حەوت وێستگەی خوێندنەوە و مەرگی حەقیقەت

1- خوێندنەوە وەکوو "ئاو"

خوێندنەوەی هەر دەقێک پێش هەر شت سەفەرێکی نادیارە، سەفەر بەو واتایەی کە هەڵگری تایبەتمەندیی جووڵە و بزاوتن و بزۆزیی بە ئاڕاستەی فامی وجوودە، یان بە دەربڕینێکی میتافۆریک، خوێندنەوە پێویستی بە "ئاو" هەبوون(become)ی سووژەی خوێنەر و ناسکارە، دەبێ وەک ئاو بخشێیت و بجمێیت، ئاو لە سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێت، ئایا سەرچاوە دەزانێت ئاو یان "خۆی" بەرەو کوێ دەخشێت و لە کام ئاڕاستە لادەدات و دەوەستێ؟ ئایا "ئاو" دەوەستێ؟ پێموایە "ئاو" هەڵگری شتێکی جەوهەری و زاتی بێت کە من لە سەرەتادا وەکوو ئاوەڵناو دامە پاڵی سەفەر واتە "نادیار"... دەشێت سەفەری نادیار دەربڕینێکی مەجازی بێت بۆ "ئاو" و ئاو میتافۆرێک بێت بۆ رۆشتن و نەوەستان و سەفەری نادیار... بۆیە دەبێ لێرەدا رستەکەی هیراکلیتۆس بە بیر بێنینەوە کە ئێمە هیچ کات ناتوانین دوو جار پێ بخەینە ناو رووبارێکەوە، چوونکە ئاوەکە بەردەوام دەڕوات، ئەو ئاوەی کە پێ دەخەینە ناوی و لە چرکەی یەکەمدا بەری پێمان دەکەوێت و هەستی پێدەکەین، جیایە لە نیوەی نیو چرکە پاش ئەو ئاوەی کە هەستی پێدەکەین لە هەمان رووباردا، بەڵام بەو مەرجەی نەڵێین "بابا ێ‌ب داد"، واتە هەندێک بە "خود"ێکی ئاگا و وشیارەوە تێکەڵی ئاو بین، دوور لە دیسیپلینی باو و پەروەردەی زاڵ بەڵکوو ئاوی هیچ باوکێک تێکەڵمان نەبێ و رێگەی سەفەر لار و خوار نەکرێتەوە... باوک سەفەرکردنە بە هەرێمی "دیار"دا. پێچەوانەی ئاوبوون کە سەفەرکردنە بە نادیاردا. بۆیە دەق دونیا و بوونە و باوک ژیانێ بۆ ئاخیرەت!

2- خوێندنەوەی واڵا

ئەگەر خوێندنەوە پرۆسێسێکی بەردەوام بێت و سێ گۆشەی زێڕینی هەبێ (هەڵبەت ئەگەر بە روانینێکی غەیری فۆکۆیی چاوی لێبکەین و دەق لە ژێر هەژموون و هەیمەنەی هەر چەشنە دەسەڵاتێک نەبینینەوە) ئەوا ئەم گۆشانە بریتین لە: 1- دەق(text). 2- خوێنەر(reader). 3- ژێردەق(context). ئەم سێ گۆشەیە، سێگۆشەیەکی لاهاوسان پێکدێنن و مانا لە فۆرمێکی بزۆزدا بەرهەم دێنن کە دەشێت لەژێر ناوی "مانای من" ، واتە مانای کەسێک کە دەیخوێنێتەوە، پێناسە بکرێت. واتە مانا ئاماژەیەکی خوازەییە بۆ ئەو پرۆسێسە کە لە چەقی "بوون"ی من(I) دا روودەدات. دەشێت مانا، دەق تێپەڕێنێت، سپی خوێنی بکات، سوور خوێنی، خوێن خوێنی و... بگاتە ئەو ئاستەی کە وەکوو دریدا دەڵێت: رەسەنایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ چەشنێک گۆتەوەری١(Phonocentrism) و ئاخاوتن، کە راستەقینە و کاکڵی دەق دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دەربڕینە زارەکییەی ئێستە بووە بە نووسین و دەقەکی بووەتەوە. واتە دەربڕینی یەکەم رستەی تەورات "سەرەتا وشە بوو" هەمان واتا نادات کە ئێمە دەشێت هەر راڤە و تەئویلێکی بۆ بکەین، چوون گادامێر گوتەنی نووسین نەریتە 2 و نەریتیش ئەگەرچی یەکێکە لە گریمانە دانراوەکانی خوێندنەوەی دەق و جیهان، بەڵام ئەمە دریدایە بە پێکهاتەشکێنی هەموو نۆرمەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگاتە خۆئاگاییەکی هیرمنۆتیکی تایبەت کە تێیدا پێگەیەکی ماناتەوەرانە بۆ خواست و خەونە لۆگۆسییەکانی مرۆڤ بە گشتی باس دەکات و لە قەوارەی چەمکی لۆگۆسەنتریزم(Logocentrism)3 دا دەیگێڕێتەوە. 

