شەش كتێبی عارف قوربانی بە ئینگلیزی بڵاودەكرێنەوە

رووداو - هەولێر

شەش كتێبی نووسەر و رۆژنامەنووس عارف قوربانی كە لەبارەی ئەنفالەوە نووسیونی، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە مەراسیمێكدا بڵاودەكرێنەوە.

عارف قوربانی بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: پێنج لە كتێبەكان گێڕانەوەی رووداوەكانی ئەنفالن لەلایەن پێنج كەسایەتی كوردەوە كە لە كاتی گوللەبارانكردن و زیندەبەچاڵكردندا رزگاریان بووە، كتێبێكی دیكەش چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئەنفالە لە زاری شۆفێری یەكێك لەو شۆفڵانەی كە خەڵكیان زیندەبەچاڵ دەكرد". 

قوربانی لەبارەی كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكانی گوتی: "رۆژی 20ی نیسان لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان، لە هەولێر كتێبەكان بڵاودەكرێنەوە".

عارف قوربانی، نووسەر و رۆژنامەنووس، ساڵی 1970 لە كەركووك لەدایكبووە. بكالۆریۆسی لە راگەیاندن هەیە. پێشتر ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە و ئێستا وەكو نووسەری بێلایەن لە بواری جینۆساید دەنووسێت و یەكێكە لە گۆشەنووسە بەردەوامەكانی (رووداو). تاوەكو ئێستا 40 كتێبی چاپ و بڵاوكردوونەتەوە.