دانا رەئووف شانۆی (من و تۆ لەگەڵ بادا) بڵاودەكاتەوە

رووداو - هەولێر

(من و تۆ لەگەڵ بادا)، نوێترین دەقی شانۆیی دانا رەئووف، شانۆنامەنووسی كوردە و بڕیارە لە 27ی ئەم مانگە لە رۆژی جیهانیی شانۆدا بڵاوبكرێتەوە.

دانا رەئووف، بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "(من و تۆ لەگەڵ بادا) دەقێكی شانۆییە كە لە سێ بەش پێكهاتووە، لە دووتووێی كتێبێكدا چاپكراوە و لە 27ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی جیهانیی شانۆ، بڵاودەكرێتەوە.

لەبارەی دەقەكەشەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەرسێ بەشەكەی بە ماوەیەكی كورت و لە قۆناغێكی هەستیاری ژیانیدا نووسراون، هەر سێ بەشەكەش یەكدی تەواو دەكەن و پێكەوە چیرۆكی ژیانی پیاو و ژنێك، لە ماوەی چل ساڵی تەمەنیاندا دەگێڕنەوە.

دانا رەئووف گوتیشی كە هەردوو كارەكتەرەكان، هەر هەمان كەسن لە هەر سێ بەشەكەدا، بەڵام لە قۆناغی جیاوازی تەمەنیاندا، لە گەنجییەوە تا دەگاتە تەمەنی سەرووی 60 ساڵی "دەقەكە گەشتێكە لە كۆتایی تەمەنەوە بۆ سەرەتاكانی ژیان و جارێكی دیكە گەڕانەوە بۆ كۆتاییەكان". 

رۆمانەكە نزیكەی (100) لاپەڕەیە و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاودەكرێتەوە.

دانا رەئووف، لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لە سوێد دەژی و تا ئێستا 25 كتێبی بڵاوكردووەتەوە كە سێیان بە زمانی سوێدی نووسراون.