3- پێکهاتەشکێنی(deconstruction)4 و ماناتەوەری

پێکهات ئەو قەوارە و هەرێمەیە کە تەنانەت لە بیردۆزی پێکهاتەخوازیشدا لەخۆگری چەشنێک لە گریمانە بۆ ناوەندی مانا بوو، ئەم ناوەندە دەسەڵاتی بەسەر پێکهاتدا هەیە، بەڵام کەمتر پێکهاتی خودی ئەم ناوەندە شیکراوەتەوە (ئەمە خاڵی پەڕینەوەیە لە پێکهاتەخوازییەوە بەرەو پێکهاتشکێنی و هەڵگری ئەم تێگەیشتنەشە کە پێکهاتەخوازی خۆی لە خۆیدا تۆو و گەرای پێکهاتەشکێنی هەڵگرتووە)، خواست و ئارەزوو(desire)ی ئێمە بۆ داسەکنان لە ناوەندێکدا ئەوەیە کە ئەم حاڵەتە چەشنێک ئامادەیی لە بوون مان5(being as presence) بۆ دەستەبەر دەکات. بە باوەڕی دریدا پێکهات چەمکێکە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم کایەی مانا لە دەقدا و دەق دەکات بە سیستەمێکی پێناسەکراو و داخراو، کەواتە پێکهاتەشکێنی هەر توخم و رەگەزێکی پێشینی و پێدراو رەت دەکاتەوە و دەیەوێت بڵێت کە هیچ چەشنە پێکهاتێکی داڕێژراو بەسەر دەقدا زاڵ نییە و دەق لەگەڵ خۆیدا دەکەوێتە دژایەتیکردن و پرۆسەی رەت و ئینکاری "خود"ی دەق تێیدا روودەدات. ئەم تایبەتمەندییەی دەق دەبێتە هۆی گەرەنتیبوون و دەرکەوتنی را جیاوازەکان لەهەمبەر دەنگە دیکتاتۆرییەکان و هەروەها رەسەنایەتی بەخشین بە رەخنەکردن و خوێندنەوە لە هەمبەر بەندەگی و ملکەچی و، جیاوازی و جیاوازتربوون لەهەمبەر هاوچەشنسازی و رۆبۆتبوون دادەنێت، بۆیە بەگشتی چەشنێکە لە گومانخوازیی گشتی و لای هابرماس ئەم شێوازەی رووبەڕووبوونە لەگەڵ دەق کە هەڵگری کراوەیی و خۆشکێنی و خۆئیرجاعی و رێژەمەندییە، لە ژێرناوی "هیرمنۆتیکی گومان"6 خۆی دەردەخات، ئەگەرچی هابرماس خۆی بە بیرمەندێکی هیرمنۆتیکی نەزانیبێت!

4- دەق لە نێوان ئەفسانەی بزۆزیی مانا و حەقیقەتی زانست و هەوەسی ونبووندا

ئەلف- دەگێڕنەوە کە 700ساڵ لەمەوپێش راهیبێک پاش بینینی تاریکی (darkness)7 پێوەندی خۆی لەگەڵ دونیا بەتەواوەتی دەپچڕێنێ و پاش چەندین سەدە رابووەوە و سەری هەڵدایەوە و لەگەڵ کتێبێک (دەق) بوو بەیەک! هەموو لەشی خۆی کرد بە پەڕە و لاپەڕە و کتێبێکی نووسی کە بە کتێبی نەفرەتکراوان ناوبانگی دەرکرد، هەنووکەش ئێمە بەدوای تێگەیشتن لە مانا و سەرهەڵدان و دەق و ژێر دەق و پێکهات و ناپێکهاتەکانیداین! ئەم کتێبە بە خوێن و گۆشتی راهیبەیەکی گومڕا نووسراوە، پاش فامکردن و ناسینی تاریکی... ئەم دەقە ترسناکە...

