لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری بەختیار عەلی لادرا

رووداو - سلێمانی

لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری رۆماننووسی کورد بەختیار عەلی لادرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 19-2-2018 لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری بەختیار عەلی، نووسەر و شاعیر لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی لادرا.

پەیکەرتاشەکە دەڵێت، هەموو گەلێک چانسی ئەوەی نییە ببێتە خاوەی کەسی وەک بەختیار عەلی، بۆیە دەبێ تاوەکو لە ژیاندایە ماندووبوونەکانی بەرزبنرخێندرێن.

لە کۆتایی ساڵی 2017  بەختیار عەلی خەڵاتی جیهانیی نیلی زاكس-ی لە بواری ئەدەب وەرگرت، خەڵاتەكە لەلایەن پارێزگاری شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیاوە بەو نووسەرە كوردە بەخشرا، بەو جۆرە بەختیار عەلی، ناوی چووە لیستی نووسەر و ئەدیبە نێودارەكانی جیهان.

خەڵاتی نیلی زاكس، خەڵاتێكی ئەدەبی جیهانییە، دوو ساڵ جارێك دەدرێتە ئەو كەسایەتییانەی كە لەبواری ئەدەبیاتدا جێدەستیان دیارە.

بەختیار عەلی کێیە؟



بەختیار عەلی لە ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. منداڵی هەر لەوێ ژیاوە، قۆناخی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام خوێندەوە و دواتر لە ناوەندی ئەزمەڕ و دواناوەندی  هەڵکەوت قوتابی بووە.

لە زانکۆی سلێمانی چووەتە بەشی جیۆلۆجی و کاتێک زانکۆی سلێمانی داخراوە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر درێژەی بە خوێندن داوە.

لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەستدەکات بە نووسین و دەستپێکی بە شیعر دەبێت. ئەزموونەکانی زۆر سەرەتای لە بۆنەی جیاواز جیاوازدا فەوتاون. ئەمڕۆ تاکە بەرهەمی ئەو سەردەمە کە لە بەردەستی خوێنەراندا بێت، قەسیدەی درێژی نیشتیمانە. بۆئەوەی لە سوپای عێراقیدا نەبێتە سەرباز، دەچێت بۆ ئێران و نزیکەی هەشت مانگ لە شاری کەرەج لە کەمپێکی پەنابەراندا دەژی، بارودۆخی دژواری کەمپەکە و بێهیوایی وادەکەن بگەڕێتەوە و ماوەیەکی درێژ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بمێنێتەوە. 

لە ساڵانی هەشتاکاندا قەسیدە درێژەکانی وەک «شار» و «کەرنەفاڵ» و «گوناهـ» دەنووسێت. هەر لەو ساڵانەدا و لە چیاکانی سەر سنووردا و لە گەرمەی شەڕی ئێران ـ عێراقدا دەستنووسی یەکەمین رۆمانی خۆی «مەرگی تاقانەی دووەم» ئامادەدەکات. 

بەختیار عەلی لە مانگی نۆی ساڵی  1989 دا یەکەمین بەرهەمی لە رۆژنامەیەکی ئەو سەردەمەدا بڵاودەبێتەوە.  لە ساڵی 1990دا قەسیدە درێژی "عەشق" دەنوسێت و لە ساڵی 1992 دا یەکەمین کتێبی خۆی «گوناهـ و کەرنەفال»  بە چاپێکی زۆر کەم و سەرەتایی بڵاودەکاتەوە. 

لە بیست رۆژی یەکەمی دوای راپەڕینی ساڵی 1991دا لەگەڵ ژمارەیەک نووسەری دیکەدا ژمارەی یەکی گۆڤاری «ئازادی» دەردەکەن. لە پاییزی ساڵی 1991 دا یەکەمین کۆڕی خۆی بە ناونیشانی «ئازادی لە فیکری غەربیدا» پێشکەشدەکات. 

لە ساڵی 1996دا لەگەڵ هەمان ەۆشنبیرانی گروپی گۆڤاری ئازادیدا، گۆڤاری ەەهەند دادەمەزرێنێت. 
لە ساڵی 1998 دا رۆمانی "ئێوارەی پەروانە" بڵاودەکاتەوە. ئیدی لەو کاتەوە خۆی بە تەواوی بۆ کاری نووسین تەرخاندەکات، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کتێبی شیعری و رۆمان و بەرهەمی فیکری نووسیووە. لە ساڵی 1989ـوە تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشی هەرە زۆری رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا نووسینی بڵاوکردووەتەوە. 

ئێستا چەندین ساڵە لە ئەڵمانیا لە شاری کۆڵن دەژی. 


داڕشتنەوە: حەکیم داود