێنێ، تەنانەت گەر لە ڕۆژگاری خۆیشیدا نەبێت، دواتر هەر خۆی دەسەپێنێ. ڕاستە ئەمڕۆ پێودانگێك نییە بۆ هەڵسەنگاندنی زانستییانە و هونەرییانەی كارێكی داهێنراو، جا چ لە بواری نووسیندا بێت یان وەرگێڕان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرە هەستێكی ئێستاتیكییانە لای بژاردەیەك لە خوێنەران هەیە بۆ جیاكردنەوەی دەقە زیندووەكان لە دەقە مردووەكان، یان دەقە ڕەسەنەكان لە دەقە ناڕەسەنەكان. ڕەنگە ئێستا پێوەرێكی باش لەئارادا نەبێت بۆ نرخاندنی كاری وەرگێڕدراو، هەڵبەت مەبەستم لەو كارانەیە كە بە مانای وشە دەچنە خانەی داهێنانەوە، یان ڕەنگە تێڕوانینێك هەبێت بۆ كەم تەماشاكردنی وەرگێڕ بە بەراورد لەگەڵ نووسەردا، بەڵام هێشتا هەندێ دەقی وەرگێڕدراو هەن كە سنووری دەقی نووسراو تێدەپەڕێنن و ژمارەیەكی زۆر لە خوێنەران لە دەوری خۆیان كۆدەكەنەوە. خۆ دەبێ بپرسین بۆ؟ بۆچی ئەو ژمارە زۆرە لە دەوری دەقێك كۆدەبنەوە كە لە زمانێكی ترەوە كراوە بە كوردی، بەڵام بە دەوری دەیان دەقی تردا كۆنابنەوە (هەندێ دەقی كەمی لی دەربچێت) كە نووسەرەكانیان كوردن؟ دیارە ئەمە پەیوەندی بە كۆمەڵێك هۆكارەوە هەیە؛ هەر لە لایەنی ئیبداعیی كارەكە تا ئەو مەسەلانەی كە دەقەكە دەیانخاتە ڕوو، تا مەسەلەی زمان و هەروەها متمانەكردن بەو وەرگێڕە و كۆمەڵێك هۆكاری تریش. 
بۆیە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە ئەو دەقە چیمان پێ دەبەخشێت؟ چ پرسیارێكمان لا دروست دەكات؟ چیمان لا دەورووژێنێ و تێڕوانینمان چۆن بۆ دنیا و واقیعی خۆمان دەگۆڕێت؟  من نایشارمەوە هەر لە سەرەتای لاوێتیمەوە هێندەی دەقە جیهانییەكان ڕۆشنبیریی منیان پێكهێناوە و چێژم لێیان بینیوە و جیهانبینیی منیان گۆڕیوە، كەم دەقی كوردی هەبووە ئەوانەم پێ ببەخشێ. هەڵبەتە هەمیشە خۆزیاشم خواستووە كە ئێمەی كورد دەقی باڵای لە چەشنی ئەو دەقانەمان هەبێت؛ دەقی وەها كە بتوانێ لە ئاستی پرسیار و كێشە و مەسەلەكانی ئێستاماندا بێت. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە دەقی باشمان نییە، بەڵام دەشێ ئەو دەقانە، هەم لەڕووی چلۆنایەتی و هەم لەڕووی چەندایەتیشەوە لە ئاستی خەونماندا نەبن.


رووداو: هیچكات هەوڵتانداوە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێك یان كۆمەڵەیەك بە هاوكاریی خەڵكی زمانەوان تا لەڕێیەوە كار بكرێت لەسەر داتاشینی وشە و زیادكردنی بۆ ناو فەرهەنگی كوردی؟ 

