بەختیار عەلی بۆ دوو كۆڕ دەچێتە ئیتاڵیا

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی رۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ی رۆماننووسی كورد بەختیار عەلی بە زمانی ئیتاڵی چاپ و بڵاوكرایەوە، بانگهێشتی ئەو وڵاتە كراوە بە مەبەستی سازكردنی دوو كۆڕی ئەدەبی لەسەر رۆمانەكە.

خەسرەو حەمەكەریم كە كەسێكی نزیكی بەختیار عەلییە، بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 12ی ئادار، لەژێر ناونیشانی (بەختیار عەلی، نووسەرە خۆشەویستەكەی كوردان و ناسراوترین نووسەری رۆژهەڵاتی ناوین لە ئەوروپا) دوو كۆڕی ئەدەبی لە شاری میلانۆ و تۆرینۆ ساز دەكرێ و بەختیار تێیدا باس لە رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا بۆ ئیتاڵییەكان دەكات". هەروەها لە 15ی ئاداریش لە پێشانگای نێودەوڵەتی لایبزیگ لە ئەڵمانیا، دوو كۆڕی ئەدەبی ساز دەكات.

دوای وەرگێڕانی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا و شاری مۆسیقارە سپییەكان بۆ زمانی ئەڵمانی و رۆمانی غەزەلنووس و باخەكانی خەیاڵ بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و دەنگدانەوەی تێكستەكان لەناو ناوەندە رۆشنبیری و فیكرییەكانی ئەو وڵاتانە، بەختیار عەلی لە رۆژی 10/12/2017 خەڵاتی نیلی زاكسی ئەدەبی لە ئەڵمانیا پێ بەخشرا.

بەختیار لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاد لە 70 كۆڕی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا، ئۆكرانیا، بەریتانیا و چیك بۆ گێڕدراوە، بە گوتەی خەسرەو حەمەكەریم، ئەمساڵ رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا بە فەرەنسی و ساڵی داهاتووش بە ئینگلیزی چاپ و بڵاودەكرێتەوە.