خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی ''پیاوێک لە حەمامی جووەکان''

(پیاوێک لە حەمامی جووەکان) وەکوو رۆمانێک کە دەیەوێ دیمەنی بێدەرەتانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوینی لە بەرزەخی پاشمۆدێرنیتەی ئەوروپا و پێش
 
مۆدێرنیتەی کوردستانمان پیشان بدات، لەمەدا سەرکەوتوو بووە ئەگەرچی رووداوەکان و بە گشتی رەوتی رۆمانەکە مینیماڵیزە کراوە  و نەیتوانیوە وەکوو رۆمانێکی گەورە هەڵسوکەوت بکات. کە دەڵێم گەورە مەبەستم بەتەنیا قەبارە نییە. من پێموایە گێڕانەوە لە کارلێک لەگەڵ زەمانێک کە لە گێڕانەوەدا باس کراوە و نیسبەت بەو زەمانە دەبێ قەبارە بۆ خۆی دیاری بکات. رۆمانێک کە باسی لانیکەم چەندین مانگ ژیان دەکات و چەندین ساڵ بیرەوەری کە وەکوو فلاشبەک بۆیان دەگەڕێتەوە، دەبوو دەرفەتی زیاتری بە خوێنەر دابا و وردەکاری زیاتری باس کردبا و ئەرکی گواستنەوەی هەستی ژینگەی رۆمانەکەی بۆ خوێنەر باشتر ڕاپەڕاندبا. وەکوو تۆڵستۆی دەڵێ هونەر دەبێ بتوانێ ئەو ئەزموونە بگوازێتەوە بۆ بەردەنگ کە هونەرمەند (نووسەر) هەیبووە. بۆیە پێموایە ئەم مینیماڵیزە کردنەی نووسەر لەم سۆنگەیەوە بە زیانی باری فەننی رۆمانەکە تەواو بووە. بەڵام بۆچی وایە؟

روانگە و گۆشەنیگا

لە راستیدا روانگەی نووسەری ''پیاوێک لە حەمامی جووەکان'' روانگەی نووسەرانە نییە بەڵکوو ڕوانگەیەکی دەرهێنەرانەیە. واتە لە خوێندنەوەی رۆمانەکەدا بەردەنگ هەست دەکا خەریکە سەیری فیلمێکی سینەمایی مۆدێڕن دەکا کە لە چەند کورتە فیلمی سادە و ناتەواو پێکهاتووە و کۆی ئەم کورتە فیلمانە لە کەسایەتی ''پیاوێک''دا یەکدەگرنەوە و لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و فیلمەکە پێکدێنن. کەواتە خاڵی قورسایی هەموو رۆمانەکە (فیلمەکە) پیاوێکە کە بە هۆی گۆشەنیگای گێڕانەوەی یەکەم کەسەوە دەبێتە خودی نووسەر. هەرچەند لە کۆتاییدا بە هێنانە کایەی بابەتی نامەیەکەوە نووسەر هەوڵ دەدا ئەمە لە کۆڵ خۆی داماڵێ، بەڵام تازە درەنگە و خوێنەر بڕیاری خۆی داوە کە هەڵبەت شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕدرێ. 

لە راستیدا بەشی کۆتایی رۆمانەکە جگە لەو مەبەستەی باس کرا و پێموایە تێیدا سەرکەوتوو نەبووە، مەبەستێکی سەرەکیتری هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ریتمی لە ناکاو هێورکراوەی رۆمانەکە لە بەشی پێش خۆیدا، واتە بەشی ''ئازادی''، کەمێک ناسروشتی تەواو بووە کەڤەر بکات. دیسان ریتمەکە لە یەکدیتنی کەسایەتی ڕۆزا و ئەلیاس- دا کەمێک توند دەکاتەوە و لەو مردووییە کە لە دوای رزگاربوونی پاڵەوانی چیرۆک لە زیندانی سوورەکان تووشی کارەکە بووە، دەریدێنێ و ئەمجار بە کۆتاییەکی کراوە و لە ریتمێکی تەواو گونجاودا خوێنەر لەگەڵ خەیاڵی خۆی بەجێدێڵێ. 

