ناوی بەختیار عەلی چووە لیستی نووسەر و ئەدیبە نێودارەكانی جیهان
رووداو - هەولێر
نووسەر و رۆماننووسی كورد بەختیار عەلی، خەڵاتێكی جیهانی لە بواری ئەدەب وەردەگرێ.
رۆژی یەكشەممە 10/12/2017 نووسەری نێوداری كورد بەختیار عەلی، خەڵاتی جیهانیی نیلی زاكس-ی لە بواری ئەدەب وەرگرت، خەڵاتەكە لەلایەن پارێزگاری شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیاوە بەو نووسەرە كوردە بەخشرا، بەو جۆرە بەختیار عەلی، ناوی چووە لیستی نووسەر و ئەدیبە نێودارەكانی جیهان.
خەڵاتی نیلی زاكس، خەڵاتێكی ئەدەبی جیهانییە و لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دوو ساڵ جارێك دەدرێتە ئەو كەسایەتییانەی كە لەبواری ئەدەبیاتدا جێ دەستیان دیارە.
نیلی زاكس، خانمە نووسەرێكی ئەڵمانییە، ساڵی 1891 لە بەرلین لەدایكبووە و ساڵی 1966 خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبیات بەدەستهێناوە و ساڵی 1970 لە سوێد كۆچی دوایی كردووە.