ئازاد بەرزنجی: من زۆر كەم خۆم لە قەرەی كاری بەكۆمەڵ داوە، چونكە بە بڕوای من كاری ئەدەبی و داهێنان بەشێوەیەكی دەستەجەمعی ناكرێ، بۆیە ئەمە لە ژیان و كارەكانمدا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام كارێكی لەم چەشنە پێویستی بە دەزگایەك و كۆمەڵێك زمانەوان هەیە كە بە مانای وشە زمانەوان و زمانزان بن و كار بۆ دانان و داتاشین و ڕێكخستنی زاراوە بكەن لە هەموو بوارەكاندا. كاتی خۆی لە بەغدا كۆڕی زانیاریی كورد هەبوو كارێكی لەمجۆرەیان كرد، بەڵام بەداخەوە كارەكەی ئەوانیش هەم كامڵ نەبوو، هەم بەردەوام نەبوو، گەرچی بۆ ئەو سەردەمە گرنگیی زۆری هەبوو. ئێستا جۆرێك لە بێسەروبەری لەئارادایە. بەبێ هیچ پێودانگ و لێپرسینەوەیەك هەر كەس هەڵدەستێ دەست دەداتە نووسین و وەرگێڕان و سەروسەكوت شكاندنی زمانی كوردی، وەكو گوتم دەزگا میدیاییەكانیش لەم ڕووەوە درێغییان نەكردووە و ڕۆژانە دەیان وشەی سەقەت بە ڕووی بینەرەكانیاندا دەدەنەوە و وای لێ هاتووە ئەو وشە سەقەتانە بوون بە دیفاكتۆ و وشە ڕاستەكانیش سەریان چووە بە قوڕدا.

رووداو: تۆ كاری وەرگێڕانت هەیە لە بوارەكانی فیكر، ئەدەب و شانۆ و لێكۆڵینەوە، ئەم دەستبردنە بۆ هەر بابەتێك پەرتەوازەیی  دروست ناكات؟ مەبەستم وەرگێڕ وەك پزیشك پێویستە تایبەتمەندی وەربگرێت لە بوارێكدا..

ئازاد بەرزنجی: كاركردن لە زیاتر لە بوارێكدا پەیوەندی بە پێشزەمینە و ئاستی ڕۆشنبیریی نووسەر و وەرگێڕەوە هەیە. كەسانێك هەن لە چەند بوارێكدا توانایان هەیە و دەتوانن لە هەموو ئەو بوارانەدا كاری جوانمان پێشكەش بكەن. گرنگ ئاستی ئەو بەرهەمانەیە كە پێشكەشی دەكەن. هیچ ڕێسایەكیش نییە ئەوە بسەپێنێ كە دەبێ نووسەر یان وەرگێڕ لە تاقە بوارێكدا كار بكات. لە مێژووی ئەدەب و هزر و هونەردا سەدان نموونەی زیندوو هەن كە لە پتر لە بوارێكدا كاریان كردووە و تێشیاندا سەركەوتوو بوون. وەكچۆن سەدان نموونە هەن هەم ڕۆماننووس بوون و هەم شاعیر بوون و هەم نووسینی ڕەخنەییان هەبووە و سینەماكار بوون و شانۆنووس بوون و هتد، بە هەمان شێوە وەرگێڕیش هەیە توانای ئەوەی هەیە لە زیاتر لە بوارێكدا كار بكات. بۆ كەس نییە بە نووسەرێك یان وەرگێڕێك بڵێت تۆ نابێ لەو بوارانەدا كار بكەیت و دەبێ تەنها لە یەك بواردا كار بكەیت. بەڵام ئەگەر ڕەخنەگرێكی شارەزا بێت، ئەوا كە سەرنجێكی هەبوو لەسەر كارێك لەو كارانە، دەتوانێ لەسەری بنووسێت. دواجار ئاستی بەرهەمەكە خۆی سەنگی مەحەكە. من خۆم تەنها لە زانستە سروشتی و زانستە وردەكاندا نەبێت، باوەڕم بە پسپۆڕێتی نییە. بێگومان كە نووسەر یان وەرگێڕیش ئەم ڕاستییەی زانی، خۆی لە قەرەی ئەو بوارانە نادات. بۆ نموونە من خۆم لە قەرەی وەرگێڕانی كتێبێكی كیمیا یان فیزیك نادەم، چونكە ئەمانە پێویستییان بە كەسی پسپۆڕە لەو بوارەدا، بەڵام بەلای منەوە دونیای ئەدەب چەندان ژانر دەگرێتە خۆی، كە دواجار هەر ئەدەبن و دەشێ ئەو وەرگێڕە شارەزایی هەبێت تێیاندا، بۆیە ئاساییە هەم چیرۆك و هەم ڕۆمان و هەم شانۆنامە و هەم نووسینی ڕەخنەیی و هەم شیعر و هتد وەربگێڕێت. گرنگ ئەوەیە تا چەند دەتوانێ ئەو كارانە "دابهێنێتەوە". بەڵام بێگومان وەرگێڕ لەو بوارانەدا زیاتر كار دەكات كە هەم لە دونیاكەیەوە نزیكن و هەم ئەو بوارانەش لە یەكەوە نزیكن.

