شیعری بۆ منداڵان نووسراو و شیعر دەرخکردن


من پێموایە، ئەرکی شیعری بۆ منداڵ نووسراو نە ئامۆژگارییە، نە ڕێنمایی. منداڵانی کوردیش وەک منداڵانی دونیا بە ئامۆژگاری پەست و بێزار دەبن. وەکوتر ئەوە ئیمامی مزگەوتە، نەک شاعیر کە ئامۆژگاری پێشکەش موسوڵمانان دەکات؛ ئەگەرچی لەوەتەی یەکەم ئاین لەسەر گۆی زەوی دەرکەوتووە، یەکێک لە پەیامەکانی (چاکە بکە و خراپە مەکە) بووە. وڵاتیش هەیە دەزگەی تایبەتی بە ناوی (الامر بالمعروف والنهی عن المنکر) هەیە؛ کەچی بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی شارەزایانی ئەو وڵاتە خۆی، لەوێ ڕەوشت (بە حسێبی خۆیان) ساڵ بە ساڵ پتر ڕۆدەچێت. 

خۆ مامۆستایانی قوتابخانەیش ئەم ڕاستییە دەزانن. ئەوان لە پەیمانگە و کۆلیج خوێندوویانە، چلۆن و بە چ شێوەیەک ڕێنمایی قوتابی بکەن و بەرچاوی منداڵان ڕوون بکەنەوە. 

دەبا باوک و دایکانیش ئامۆژگاری بەسەر منداڵدا نەبەخشنەوە. با ئەوان خۆیان ببن بە نموونە بۆ نەوەکانیان. با ئەوان بە کردەوە بیسەلمێنن، کە خۆیان دەستپاک و زارپاک و داوێنپاکن، ئەوسا ئیتر پێویستییان بەوە نابێت ڕۆژانە ئامۆژگاریی منداڵی خۆیان بکەن. جا باوکێکی گەندەڵ چۆن لەڕووی دێت ئامۆژگاریی منداڵی خۆی بکات؟ ئەگەر کردیشی منداڵەکەی چۆن لێی وەردەگرێت؟ 

جێی بەزەییە، شیعر ئامۆژگاری بێت! چونکە ئەو شیعرەی بریتی بێت لە ئامۆژگاریی ڕووت، مەعلوومە کە وێنە و خەیاڵی تێدا نەخراوەتە کار. بۆ شاعیریش وەها چاکترە بەرهەمەکەی بە ڕەگەزی خەیاڵ دەوڵەمەند بێت، تاکو لەم ڕێیەوە، خەیاڵی منداڵان بجووڵێنێت، لە جاران دەوڵەمەنتر و فراوانتری بکات. ئەوە ئاستی خەیاڵفراوانیی شیعرە، کە خەیاڵی منداڵ دەوڵەمەند دەکات. خەیاڵیش دایکی داهێنانە، وەک گوتوویانە، نەک ئامۆژگاری، جا لە هەر بوارێکدا بێت. 

هەموو منداڵێک خاوەنی خەیاڵە. تۆ بە گوێی خۆت گوێت لێیەتی، چۆن ئەو لەگەڵ ورچە پەڕۆینەکەیدا دەدوێت، وەک ئەوەی مرۆڤی زیندوو بێت و لە قسەکانی تێبگات. ئەو لەگەڵ بەرددا، بە بەردیی خۆی قسان دەکات. حیکایەتی بۆ دەگێڕێتەوە و گلەیی لێ دەکات. خۆ ڕەگەزی خەیاڵ لەلای هەموو منداڵێک ئامادەیە. ئەوەندە هەیە بە ئاستی جیاواز چالاکە. 

شیعری سەرکەوتوویش ئەوەیانە کە ئاستی ئەو خەیاڵە دەگۆڕێت و چالاکتری دەکات. منداڵ ئەگەر خەیاڵی ئازاد بێت، ئەوا مێشکیشی ئازاد دەبێت. چێژی بۆ پرسی جوانی و ئیکۆنە جوانەکانیش هەڵدەکشێت. تۆ سەرنج بدە، هەموو منداڵێکی ئەم جیهانە گیانداری خۆش دەوێت، لێ دواجار ئەوە گەورەکانن، فێری دەکەن ڕاوی ئاژەڵ بکات! ئەوە خودی گەورەکانن، کە منداڵ فێردەکەن چلۆن ئاژەڵ و باڵندە بگرێت و بکوژێت!

