گفتوگۆ وانابێت!


لە سەمتی ئەو بەرنامە تەلەڤزیۆنیانەدا، کە هەر تیڤییەک لەلای خۆیەوە ناوێکی لێ ناوە، ڕەنگە خۆیان بە گفتوگۆ، گەنگەشە، یان بە دیبەیت حسێبی بکەن، لەوێدا دوو ڕکابەر، کە پێشتر خۆیان بۆ ئامادەکردووە و خۆیان دەزانن چی دەڵێن، دەردەکەون. ئەو جووتە ڕکابەرە نزیکەی سەعاتێک وەک کەو بەرانبەر یەک دەخوێنن. ئەوان بەو نیازە ئەرگیومێنت بۆ یەک دەهێننەوە، گوایە دوای ڕەتکردنەوەی ڕاوبۆچوونی یەکودوو ئیتر قەناعەتی یەکتری دەگۆڕن، یان هیچ نەبێت بۆ بینەرانی ڕوون دەکەنەوە کامیان پتر ڕاستیی پێکاوە و لەسەر هەقە. لە حاڵێکدا ئومبەرتۆ ئیکۆ دەڵێت: [زانایانی نوێی کولتوور، جیاوازی وەک ئامرازێک لە ئامرازەکانی مەعریفە سەیر دەکەن. وەلێ یەک لە باری فاشیزم جیاوازی ناپاکییە... دروس فی الاخلاق، ص ٧٤] 

کۆڕگێڕێکی بە حسێب بێلایەنیش لە نێوانیاندایە، دیبەیتەکەیان بۆ بەڕێوەدەبات. نەریت وەهایە، لە کۆتاییدا کۆڕگێڕ بە هەر یەکێک لەو دووە کە ماوەی سەعاتێک لە گفتوگۆی چڕدابوون و ئارەقەی ڕەش و شینیان دەرداوە، دەڵێت: "تکایە لە ماوەی نیو خولەک، یان بیست چرکەدا دوا قسەی خۆت بکە" ئەوانیش وەک ئەوەی لە ماوەی ئەو سەعاتەدا، گوێزیان بۆ یەکتر و بۆ گوێگر و بینەران ژماردبێت، وەک هیچ لە یەکتری فێرنەبووبن و سەری خۆیان و بینەرانیشیان یەشاندبێت، بە مایەی خۆیانەوە کۆتایی بە قسەکانیان دێنن و هەمان ئەو ڕستەیە دووبارە دەکەنەوە کە لە دەسپێکی دیبەیتەکەدا گوتوویانە!

ئەو دووە لە ماوەی ئەو سەعاتەدا، قسەی یەکترییان نەسەلماندووە. هەریەکە هەوڵی سەپاندنی ڕای خۆی داوە. بابەتییانەیش نەدواون. بەڵکو ئەوان بە هەموو توانایانەوە هەوڵی بێدەنگکردن و کپکردنی یەکدییان داوە. ئەوان نەیانویستووە گوێ لە یەکتر بگرن. ئەوەندەی پێیان کرابێت، بواری یەکدیشیان نەداوە. بەڵکو ئەوان پێیان خۆش نەبووە گوێشیان لە دەنگی یەکتر بێت. هەر یەکێک لەوان ویستوویەتی دەنگی بەرانبەر بکات بەژێر دەنگی خۆیەوە. بەرانبەرەکەی ڕاست بووبێت یان چەوت ئەم ویستوویەتی خەفەی بکات. 

لە سەرەتاوە هەریەکەیان بەو زەینەوە بۆ گفتوگۆ هاتووە کە ڕاستی تەنیا لای خۆیەتی. هاتووە دید و هزری ئەویتر لەکەدار بکات و بیشێوێنێت، هاتووە زۆرترین ڕەخنەی لێ بگرێت و زۆرترین خاڵ لە دژی کۆبکاتەوە. ئەم دووە، پێیان وابووە، مادام ئەوان ناکۆکن، یان جیاوازییان لەنێواندا هەیە، کەواتە ئیتر ئەوان دژی یەکن. یەکەم هەرچیی گوتبێت، دووەم ڕەتی کردووەتەوە و بە پێچەوانەوە. لە حاڵێکدا دەبوو ئەو دووە تەواوکاری یەک بوونایە، نەک بە نیازی سڕینەوەی یەکتر هاتبن. لەو ماوەیەدا پێکەنینێک، بەڵکو زەردەخەنەیەکیش نەکەوتووەتە سەر لێوی هیچیان. سەراپای دانیشتنەکە، هەردوولایان گرژ و لەسەر چز و ماندوو دەرکەوتوون. 

