كتێبی "تاوانەکانی رژێمی بەعس لە کوردستانی عێراق" خرایە بازاڕ

رووداو- تاران

کتێبی "تاوانەکانی رژێمی بەعس لە کوردستانی عێراق"  لەڕوانگەی یاسای سزادانی نێودەوڵەتی، بە زمانی فارسی چاپكرا و خرایە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

ئەو کتێبە لە لایەن نووسەری کورد فاروق ئەمینی بە زمانی فارسی نووسراوە و لە سێ بەشدا ئاماژە بە تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق دەرحەق بە میللەتی کورد لە روانگەی یاسای سزادانی نێودەوڵەتی دەکات.

لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- جوگرافیایی باشووری کوردستان و مێژووی حیزبی بەعس و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەک جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی ئەو حیزبە دەکات.

لە بەشی دوومی کتێبەکەدا، تاوانەکانی رژێمی بەعس لە باشووری کوردستان خراونەتەڕوو و لە بەشی سێیەمیشدا، لە تایبەتمەندی دادگاکان بۆ بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی بەعس کۆڵدراوەتەوە.

نووسەر بە پشتبەستن بە بەڵگگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان روونیدەکاتەوە کە رژێمی بەعس لە باشووری کوردستان تاوانی جەنگی، تاوان دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی کردووە و بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانە، پێویستی بە دادگای نێودەوڵەتی تایبەتە.

نووسەر هەروەها شیکردووەتە "بەپێی ئەوەی کە ئەو تاوانانە دژی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بوون، هیچکات ناچنە نێو زەمانێکی دیاریکراو و لەهەر کاتێک دەتواندرێت بەدواداچوونیان بۆ بکرێت".

فاروق ئەمینی لەدایکبووی شاری نۆدشەی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و کارناسی یاسای سزادانە.