هەرجار کە خاڵێک دادەنرێ، پلانێک تەواو بووە و هەرجار کە لاپەڕە هەڵدەدرێتەوە پلان سکانسێک کات دراوە و هەرجار کە چاومان بە ناوێکی دیکە دەکەوێ، دەزانین کە وەرزێکی تازە دەستیپێکردووە. ''کلۆزئاپ''ەکانی نووسەر (دەرهێنەر- کامێرامەن) لەسەر پاڵەوانی سەرەکی کارەکە بە هێنانەوە بیری تامی لە ڕادەبەدر ناخۆشی دەم و ددانی شکاو و دەموچاوی شین و رەشکراو و ئاماژە بە لاق لە ئاو ژەنین لە سەرمای زستاندا و ... هەموو ئەمانە و ئاماژەکانی دیکە وا دەکەن کە خوێنەر هەست بکا خەریکی سەیرکردنی فیلمێکە نەک خوێندنەوەی رۆمانێک. بەڵام دیتنی دیمەن و وێنە زۆر جیاوازی لەگەڵ خوێندنەوەی وەسفی وێنە و دیمەندا هەیە. لێرەدایە کە ئەو ئاماژەی وا بە مینیماڵیزەکرانی گێڕانەوەکە دەکەم، گورزی خۆی دەوەشێنێ و لە کۆتاییدا ناتوانێ بەو باشییەی کە چاوەڕوان دەکرێ ئەزموونەکەی خۆی لەگەڵ بەردەنگ بەش بکا و ئەویش تووشی ئەو هەڵامەتە بکات کە خۆی گرتوویەتی. چونکە توانای درکپێکردنی مرۆڤ لە رێگای چاوەوە و لە سەیرکردنی فیلمێکدا زۆر جیاوازە لەگەڵ توانای تێگەیشتن لە مەبەستی نووسەر لەنێو دەقدا، هەر بۆیە خوێندنەوەی کتێبێکی سەد لاپەڕەیی رەنگە سێ کاتژمێر کات ببا، بەڵام هەر ئەو کتێبە ئەگەر دەقاودەق بکرێ بە فیلم رەنگە لە نیو کاتژمێر فیلم زیاتر دەرنەچێ.

دەکرا بە زیاتر پەرژانە سەر کەسایەتییەکان لە هەر وەرزێکدا رۆمانەکە قورس و قایم و پتەوتر بکرایە، بەڵام نووسەر بە باشی زانیوە هەتا دەتوانێ کورتبێژی بکا. هیچ پێم سەیر نابێ ئەگەر ماوەیەکی تر ببیستمەوە ئەم رۆمانە وەکوو فیلمنامە داڕێژراوەتەوە و خودی نووسەر (کە دەستی کامێرامنییشی هەیە) یان کەسانێکی تر دەیانەوێ بیکەن بە فیلمێکی سینەمایی. 

دیالۆگ

خاڵێکی تری گرینگ کە لە رۆمانەکەدا هەیە، جیاوازیی هێزی دیالۆگەکانە کە وا دەکا بەردەنگ هەست بەوە بکات ئەم رۆمانە لە دوو کاتی جیاوازدا نووسراوە. هەر کاتێک دەرفەت بە کەسایەتییەکان دراوە کەمێک درێژدادڕی بکەن و خۆیان دەربڕن، دەبینین کە دیالۆگی جوانتری لێکەوتووەتەوە و هەر کاتێک ئەو دەرفەتە نەدراوە، دیالۆگەکان زۆر ڕواڵەتی و سادە بوونەتەوە. کە هەڵبەت دەکرێ ئەمە لە پڕۆسەی پێداچوونەوە بەسەر کارەکەدا هاتبێ. بەڵام سەرەڕای ئەوەش رۆمانەکە توانیویەتی دیالۆگی کارتێکەری وەکوو گفتوگۆی نێوان تامیل تایگەر و دلێر بخولقێنێ کە لەگەڵ خۆیدا چیرۆکەکە دەبا بۆ کات- شوێنێکی تر و بەبێ ئەوەی پێویست بە ئاماژە و باسکردن بێت، دەبێتە هۆی ''هاوزازانی'' بەردەنگی کورد لەگەڵ کەسایەتی تامیل تایگەر کە پێموایە یەکێک لە سەرکەوتووترین لوتکەکانی ئەم رۆمانەیە.

کەسایەتی

وەک لەسەرێ باسم کرد، کەسایەتییەکان بە هۆی مینیماڵیزە کرانی گێڕانەوەکەوە زۆر بە وردی وەسف نەکراون یان رەنگە نووسەر پێیوابووبێ هەر ئەوەندە بەسە. بەڵام لەم نێوانەدا دوو کەسایەتی گرینگییەکی تایبەتیان هەیە: عەلی و چەتۆ. وێکچوونێکی زۆر لە نێوان هەر دوو کەسایەتیدا هەیە.