ئەوان هەر لەسەرەتاوە دەنگیان بەسەر یەکدا هەڵبڕیوە، وەک ئەوەی لە دەمەقاڵەی پێش شەڕ و پێکداهەڵپژاندا بووبن. بە شێنەیی قسەیان لەگەڵ یەکدا نەکردووە و پەیڕەوی کولتووری گفتوگۆیان نەکردووە. دەنگ هەڵبڕینیش نیشانەی تووڕەبوونە، هەتا پتر دەنگ هەڵبڕن، پتریش لە یەک دووردەکەونەوە. دیارە بەو دەنگە بەرزە گەرەکیانە دەنگی یەک نەبیستە بکەن. ئەوانەی وا سۆزو هەست و بیروڕایان لە یەکەوە نزیک بێت، شێنەیین و بە هێمنی لەگەڵ یەکدا دەدوێن، وەلێ ئەم دوانەی لای خۆمان بە حسێب لە گفتوگۆدان، کەچی قسەیان بە یەک بڕیوە. وەک ئەوەی بۆ یەک چووبنە بۆسەوە و بەو نیازە لەوێدا کۆبووبێتنەوە، ڕای یەک نەسەلمێنن. وێڕای ئەوەش تۆنی دەنگیان، بۆنی شەڕی لێهاتووە. 

سەبارەت زمانی جەستەیشیان کە لای گەلانی زیندوو حسێبی زۆری بۆ دەکرێت، هەموو جووڵەکان بریتی بوون لە کرژی، هەڕەشە، بێزاری و ڕەتکردنەوەی ڕای بەرانبەر، با کەسی بەرانبەر ڕاستیشی پێکابێت. ئەوان دەستی خۆیان بە مستەکۆڵە کردووە. بڕێک جاران بە مست لە مێزەکەی پێشی خۆیان داوە. زاریان کەفی کردووە. ئەوەندە دانیان بە خۆیاندا نەگرتووە تا بەرانبەر بە ئیسراحەت گوزارشت لە ڕاکانی خۆی بکات. هەموو ئەمانەیش نیشانەی پشووکورتی، هەڵچوون و نائارامین. ئەوان پەنایان بۆ پەنجەی ئاماژە بردووە و لە یەکیان ڕاوەشاندووە، ئەمەشیان واتای هەڕەشە دەبەخشێت. ئەوان لەسەر کورسیی خۆیان، بە کەماڵی ئیسراحەت پاڵیان نەداوەتەوە، واتە جێگیر و ئارام دانەنیشتوون. بەڵکو هاتوونەتە پێش و چوونەتەوە دواوە. هێندێک جاران لە کەناری کورسییەکە دانیشتوون، کە نیشانەی ئامادەییە بۆ شەڕو هەڵسانەوەیە بۆ یەک. جار هەیە هێندە نائارام بوون، لەسەر کورسی بەربوونەتەوە!

ئەگەر گفتوگۆ لەنێوان دوو کەسی ئەوتۆدا بێت کە وەک هزر زۆر لە یەکەوە دوور بن، یەکێک ڕاست و یەکێک چەپ بێت، هەر نەیسە. وەلێ هێندێک جاران ئەم بەناو گفتوگۆیە لە نێوان دوو کەسدایە کە هەردووکیان بەرگری لە هەمان پرس دەکەن، کەچی سوودیش لە یەک نابینن. خاڵ، یان خاڵەیلی هاوبەش لەنێوان خۆیاندا نادۆزنەوە! جێی باسە، ئێمە خۆمان داهێنانمان لە بواری ڕاگەیاندن و هۆیەکانی پێوەندیدا نییە، بەڵکو بە زۆری وانەی ڕاگەیاندن لە دەستی دووەمەوە فێردەبین کە عەرەبە، نەک لە خودی داهێنەرەوە، کە خۆرئاوایە! بۆیە ئێمە زۆر جاران بێ ئامانجی ڕوون، بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی ئەوان، بە ناکامڵی دووبارە دەکەینەوە. 