دەپرسی، ئەی کەواتە شاعیر چی بنووسێت باشە و باسی چی بۆ منداڵ بکات؟ من دەڵێم با بەرهەمی ئەویش وەک شیعری میللەتانی دونیا بێت. با شیعر باسی جوانیی سروشت و ئەو گیاندارانە بێت کە لە باخچەی ئاژەڵان دەیانبینێت. با شاعیر باسی یارییەکی منداڵان، گەشتێک، بۆنەیەک، یان هەر بابەتێک بکات کە خەیاڵی منداڵی پێ فراوان دەبێت و ئەوی پێ دڵخۆش ببێت. با باسی بۆنەی خێزانی و جەژنی میللییان بۆ بکات. با دەقەکە ئاماژەی تێدا بێت، باس لە جووڵە و چالاکی بکات و منداڵ بهێنێتە جۆش و خرۆش و دڵی خۆش بکات. ڕاستت دەوێت ئەوەیان بڕیاری شاعیر خۆیەتی، کام بابەتە هەڵدەبژێرێت. وەلێ با دوور بێت لە ئامۆژگاری. 

گەورەکان لێدەبڕێن شیعر بۆ منداڵان بنووسن. ئێمەش لێرەدا، مەبەستمان لەو شیعرەیە کە گەورەکان بۆ منداڵانیان نووسیوە. لە دۆخی وەهادا، شاعیر ماوەیەکی زۆرە قۆناغی منداڵیی تێپەڕاندووە. کەواتە ئەو ناتوانێت وا بە ئاسانی بیست ساڵان، یان پتر بۆ دواوە بگەڕێتەوە، تا بزانێت منداڵ چی دەخوازێت و چلۆن بیردەکاتەوە. ئەوەیش لەولاوە بوەستێت خولیاکانی منداڵی ئەم سەردەمە جیاوازن، لە خواستەکانی دەورانی منداڵیی شاعیر ناچن!

ئەوسا کوا ئایفۆن، ئایپاد، پلەی ستەیشن و نینتیندۆ و سیرک و شاری یاری و سینەمای منداڵان هەبوون؟ پێموایە، گەرەکە ئەوی شاعیر، شتێک لە سایکۆلۆجیای منداڵ بزانێت.

شیعریش بۆ ئەوە نانووسرێت منداڵ بە وشکی لەبەری (دەرخ) بکات. منداڵی کوردیش، وەک منداڵانی دونیا، شیعری لە سەمتی گۆرانیدا پێ خۆشە. خۆ منداڵ تووتی نییە، قسەی شاعیر، یان بەرهەمی هەر کەسێکی تر بڵێتەوە و ئەزبەری بکات. پێموایە تۆ ئەگەر زۆر لە منداڵ بکەیت شیعر لەبەربکات، ئەوا خراپ دەیچەوسێنیتەوە، وەلێ وەختێ شیعر بوو بە گۆرانی، ڕەگەزی ئاوازو موزیکی چووە پاڵ، ئەو دەمە خۆی پێی خۆشە لەبەری بکات، گوێی بۆ ڕادێرێت و چێژی لێ ببینێت. ئەوسا وەها چاکە لەگەڵ هەڤاڵانیدا بە ئاوازەوە بیچڕێت. واتە لە چالاکیی منداڵی تاکەوە دەبێت بە چالاکیی دەستەجەمعی. با سەرەتا دادەکانی باخچەی ساوایان، خۆیان بۆ منداڵانی بچڕن، پاشان منداڵان بە کۆرس، لەگەڵ مامۆستا و هاوپۆلەکانیدا بە ئاوازەوە لەگەڵ جووڵەی جەستە و نمایشدا بیچڕن.
جیهانی منداڵ دونیایەکە لە ئەفسوون، فانتاسیا و خەیاڵ. دەشێ لەڕێی شیعرەوە منداڵەکان کۆببنەوە و پێکەوە کاری هەرەوەزی ڕابپەڕێنن. من پێموایە ئەگەر مامۆستا، منداڵی ناچار کرد و فشاری خستە سەر، شیعر دەرخ بکات، زۆر بە ساکاری دەتوانین بڵێین، ئەو بێگاری بەسەردا سەپاندووە، کە کاری منداڵ نییەو سوودیشی بۆ ئەو تێدا نییە.

