تەلەفۆنێكمان بۆ هات و بە دەنگێكی گڕ بەبێ ئەوەی سڵاو بكات و خۆی بناسێنێ گوتی: ئەو رووداوەی ئەمڕۆ تەنیا وەك هەواڵێك بڵاو بكەنەوە، ئەگینا نانتان دەچێتە سەر پشتی بای شەماڵ.
یەكەمجار نەبوو لەو جۆرە تەلەفۆنانەمان بۆ بێ. چەند جارێكیش راپێچی دادگایان كردبووین. بەڵام خۆ ئێمە ئەهلی بوختان و درۆهەڵبەستن نەبووین تا لە دادگا بترسین. لە یەك دوو شوێنیش سێ چوار كەس بە جلوبەرگی مەدەنییەوە پەلاماری پەیامنێر و فیلمهەڵگرەكانیان داین. ئیتر ئەوە بەشێكە لە كاری رۆژنامەنووسی. بەڵام ئەمجارەیان هەڕەشەكە زۆر راشكاوانە بوو، گاڵتەی پێ نەدەكرا. ئەوەش بڵێم: تەنیا كەسێكم پێ شك دەهات بەو كوردییە پاراوە قسە بكات. كەسێك كە ساڵانێك گوند بە گوندی ئەو كوردستانە گەڕاوە و لە ماڵان خۆی حەشارداوە و خاوەنماڵ گیانی خۆی و ماڵ و منداڵی بۆ خستووەتە مەترسییەوە. هەڵبەت ئەو ماڵانەی ئەویان حەشار داوە، ئێستا بەشێكیان ئێسك و پرووسكیشیان بووەتەوە گڵ و ئەوانەی ماویشن لە گوندەكان بەیانی و ئێوارێ چاوەڕێن پیكابێك میوە و تەڕە روو بكاتە گوندەكەیان و تەماتە و ماستی توركیی لێ بكڕن. چونكە ئەو بەڕێزە و برادەرەكانی لە چاكەی ئەوەی ساڵانێك ئەو خەڵكە پەنایان داون و شاردوویاننەتەوە، كارێكیان كردووە هەموویان بحەسێنەوە و پێویستیان بەوە نەبێ خۆیان كشتوكاڵ بكەن و مەڕ و ماڵات رابگرن. بە نرخێكی هەرزانتر لە دەرەوەڕا بۆیان دێنن.
بە دوای تەلەفۆنەكەی ئەودا، پەیامنێرەكەمان تەلەفۆنی كرد و گوتی: هەردوو تەرمەكە لەلای پزیشكی داد هاتوونەتەوە و پزیشكەكە دەڵێ: بە ژەهر مردوون. خەڵكیش دەڵێن: دەستدرێژییان كراوەتە سەر و ئینجا خنكێنراون.
تەلەفزیۆنەكەم پێكرد. كۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆكی پۆلیسی شار بوو. لەو جێیەدا بوو كە گوتی: بەپێی راپۆرتی پزیشكی داد، ئەو دوو بەڕێزە بە ژەهرێك كە لە خواردنەكەیان كراوە مردوون. ئینجا بەپێی پشكنینەكانی ئێمە و ئەو سەرەداوانەی دەستمانكەوتوون و نامەیەك كە بەجێیانهێشتووە و داوای گەردنئازایی لە خێزانەكەیان دەكەن و دەڵێن لە ژیان وەڕەز بووین، روون و ئاشكرایە كە خۆیان كۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
لەوە زیاتر تاقەتم نەبوو سەیری دەموفڵچی ئەو ئەفسەرە بكەم كە خوا دایناوە هەر درۆی پێ بكەی و راستییەكانی پێ بشاریتەوە و هیچی دی.
لەو دوو كوژراوەی باسیان دەكرا، من تەنیا سۆما مەجیدیم دیتبوو. رێك شەش ساڵ لەمەوبەر بوو كە هاتە كەناڵەكەمان و گوتی دەمەوێ لێرە ئیشێكم بدەنێ و كار بكەم. لە تاقیكردنەوەكان دەرنەچوو. ئیدی من لەبیریشم نەمابوو رۆژێك كەسێكی وا هاتۆتە لای ئێمە و كاری پێ نەدراوە. رۆژێكیان لە میوانییەكی گەورە بووین. لە یەكێك لە گەورەترین هۆتێلەكانی شار. دیتم لەسەر مێزەكەی بەرانبەرم یەكێك بە زەردەخەنەیەكەوە سەیرم دەكات. زۆری نەبرد هەستا هاتە لام. سڵاوی كرد. كە زانیی نایناسمەوە، گوتی: من سۆما مەجیدیم. پێرار بوو هاتمە لاتان.
