تیمساحە ئەفسووناوییەكان

فەدوا عەبوود
وەرگێڕانی: سەنگەر زراری

كەس نازانێ كێ نیگاری ئەم تابلۆیەی كێشاوە؟!

تابلۆكە سەرانسەری دیواری باڵەخانەی زانكۆی داگرتووە. وا دێتە بەرچاو كە نیگاركێشێكی مەست بەهەڕەمەكی فڵچەكەی ڕاوەشاندبێ. 

تابلۆكە بووەتە جێسەرنجی سەردانكەران و مێشكی ئەو قوتابیانەشی جۆشداوە كە بەناو ڕاڕەوەكەدا بڵاوبوونەتەوە. هەندێ لەو مامۆستایانەی سەیری تابلۆكەیان دەكرد، بەهۆی ئەم سەیركردنەوە گلەییان لە ئازاری سینگ و دڵئێشە دەكرد و دەستیان دەلەرزی.
هەموو شتێك ئاسایی بوو، تا ئەوكاتەی تابلۆكە بێدەنگیی شکاند.

لە كۆنەوە دەگوترێ، هەندێ تابلۆ دواهەست و سۆزی نیگاركێشەكەیان لە ناخی خۆیاندا هەڵگرتووە. دەگێڕنەوە: پاشایەك لە گەدایەك، كە حوكمی لەداردانی بەسەردا سەپێنرابوو، دەپرسێ ئاخۆ دوا ئاواتی بەر لە مردنی چییە؟! ئەویش گوتوویەتی: دەمەوێ تابلۆیەك بكێشم. پاشا ڕێگەی ئەوەی پێدەدا، دەستەیەك قەڵەمڕەنگی بۆ دێنن و نیوڕۆژیش كاتی دەدەنێ بۆ ئەنجامدانی كارەكەی.

بەیانیی ڕۆژی دواتر و دوای ئەوەی حوكمی لەداردانەكەی جێبەجێ كرا، لە ژووری بەندییەكەیدا، تابلۆیەك دەدۆزنەوە كە تیایدا وەستایەكی دروستكردنی شمشێر، شمشێرێكی لەسەر ئاگرێك سووركردووەتەوە و دەیكوتێت، نامەیەكیشی لە تەنیشتە. كاتێ تابلۆكەیان پێشانی پاشاكە دا، لە بڕیاری لەداردانەكەی پەشیمان بووەوە، بەهۆی ئەوەی كاتی ئەوەی پێ نەدابوو شمشێرەكەی بەتەواوی دروست بكات و ساف و لووسی بكات. فەرمانی دا تابلۆكە لە ژووری نووستنیدا هەڵواسن و لەژێری بنووسن: "دیاری لە نیگاركێشی نیگاركێشانەوە بۆ پادشای بەخشندە، كە نیوڕۆژ و قوتوویەكی تەواوی قەڵەمڕەنگی پێبەخشی".

ڕۆژی پاشتر، پاشا كە هیچ پاسەوانێكی لەكن نەبوو، بە كوژراوی دۆزرایەوە. وەستای دروستكردنی شمشێرەكەش لە تابلۆكەدا بزر بوو. خوێن لە شمشێرەكە دەتكا و لە تەنیشت سەری بڕاوی پاشا دانرابوو.

هیچ یەكێك لە مامۆستاكانی زانكۆ باوەڕیان بەم جۆرە حیكایەتانە نەبووە، لایان وابوو كە ئەم جۆرە بابەتانە تەنیا لە "هەزار و یەك شەوە"دا هەیە. بەڵام ئەم تابلۆیەی ئێستا بەرامبەر نووسینگەكانیان دانراوە، بارودۆخەكەی گۆڕیوە. هەموو بەیانییەك مامۆستاكان هەست بە شتێكی نوێ دەكەن. هەندێ ڕۆژ دڵۆپەئاو لەسەر ڕووی تابلۆكە دەبینرێ و قەوزە ڕووی داپۆشیوە، قەوزەكە ڕۆژانە وردە وردە زیاد دەكات، ڕۆژانی دواتر لەناو تابلۆكەدا چەند سەرە تیمساحێك بەدیار كەوتن.

تیمساحەكان بە دوو چاوی زەرد و زەقەوە دەیانڕوانییە ڕێبواران، بزر دەبوون و سەرلەنوێ بەدیاردەكەوتنەوە. كەس نەیدەوێرا ئەوە بدركێنێ كە چی بینیوە؟! بەڵام دوای ئەوەی شانی قوتابییەك شكا و قوتابییەكی دی زیڕەی كرد و تۆقی، ڕاگرایەتی بەشەكە داوای كۆبوونەوەی كرد و بڕیاری لادانی تابلۆكەیان دا.