رووداو: زۆر جار دەگوترێ وەرگێڕ پێویستە نووسەریش بێت لەهەمان كاتدا، تۆ كە زیاتر بەهۆی كاری وەرگێڕانەوە ناسراوی، ئەمە چۆن دەبینی؟

ئازاد بەرزنجی: ئەوەی كە پێویستە وەرگێڕ نووسەریش بێت، بەو مانایەی كە دەبێ شارەزای كار و هونەرەكانی نووسین بێت و هەڵبەتە پێویستە بتوانێ بنووسێت، ئیتر مەرج نییە هەموو وەرگێڕێك وەكچۆن لە وەرگێڕاندا سەركەوتوو بووە، لە دنیای نووسینیشدا وا سەركەوتوو بێت، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، مەرج نییە نووسەرێكی سەركەوتوو بتوانێ ببێتە وەرگێڕێكی سەركەوتوو. بە هەرحاڵ ئەمە شتێكە ڕەخنەگران و خوێنەران بڕیاری لەسەر دەدەن. ڕاستە من بەرهەمەكانم لە وەرگێڕاندا زۆر زیاترن وەك لە نووسیندا، بەڵام ڕەنگە ئەمەش هۆكاری خۆی هەبێت. من هەر لە سەرەتاوە بایەخێكی زۆرم بە وەرگێڕان داوە و كاتی زیاترم بۆ تەرخان كردووە و عیشقێكم بۆی هەبووە. وەختێكیش بە عیشقەوە ئەوەم كردووە، بیرم لەوە نەكردووەتەوە ناوی پێ پەیدا بكەم، چونكە گەر مەبەستم لە ناوپەیداكردن بووایە، زۆر بواری تر هەبوون كە بە ئاسانی دەمتوانی تێیاندا كار بكەم و زۆر بەناوبانگیش بم و دەسكەوتی زۆریشم هەبێت. لەم ڕۆژەدا چی ئاسانە، ناوبانگ پەیداكردن. هێندە بەسە كەمێك لەبلەبان بیت و دیماگۆگی و فریودەر بیت، ئیتر نەخوێندەواریش بیت قەیناكا، تا بە پلە و پایە و ناوبانگ بگەیت. من هەرگیز هەڵوەدای ئەمجۆرە لە ناوبانگ نەبووم و نابم، چونكە هەست دەكەم بوونی ڕەسەنی خۆمی تێدا ون دەكەم. من لە سەرەتای لاویمەوە پەیجۆری دوای داهێنان و جوانیی ڕاستەقینە بووم و لەناو زەلكاودا بە دوای مرواریی ونبوودا گەڕاوم. نازانم ئەگەر ئەو هەموو ساڵانەی تەمەنی خۆم بە وەرگێڕان نەدایە، ئێستا چۆن دەبووم. لەوانە بوو بۆ بوارێكی تر تەرخانم بكردایە لەو بوارانەی كە بەشێكی تری خۆمیان تێدا دەبینمەوە. ئیتر ئێستا ناوم دەبوو یان نا ئەوە مەسەلەیەك نەبووە لەلام. جارێكیان لە چیرۆكنووسی سووری "زەكەریا تامر"یان پرسی: ئەگەرچی چیرۆكنووسێكی زۆر بەتوانایە كەچی لای عەرەب ئەو ناوبانگەی نییە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ژنە سەماكاری عەرەبی وا هەیە لە گەورەترین نووسەرەكانی عەرەب بەناوبانگترە. ئێمەش ئێستا لەناو كورددا لەمجۆرە كەسە بەناوبانگانەمان زۆرە. 