-ئەها... ئەی ئێستا لە كوێی؟
-كۆمپانیایەكمان دامەزراندووە و خەریكی كاروباری بازرگانین.
-پیرۆزتان بێ. لەگەڵ كێ؟
-لەگەڵ جەنابی....
جەنابی “ق”ـم باش دەناسی. بە گەنجێتیش دیتبووم، یانی ئەوكاتی كە هێشتا سمێڵی رەش بوون و پێویست نەبوو وەك ئێستا رۆژێ كیلۆیەك رەنگی رەشیان لێ بدات. ئەوكات دەنگی لە ئێستا گڕتر بوو، بەڵام ئێستا گیرفانی پڕترە و كۆمپانیای بۆ زۆر كچی وەك سۆما مەجیدی دامەزراندووە و خوا هەڵناگرێ بووەتە پەناگەی ئەو كچانەی دەیانەوێ بە شوێنێك بگەن.
گوتم: تەنیای؟
ئاوڕێكی دایەوە و بە دەست ئاماژەی بە كچۆڵەیەكی منداڵكار كرد و گوتی: ئەوەیش خوشكمە. لەگەڵ خۆمە. تازە هاتووە و لای خۆم ئیش دەكا. بەڵام تۆزێك دوورەپەرێزە و حەز ناكا تێكەڵ بێت. زۆریشم پێناخۆشە. ئێمە كەسمان وەها نین هەر ئەوە وایە.
-هەرزەكارە. چاك دەبێ.
پەرداخێك ئاوم لە پێش دانا، گوتی: سوپاس... دەچمەوە سەر مێزەكەی خۆمان. لەوێ بیرەی لێیە. ئەگەر حەز دەكەی بۆتان داوا بكەم.
من بیرەم نەدەخواردەوە. كە ئەو لەسەر مێزەكەی خۆیەوە بیرەكەی خۆی بەرز كردەوە و لەوبەرەوە بە منی گوت: بەخۆشیت، سەرم سووڕ ما.
ئەو شەوە كە لە میوانییەكە هاتمەوە، مێشكم وەك هێلانەی ژەنگەسوورە لەبەر پرسیاری جۆراوجۆر هەر هاژەی دەهات. دواتر وەكوو دەنگۆیەك كە زیاتر لە بوختانیش دەچوو، لە زاری یەك دوو پەیامنێرەوە بیستمەوە كە كچێك بەو ناونیشانە لە فڵانە گەڕەكی شار بینایەكی گەورەی بەكرێ گرتووە و پازدە بیست كچۆڵەیشی لەخۆی كۆكردووەتەوە و بۆ كەسانی زۆر تایبەتیان دەبات.
من بڕوا بە قسەی بێ بەڵگە ناكەم. ئەو كەسە تایبەتانە چونكە دەوڵەمەندن، خەڵك بوختانیان زۆر پێ دەكەن. بەستەزمانانە ناوێرن سەفەرێكی دەرەوەی وڵات بكەن، تا دێنەوە هەرچی بوختان و تۆمەتی دنیایە بۆیان هەڵدەبەسترێ. هیچ كچێك ناوێرێ ببێتە سكرتێرەیان، ئیدی تەواو، ناوی دەزڕێ. لە حاڵێكدا من زۆریان لە نزیكەوە دەناسم، پاكانەیان بۆ ناكەم، منەتیان بە گونی بارگینم، بەڵام پاك و بێگەردن. هەڵبەت ئەگەر جاروبارە دەستێكی بەخێر بەسەر سكرتێرەكەیاندا بێنن و بیانلاوێننەوە خۆ دنیا خرا نابێ. بۆیە كە ئەو قسانەم بیستەوە بەدەست خۆم نەبوو كردمە هەرا. گوتم: لە سایەی ئەو زمانە پڕ بوختانەی ئێوەوەیە هیچ ئافرەتێك ناوێرێ روو بكاتە كەناڵەكانی راگەیاندن. لە سایەی زمانپیسی و بوختان و تۆمەتی ئێوەوەیە كە كەس كچ و خوشكی خۆی نانێرێتە تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و ناچارین بچین لە شارەكانی دیكەوە خەڵك بێنین! تكایە ئێوە رۆژنامەنووسن واز لە قسەی بازاڕی بێنن.