كرێكارەكان سێ ڕۆژ خەریكبوون تا تابلۆكەیان لەسەر دیوارەكە سڕییەوە. بۆ بەیانیی ڕۆژی چوارەم، تابلۆكە وەكو خۆی و لە شوێنی خۆی بەدیاركەوتەوە. هەفتەی پاشتر نیگاركێشێكی بەناوبانگیان هێنا بۆ ئەوەی تابلۆكە بسڕێتەوە، دوو ڕۆژ دوای كاركردن و پێش ئەوەی نیگاركێشەكە كارەكەی تەواو بكات، بەهۆی "تا"وە گیانی لەدەستدا. نیگاركێشێكی دی پێیگوتن سڕینەوەی ئەم تابلۆیە ئەستەمە و ئەو پێشتر مامەڵەی لەگەڵ ئەم جۆرە تابلۆ نەفرەتیانەدا كردووە.

"ئەی چار چییە؟!" ڕاگری زانكۆ پرسی.

"چارەسەر لای منە"، نیگاركێشەكە بەمجۆرە وەڵامی دایەوە و وای بەباش زانی كارەكە بە شەو بكرێ.

نیگاركێشەكە لە نیوەشەودا هەوڵی دا وێنەی تیمساحەكان لەڕێگای دروستكردن و زیادكردنی وێنە و ڕەگەزی دیكە لەناو تابلۆكە بزر بكا، بۆ نموونە وێنەی دەموچاویان دەستكاری  بكات و شێوەیەكی جوانیان پێ بدا، وێنەی ژمارەیەك پەپوولە لەسەر ڕووی تابلۆكە دروست بكات و وێنەی ڕووبارە تەڵخەكەش بە ڕەنگی شین ڕەنگ بكات، بەڵام هەموو ئەمانە سوودیان نەبوو، نیگاركێشەكە وای بیردەكردەوە بەگۆڕینی شكڵ و شێوەیان، تیمساحەكان بگۆڕێن بۆ بوونەوەری ماڵی و بەسۆز، بەڵام هەر ئەوەندەی دەستی بۆ دەموچاوی یەكێكیان درێژكرد، كارەساتەكە ڕوویدا، بۆ بەیانی بینییان تەختەی وێنەكێشانەكە و قەڵەمڕەنگەكان تێكەڵ بە خوێن بوونە.

لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی دەستەی خوێندندا، هەندێك پێشنیاری ئەوەیان كرد كە دیوارەكە بەتەواوی بڕووخێنرێ، بەڵام ڕاگری زانكۆ، پاش ئەوەی بینی نیگاركێشەكان چییان بەسەرهات! لەم پێشنیارە ترسا و ڕەتیكردەوە، مۆڵەتی هەفتەیەكی پێدان بۆ ئەوەی بیربكەنەوە و چارەسەرێك بدۆزنەوە، كاتەكە تێدەپەڕی و ڕاگریش چاودێریی تابلۆكەی دەكرد.

هەندێ جار تابلۆكە وادەردەكەوت بەتاڵە و هەندێ جاریش تیمساحی گەورەی تێدا بەدیاردەكەوتن، كە بە چاوی تیژ لە قوتابییەكانیان دەڕوانی، جارانی دواتر، تیمساحەكان لە نووسینگە داخراوەكانی مامۆستایانیان دەڕوانی كە بۆنی گرمخایان لێ دەهات و مامۆستاكانیش بۆ خۆحەشاردان لە چاوی ئەوان، ناچاربوون كۆبوونەوە نهێنییەكانیان لەگەڵ قوتابیان، بگوازنەوە بۆ ئەپارتمانە كەمنرخەكانی دەرەوەی زانكۆ.
پاش چەند ڕۆژێك، بارودۆخەكە خراپتر بوو، مامۆستاكان بینییان دەرگای نووسینگەكانیان كراوەتەوە، دەفتەری تاقیكردنەوەكان سەح دراون و هێمای هەڕەمەكییان لەسەر نووسراوە، هەندێ لە دەفتەرەكان كە سپی بوون و هیچیان لەسەر نەنووسرابوو، پلەی زۆر بەرزیان پێدرابوو، كەچی ئەو دەفتەرانەی وەڵامەكانیان تەواو بوو، سفریان پێدرابوو.