با- بۆیە دەڵێم: لای ئێوە هەوەسێک ئامادەیە بۆ خراوترین و مەترسیدارترین چەشنی ژیان کە ئەمە زۆرتر لەهەر شتێک من دەترسێنێ؛ هەوەس و چڵێسییەک بۆ ژیانی گیانلەبەرە دڕندەکان؛ بۆ دارستان و ئەشکەوت و کێوە سەرەولێژەکان و سەردابە توێ توێ و پێچەڵپێچەکان و، ئەوەی کە زۆرتر مایەی سوکنایی ئێوەیە ئەو شتانە نین کە لە گێژەنی مەترسی وەدەرتان دەنێت، بەڵکوو ئەو شتانەیە کە ئێوە لە رێگە بەرەو لاڕێگە دەبات، یانی مایەکانی گومڕایی...بەڵام ئەگەر وەها حەوسەڵەیەک لای ئێوەمانان راستەقینە و واقیعی بن، بەهەموو ئەمانەشەوە بەبڕوای من شتێکی مەحاڵ و نەکردەیە، چوون "ترس" هەستی بنەڕەتی و بنەمایی بەشەرە، ترسە کە مانای گوناهی یەکەمین و چاکەی یەکەمین روون دەکاتەوە، لە دڵ و هەناوی ترسە کە "چاک"یی من پشکوتووە، هەر ئەوەی کە ناوی "زانست"ە.

وەهای گوت پیاوی بەویژدان.8

5- نووری جیهان

عیسا: من نووری جیهانم، هەر کەس شوێن من بکەوێت، لە تاریکیدا نامێنێتەوە، چوون نووری ژیانبەخش رێگاکەی روون دەکاتەوە.

فەریسییەکان گوتیان: تۆ بە خۆتدا هەڵدەڵێی، تۆ مەدحی خۆت دەکەیت، تۆ درۆ دەکەی.9
6- مونتاژی ئەدەبی

شێوازی ئەم کارە؛ مونتاژی ئەدەبییە. من هیچم نییە بیڵێم، تەنیا هەندێ شت پیشان دەدەم، نامەوێت دەربڕینی لێوڕێژ لە رۆحانییەت بهێنمە بەرهەم و نەشتوانم لەشتێکی پڕبایەخدا بەکاریان بهێنم. بەپێچەوانەوە من شتی تووڕدراو و زبڵ ئاسام لەلایە: نامەوێ ئەوانەش وەسف بکەم، بەڵکوو دەمەوێ بیانهێنمە پێش چاو.

دەبێت ئەم کارە تا ئەوپەڕی ئیمکان سوود لە هونەری وەرگرتن ببینێت، بە بێ ئەوەی کەوانە بچووک بکاتەوە، تیۆرییەکەشی زۆر نێزیکە لە تیۆری هونەری مونتاژکردنەوە.

قسەکردن لەسەر کتێبی سرووشت ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت واقیع وەکوو تێکست بخوێنێتەوە.
واڵتەر بنیامین، کتێبی بازاڕەکان10

7- من:

من دەمگوت: ((ئاه نەسرەدینی بۆنخۆشی برام، من شێتی دۆزینەوەی حیکمەتەکانی وێرانبوون نیم، من گەرەکمە شتەکان، حەقیقەتە پارچەپارچەکان، وێنەکانی ئەو سەردەمە لەیەک ترازاوە بەیەکەوە بنێمەوە، تا بتوانم لەخۆم و لە مەرگی پەروانە تێبگەم، تا بتوانم نیگارێک وەکوو ئەو نیگارانە درووست بکەمەوە کە تۆ بە دیواری ئەو ستۆدیۆیەدا هەڵتواسیون)).
ئەو بە گومانی وێنەگرێکەوە کە لە هیچ نیگارێکی ناڕێک و تەڵخ رازی نییە، دەیگوت: ((تازە هەر وێنەیەک درووست بکەین، وێنەیەکی خەیاڵی خۆمانە، وێنەیەکە پێوەندی بە فانتازیاکانی من و تۆوە هەیە، بەڵام ئەو جیهانە ئێستا هەمووی وەکوو سەراب و تۆز وایە... تێمبگە حەقیقەت نازکە، کە بوو بە تۆز، بە غوبار، بە تەم، ئیدی کۆناکرێتەوە...))"11

بەختیار عەلی، ئێوارەی پەروانە"

تێمبگە من حەقیقەتم ناوێ، حەقیقەت لەوە قورسترە من بەرگەی بگرم، حەقیقەت شەیتانێکی قیدیسە، فێری خوێن و کوشتنە...هاهاهاهاها...بوون گاڵتە بوو... حەقیقەت تاکەکەسییە...دوورگەیەکە کە جۆن لۆک و هۆبز و دەیڤید هیوم و ...هەر یەک بە قاچ و لووتی خۆیان تێیدا ون دەبن... تێیدا سەفەر دەکەن... بە داخەوە کە دەگەنەوە کڵێسەیەک!12