سارۆ گوتی: قوربان بۆ تووڕە دەبی. ماڵپەڕی N بكەرەوە.
گوتم: ماڵپەڕی تەڕەماش ماڵپەڕی درۆ و بوختان و سووكایەتیكردنە. ماڵپەڕێكە بۆ خۆبەتاڵكردنەوەی ئەو كەسانەی گرێی دەروونییان هەیە.
ئیدی هەستام رۆیشتم. راپۆرتەكەم دیتبوو. بە ڕای من راپۆرتەكە بێبنەما و دروستكراو بوو. راستە وێنەكە وێنەی كچێكی كورد بوو، بەڵام كێ دەڵێ ئەو وێنەیەیان هەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەرنەگرتووە؟ كێ دەڵێ ئەم وێنەیە وێنەی ئەو كەسە بێ كە ماڵپەڕەکە بە ناوی ژیلاوە ناساندوویەتی و قسەكانی بڵاوكردووەتەوە. لەوێدا كچێك بەناوی ژیلا باسی ئەوە دەكات گۆیا كە هاتۆتە ئەمدیوە، كەسێكی دەسڕۆیشتوو كۆمپانیایەكی بۆ دامەزراندووە. گوتوویەتی، تۆ ئیشت بە هیچ نەبێ، بڵێ مودیری ئەم كۆمپانیایەم و هیچ مەكە. لەوێدا ئەو بەناو ژیلایە دەڵێ: ماوەیەكی پێچوو، خوشكەكەم و سێ كچە پووریشم هاتنە لام. ئێوارەیەكیان جەنابی “ق” تەلەفۆنێكی بۆ كردم و گوتی: ئەم ئێوارەیە بە خۆت و میوانەكانتەوە میوانی منن. ترۆمبێل دێ بە شوێنتاندا. چووین.
شەوێ سەعات 12 كە ویستمان ماڵاوایی بكەین، بانگی كردم و گوتی: ئەمشەو خۆت نا، یەكێك لەوانە دەبێ لای من بمێننەوە. لە پێشدا بزانە كامیان حەزیان لێیە. ئەگینا خۆم هەڵدەبژێرم. ئیدی لەوێوە زۆر شت گۆڕا. پاش ئەو شەوە كەسانی دیكەش پێوەندییان دەگرت. من نەمهێشت ئەو كچانە بڕۆنەوە.
بە ماڵەوەیانم گوت: ئیشم بۆ پەیدا كردوون. ئیتر جگە لەوان پێوەندیم بە زۆر كچی دیكەشەوە كرد و بە نۆرە هێنامن. بە گوێرەی گرێبەستەكەمان، وەختێك كچێك بۆ وێنە دەچووە ماڵی جەنابی "ڕ" ئیدی ئەو كچە دەبوو بڕواتەوە و نەیەتەوە ئەمدیوە و نەچێتە لای هیچ كەسێكی دی. من ئەم یاسایەم شكاند. ژیلای خوشكمم كە زۆر زۆر لەخۆم جوانترە، پاش دوو مانگ بانگ كردەوە و بە پارەیەكی زۆر ناردم بۆ لای.... ئیتر، زۆری نەبرد جەنابی “ق” پێی زانی. ناشزانم چۆن؟ خۆ ئێمە لە هیچ كوێ باسمان نەكردبوو. ئەوەندەم زانی، سەعات پێنجی بەیانی لە دەرگا درا. دیتم سێ چوار چەكدار بە دەمامكەوە هاتنە ژوورێ. منیان بردە ژوورێك و هەڕەشەیان لێكردم و گوتیان، هەر ئێستا لەگەڵ خوشكەكەت دەچنەوە شارەكەی خۆتان و ئیتر بۆتان نییە بێنەوە ئەم شارە. بڕۆن و شوكرانەبژێر بن بەوەندە رزگارتان بووە.