رووداو: لەكاتی وەرگێڕان لەنێوان دوو زماندا چ شتێك زۆر گرنگە؟

ئازاد بەرزنجی: لە كاتی وەرگێڕاندا كۆمەڵێك شت ڕوودەدەن كە زەحمەتە بتوانین بە وردی دەستنیشانیان بكەین، بەڵام بەگشتی دەتوانم بڵێم وەرگێڕانی دەقێكی ئەدەبی جیاوازە لە وەرگێڕانی دەقێكی فیكری یان فەلسەفی. لە دەقێكی ئەدەبیدا، بۆ نموونە ڕۆمانێك، وەرگێڕ وەكو ئەكتەرێكی لێهاتوو و لێزان دەبێ بچێتە دۆخی نووسەرەكەوە و ئەوەی ئەو بە زمانە بیانییەكە نووسیویەتی، ئەم بە زمانی دایك دووبارە بینووسێتەوە و بەرهەمی بێنێتەوە. دەبێ لە چوارچێوەی ئەو دەقەی وا لەبەردەستیدایە، لە داڕشتنەوە و نووسینەوەی لە زمانی ئامانجدا داهێنان بكات. لە پرۆسەی نووسیندا هیچ بەربەست و سنوور و چوارچێوەیەك لەبەردەم نووسەردا نییە و دەستی واڵایە و ئازادە، بەڵام لە وەرگێڕاندا، وەرگێڕ ناتوانێ لەو دەقە دەربچێت كە لەبەردەستیدایە. ئەو مەحكوومە بەوەی لەناو ئەو چوارچێوەیەدا داهێنان بكات. بۆیە لەم ڕووەوە ئەركی وەرگێڕ دژوارترە لە ئەركی نووسەر. 
دەمێنێتەوە ئەوەی بڵێین ئەوەی گرنگە لە وەرگێڕاندا ئەوەیە كە ئاخۆ دەقە وەرگێڕدراوەكە بووەتەوە بە دەقێكی ئیبداعی؟ ئاخۆ وەختێ خوێنەر مامەڵەی لەگەڵ دەكات، هەست دەكات لەبەردەم دەقێكی نامۆدایە، یان وا هەست دەكات دەقێكە هۆگری دەبێت و ئاشنایە پێی. ئەم هەستە بۆ خوێنەر لە ئاست دەقێكی وەرگێڕدراودا زۆر گرنگە. وەرگێڕ دەبێ لە زەین و خەیاڵدانی خۆیدا ئەو دەقە ئەسڵە هەڵبوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ لە زمانی ئامانجدا بیخولقێنێتەوە. لەم پرۆسەیەشدا گەلێ شت ڕوودەدەن كە وردەكارییان زۆرە و لێرەدا جێی لێدوانیان نابێتەوە.

رووداو: تۆ كاتێك دەقێك لە زمانێكەوە وەردەگێڕیتە سەر زمانی كوردی ، ئەو دەقە بەراورد دەكەی بە هەمان دەق لە زمانێكی دیكە، لەم بەراوردكارییەدا بەدوای چیدا دەگەڕێی و چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر كارەكەت؟

ئازاد بەرزنجی: من كاتێك دەقێك وەردەگێڕم، ئەگەر دەقە ئەسڵییەكەم بە زمانی خۆی لەبەردەستدا بێت، ئەوا یەكسەر لەو زمانەوە وەریدەگێڕمە سەر زمانی كوردی، گەر نا، پتر لە دەقێك پەیدا دەكەم و بەیەك بەراوردیان دەكەمەوە، ئەمەش هەم لەڕووی ئەمانەتی ئەدەبییەوە و هەم لەو ڕووەشەوە كە مامەڵەكردنم لەگەڵ زمانێك زیاتری دەقەكەدا، پتر ئاسۆی زمان و گوزارشت و داڕشتنم لەبەردەمدا واڵا دەكات. هەروەها بۆ هەندێ دەقی ئاڵۆز، بوونی دەقەكان بە زمانی جیاواز، كاری پەیبردن بە نهێنییەكانی ئەو دەقەم بۆ فەراهەمتر دەكات. لە هەموو حاڵەتێكدا بوونی دەقێك بە چەند زمانێك لەبەردەستی وەرگێڕدا، كارەكەی پوختتر و دەوڵەمەندتر دەكات. من خۆم هەست دەكەم ئەم كارە دەبێتە مایەی زمانپاراویی زیاتر بۆ وەرگێڕ و فەرهەنگی وشەی زەنگینتر دەبێت و ئاستەكانی دەربڕینی فرەچەشنتر دەبێت. بەشبەحاڵی خۆم سوودێكی زۆرم لەم بەراوردكارییانە بینیوە، گەرچی ئەركەكەی قورستر كردووم، لێ  هەست دەكەم ئەزموونی دەوڵەمەندتر كردووم.

