نۆبڵەکەی بۆب دیلەن مشتومڕ دەنێتەوە

رووداو ـ هەولێر

خەڵاتی نۆبڵ، وەکوو زۆربەی خەڵاتە ئەدەبییەکانی دیکە، هەمیشە قسەوباسی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێ؛ لەوانەش: “ئایا براوەی ئەمساڵ شایستە بوو؟”.. “ئایا ئەدیبێکی دیکە لە ناو هەمان لیستدا شایستەتر نەبوو؟” خەڵاتەکەی ئەمساڵ نەک هەر قسەوباس بەڵکو مشتومڕ و رەخنەی زۆریشی لێکەوتەوە؛ پرسیاری زۆربەی رەخنەگەرانیش ئەوەیە ئاخۆ بۆب دیلەن، براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکە، دەچێتە خانەی ئەدیبەکانەوە؟ ئایا شیعری گۆرانی دەکەوێتە خانەی ئەدەبیاتەوە؟

رۆژی پێنجشەممە 13ی تشرینی یەکەم، سەرۆکی هەمیشەیی ئەکادیمیای سویدی، سارا دانیوس، لە کاتی خوێندنەوەی ناوی براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکەدا رایگەیاند کە هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بە بۆب دیلەن “ئافراندنی شێوازی دەربڕینی شاعیرانەی نوێیە لە نێو نەریتی لیریکی ئەمریکیدا”. دانیوس جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە “بڕیارەکە بڕیارێکی قورس نەبووە”.

بۆب دیلەن، کە ناوە فەرمییەکەی رۆبێرت ئالن زیمەرمانە، لە 24ی ئایاری 1941 لە شاری دەلووس، لە ویلایەتی مینیسوتا لە ئەمریکا لە دایک بووە. ئەو بە رەچەڵەک جووە و باوانی باوکی لە پارێزگای قارس لە باکووری کوردستان نیشتەجێ بوون.

ساڵی 1962 لەژێر کاریگەریی ناوی دیلەن تۆماس، شاعیری وێڵزی، ناوی خۆی بۆ رۆبەرت دیلەن و دواتریش بۆب دیلەن گۆڕی. لە هەڤپەیڤینێکدا لە ساڵی 2004 بەم شێوەیە باسی هۆکاری ناوگۆڕینەکەی خۆی کرد: “ئێمە لە دایباوکێکەوە دەبین کە دایباوکی ئێمە نین، ناوێکمان لێدەنرێ کە ناوی ئێمە نییە. ئەمە شتێکە بەردەوام روودەدات. تۆ دەتوانی هەر ناوێک کە خۆت حەزت لێیە لە خۆتی بنێی”.

لە ساڵی 1960 بۆب دیلەن لە مینیسوتاوە رووی لە نیۆیۆرک کرد، بۆ ئەوەی ببێ بە شوێنکەوتووی وودی گوسری، گۆرانیبێژ و لیریکنووسی بەناوبانگی ئەمریکی، هەر لەویشەوە تێمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی نێو ئاوازەکانی بە میرات وەرگرت. لە نیویۆرک کلوبەکان یەکەم پێگەی دەرکەوتنی ئەو گەنجە 21 ساڵانە بوون. هەر لەوێشەوە بە جۆن هامۆند، بەرهەمێنەری موزیک لە کۆمپانیای کۆڵۆمبیا رێکۆردز، ئاشنا بوو.

لە تەمەنی 22 ساڵیدا یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی “بۆب دیلەن” بە هاوکاریی کۆڵۆمبیا رێکۆردز بڵاوکردەوە، بەڵام سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا و تەنها 5 هەزار دانەی لێ فرۆشرا.
 ساڵی 1962 ، دیلەن بە لیریک و ئاوازی “Blowin in the Wind” (هەناسەدان لە بادا) نەک هەر وەڵامی رەخنەگرانی دایەوە، بەڵکو ئەمە  بوو بەو شیعر و ئاوازەی دیلەنی پێ دەناسرێتەوە. ئەم گۆرانییە لە ساڵی 2004 خرایە نێو تەلاری ناودارانی گرێمی و لە لایەن گۆڤاری رۆڵینگ ستۆنەوە لە کۆی 500 لیریکی بەناوبانگی جیهانی، لە پلەی چواردەیەم دانرا.

 بۆب دیلەن وردە وردە وەکوو موزیسیەنی ناڕەزایەتییەکان ناوی دەردەکرد، بەڵام لە 1964 خۆی لە بزووتنەوە کرێکاری و مەدەنییەکان دوورخستەوە، لە حوزەیرانی هەمان ساڵیش و بە یەک ئێوارە ئەلبوومی “Another Side of Bob Dylan” (دیوێکی دیکەی بۆب دیلەن)ی ئامادەی بڵاوکردنەوە کرد، کە ژمارەیەک گۆرانی خۆشەویستی لەخۆدەگرت. دیلەن هەستی کردبوو بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکان بەکاریان هێناوە. بەشێک لەم هەڵوێستەی بۆب دیلەن پەیوەندی بە تایبەتمەندی کەسێتیی گۆشەگیر و شەرمنی ئەوەوە هەیە کە لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی هونەریدا بینراوە.