بێزم لە ماڵپەڕەكە و ئەقڵی دامەزرێنەرەكانیشی هەستا. هێڵنجم هاتێ. تەلەفۆنم بۆ كارزان كرد بێ بچین لە شوێنێك دانیشین. كە ئەو شتانەم بۆ گێڕاوە، سەرێكی بادا و گوتی: ئەرێ تۆ چ رۆژنامەنووسێكی وا ئاگات لێ نییە ئەم وڵاتە خەریكە بەسەر ئەو شتانەدا كاول دەبێ.
كارزان گوتی: ئەو برادەرانە نەخۆشیی سێكسیان هەیە. هەر ئەوان نا، سەدا نەوەدی پیاوی وڵاتی ئێمە ئەو دەردەی لێیە. كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە بەتاڵبوونەوەیەكی درێژخایەن هەیە. بەتاڵبوونەوە لەو هەستە پەنگخواردووە سێكسییەی مێشك و ئەقڵی هەموو نێرینەی ئەم وڵاتەی ئیفلیج كردووە.
تاقەتی قسەكانی كارزانم نەما. گوتم: بیبڕەوە. پێم وابوو دەڵێی ئەوەی بیستووتە هەمووی درۆیە و بوختانە. كەچی تۆ خەریكی دەرگای وڵاتێكی پڕ نهێنیی سامناكم بەسەردا دەكەیتەوە.
گوتی: ئێمە هەمیشە حەزمان لە درۆیەكی شیرینە نەك راستییەكی تاڵ. تۆ ئاگات لێ نییە، كابرا بە سێ مانگ و چوار مانگ دەچێتە مالیزیا و لوبنان و دوبەی و ئەوروپا، لێرەش ژنەكەی بەجێدێڵێ بۆ.
گوتم: شەرم بتگرێ پیاوی خوێندەوار، هەر تۆ مابووی سووكایەتی بە ژن و منداڵی خەڵك بكەی.
پێكەنی و گوتی: چایەكەت سارد بووەوە با باسەكە بگۆڕین. بەڵام رۆژێك دێ چیرۆكی كۆمپانیاكەی سۆما مەجیدی دەبێتە هەقایەتی سەر زاری ورد و درشتی ئەم شارە.
سێ رۆژ دوای ئەو قسانە بوو كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەك هەرای نایەوە. كارزان لینكێكی بۆ ناردبووم. لەسەری نووسرابوو: كۆمپانیایەك، كچی دەستلێنەدراو دەفرۆشێ.
رۆژێك دوای ئەو هەرایە، سێ چوار ماڵپەڕ، لەوانەی بۆ راكێشانی سەرنجی هەرزەكاران دەنووسن: تۆ دەزانی دوێنێ شەوێ ئەنجلینا جولی چۆن خەوتووە و لەگەڵ كێ؟ بەڵام كە لینكەكە دەكەیتەوە باسی لافاوەكەی دهۆكت بۆ دەكات... سێ چوار ماڵپەڕ لەوانە باسی مایەپووچبوونی كۆمپانیایەكی گەورەی بواری بازرگانییان كردبوو كە گۆیا لە سۆنگەی قەیرانی داراییەوە مایەپووچ بوون. لە كۆتاییشدا نووسیبوویان: سۆما مەجیدی بەرپرسی ئەو كۆمپانیایە ئێستا دیار نییە و دەڵێن: لە ترسی خاوەن قەرزەكان خۆی حەشارداوە.
ئیتر ئەمڕۆش كە هەواڵی كوژرانی سۆما مەجیدی و خوشكەكەی بڵاوبووەوە، ئێمە بەتەما بووین بە تێروتەسەلی بە دووی رووداوەكەدا بچین و بچینە بنج و بناوانی مەسەلەكەوە، كەچی ئەوە هەڕەشەی داخستنی كەناڵەكەمان لێ دەكرێ. بۆخۆشتان دەزانن كەناڵێكی سەربەخۆی وەك ئێمە كە پشتمان بەهیچ جێیەكەوە گەرم نییە، بەرگەی هەڕەشەی لەو جۆرە ناگرین، بۆیە وەك كەناڵێكی بێلایەن تەنیا هەواڵەكە بڵاو دەكەینەوە و وردەكارییەكانی بۆ درۆ و بوختانی خەڵك بەجێدێڵین...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