رووداو: ڕۆمانی (چاوەكانی -بوزورگ عەلەوی) كە ساڵی 1997 وەرتانگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، لە پاش 11 چاپ، گەر ئێستا ئەو ڕۆمانە وەربگێڕنەوە بەهەمان شێوە دەیكەن؟ كاتی وەرگێڕان و تەمەنی وەرگێڕ كاریگەرییان دەبێت لەسەر كاری وەرگێڕان؟

ئازاد بەرزنجی: من لە ساڵی 1990 ئەو ڕۆمانەم كردووە بە كوردی، واتە ساڵێك بەر لە ڕاپەڕین، بەڵام لەبەر دۆخی ناهەمواری ئەوسای دوای ڕاپەڕین و نەبوونی كۆمپیوتەر و كزی و بێبرەویی ئەدەب و ڕۆشنبیری، چاپەكەی كەوتە ساڵی 1997. هەروەها ساڵی پار، واتە ساڵی 2018 لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپی سیانزدەهەم (نەك یانزدەهەم)ی ئەم ڕۆمانە كراوەتەوە. ئەو ڕۆژگارەی سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانە بووم، تابڵێی ڕۆژگارێكی سەخت بوو. ئەوكات من سەربازی هەڵاتوو بووم و لە ماڵەوە خۆم شاردبووەوە و ناوبەناویش كە دەنگۆی هەڵمەتی ڕەشبگیری و قەدەغەی هاتوچۆ دەبوو، دەچووم لە ژێرزەمینی ماڵی خزمێكماندا دەمامەوە و خەریكی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانە دەبووم. ئەو ڕۆژگارە من سەرەتاكانی لاویم بوو، بەو چەشنە ڕۆژانی لاوێتیم دەگوزەراند، بەڵام پڕ لە عیشق و خۆشەویستییش بووم بۆ ژیان و بۆ ئەدەب و داهێنان. ئەو ڕۆژانە وێڕای ئەو ترسەی چنگی لە ڕۆحمان گیركردبوو، ترسی ڕژێمی دیكتاتۆریی سەددام و بەعس و مێردەزمەی جەنگ و گوزەرانی سەختمان، بە ئەڵهاوە لەگەڵ ڕووداو و كاراكتەرەكانی ئەو ڕۆمانەدا دەژیام كە لە هەندێ ڕووەوە دەشوبهایە سەر ڕۆژگاری ئەودەمەمان. ئەوكات بەو شێوەیە و بەو زمانە ئەو ڕۆمانەم وەرگێڕاوە كە ئێستاش وەكو خۆی ماوە. پرسیاری ئەوەی ئاخۆ ئەگەر ئێستا سەرلەنوێ وەریبگێڕمەوە چۆنی دەكەم، نازانم. چونكە هەر دەقێك، نەك گەر لەلایەن چەند وەرگێڕێكەوە تەرجەمە بكرێ، وەرگێڕانەكان جیاواز دەبن، بگرە تەنانەت گەر لەلایەن هەمان وەرگێڕیشەوە لە دوو زەمەنی جیاوازدا بكرێ، هەر لە هەندێ ڕووەوە جیاواز دەبن. من جاری وا بووە دەقێكم وەرگێڕاوە، پاش ساڵێك هەمان دەقم وەرگێڕاوەتەوە، تەماشام كردووە لە هەندێ شتدا لە یەك جیاواز بوون. ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت كە وەرگێڕانێكیان باش بووە و ئەوی تر خراپ، نەخێر، بەڵكو بە مانای ئەوە دێت كە وەرگێڕانیش وەكو داهێنان، كۆمەڵێك هەلومەرجی خۆی هەیە و لە هەموو كاتێكدا ئەو هەلومەرجانە هەڵناكەون و چوونیەك نین. بەڵام سەبارەت بە مەسەلەی تەمەن، من پێموایە ئەدیب و نووسەر لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا ئەزموونیان قووڵتر دەبێتەوە، یان هیچ نەبێت دەبێ وابێت، گەرچی لای ئێمەی كورد (هەندێكی لێ دەربكەیت) زۆربەی كات ئەم هاوكێشەیە بەپێچەوانەوەیە، واتە لەبری ئەوەی ئەزموونی ئەو ئەدیبە قووڵتر بێتەوە، كاڵتر دەبێتەوە. دەنا لەگەڵ تەمەندا ئەزموونەكان كەڵەكە دەبن و ئەو كەسە دەبێ لە بوارەكەی خۆیدا قاڵتر (نەك كاڵتر) بێتەوە. 