من لێرەدا، ڕاستەوخۆ مامۆستا گوناهبار ناکەم. وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی پرۆگرام داڕشتنی هەیە، نەک مامۆستا. ڕۆڵی مامۆستا ئەوەندەیە، پرۆگرامی پەروەردە بخاتە واری جێبەجێکردنەوە. شیعر دەرخکردنیش، مێشکی منداڵی پێ چاڵاک نابێت، بەڵکو خەیاڵ و ئاوەزی سنووردار دەکات و دەیچڕووسێنێت. ئەو منداڵەیش دەترجێنێتە نێو دۆخێکی دەروونیی نائارام و نالەبارەوە، تاکو تەواو شیعرەکە ئەزبەر نەکات، ئارام نابێتەوە. خۆ ئەگەر، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، بۆی لەبەرنەکرا، ئەوا ئیتر نوقمی دڵەڕاوکێ دەبێت و ترسی ئەوەی لێ دەنیشێت، بۆ سبەی، لەلایەن مامۆستاوە تووشی لێپرسینەوەی قورس ببێت، یان دەترسێت لەو وانەیەدا دەرنەچێت. لە حاڵێکدا ئەو ئەگەر، ئەزبەریشی بکات سوودی زانستیی پێ ناگەیەنێت.

ئێمەمانان، بەشێک لە تەمەنی خۆمان بە لەبەرکردنی شیعری [زهیر بن ابی سلمی،  امرٶ القیس، احمد شوقی، معروف رصافی و زهاوی] یەوە بەفیڕۆدا، بێئەوەی هیچ سوودمان لێ بەستبێتەوە. لەحاڵێکدا دەکرا هەوڵ بدەین، ئەو شیعرانە بە ڕەوانی بخوێنینەوە و شرۆڤەیان بکەین، قسە لەسەر لایەنی هونەریی ئەو شیعرانە بکەین. ڕاستت دەوێت دەرخکردنی شیعر، کولتووری عەرەبانە و بڕوا ناکەم لە خۆرئاوای شارستانەت، کولتووری لەم جۆرە لەئارادابێت. ئێمە وەک گەلی بندەستی عەرەبان، بە خورتی بەسەرماندا سەپێنرابوو شیعرەکانیان لەبەربکەین. تۆ هەروا سەرنج بدە، ئەوان تەنانەت لە ڕێی شیعریشەوە ئێمەیان چەوساندووەتەوە.

ئەوان لای خۆیان، هەر تاکێک سەد دێڕ شیعری لەبەر بووبێت، ئیتر لاف و گەزافی پێوە لێداوە. لە سەردەمی جاهیلیدا کە هێشتا کاغەز پەیدانەبووە، تاکوتەرایەک مرۆڤی هەڵکەوتوو نەبێت، خەڵک بەگشتی نەخوێندەوار بوونە، بۆ پاراستنی قورئان و شیعر لە فەوتان، ڕەنگە ئەزبەرکردن زەمانەتێک بووبێت. 

وەلێ ئێستا کە پێداویستییەکانی خوێندنەوە و نووسین و پاراستنی دەقەکان لەبەردەستدان، ئیدی شیعر ئەزبەرکردن چ سوودی بۆ مەردم هەیە؟ یان چ جێیەک دەگرێت؟ ئەوەیش بزانە ئەگەر ئەوسا بەهۆی کێش و سەرواوە، تاڕادەیەک شیعر ئەزبەرکردن کردەیەکی ئاسان بووبێت، ئەوا شیعری نوێ، کە ئەو ڕەگەزانەی بە جارێک پشتگوێ خستووە، بە ئاسانی ئەزبەر ناکرێت، واتە ئەگەر ئێمە ئەزبەرکردنی شیعری نوێ، بەسەر منداڵدا بسەپێنین ئەوا دوو جاران ئەو دەچەوسێنینەوە. لێرەوە، دەگەینە ئەو ڕاستییەی، کە شیعر ژانرێکە بۆ چێژ لێ وەرگرتنە، نەک بۆ لەبەرکردن.