لۆرکا دەگەڕێتەوە بۆ غەڕناتە

لیزا محەممەد

شاعیری ناوداری ئیسپانی، لۆرکا، دوای هەشتا و دوو ساڵ له‌ گولله‌بارانکردنی له‌لایه‌ن هێزەکانی سەر بە ژەنەراڵ فرانکۆوه‌، دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی. بۆ یەکەمجار هەموو دەستنووسەکانی، نامە، کتێب، تابلۆ و وێنەکانی لە سەنتەرێکی نوێدا، بەناوی (سەنتەری فێدریکۆ گارسیا لۆرکا) لە ئه‌نده‌لووس کۆ ده‌کرێنه‌وه‌. 

شاعیر و شانۆنامەنووسی ئیسپانی فێدریکۆ گارسیا لۆرکا 1898- 1936 پێوەندییەکی تایبەتی بە شاری غەڕناتەوە هەیە؛ پێوەندییەک لە خۆشەویستی و ڕق دروست بووە. جوانیی سروشتی ئەم شارە لۆرکای مەست کردبوو، خەڵکەکەی خۆشده‌ویست و بەشێکی زۆری شیعرەکانی بۆ ئەم شارە گوتووە، هاوکات نەیتوانیوە چاو لەوە بپۆشێت کە شارەکەی سیمایەکی بۆرژوازی و لانەیەکی فاشیست و ڕاستڕەوەکان بووە. کۆتایی ژیانیشی هەر بە دەستی فاشیستەکانی فرانکۆ، لە مانگی هەشتی ساڵی 1936دا لەم شارەدا دەبێت. 

ئێستا ئەم شارە دەیەوێت، بە هەر شێوەیەک بێت ئامێز بۆ ئەم شاعیرەی خۆی بکاتەوە و رێزی لێبنێت و جێگایەکی گەورە و شیاوی بۆ دابنێت، بۆ ئەم مەبەستەیش ناوەندێکی گەورە بەناوی لۆرکا دەکەنەوە. ئەم ناوەندە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا تەواو بووە و هەموو دەستنووسەکانی، نامە، هێڵکاری و تابلۆکانی، کتێب و وێنەکانی لە (مەدرید)ەوە گوازراونەتەوە بۆ ئەم ناوەندە نوێیە کە ناوی (سەنتەری فێدریکۆ گارسیا لۆرکا)یە. ئەم گواستنەوەیەش لە مەدریدەوە بۆ غەڕناتە هەروا ئاسان نەبووە و بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پر لە کێشەدا تێپەڕیوە؛ هەموو پرۆسەکەیش لەژێر چاودێری و بە ڕەزامەندی کچی براکەی لۆرکا (لاورا گارسیا لۆرکا) بووە. (لاورا) لە چاوپێکەوتنێکدا، سەبارەت بەم گواستنەوەیە گوتوویەتی: " گواستنەوەی شتەکانی لۆرکا و کردنەوەی ئەم سەنتەرە کارێکی ئاسان نەبووە و من لەو بڕوایەدام (لۆرکا) تا ئێستایش لە زۆر شوێنی ئەم شارەدا هەست بە ئارامی ناکات، هاوکات لە زۆر شوێنی ئەم شارەدا هێشتا جێگای نابێتەوە. لەوانەیە ئەمەیش بگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارە ناخۆشە کە لۆرکا لەم شارەدا و بە دەستی کوڕەکانی ئەم شارە کوژرا، هەرچەندە هیچ کەسێکیش لە ژیاندا نەماوە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی لە کوشتنەکەی لۆرکادا هەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌، سه‌باره‌ت به‌ کوشتنی لۆرکا، هه‌ست ده‌که‌ن تاوانبارن". 

بنەماڵە و خانەوادەکەی لۆرکا، لە ساڵی 1984دا به‌و پاره‌یه‌ی که‌ له‌ فرۆشتنی ئه‌و تابلۆیانه‌ی (سلڤادۆر دالی) به‌ لۆرکای به‌خشیبوون، ده‌ستیانکه‌وت، ئەو سەنتەرەی لۆرکا- یان لە مەدرید کردەوە. لۆرکا هاوڕێیەکی نزیکی وێنەکێشی سوریالی (سلڤادۆر دالی) بووە و (دالی) چەندان تابلۆی بە تایبەتی بۆ لۆرکا کێشاوە. 

لۆرکا ئێستا شاعیرێکە لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە و شیعر و دەقە شانۆییەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان، بەڵام تا فرانکۆی دیکتاتۆر لە ژیاندا بوو، ڕێگەی نەدا ئەم شاعیرە گەورەیە جێگای شیاوی خۆی بگرێت. بە مردنی فرانکۆ لە ساڵی 1975، لۆرکا سەرلەنوێ لەدایک دەبێتەوە و دەرگا بۆ دەستنووس و شیعرەکانی، بە تایبەتی لە ئیسپانیا دەکرێتەوە. 

لە ساڵی 1995 ەوە بنەماڵەکەی لۆرکا خانووەکەی خۆیان لە دەرەوەی شاری غەڕناتە کە لۆرکا-ی تێدا ژیاوە، بە شێوەیەکی فەرمی بۆ خەڵکی دەکەنەوە. ساڵانە شاعیر و هونەرمەندی مۆسیقی و گۆرانیبێژان لە هەموو دنیاوە، لە باخچە بچووکەکەی ئەم خانووەدا، شیعر دەخوێننەوە و کۆنسێرتی مۆسیقا و گۆرانی پێشکەش دەکەن. لەبەر بچووکیی ئەم خانووە و پێشوازییەکی زۆری خەڵکی لە هەموو دنیاوە، بیرۆکەی کردنەوە و گواستنەوەی سەنتەرەکەی لۆرکا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیاوە بۆ غەرناتە لەدایک بوو. ئەم سەنتەرەی غەڕناتە زۆر گەورەیە و بە پارەی یەکێتی ئەوروپا و فەندێکی کولتووری لە نەرویژەوە سپۆنسەر کراوە؛ لەم سەنتەرەدا کۆنسێرت و سیمینار دەکرێت، بەشێکی گرینگی بۆ لێکۆڵینەوە و ئەکادیمیستەکان ئامادەکراوە، ئەمە جگە لەوەی هۆڵی پێشانگا، وۆرکشۆپ و هه‌روه‌ها شانۆیه‌کیشی تێدایه‌ که‌ جێگه‌ی 400 بینه‌ر ده‌بێتەوە.