عەلی کە رۆمانەکە بەو دەستپێدەکا، ئەگەرچی بە هۆی مردنەوە زوو رۆمانەکە بەجێدەهێڵێ، بەڵام یەکێک لە هەستەکانی یان با بڵێین تایبەتمەندییەکانی پاڵەوانی رۆمانەکە وەها بەرجەستە دەکاتەوە کە هەتا کۆتایی رۆمانەکە خوێنەر بەر نادا. ئەویش تێکشکاوی و هەموو لێکەوتەکانی تری وەکوو شەرمێون بوون، ترسنۆکی و هاوکات بێباکییەکی ناچارە کە لە جێگای جیاجیادا خۆدەنوێنن. هەر لە یەکەم دێڕەکانەوە کە نووسەر دۆخی دلێر لە بەرانبەر عەلیدا بۆ خوێنەر باس دەکا، بە تەواوی دەتوانێ ئەو هەستە بگوازێتەوە کە ئەزموونی کردووە. پەناگرتنی سیاچارەترین مرۆڤ لە ماڵی کەسێکی لە خۆی تاریکتر. لە ماڵی کەسێکی مردوو کە هێشتا ''لە پێش چاوت نان دەخوا و جگەرە دەکێشێ و پیاسە دەکا'' لە دەرەوەش شەختە و سەهۆڵبەندان و پۆلیس و برسێتی و ترس و دیپۆرت چاوەڕێت دەکا. دەسپێکی لوتکە یەک لە دوای یەکەکان لە مردنی فیزیکی هەر ئەم ''مردووە زیندوو'' وە دەستپێدەکا. ئەوکاتەی کە ئەم هیوا ڕەشەیش نامێنێ.

کەسایەتی چەتۆ درێژەی هەمان کەسایەتی عەلییە. بەو جیاوازییەی کە عەلی بڕیاری داوە بمرێ و چەتۆ کە یان نەیوێراوە یان نەیویستووە بمرێ، بڕیاری داوە بەرگە بگرێ. هەرچەند بەرگەگرتنێکی فیزیکی دەنا چەتۆیش بەقەد هەموو کەسایەتییە تێکشکاوەکانی نێو چیرۆکەکە تێکشکاوە، بەڵام بە پەنا بردنە بەر ئەفیون و ''لەمبەری سەربان کەوتنە خوارەوە'' و وەکوو تایگەر تامیل خۆبەدەستەوەدان خۆی راگرتووە و وادەردەکەوێ کە هێشتا دۆخی لە دلێر باشترە. دلێرێک کە لەگەڵ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک حەز ناکا هاوڕێیەتی بکا، بەڵام پێی ناچارە و دەڵێی ناچارە وەکوو چۆن هەتا عەلی مرد لەگەڵی بوو، هەتا مردنی چەتۆیش لەگەڵی بێت. مردنێک کە ئیتر مردن نییە، مردنێک کە دەبێ بە کوشتن (چونکا چەتۆ خۆی ناوێرێ یان نایەوێ بمرێ) کوشتنێک کە ئاماژەی پێدەکرێ، بەڵام هیچ دیمەنێک شایەتی لەسەر نادا. 

لێرەدا شتێک کە بە لامەوە سەرنجڕاکێش بوو، کایەی زیرەکانەی نووسەر بە دوو چەمکی کوشتن و گایینە کە لە رۆمانەکەدا هەردووکیان لەسەر چەتۆ ساخ دەبنەوە. ئەم دووە دوو چارەنوسی جیاوازیان هەیە. دلێر بە کوشتنی چەتۆ تاوانبار دەکرێ لە کاتێکدا هیچ دیمەنێک شایەتی لەسەر ئەمە نادات لە رۆمانەکەدا، بەڵام لە بەرانبەردا دەبینین کە ئەگەرچی یەک وشەیش لەسەر ئەوەی کە دلێر چەتۆی گاوە لە رۆمانەکەدا نییە، بەڵام دیمەنێکی تاریک و روون کە زۆر بە وردیش وەسف کراوە، ئاماژەکانی دواتر شایەتی ئەم رووداوەن. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم دووە یەکتری تەواو دەکەن. واتە یەکدەگرنەوە و تێکەڵ دەبن و چارەنووسی نادیاری دوو پرسیاری ''ئایا کوشتنی چەتۆ بە دەستی دلێر روویداوە؟'' و ''ئایا ئەوەی ئەو شەوە دلێر گای چەتۆ بوو؟'' روون دەبێتەوە. لەولاوە ئاماژەی تامیل تایگەرمان هەیە لەسەر ئازاردانی سێکسی لە شەڕدا کە نموونەی خۆی وەکوو رزگاربوویەک و فەرماندەکەی کە وێدەچێ کوژرابێ یان لە هەمان حاڵەتی لە مردن خراپتردا مابێتەوە، دەگێڕێتەوە و لە گشتییەتی وتەکانی ئەوە هەڵدهێنجرێ کە تەعەداکردنی سێکسی لەسەر کەسێک هیچی لە کوشتنی ئەو کەمتر نییە. کۆی ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی ئەم رۆمانە کە وەک باسم کرد کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی ناتەواوە، یەکبگرێتەوە و وەکوو پازێلێک هەر پارچەیەک لە لایەکەوە تەواوکەری بێت.

پیاوێک لە حەمامی جووەکان، رۆمانێکی ڕەشە، بەڵام ماندووکەر نییە. ڕەشە بەڵام ڕەشێکی بڵح نییە، رەشێکی دنیادیدەیە کە خوێندنەوەی هەم بەچێژە هەم بە سۆ... .