هەڵبەت ئەمە سەرەتایەکیش بوو بۆ ئەوەی شێوازەکانی دیکەی موزیک و لیریک تاقی بکاتەوە. ئەو بە ژمارەیەکی زۆر ستایل گۆرانی گوتووە، لەوانەش فۆڵک، فۆڵک رۆک، رۆک، کانتری، بلووز و راک ئەند رۆڵ.

کاردانەوەکان:

نۆبڵی ئەدەبیی ئەمساڵ شۆک بوو. ئەوە یەکەمجارە لە ماوەی 115 ساڵی رابردوودا شاعیرێکی گۆرانی یان کەسێکی سەر بە کولتوورە جەماوەرییەکە خەڵاتی نۆبڵ بەرێتەوە. کێشەکەش تەنها ئەوە نەبوو ئاخۆ بۆب دیلەن شایستەی خەڵاتەکە بوو یان نا، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئاخۆ کەسێک کە لە بنەڕەتدا بە گۆرانیبێژ و موزیسیەن ناسراوە دەکرێ ئەسڵەن کاندیدی خەڵاتەکە بێ.

سەلمان روشدی، رۆماننووس و نووسەری بەریتانی بەڕەچەڵەک هیندی، بەمجۆرە وەڵامی رەخنەگرانی خەڵاتەکەی ئەمساڵی دایەوە: “سنوورەکانی ئەدەبیات خەریکە فراوانتر دەبێتەوە و دڵخۆشم بەوەی ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵ دانی بەم راستییەدا نا”. ئەندرو مۆشن، شاعیر و رۆماننووسی بەناوبانگی بەریتانیش، گوتی کە لیژنەی نۆبڵ بە بەخشینی ئەم خەڵاتە “دانیان بە بەهرەی دیلەندا نا”.

ئالێکسیس پێتریدیس، رەخنەگری ئەدەبیات و هونەر لە رۆژنامەی گاردیەن، لە وەڵامی روشدی و لایەنگرانی خەڵاتەکەی ئەمساڵدا باسی ئەوەی کرد کە لیریک ناتوانێ بەشێک لە ئەدەبیات بێ، “لەبەر ئەوەی ئەمجۆرە دەقانە بۆشاییەکیان تێدایە کە دەبێ موزیک پڕی بکاتەوە”، هەر بۆیە “هیچ کەسێک دانانیشێ لیریکێک بخوێنێتەوە، وەکوو چۆن دەقێکی شیعری دەخوێنێتەوە”.
 پێتریدیس پێیوایە ناکرێ خەڵاتێک کە تەنیا ئەدەبییە، بە کەسێک بدرێ کە لە بنەڕەتدا موزیسیەنە و ناوبانگە ئەدەبییەکەشی بۆ مۆسیقاکەی دەگەڕێتەوە.

ئاننا نۆرس، رەخنەگری ئەدەبیات، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “بۆب دیلەن شایستەی خەڵاتی نۆبڵ نەبوو”، نەک هەر لەبەر ئەوەی دیلەن لیریکنووسە و ئەدیب نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە خەڵاتەکەی ئەمساڵ هیچ خزمەتێک بە ئەدەبیات ناکات، وەک چۆن هیچ خزمەتێکیش بە دیلەن ناکات کە هەتا ئێستا چەندین خەڵاتی موزیکی جیهانی، لەوانەش گرامی و ئۆسکاری بردووەتەوە.

بەڕای نۆرس “لە کاتێکدا کە خوێندنەوەی ئەدەبیات رووی لە کزی کردووە، خەڵاتە ئەدەبییەکان بایەخێکی زۆریان هەیە”، لەبەر ئەوەی خەڵاتەکە دەکرێ سەرلەنوێ ژمارەی خوێنەرانی ئەدیبێکی ناسراو بەرز بکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەخشینی خەڵاتێکی وەک نۆبڵ بە رۆماننووس یان شاعیرێک دەشێ ئاماژەیەکیش بێ بەوەی “ئەدەبیات هەتا ئێستاش گرنگە”.

رەنگە لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بە نیازبووێت بەم بڕیارەی ئەمساڵ رێچکەیەکی نوێ بە خەڵاتەکە بدەن. نۆرس پێیوایە بۆ ئەم مەبەستەش بژاری زۆر گونجاوتر لە بۆب دیلەن لەبەردەست بوون، لەوانەش کەسانێک کە تازەگەرییان لە فۆرمە ئەدەبییەکاندا کردووە، یانیش نووسەرێکی خەڵکی وڵاتە هەژارەکان کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگای خۆی هەیە.

شەوی پێنجشەممە، بۆب دیلەن لە لاس ڤیگاس کۆنسێرتێکی ساز کرد، بەڵام بە بە یەک وشەش ئاماژەی بەو خەڵاتە نەکرد کە لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا یەکەمجارە بە کەسێکی خەڵکی ئەمریکا دەبەخشرێ.