رووداو: لێرە و لەوێ چەند هەوڵێكی تاكەكەسی هەن بۆ ناساندنی كاری نووسەرانی كورد بە خوێنەری بێگانە، یەكێك لەو هەوڵانە تۆیت . تا چەند بە گرنگی دەزانیت وەرگێڕەكانمان هێندەی گرنگی بە وەرگێڕان دەدەن لە زمانی بێگانە بۆ زمانی دایك ، هێندەش گرنگی بدەن بە وەرگێڕانی زمانی دایك بۆ زمانەكانی تر؟

ئازاد بەرزنجی: وەرگێڕانی پێچەوانە، واتە وەرگێڕان لە كوردییەوە بۆ زمانەكانی تر، تا بڵێی كارێكی پێویست و گرنگە، بەڵام بەداخەوە جگە لە هەندێ هەوڵی تاكەكەسی، بایەخێكی ئەوتۆی پێ نەدراوە، چونكە ئەمە خۆی لە خۆیدا پرۆژەیەكی نەتەوەییە و بە پلەی یەكەم ئەركی حكوومەتە ئەمە بكات بە پرۆژە و دەزگا و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكات. بەڵام ئەم بوارەش وەكو تەواوی بوارە ڕۆشنبیرییەكانی تر، لەلایەن حكوومەتەوە ئەفەرۆز كراوە و ئەوەی جێی بایەخی نەبێت ئەم پرۆژە ڕۆشنبیرییانەیە. بۆیە لە هەوڵی تاكەكەسیدا قەتیس بووە و ئەو كەسانەش كە لە عۆدەی ئەم كارە بێن ژمارەیان زۆر نییە. من لەم ڕووەوە كارێكی زۆرم نەكردووە، سێ كتێبی شاعیر شێركۆ بێكەس (مچیق الفراشات، سفر الروائح، انبهارات) و دوو كتێبی شاعیر دلاوەر قەرەداغی (عار تماما كالما‌و، البرد و الحجر) و هەڵبژاردەیەك لە چیرۆك و شیعری كوردیم كردووە بە عەرەبی، لە كاتێكدا پێویستە بەرنامەیەك هەبێت بۆ وەرگێڕانی دەیان كتێبی كوردی بۆ سەر زمانە بیانییەكان و وەكو گوتم دەزگا و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێ. لە دنیادا دەزگا ڕۆشنبیرییەكان و پرۆژە كولتوورییەكان پشتیوانی گەورەی حكوومەتەكانیان لە پشتەوەیە، تەنها لە كوردستان نەبێت، چونكە ئەوەی لێرە بەهای نەبێت، ڕۆشنبیری و داهێنانە. 

رووداو: دەكرێت پشت بە كاری وەرگێڕانی كتێب ببەسترێ وەك سەرچاوەیەك بۆ بژێوی؟

ئازاد بەرزنجی: لە كوردستاندا زۆر زەحمەتە نووسەر و وەرگێڕ بۆ ژیان و گوزەرانیان پشت بە چاپكردنی كتێبەكانیان ببەستن. لە دۆخێكی وەكو ئەمڕۆدا و لە كۆمەڵگایەكی (ناكتێبی)ی وەكو كۆمەڵگای كوردیدا، كە كتێب خوێندنەوە نەبووەتە كولتوور و كتێب وەكو كەمالیاتێك سەیر دەكرێ نەك وەك پێداویستییەكی ڕۆحی و فیكری و مەعنەوی و هەموو شتەكان بە ئاڕاستەی بێبەهاكردنی مەعریفە و داهێنان و ئەدەب كاردەكەن، مەحاڵە ئەدیب بتوانێ لەسەر فرۆشتنی كتێبەكانی بژی و بژێویی خۆی پێ دابین بكات.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە