سزای بەهەشت


"من لێرە، توێژەری کۆمەڵایەتیم. چەند مانگێک لە خانەی بێنەوایان، یان ئەوەی کورد (بیژی) پێ دەڵێت، کارم کرد. بەڵام ئەم کارەم جێهێشت..."

ـ بۆچی؟ خۆ کارێکی وا لە ئەمێریکا، هەم پارەکەی باشە، هەمیش کارێکی ڕاحەتە!

+ پارەکەی باشە ئەرێ، لە ڕووی جەستەوەیش ماندوویی نییە، وەلێ ڕۆحت شەکەت دەکات، کارێکی نە ڕاحەتە بۆ دەروون.

کە گوێم لە شەکەتیی ڕۆح دەبێت، بە سرووشتی حاڵ کات و شوێن لەبەردەممدا دەوەستن و پەلکێشی نێو تێڕامانم دەکەن. ئەرێ ئەوەت زانیوە، ئەوانەی ڕۆحیان شەکەتی دیوە، باشتر لە ژیان و دەوروبەریان تێدەگەن؟

 ئەگەر هەموو شتێک بە نوێی و لۆک-ی باش و بەهادار بێت، دوو شتە سەیرەکەی نێو مرۆڤ "ئەقڵ و دڵ" تا لۆکتر بن، خراترن. ئەو ئەقڵ یان دڵەی شەکەت بووە، هەورازو نشێوی زۆری دیوە، هەزاران کێو و چیمەنی بڕیوە.

 بیرکردنەوە لە ئەمە، بێدەنگی کردووم .. (بێری)ی هاوڕێشم ـ کە ئەمڕۆ لە ئەمەریکاوە پشووی کارەکەیەتی ـ بە دەنگێکی نزمەوە چەند جارێک لە وسکتبوون و بێوەڵامی من دەپرسێتەوە! 

"دەزانی بۆچی شەکەتی کردووم؟"

ـ گوێم بۆت ڕادێراوە، کوشتەی ژنەوتنی ئەو باسەم، بفەرمە بێری. 

"لە خانەی بێکەسان، ڕۆژێکیان لە تۆمارکردنی ناوی منداڵان بەشدار بووم. تەمەنی ئەو نۆرەیە، لەنێوان شەش و حەفت ساڵیدا تێپەڕی نەدەکرد. تۆمارکردنی ناوی ئەو منداڵانە بێکێشە نەبوو، تۆپەڵەئاگرێ بوو، بەستەڵەکی ناخمی توانەوە..."
ـ چۆن؟

"کە دەستمان پێکرد، قل قل ناویانمان تۆمار دەکردن، منداڵەکان لموزیان خوار و نێوچەوانیان گرژومۆن دەبووەوە. کاتێ تۆمارکردن گەییە کۆتا و ئێمەیش دەستمان بەتاڵ بوو، سێ چوار منداڵ، ئەو منداڵە شەش حەوت ساڵانە، بۆ لام هاتن و بە کزی و نزمییەوە لێیان پرسیم: 

ئێمە تاوانمان چییە کە وەها لەدایک بووین؟ 

ئێمەیش حەز دەکەین، ناوی باوک یان دایکمان لەسەر ناسنامە هەبێت، تاوانی ئێمە چییە لەو مەحرومبوونەدا؟ .. 
ئیدی من بۆ پرسینێکی وەها، جگە لە تاسان و هێدمگرتن، وەڵامێکی دیم وێ نییە..." ـ بێری وای گوت.

دیسان خەیاڵ بردمییەوە، من بۆ چەند ساڵێک زووتر گەڕامەوە، خۆم لێ بوو بە بێری و وا لەنێو خانەی بێکەسان، ناوی منداڵەکان تۆمار دەکەم. دوای تۆمارکردنیان، منداڵێکی هەشت ساڵە، هات پێمەوە نووسا و بە دڵتەنگییەوە پرسی: منیش حەز دەکەم ناوی دایکوباوکم لەسەر ناسنامەکەم بێت، کوانێ دایبابی من؟ من گوناحم چییە؟ 

ـ هیچ گوناحێکت نییە، مادام تۆ بەشدار نیت لەو دۆخە، خۆت دڵتەنگ مەکە بۆی.

+ مامۆستا، قسە ئاسانە، خەتای کێیە من بێ ناسنامەم؟

ـ خەتای تۆ نییە، خەتای سیستمی وجوودە، کە پڕە لە ناعەدالەتی. خەتای مرۆڤیشە، کە تەنانەت لە خۆیشی بووەتە بەڵا! 

منداڵەکە لە پڕمەی گریانی دا و کردییە هاتوهاوار، لە خۆی دەدا، هاواری بوو: کوا من کوڕی کێم؟ کێ دایکمە؟ کێ باوکمە؟ ئەمن دایکوباوکمم دەوێ هەر ئێستە...

من دەبێت بۆ گریانێکی وەها چی بکەم؟ چ شتێ ئەو منداڵە ژیر دەکاتەوە؟ .. چوومە سەر کورسییەکەی بەردەم پەنجەرەکە، کالەکانم لەپێ کردنەوە، بۆوەی بۆی سەرنجکێش بن و لێم بڕوانێت. هەر وایش بوو، سەیری بە لەپێکردنەوەی پێڵاوەکانم هات و بۆ لام هات. دەستم بەسەریدا هێنا:

ـ حەز دەکەیت بزانیت کوڕی کێیت؟

+ زۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆر ـ (بە دەنگی بەرز و شەوقەوە).

ـ سەیر بکە، تۆ بێ ناسنامە نیت. من ئێستە لەسەر تۆماری ناسنامەکەت دەنووسم: (مایکڵ خودا).
+ چی مامۆستا؟
ـ دەنووسم مایکڵ خودا.
+ یانی چی و چۆن مامۆستا؟
ـ یانی مایکڵی کوڕی خودا. دایکوباوکی خۆت ناوێت؟ لە ناسنامەکەی تۆدا لە شوێنی ناوی باوک و دایکیشت دەنووسم: خودا. 
+ یانی من کوڕی خودام؟
ـ بەڵێ ئەزیزم، تۆ کوڕی ئەویت. تا لەنێو ئەو گۆڕەپانەی ژیانیش مایت، هەر کەسێ تانەی بێدایکوباوکی لێ دایت، ناسنامەکەت دەربێنە و پێی نیشان بدە کە کوڕی کێیت!
گریانەکەی بوو بە پێکەنین و دڵزارییەکەی بە دڵشادی گۆڕا و حەسایەوە. غاری دا و لەبەرەخۆی دەیگوت: من کەسوکاری خۆم دۆزییەوە هاوڕێیان!

ئەلوووووو؟ بێری لێرە ماوی؟
ـ ئەرێ ئەرێ لێرەم، بەس تۆ بۆ وا دەمنادەم کڕ دەبیت؟
+ کڕ نیم، بیر دەکەمەوە...

عیسا، شتێکی وەک ئەو منداڵە شەکەتی کردبوو، بۆیە هانای بۆ خوا برد و لە ناسنامەکەیدا، بە باوکی خۆی تۆماری کرد. عیسای کوڕی خودا، نوێنەری شەکەتترین ڕۆحی بەشەرە! 


"شتێکی دیت بۆ وەگێڕم، دوای ئەوە، بە جارێک شەکەت بووم و وازم لە ئیشەکەم هێنا"
ـ باشە، جغارەکە نەکوژاوەتەوە، بگێڕەوە. ـ من وام بە بێریی ئەمریکانشین گوت.

"دایکی هێندێ لە منداڵەکان دیار بوون، لە تیاترۆخانە کاریان دەکرد، سۆزانی بوون. جارێک منداڵێکمان دەگەڵ خۆ دا، چووینە ئەو تیاترۆخانەی کە دایکی لەوێ هەیتەیی دەکا، دەبوو جاروبار یەکتر ببینن. کە چووین، دایکی ئەو منداڵە، قایل نەبوو کچەکەی ببینێت، بگرە جوێنبارانیشی کرد. منداڵەکە لەودیو دەرگەوە، گوێی لە دایکی بوو، وەلێ ڕەنگی نەدەبینی. هەر بەو هێندەیە، وەک ئەو مریشکەی تازە سەری بڕابێت، لە خۆی هەڵدەدا و باڵەکانی جوڵەیان بوو لە حەشمەتان! بەڵام دایکەکەی هەر ڕازی نەبوو کچەکەی ببینێت. ئیدی هاتینە دەر و سواری ئۆتومبێڵەکەی فەرمانگه بووینەوە. من و ئەو منداڵە، لە دواوە دانیشتین. وەختێ قەمەرەکە بە ئیش کەوت و ویستی بڕوا، منداڵەکە، ڕووی خۆی وەرگێڕا و دەموچاوی بە جامی دواوەی سەیارەکەوە نووساند و بەدەم ڕژاندنی تنۆکی فرمێسکەوە، ئاهێکی قووڵی هەڵکێشا و بورایەوە... بەو ئاهوناڵەیەی، هەپرون بە هەپرون بووم و چیدی بەرگەی کارکردنی ئەوێم نەما".

ئمممم .. دەبێت بیر لەوە بکەمەوە، دایکەکە سزایە بۆ منداڵەکە، یان منداڵەکە سزایە بۆ دایکەکە؟ یان هەردووکیان سزای ژیانن؟ .. 

ـ ئەمە سزایەکی سەیرە، ڕەگی دەچێتەوە سەر سزای بەهەشت. خەڵک بەهەشت بەبێ سزا تێگەییوە، ئەوە نابینێت کە لە کتێبە پیرۆزەکاندا باسی لێ کراوە، خودا لە بەهەشت دەنگی هەیە و ڕەنگی نییە. قسەت بۆ دەکات و خۆیت پێ نیشان نادات. مەگەر ئەمەیش وەک سزای منداڵ و دایکەکەی نییە بێری؟

بەو ئەندازەیە، تیلەفۆنەکەمان بە کۆتا دەهێنین. ئێوارەیەکی شاد.