ژێدەر و پەراوێزەکان:

1- رامان سلدن، پیتر قیدسون ترجمە عباس مخبر، نڤریەهای پساساختارگرا ص184
2- هانس گئورگ گادامر، هرمنوتیک مدرن، همگانیت مسئلەی هرمنوتیک ص99
3- سەرچاوەی 1 لاپەڕە 183
4- پێکهاتەشکێنی یان واسازی له‌و وشه‌ دووپاڵ و دوولایه‌نانه‌یه‌ كه‌ له‌ زمانی فارسیدا دوای ئه‌زموونێكی وه‌رگێڕانی فه‌لسه‌فی و مشتومڕی نێوان رۆشنبیران وەکوو هاوتای deconstruction دانراوه‌ و چڕوپڕ واتاكه‌ی ده‌پێكێت، له ‌سه‌ره‌تادا ئه‌م زاراوه‌یه‌ ته‌نها واتای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و "ساختارشكنی"بوو، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ واتاكه‌ی ئه‌وه‌یه‌  ئێمه‌ پێكهاتێک ده‌شكێنین هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و شكاندنه‌ش پێكهاتێك رۆ ده‌نێین و واسازی كه‌ وشه‌یه‌كی كۆنی پارسییه‌ و ته‌نها فارسیش نییه!‌ به‌و واتایه‌ دێت دەکرێت ئێمەش کەڵکی لێوەربگرین‌، واسازیی واته‌ شكاندنێكی رۆنه‌رانه‌!
5- رامان سلدن، پیتر قیدسون ترجمە عباس مخبر، نڤریەهای پساساختارگرا، ژاک دریدا، ساخت شکنی ص182
6- ێ‌نتونی کربای، درێ‌مدی بر هرمنوتیک، هرمنوتیک مدرن، ص17
7- لە ئەفسانەکانی یۆنانی کەونارادا وا هاتووە کە خودای خودایان... ئەوەی وا هەموو کائیناتی خولقاند خۆی نوورە... تیشکی رەهایە... بەڵام بە خولقانی خۆی هاواز و هاوبوونێکیشی بە ناوی "تاریکی" بۆ پەیدا دەبێت کە دواتر لە ئەفسانەکاندا وەکوو خوشکی خودا ناوی دەبەن، خودا بۆ ماوەی میلیۆنان ساڵ بەند و زیندانی دەکات چوون تاریکیش بە رادەی خودا(نوور) بە هێز بوو، نوور دەسپێشخەریی کردبوو، توانیبووی سەرەتا پێبەست و قۆڵبەندی بکات و لە زیندانی بخات، بەڵام پاش ماوەیەکی درێژ بە هۆی گوناهێکی گەورەی مرۆڤ کە وەکوو خواست و ئارەزوویەکی شێتانە بۆ خۆشویستن دەچوو... ئازاد دەبێت.. تاریکی لێرەدا مێیە و ئارەزووی مرۆڤە بۆ نادیار و نەناسراو و نەبینراوەکان... ئارەزووی مرۆڤە بۆ ئودیسە و رۆچوون بە ناو دەقدا... وەکوو راهیبێکی زەندیق.
8- فریدریش نیچە، ترجمە داریوش ێ‌شوری،چنین گفت زردشت، ص319-320
9- انجیل عیسی مسیح عهد جدید ص289
10-، دونیای شتە بچووکەکان ل5 رێبوار سیوەیلی 
11-بەختیار عەلی، ئێوارەی پەروانە
12-ئاماژەیە بە زنجیرە درامای ونبوو یان ونبووەکان (Lost) کە لە لایەن سێ دەرهێنەری بە توانای ئەمریکایی جیفری لەیبێر، جەی جەی ئابرامز و دیمۆن لیندیلۆف درووست کراوە و لە شەش سیزن پێکهاتووە. ئەم زنجیرەیە یەکێک بوو لە باسهەڵگیرسێنەرترینی ئەو درامایانە کە بەچەندین داهێنان لە وێنەگرتن و رەوایەت و رابردوونوێنی(Flashback) چەندین تێمی فەلسەفی و وجوودی و میتافیزیکی بەشێوەی هونەری گێڕاوەتەوە و ناوی چەندین فەیلەسووف و بیرمەند و فیزیکزانیشی تێدایە کە هەر کام هێمای چەشنە بیرکردنەوەیەکن لە جیهانێک بە ناوی "دوورگە"، کەسێک ئەو درامایەی بینیبێ لەم باسەی منیش بە ئاسانی و قووڵی تێدەگات.