قوتابییە كەوتووەكان لەبەردەم نووسینەگەكان کۆبوونەوە و سكاڵایان دەكرد، سكاڵای قوتابیان نەك هیچ سوودێكی نەبوو، بەڵكو شڵەژان و ئاژاوەكەشی زیاتر كرد. مامۆستاكان دەیانبینی موحازەرەكان بە ئامادەكراوی لەسەر مێزەكانیانە، ڕەشنووسی موحازەرەكان پڕبوون لە ڕستەی گاڵتەئامێزی وەكو: ڤۆڵتێر بووەتە گۆرانیبێژ و ئەنیشتاین بووەتە بیرمەندێكی بوونگەرا و دیكارت لە فەیلەسووفە عەبەسییەكانە. لەگەڵ ئەمانەشدا، چەند پارچە كاغەزێكیان دۆزیەوە كە هۆشداری ئەوەی پێدەدان، بە هیچ شێوەیەك لەمەی بۆیان نووسراوە لانەدەن!

ڕاگری زانكۆ بێ ئەوەی بیانخوێنێتەوە، بڕیارەكانی ئیمزا دەكرد، قوتابییەكان وایان بڵاوكردەوە كە تیمساحەكان لەجیاتی ڕاگر، نووسراوەكان ئیمزا دەكەن، بەڵام كەس ئەمەی بە ئاشكرا و ڕاشكاوی نەدەگوت. تەنانەت هیچ قوتابییەكیش بەدەر نەبوو لە كاریگەربوون بە تیمساحەكان، بە پەرتوبڵاوی بەناو ڕاڕەوی زانكۆكەدا هاتوچۆیان دەكرد و جگە لە بەخت و ڕێكەوت، باوەڕیان بە هەموو شتێكی دی لەدەستدابوو.

بەیانییەك یەكێك لە قوتابییەكان گاڵتەی لەگەڵ پشیلەیەكی بچووك دەكرد، كاتێك پشیلەكەی بۆ ئاسمان هەڵدا، یەكێك لە تیمساحەكان قووتی دا و بە قوتابییەكە پێكەنی، لەدوای ئەم ڕووداوە، قوتابییەكان وایان لێهات، لە تیمساحەكان نزیك دەبوونەوە و لەجیاتی كتێب، جانتاكانیان پڕی مشك دەكرد، هەندێ لە قوتابییەكان كەروێشكیان بۆ تیمساحەكان دەهێنا و هەندێكیان مریشكیان بۆ هەڵدەدان. بەتێپەڕینی كات، مامۆستاكانیش هەمان ئەو شتەیان دووبارە دەكردەوە كە قوتابییەكان دەیانکرد، وای لێهات تیمساحەكان بەو مشك و كەروێشكانە تێر نەبن كە بۆیان دەهێنرێ و جیڕەی ددانیان دەهات و بەتووڕەییەوە تەماشای قوتابییەكانیان دەكرد.

ڕاگرەكە چەند هەوڵی دا چارەسەرێك بدۆزێتەوە، بێسوود بوو، تا بڕیاری دا: "دیوارەكە دەڕوخێنین و دەیخەینە ناو ڕووبار".

"ئەمە چارەسەرە"، مامۆستاكان، كە لە نووسینگەكەی ئەودا كۆببوونەوە، وایان گوت و چەپڵەیان بۆ لێدا.

بەیانیی ڕۆژی دواتر، كاتێ لە دەرگا چوونە ژوورەوە، بینییان تابلۆكە گەورە و فراوان بووە و هەرچوار لای دیوارەكەی داگرتووە، پێش ئەوەی كرێكارەكان دەست بە ڕووخانی دیوارەكان بكەن، ئاوی ڕووبارەكە زیادی كرد و لەناو گێژەڵووكەكەدا تیمساحی گچكە و گەورە بەدیاركەوتن و كەوتنە سەر زەوییە مەڕمەڕكە، پاشان ئاوی بەخوڕ بەرەو دەرگای دەرەوە ڕایماڵین، لەوێوە تیمساحەكان سەرپێ كەوتن و ئاوەكەش زیاتر هەڵقووڵا و بەرەو شارەكە ڕاكشا.

فەدوا عەبوود (فدوی العبود): ژنە چیرۆكنووسێكی سوورییە.

سەرچاوە:

https://www.alaraby.co.uk/texts/2018/7/11/التماسیح-السحریە-1