زۆربەی ئەوانەی دووبەدوو لە دانیشتنی وەهادا بەرانبەر بە یەک، لە پێش چاوی بینەردا خەریکی گفتوگۆن، نە مەرجەکانی گفتوگۆی سەرکەوتوو پەیڕەو دەکەن، نە شارەزای زمانی جەستەشن. بگرە ئاگاشیان لەو واقیعە نییە کە ئەوان لە سۆنگەی نەشارەزایییانەوە لە مەرجەکانی گفتوگۆی دروست، بوونەتە جێی سەرنج و هێندێک جارانیش، بوونەتە جێی پێکەنینی گوێگر و بینەر.

لە مانگی نۆڤەمبەری 2012دا، یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە شاری دهۆک دیدارێکی بۆ ژانری ڕۆمان سازکرد. لە دانیشتنێکدا مامۆستایەکی زانکۆ کە خورتێکی تێکسمڕاو بوو، ماستەری لەو بوارەدا هەبوو، کە قسەی لەسەر دەکرد. هەر کە چووە سەر مایکرۆفۆن، بە دەنگێکی هێندە بەرزو هەڕەشە ئامێز وتاری دا، وەک ئەوەی گوێگران؛ کە زۆربەیان نووسەر، یان مامۆستای زانکۆکانی خۆمان بوون، هێندێکیشیان لە دەرێی کوردستانی باشوورەوە تەشریفیان هێنابوو، لە جەنگدا بە دیل گیرابن. ئەو توێژەرە وەختایێ دەپەیڤی، بە جۆرێکی ئەوتۆ پەنجەی ئاماژەی بەرانبەر بە ئێمەی دانیشتووی هۆڵەکە ڕادەوەشاند، نیگەرانی بە ڕوخساری زۆربەمانەوە دیار بوو. لە کۆتایی کۆڕەکەدا، مامۆستایەکی شارەزای بە تەمەن، کە لە دەرێی کوردستان خوێندنی باڵای تەواو کردووە، هۆشیاریی دایە و بڕێک ئامۆژگاریشی کرد کە ئەو نابێت چیتر لە کاتی پێشکەشکردنی وتاردا پەنجەی ئاماژەی بەرانبەر بە گوێگری خۆی ڕابوەشێنێت و نابێت بەو ڕادەیەیش دەنگی لێ هەڵبڕێت!

پێموایە هۆکاری ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ناجۆرە، ئەوە بێت، ئێمە لە کۆمەڵێکدا پەروەردە بووین، نادیموکراسی بووە. باب، ژن و منداڵی خۆی بێدەنگ و سەرکوت کردووە. نێرینە مێیینە و برای گەورە برای گچکەو سەرخێڵ ئەندامانی خێڵ و حکوومەت هاووڵاتەکانی خۆی خامۆش و سەرکوت کردووە. لەسەر بێدەنگکردنی یەک ڕاهاتووین، بۆیە ئێمەیش بچینە هەر جێیەک، یان لە هەر گفتوگۆیەکدا پشکداربین، ئەگەر بۆمان بلوێت، هەوڵ دەدەین بەرانبەرەکەمان کپ و بێدەنگ بکەین. ئومبەرتۆ ئیکۆ لە کتێبی (دروس فی الاخلاق) دا دەڵێت: 

"لەسەرمانە ڕێز لە مافی ئەوانیتر بگرین، لەوانە مافی ئاخاوتن و بیرکردنەوە. ئەگەر باپیرانمان ڕێزیان لەم مافانە گرتبا، ئەوا مێژوو ئەو هەموو کوشتارەی بەخۆیەوە نەدەبینی، کە بێتاوانەکان تێیاندا قوربانی بوون. ل، ١٢٢ "

زۆربەی ئەوانەی من لە پەردەی تیڤییەکاندا دیومن، بۆ ئەوە گوتوبێژو گەنگەشەیان نەکردووە، تا لەسەر پرسێک بگەنە ڕاستی. بەڵکو ئەوان بۆ ئەوە لەوێدا کۆبوونەتەوە، پشتی یەکدی لە زەوی بدەن. دوای گوتوبێژی گۆڕین، یەکسەر بۆ لای هاوبیرانی خۆیان گەڕاونەتەوە و پرسیویانە: کاممان سەرکەوتوو بووین؟ ئەوان نەیانپرسیوە، کاممان لە ڕاستییەوە نزیکتربووین؟